313009دیوانی سالم — پیتی و1860سالم
تابی کوا ئایینە ڕووی تۆی بێتە ناو گەر لە سەنگ بێ یەک نیگەهـ دەیکا بە ئاو
بیمی زوڵفت مورغی دڵ دێنێتە لەرز گەر بە سینەمدا بکێشم نەقشی داو
گاهێ ڕووتی موشتەری ڕووتم بە جان خۆشە بۆ ڕووتیی گەدا ڕۆژی هەتاو
قەت بە کەس ناچێتە سەر دیواری عیشق ئەم بینایە تا حەشر نابێ تەواو
کەس نەکا وەسفی خەدەنگی پووری زاڵ بەحسی خوونڕێزیی موژەت گەر بێتە ناو
کێ دەڵێ: ئاهوویی سەیدئەفگەن نییە؟ وا شکاری دڵ دەکا دڵبەر بە چاو
حاسڵی عیشقم کراسی میحنەتە موردە نابا ماڵی دونیا غەیری جاو
بۆ دڵی سالم موژەت وەختی نەزەر دەم بە دەم دێ وەک خەدەنگی تازەساو!
دەزانی ئاینەی دڵ کەی لە میعراجی جەلادا بوو؟ لە عەکسی ڕوویی تۆ وەختێ لە ئاغووشی لیقادا بوو
زمانی ڕەوغەنی وەسڵت چراغی عومری ڕۆشن کرد بە سروەی بادی هیجرانت لە حاڵاتی فەنادا بوو
بە دەمتا ئیسمی من هات و دەبێ سککەی ئەبەد لێ دەم دەمێنێ تا حەشر ناوم لەناو ئابی بەقادا بوو
کە ناوی موددەعیت هێنا بە لەبدا من لە خۆم بوردم درێغا شەربەتی مەرگم لەناو ئەسڵی دەوادا بوو
لەناو زوڵفا بە زاری هاتە گوێم ناڵینی دڵ ئەمشەو گەزیم ئەنگوشتی حەیرەت دیم لە کامی ئەژدەهادا بوو
بەدڵ باوەڕ مەکەن مەعشووقە هەرگیز تەرکی عاشق کا نیهانی لوتفی دڵدارم لە هەنگامی جەفادا بوو
تەرەققی بوو بە وەسڵت دەردی عیشقی سالمی موشتاق شکستی ئوستوخانی ئەو لەژێر سەر مۆمیادا بوو
ئەی حاریس ئەگەر دەوڵەت و جاهـ و حەشەمت بوو دوڕڕ و گوهەر و لوئلوء و لەعل و درەمت بوو
مەهڕوویی سیەهموویی سەمەنبوو خەدەمت بوو «هەر چەند کە عومری خزر و عەیشی جەمت بوو
چونکە ئەمەلت زۆرە چ عومرێکی کەمت بوو»
گاهێ بە دوعا ڕوو دەکەیە قیبلەیی حاجات گاهێ لە ڕەعییەت دەبییە مەرگی موفاجات
ناکەی بە ئەبەد قەت لە دڵا فیکری موکافات «ئەی جامیعی دونیا و قیامەت بە خەیاڵات
ئەو ڕۆژە کە ڕۆیی نە ئەوت بوو نە ئەمت بوو»
ئەی مونکیری ئەفسوردەیی زاڵمدڵی بەدزات ئەی زاهیدی باتین بەد و زاهیر لە عیبادات
بێ تەربییەتی موڕشید و بێ تەییی مەقامات «دوێنێ چ بوو دەتدا بە زوبان لافی کەرامات
ئەمڕۆ نە دەمت بوو، نە دەمت بوو، نەدەمت بوو»
ئەووەل فەرەحی دا فەلەک ئاخر غەمی هێنا گوم بوو لە دەهەن خەندە و دڵ ماتەمی هێنا
باقڵ دەمی مەرگە کە هەناسەت کەمی هێنا «عومرت نەفەسێکی کە هەموو عالەمی دێنا
بمرە لە غەمیدا کە هەموو سەرفی غەمت بوو»
ئەگەرچی سینە بۆ دڵ وەک سوپەر بوو وەلێ زەخمی خەدەنگت کاریگەر بوو
لە وەختی حاسڵا زانیم بە تەحقیق نیهالی سەروی قەددت بێ سەمەر بوو
لەبت سەرچشمەیی ئاوی حەیاتە وەلێ بۆ کیشتی قەترەی شەرەر بوو
لە ڕەشکی لێوی تۆ غونچە شەقی برد لە خەندەت موعجیزەی شق القمر بوو
دەسووتێ دڵ بە یادی ڕەنجی فەرهاد ئەویش وەک من غەریب و دەربەدەر بوو
بەبێ ڕووی تۆ فەزای باغی سەنەندوج لەناو دڵما وەکوو ناری سەقەر بوو
لە زاهید مەگرە دڵ سالم کودوورەت لە ئەسراری مەحەببەت بێ خەبەر بوو
میزاجی تارەمی قەلبم لە «ڕەی»دا میسلی «تاڵش» بوو بە هاوینیش لە هەوری چاوی تارم، تاوی بارش بوو
لە هەنگامی نەزەردا وەختی غەفڵەت بۆ نیشانەی دڵ موژەت هەر یەک، بە ئوستادیی نیگەهـ، وەک تیری ئارش بوو
لە عاریزتا دەبینم ئاگری گەش وا لەناو ئاوا! چ سیحرێکە لە بەینی ئاگر و ئاوا کە سازش بوو؟
دەوایی زەخمی هیجرانم کە زانی وەسڵە، لێم تۆرا چ مەوقیع بوو جەفا؟! لەم وەختەدا فەسڵی نەوازش بوو
بە دەوری تیغی جەللادا دەڕەقسێ جان بە خۆشنوودی کە توغرای پڕ لە نازت بۆ سەری سالم نیگارش بوو
ئەگەرچی شەو ئەنیسم وەک مەلەک بوو بەبێ تۆ تیری ئاهم تا فەلەک بوو
کە ئەڵماسی موژەت گێڕا بە دڵما بەجوز تۆ هەرچی مەوجووداتە حەک بوو
کە فەسساد قەسدی فەسدی لێوی تۆی کرد لەجێی نەشتەر لەباتی خوێن نەمەک بوو
دەڵێی فیردەوسە گوڵزاری سەنەندوج وەلێ بێ تۆ لەلای من وەک دەرەک بوو
دڵ و جان و سەرم تەسلیمی تۆ کرد کە زانیم بۆ جەفا جوملەت گەرەک بوو
کە دامی شانە کەوتە مەوجی زوڵفت دڵی سالم لە خاکا وەک سەمەک بوو
بە غەمزەی چاوی مەخموورت بەتاڵ بوو لە مەشریق تا بە مەغریب سیحر و جادوو
غەریب و گۆشەگیر و فەردە وەک من لە تورکستانی ڕووتا خاڵی هیندوو
بە حەلقەی موویی زوڵفت تا میانە میانت چۆن تەفاوەت کەم لەگەڵ موو؟
لە بەزمت تا بە ناکامی جودا بم جودا نابێ سەرم یەکدەم لە زانوو
سەوادێکە لە نوسخەی چینی زوڵفت سیاهی زوڵمەتی پەڕڕی پەرەستوو
بە قەسدی گەردنی دڵ تورکی چاوت بە ڕووما تێخی ڕاکێشا لە ئەبروو
سەفا و زەوقی نییە سالم لەلای من بەبێ ڕوخساری دڵبەر باغی مینوو
سەر و کاری خەیاڵت ئیبتدا وەختێ لەگەڵ دڵ بوو نە بەحسی سەرکەشیی گوڵ بوو نە عەهدی شۆری بولبول بوو
هەتا نەکرا لە توڕڕەی زوڵفی تۆ مەشقی پەرێشانی نە پێچ و تابی سونبول بوو نە حەلقە و چینی کاکوڵ بوو
لە سیڕڕی مەتڵەبی ئیما بەجوز من کەس نەبوو واقیف نیگاهی چاوی مەستی وا لە حاڵاتی تەغافول بوو
لە وەرعا زاهیدی ئەفسوردە نەیدی حاڵەتی مەستی بە عەفوا چوو سەراسەر ڕۆزگاری چونکی بێدڵ بوو
بڕۆ نەزدیکە سالم دڵ لە زوڵفا وەختی شادیتە ئەگەرچی تەییی ڕاهی ئیبتدا پڕ پێچ و موشکڵ بوو
ئەو یارە کە دایم وەکوو پارەی جگەرم بوو تا بوو لە دڵا مەیلی بە فەرمانی سەرم بوو
دەیدا لە دڵی خەستە بە یەک غەمزە دووسەد تیر هەردەم بە تەرەفیا کە نیشانەی نەزەرم بوو
کووچەی گوزەری تیری لە دڵ دەرچووە ئیما گەرچی هەمەجا سینەیی سەختم سوپەرم بوو
بۆ شەمعی فەرەح بادی فیراقت بووە ئافەت ئاخر شەوی وەسڵت کە ویداعی سەفەرم بوو
جانانە کە وا مەیلی بە ئازاری ڕەقیبە تەحقیقە لە تەئسیری هەناسەی سەحەرم بوو
دەموت نییە قەت تەڵخییی دووری لە ویساڵا شیرینقەدی جانانە هەتا نەیشەکەرم بوو
زاهید بە تەکەببور بەڵەدی عەیشی دەکردم کەودەن ئەوە سالم کە نەزانێ خەبەرم بوو
پارساڵ لە وەسڵدا بە سەفا عەیشی جەمم بوو لەو کەونەدا شەوکەتی شاهی عەجەمم بوو
وەک ڕاهیبی پازەند بە ئەدەب مەحوی نەزەر بووم تەزیین بە تەڵا و خشڵی مولەووەن سەنەمم بوو
لەو خەڵوەتە خاسسەم لە لەب و عاریز و دیدەی پەیوەستە شەراب و مەزە و شەوقی شەمم بوو
وەک تاجیری دەوڵەت بەهەوای خەزنەیی ڕووی یار بۆ شاهیدییی گەنج بیشارت عەلەمم بوو
دەمدا بە لەبم لەعل و دوو لەب گۆیی بلووری پەیوەستە لەگەڵ خۆم وەکوو حاتم کەرەمم بوو
شادیم لە هەوای سوورەتی ئەو گەییە مەقامێ سەد شاهیدی وەک شەککەر و شیرین خەدەمم بوو
تا ئامەدی تالیع بوو وەکوو خوسرەوی پەروێز گەهـ بادە بە لەب، گەهـ لە لەبا غونچەدەمم بوو
نامەد کە ترازاندی لەب و لەب لە لەب و مەی سالم لە فیراقا نە ئەوم بوو نە ئەمم بوو
لەبەر تەعمیری ئەم وێرانە جەننەت موڵکی ئادەم بوو حەقیقەت پادشاهیی کرد وەلاکین موددەتی کەم بوو
خوەشا ئەییامی گریانم لە خاکی کەعبەیی مەقسەد هەموو قەترەی سروشکم بۆ شەرەف وەک ئاوی زەمزەم بوو
خەمیری خاکی من ئەووەڵ بە بارانی فەرەح نەکرا جەوانی و تیفلی و پیریم سەراسەر جوملەگی غەم بوو
بە دۆشا تا پەرێشانی بینا نا زوڵفی موشکینت نە هەر بۆ بەختی من تەنها، سیەهڕۆژیی عالەم بوو
لەسەر سەبزەی چەمەن یاری سەهی قەددم کە جیلوەی کرد لە سوجدەی خاڵی لای لێوی بەنەفشە گەردەنی خەم بوو
بە قوربی خەڵوەتی دڵبەر نەنازی ئەی سەبا زینهار! لەجێی تۆ پیش ازین سالم دەمێ هەمڕاز و مەحرەم بوو
فەرەح بۆ دڵ لە تالیعما چ کەم بوو! بە تەڵخی عومری شیرین سەرفی غەم بوو
چ زووی کردم لە کۆی جانانە مەحرووم لەگەڵ من چەرخی گەردوون پڕ ستەم بوو
دەزانن بۆ موسیبەت دێتە ڕێگەم؟ شکارم پیش ازین سەیدی حەرەم بوو
لە وەختێکا بە خوێنم تیشنە بوو یار کە بۆ من خاکی ڕاهی جێی قەسەم بوو
بە جان تەسکین دەدا بۆی غونچەیی دڵ لە زوڵفا چونکە گاهێ موحتەرەم بوو
فەرەح بێ تۆ لە دڵ وا بوو پەرێشان حەدیسی گورگ و ئەحواڵی غەنەم بوو
بە عەقڵ ئەو ڕۆژە پێم زانی دەفەوتێ: کە سالم عازیمی موڵکی عەجەم بوو
بە مەخفی شەو لەناو دڵما خەیاڵی زوڵفی جانان بوو هەتا وەختی سەحەر، هەرچەندە خاوم دی، پەرێشان بوو
لە دیققەت مووی میانی تۆ، خیرەد داما لە حیرەتدا چ فیکرێکە کە نازکتر لە فیکری خوردەبینان بوو؟!
دەزانی بۆ لە چاوت پاسی سیڕڕی دڵ بە من نەکرا؟ لە بەینا قاسیدی ڕازی نیهانی، تیری موژگان بوو!
دەمی ئارایشت، وەختی بڕینی توڕڕە، دڵ لەرزی سەرت ناحەق بڕی، ئەو کافرە مەیلی بە ئیمان بوو
لە دڵما ڕاستەی سەرمەشقی فیکرم بوو قەدت، بۆیێ هەموو شیعرم کە مەوزوونتر لە باڵای نازەنینان بوو
کەماڵی حوسنی لەیلا، خاسە بۆ مەجنوون، تەجەللی دا لە یار ئەو ئانە من دەمدی، لە دیدەی غەیرە پەنهان بوو
پەناهی بردە بەر نەشئەی شەرابی گەرم و تەڕ سالم لە وەعزی سەرد و خوشکی واعیزی بێ دڵ، هەراسان بوو
هەموو ئەشعاری دووشینم لە وەسفی لێوی نووشین بوو دەچەسپا لەب بەسەر یەکدا حەکایەت بەس کە شیرین بوو
گرانموهری دەهانی تۆ بڕی بەندی تەرازووی دڵ دەڵێن: یەک نوقتە وەزنی هیچە بۆچ ئەم نوقتە سەنگین بوو؟
مەڵێن مەجنوون شکا شانی لە بووسینی سەگی لەیلا لەلای ئاشق خیلافی عاقڵی ئەو هەتکە تەمکین بوو
عوبووری دڵ بە چینی زوڵفتا بۆ ماچی ڕوخسارە قەلەندەر ڕاستە بۆ چین چوو وەلێ مەیلی بە ماچین بوو
لە کوڵمت هەرچی خاریج بێ سەری ئەگریجە قەیچی کە بڵێن با: سەربڕینی خاریجی بۆ ڕەونەقی دین بوو
قەراری عاشق و قانوونی حیکمەت زیددی یەک هاتن کە تەسکینی برینی دڵ لە نەفحەی زوڵفی موشکین بوو
بە ئیمای دیدەیی مەعشووقە عاشق کێو لەبن دێنن لەلای سالم کەنەنندەی بێستوون موژگانی شیرین بوو
کەوکەبی سەعدم لە بورجا دەفعەیێ باڵا نەبوو ذوذنب بۆ بەختی واروون قەت دەمێ ئاوا نەبوو
ئەهلی دڵ بێنە تەماشای دڵبەر و ئەحواڵی من دەفتەری فەرهاد و شیرین جوملەگی ئەفسانە بوو
وامقیش وەک من لەرێی عیشقا جەفا و جەوری نەدی گەر بە میسلی ڕوویی دڵبەر عاریزی عەزرا نەبوو
جانی شیرینم لە جۆشی غەم بە خوێن پالوودەیە حەسرەتا بۆ بەختی من لەم حاڵەشا حەڵوا نەبوو
مەنزڵی ئەسحابی کەهفە خانەیی مەعشووقی من هەر کە دیم دەرگانە بوو لەوسەر کە دیم دەرگا نەبوو
جان و دڵ ئەمساڵ بە نرخی بۆسەیی دوو ساڵی تر قەت بە مەشرووتی سەلەم لەم بەیعەشا سەودا نەبوو
فەرعی ناقابیل دەبینێ مادەری پیری فەلەک حاڵەتم وەختی شەبابیش شێوەیی پیرانە بوو
وا ڕەقیب شۆخی دەکا ئەی ئاسمان تۆ موخبیری بەختی بەد تا وا نەبوو دڵبەر لەگەڵ من وا نەبوو
تووشی دەردێ هاتووم سالم لە عەهدی چاوی یار شێخی سەنعان بەم سیاقە شیفتەی تەرسا نەبوو
دڵی شێرئەفگەنی من سەیدی چ جادوویێ بوو غوللی ئەم شێرە لە گێسوویی ئەوا موویێ بوو
شەوی حەیرانییی مووسایی خیرەد بۆ دەمی قورب سوختەتوور دڵەفروختەیی ڕوویێ بوو
یادی ئەحواڵی گرفتاریی ئەو عەهدە بەخێر کە کەمەندی ملی من حەلقەیی گێسوویێ بوو
نوێژی بێ غایلە هەرگیز نەکرا بۆ سالم ڕووی دڵی شام و سەحەر مایلی ئەبروویێ بوو
تا تاقە لە سینەم دڵی غەمدیدە لە کۆی توو مەشغووڵە وەکوو کووکویی وێرانە بە کووکوو
وەسڵت سەمەری ڕەنجی منی زاری چە دێر دا وەک مەوسیمی گوڵ عەهدی چ دێر هات و چە زوو چوو!
بۆ تەرکی جەفا بێهوودەیە لابە و زاری خۆ تا بە ئەبەد جەوهەر و قانوونە لە گوڵ ڕوو
پڕ موشکیلە لەم حاڵە بکا چارەیی دەردم بێ بۆیی شیفاداروویی تۆ فکری ئەرەستوو
وا سیڕڕی هو الحق بەیەقین کەشفە لە خاتر هەر هوو هووە شوغڵی دڵی غەمدیدە لە گەڵ هوو
ئەبنایی حەبەشزادە چە مەقبووڵە لەلای ڕۆم دانیشتوە بە زانووی ئەدەبا چاکیری هیندوو
بۆ سیدقی قسەم بادی سەبا شاهیدە با بێ بێ بۆیە لەلای توڕڕەیی تۆ نافەیی ئاهوو
سالم بەسەرت تا قەرەسووم لێوە دیارە بارە لە دڵی خەستە ئەلەم وەک کەلی شاهوو
ئەی ڕومووزی شەهریاری، وازیحە بۆ ڕایی توو «زینت تاج و نگینت از گوهر والای تو»
زاهیری کرد شەعشەعەی خورشیدی نەسرت هەر تەرەف «از کلاه خسروی، رخسار مه سیمای تو»
مەسکەنی ئاسایش و جێگەی ئومێدە، هەر مەکان «سایه اندازد همای چتر گردون‌سای تو»
ڕەمز و شەرع و حیکمەت و ئەشکال و جەبر و هەندەسە «نکتهٔ هرگز نشد فوت از دل دانای تو»
بێتە گەردش یەک نیگەهـ، پەنجەی عەتارید سست دەکا «طوطی خوش لهجه، یعنی کلک شکّرخای تو»
مەیلی سوورمەی کێوی توور ناکەم ئەبەد بۆ چاوی یار «روشنائی بخش چشم ماست خاک پای تو»
شاهی ئەسکەندەر ئەوەی بۆی مرد و دەستی بۆ نەدا «جرعه‌ای بود از زلال جام جانفرسای تو»
عەرز و حاڵی هەر گەدایێ، گفتوگۆ مەعلوومە لێت: «راز کس مخفی نماند با فروغ رای تو»
پادشاها! سەروەرا! «سالم» لە دەرگات کەوتووە «بر امید عفو جانبخش گنه‌فَرسای تو»
لێوی تۆ ئەو وەختە سەر ساغەر دەچوو لێوی ساغەر خۆزگە لێوی من دەبوو
نابڕێ ئاوی حەیاتیش تیشنەگیم ئاوی تیغی تۆ مەگەر تەڕ کا گەڵوو
چاوت ئاخر بۆ بە خوێنم تینووە؟ قەت لە هیچ جێ نەبوە ئاهووی شێرخوو
زوڵفی وەک جەوشەنلەبەر کێ دیویەتی؟ غەیری دڵبەر کەس زرێ ناکا لە موو
دڵ نەپەرژا تیری نازت بۆسە دا وەک لە ئاوی دەی بە پەڕڕان دەردەچوو
سالمی بۆ دڵ لە زوڵفا زەحمەتە: جوملە ئەعزا زەخم و مەنزڵ موشکبوو
کودوورەت کوشتمی یاران! لە دڵهادا سەفا کوێ چوو؟ جەفاجۆم جەمعی ئەحبابن! بڵێن ئاخر وەفا کوێ چوو؟
بە خوێنم تیشنە جەمعێکن کە هەر یەک خوێشخۆن ڕەسمەن! میانجی بوو وەفا، هەستا لە بەینا، بەس حەیا کوێ چوو؟
جەسارەت بەرزەخی شەرمی لە ڕووها دایە لا، هەر سوو غەرەزها ئاشکارا بوو، لە دڵها مەیلەها کوێ چوو؟
لە دڵما شەکوەها بوو، ئەی سەبا! تۆ موختەسەر بیڵێ حوقووقی سوحبەتی دێرێن و ڕەنجی ساڵەها کوێ چوو؟
چرای سەد قەسری دڵ کوژرا، هەتا یەک زاخە بوو مەعموور بەرابەر زاخە ئاخێ کەن، چراغی قەسرەها کوێ چوو؟
بە قەسدی کوشتنی سالم چ بێ ڕەحمانە کۆشیون حەدیسی «يَرْحَم و تَرْحَم» لە شەئنی ئاشنا کوێ چوو؟!
فەڕەنگ و داسنیی و گەبری بەدخوو نوسەیریی و ئەرووس و دەیلەم و جوو
بە حاڵی من نەبن هەرگیز ئەمانە هەزار جار ئۆف برایم ئاغا لەدەست توو
قوڕومساغە ئەوەندە بەدسروشتە بەدایم خوێڕییە وەک شبری سەر کوو
لە دەنگی جوڕڕەجوڕڕی سوێسکەکانی دوو گوێی سووکم بەجارێ هەردوو کەڕ بوو
دەسا سەیر کەن لەبەر چینەی کەوی شین کە عالەم گەردە هەر وەک تۆزی هۆردوو
کەوی لۆتی بە کەیفی خۆت بخوێنە خوا وای کرد کە حاڵی من وەها بوو
ئیلاهی قارەمان قاڕەت نەمێنێ چەقەڵ بدخوا سەر و سینە و پەل و پوو
برایم ئاغا لە قوڕ نیشێ سەراپا وەکوو باب مردووان بۆت کا خودا ڕوو
قەجەر! ناوت بە چاوی خۆم ببینم کە قوشچی بازی تێ بەردا بە قوو قوو
شەپۆلت زۆر کەوی چاک و پەسەندە شەپۆل دا سا لە خوێنا ئەی خودا! زوو
کەوی دۆمت شەڕانی و کەوبەزێنە ئیلاهی! دۆمەژن لێت نێ بە کاردوو
کەوەلاڵت مەزننە زۆر عەزیز بوو شوکور بۆیە لە بەر بینی دەرات لوو
بەغەیرەز ئەم کەوانە باڕەکانیش بە مردوویی لەدەوری تۆ بکەن بوو
خوداوەندا غەزەب بۆیان ببارێ بە یەک شەو خاس و عامیان بن قەڵاچوو
کەو و سوێسکە و قەفەس دانێن لە لایێ دەڵی زەرد و برایم ئاغاش بە مردوو
لەسەر من عەهد و شەرت و فەرز و قەرز بێ ئەگەر حاڵی برایم ئاغا وەها بوو
بە سوورمەی شادیانە هەر دوو چاوم وەهای ڕەش کەم وەکوو پەڕڕی پەرەستوو
بە حەسرەت ئەشکی ئاڵم دێتە سەر ڕوو بەسەر ڕووتا کە ئیفشا بوو سەحەر موو
دەکا شیرین بە ئاشق گۆشەگیری لە کونجی لەعلی لێوت خاڵی هیندوو
دەزانن خەرمەنی من بۆ گڕی بەست؟ بپرسن گەر لە یاری ئاتەشی خوو
لە کوێ بێنێ ئیشارەی چاوەکانت ئەگەرچی مەستە وەک ئەو چاوی ئاهوو
بە مەرگی تۆ لەبەر تۆ شەو بە میحنەت سەرم نابینێ بەستەر غەیری زانوو
دەناڵێنێ دڵی زارم وەکوو زیر لە شاما شانە کەی گەر شامی گێسوو
عەجەب ئاسایشێکم دی لە هیجرت لە خارا ڕەقترە بۆ من پەڕی قوو
وێڵ و فیراری عیشقی تۆم، شەهر بە شەهر و سوو بە سوو پوشتە بە پوشتە، تەل بە تەل، دەشت بە دەشت و کوو بە کوو
قەیدە لە گەردنی دڵم زوڵفی سیاهی پڕ خەمت حەلقە بە حەلقە چین بە چین عوقدە بە عوقدە موو بە موو
تەنگدەهانی دڵبەرم حەسرەتی دا بە گوڵڕوخان وا دڵی غونچە بوو بە خوێن پەردە بە پەردە توو بە توو
کەوتە کەناری مڵکی ڕۆم جۆششی ئەشک و مەوجی خوێن سەیل بە سەیل و شەت بە شەت، دەجلە بە دەجلە جوو بە جوو
چەرخی زەمانە کەی دەدا بەزمی ویساڵی یار و من بۆسە بە بۆسە لەب بە لەب دیدە بە دیدە ڕوو بە ڕوو
نەفحە بدا لە عەتری زوڵف لەو دەمە بۆ دەماغی خوشک تەپڵە بە تەپڵە موشک بە موشک نافە بە نافە بوو بە بوو
خەرمەنی سالمی فەقیر سووختەیە بە ناری عیشق خووشە بە خووشە گوڵ بە گوڵ دانە بە دانە جوو بە جوو
دا بێنە بە پەهلوویی ڕوخا حەلقەیی گێسوو مەتبووعە بە ئەترافی گوڵا سونبولی خۆشبوو
ئەندازەیی حەوشی حەرەم و جیلوەگەریی یار دێنێتە نەزەر دەشتی خەتا و ڕەمی ئاهوو
خۆ زوڵف و ڕوخی زیددی یەکن سیحرە کە سازان خستوویەتە ژێر ماری سیەهـ دۆشەکی پشکوو
بۆ زوڵمی لە ئەندازە بەدەر وەک یەکی خولقاند خەللاقی ئەزەل مەشرەبی تۆ و تەبعی هۆلاکوو
دەستم بە فەریبت کە شکا حەسرەتی ناخۆم ئەڵبەتتە شکاندووتە دەبێ بیخەیە ئەستوو
حاسڵ لە یەکێکایە پەشیمانییە دوو مەیل جێی نابێ لە کولبەی دڵما خەڵوەتی دووڕوو
مینا دڵیی و بازییی وەسڵت لە میانا ئەو شیشەیە دەشکێنێ یەقین سالمی بەدخوو
یاری ساحیرنەژادی سیلسیلەموو دڵی بردم بە دیدەیی جادوو
دڵی ڕەوشەن مەکانی لەیلایە مونعەکیس بوو میانی ئایینەڕوو
بەعدەزین کاری من بە زوننارە دینی بردم نیگاهی تەرساخوو
هەڵسە ئەی دڵ بچینە لای مەجنوون ڕشتەیی عاقڵی لەدەس دەرچوو
دڵی پێکا بە عیشوە تیری موژە تورکئەندێشەیی کەمانئەبروو
کەرەمی کرد سیاهی و مەستی نێرگسی ئەو بە دیدەیی ئاهوو
باد ئەگەر ڕێی نییە بە توڕڕەیی یار بۆ دەماغم بە بۆ موعەتتەر بوو
مەستیی من وەرایی یارانە ساقیا خم بده به جای سبو
گڕی بەست دڵ بە شەو لە نەشئەی ڕام هاتووچۆم بوو لە مەستییا هەر سوو
شەهپەڕی دا لە دڵ خەرووسی سەحەر دای غوباری کودوورەتم جاڕوو
چووە سەر شاخی گوڵ وتی بولبول: هەر کە زانی لە داوی شەو بەربوو
هەر یەکێکە خودایی حەق نەک دوو

وحدهُ لا الٰه الّا هو

باز دڵ بێقەرار و شەیدایە شیفتەی زوڵف و خاڵی لەیلایە
بێ ڕەوانم ئەگەر نەدا بووسە لەبی دڵبەر مەگەر مەسیحایە؟
هەر سەمەر دڵ هەوا دەکات دەستکەوت وەسڵی دڵبەر درەختی تووبایە
ئەی سەبا لا دە موو لەسەر چیهرە مەرگی عاشق شەوانی یەلدایە
حەسرەتا دڵ لە فیکری گێسوودا وەکوو سەنعان بە دینی تەرسایە
ساڵ و مەهـ بۆ سەبووحیی ڕەندان دەری مەیخانە سوبحدەم وایە
چوومە مەیخانە سوبحدەم بۆ سەیر دیم لەوێشا خورۆش و غەوغایە
هاتە گوێم کافرێ بە گریە وتی: کاری هەرکەس بە فەردی یەکتایی
هەر یەکێکە خودایی حەق نەک دوو

وحدهُ لا الٰه الّا هو

زوڵفی تۆ موو بە موو خەریکی خەمە دڵی من توو بە توو غەریقی غەمە
ساغەری تۆ لە بادە دایم پڕ خاتری من هەمیشە پڕ ئەلەمە
قەت بە ئوممێدی مەرحەمەت نابم لە تەرەف تۆوە قیسمەتم ستەمە
بوو بە خوێن جەرگ و دڵ لە تیری موژەت ڕەنگی ئەشکم لە دیدە وەک بەقەمە
ئەشکی نوقرەم ڕژاندە دامەنی یار دانەزانێ حەریفی بێ درەمە
بێ کەسانە مەخۆ دڵا میحنەت نییە ڕێگەت ئەگەرچی لەو حەرەمە
کەسی بێکەس کەسێکە بۆ هەر کەس مەنبەعی جوود و مەعدەنی کەرەمە
هەر یەکێکە خودایی حەق نەک دوو

وحدهُ لا الٰه الّا هو

غەم وەکوو کووهـ و تەن زەعیف و نەزار دڵ یەکێ، غائیلەی زەمانە هەزار
لەبی بەستم لە گفتوگۆ دڵبەر تا نەکەم دەردی دڵ بە کەس ئیزهار
غەیری دڵبەر کە مەحرەمی ڕازە ناکەسم گەر بە کەس بڵێم ئەسرار
ڕشتەیی مەعریفەت لە دەس دەرچوو عارە بۆ من ڕەفاقەتی ئەغیار
ئەی خیرەد تۆ خوا لەدڵ دەرچۆ دڵ نەماوە لە فیرقەتی دڵدار
بە حەقیقەت جیهانی بێ بونیاد نییەتی بۆ کەسێ سوبات و قەرار
مەکە زاهید منی بە شەوقی زەمیر هەر ئەتۆ نیی بە سیڕڕی حەق هۆشیار
وا لە سەربانی بوتکەدە ڕاهیب ئەم کەلامە دەڵێ بە ناڵەی زار:
هەر یەکێکە خودایی حەق نەک دوو

وحدهُ لا الٰه الّا هو

چاکە حەفتا حوجرە بێ دایم لەناو خانەی مەموو: چاوەیێکی بۆ نشیمەن، شەست و نۆی بۆ چاڵی گوو!
نەفخی ڕوودەی پڕپفی، گەر دابدا بۆ مەقعەدی سەددی با نابێ، ئەگەر تێی ئاخنێ پێچی کلوو
گەر لە ڕوویا تڕ موجەسسەم بێ بە مورغی تیزبال بۆ گرفتی هەر یەکە داوێکە، ڕیشی موو بە موو
ژێ سیفەت ڕوودە لە چەرخە، شیشەکی وا دێتە خول ڕەنگە چەپ چەپ گەر کلوو بخوا، بەرێ کول کول دەزوو
هەڵمی فەسوەی نایێڵێ سەرما لە ئەندامی بدا تایی توممانی لە قەوسا گەرمە، وەک کەوڵی پەتوو!
تا بینای بونیەی لەسەر گوو بێ، ئەگەر بگرێ لە سەر، نامژێ دەم جوز عوفوونەت، جەزبی پڕزۆری زەلوو
ڕاستە گەر مەعموورە مابەعدی بە خەیلێ فەسوە، سا بۆ سەحەرگەهـ دێ لە ئاوازی تڕی، دەنگی پەپوو؟!
گاهی نەفخی، نۆک ئەگەر بخوا، بە شەرتێ بیمی بێ، ئاسمان بینێ، لە حوکمی گوللەدا دەکوژێ هەڵوو!
گەر سەری بێنێتە جێی پێی، پێ بەرێ بۆ جێی سەری شیشەکی جوستەن دەکا دەهـ گەز لەسەر ئوشترگەلوو
زرتەیێ بەحری زگی سەد گۆمی دی، تا کەوتە بێخ کەی ئەدەب دەگرێ لە مەنعا، بوو بە میچی ئاوەسوو
وا لەپڕ لێی دا، بە جارێ سەقفی خانەی کردە تۆز وەک لەژێر ئاگر بتۆقێ، گاهی برژانی بەڕوو
سیحری فەسوەی شەو لە جێدا دۆشەکی بای بۆ دەکا وەک زیاد بێ پێچی بەتنی، بایی ئەو با بێ بە قوو
وا لە هەڵمی گەرمی دیزەی ئەو، ڕوتووبەت کەوتە ماڵ تا بە ڕەوزەن سەقف و دیواری هەڵیهێنا کەڕوو!
داروویی بێهۆشییە بۆی گەند لە مەغزی مەردووما یەک نەفەس لادا لە مەجلیسدا، ئەگەر دەرکی قوتوو
دەرکی خیگەی با کە بەردا، دوزدی خەو شەو تا بە ڕۆژ دەنگی دەڕوا کوو بە کوو، وەک بۆڵەبۆڵی کوندەبوو!
بۆی هەڵاڵی فەسوەیی ئەمڕۆی لەپاش دەهـ ڕۆژی تر بۆگەنی هەر دێ بە لووتا، عەتری گوڵ کەن گەر بە بوو
هەر بە قووەی ئاوی ئیمالەی ئەوێ قووەت دەکەن شەڵغەم و ترپ و پیاز و سڵق و بیبار و کەدوو
هات لە ڕیشی موددەعیی دا، بای موخالیف دەرنەهات ڕووبەڕووی دوشمن لە غەوغادا، دەمانچە دەرنەچوو!
چونکە وەختی قورمیشی سەمتووری پەس، بەس توولی دا شەرح و کەششافی هیجا، بۆیێ بە سالم تەی نەبوو
شەرحی ئەشعاری من ئێستاکە لە باڵایە هەموو چونکە بەو نیسبەتە هەستاوە، چ باڵایە هەموو
دەردی گێسووتە کە سەرگەشتە بە دەورا دەگەڕێم موویی تا موویی لە سەرما هەم و سەودایە هەموو
عیشق ئەگەر خەیمە بدا، مەشریق و مەغریب کەمە بۆی لە دڵی تەنگی من ئەو خەیمەیە بەرپایە هەموو!
میهری زەڕڕەی دەهەنت داویە بە قەلبم پەرتەو هەرچی ئەنداممە وەک زەڕڕە لە ڕەقسایە هەموو
بە سەدای گریەوە بێ، سەمعی قوبووڵت، بکڕە ئەشکی ئالوودەیی من، لوئلوئی لالایە هەموو
هەرچی عومرم هەیە بێ تۆ سەکەراتییی مەوتە هەرچی ڕۆژم هەیە بێ تۆ شەوی یەلدایە هەموو
ڕەنگ و بۆی دا بە ڕوخت ئاهـ و سروشکم، ئارێ باد و بارانی بەهاری چەمەنئارایە هەموو!
جوز نەباتی لەبی تۆ، سازشی تەبعم نییە هیچ قەندی میسری لە دەمم تەڵخییی سەفرایە هەموو
کە حەکیم حازیقە، «سالم» مەکە ئیزهاری مەرەز خۆی بەسیرێکە کە بەم عالەمە بینایە هەموو
لە مەهتابا کە دڵ دیی ئەگریجەی وەک عەقرەبت ئەمشەو گورێزی دا لە عەقرەب کەوتە چاهی غەبغەبت ئەمشەو
لە وەسڵام و لە بەدگۆ خۆفناکم ئەی فەلەک! ئامان بە کامی من بدە تەغییری نەحسی کەوکەبت ئەمشەو
بڵێ ئەی دڵ ئەگەر هەمداستانی زوڵفی دڵبەر بی لەناو جەمعی پەرێشانا جەمیعی مەتڵەبت ئەمشەو
لە سوجدەی خاکی کۆی جانانە ئەی دڵ! غەفڵەتت تا کەی؟ دەترسم وەرگەڕابێ مولحیدئاسا مەزهەبت ئەمشەو
ەکوو ئەشکم پەیاپەی خوێنی ئاڵم ئەی عوقابی غەم بەسەر جەرگا لە دڵ دەڕژێ لە جێگەی میخلەبت ئەمشەو
سەحەر گەر بۆ شکارم دێیە سەحرا با مورەخخەس بم حەنایی کەم بە ئەشکی دیدە سممی مەرکەبت ئەمشەو
بەپەنهانی لەکۆی یارا سەگاسا مەسکەنت دەست کەوت تەشەککور کە گەلێ باڵایە سالم مەنسەبت ئەمشەو
لەبەر پەیکانی تیری ئاهی من مۆمە حەجەر ئەمشەو درێغا گەر نەکا دڵبەر لە ناڵینم حەزەر ئەمشەو
لە وەسڵا چونکە پەروەردەم بە بۆسەی لێوی شیرینت دەدا هیجرت لە ڕیشەی دڵ دەمادەم نیشتەر ئەمشەو
بە ئاهیستە لەبم گەر بێتە سەر ڕووی نازکت یەکدەم لە جێی بۆسەم دەبینن موعجیزەی شَق القَمَر ئەمشەو
لە نێشی ئەژدەهای زوڵفت وەها کەوتوومە ڕووی بالین بەجوز موهرەی لەبت ناکا عیلاجی من بەشەر ئەمشەو
مەهی پەردەنشین سالم لە پەردە هاتە دەر بێ شک خەجاڵەت دەیگرێ گەر مەهـ لە پەردە بێتە دەر ئەمشەو
بە تەنگە دڵ لە سینەمدا وەکوو مورغی قەفەس ئەمشەو بە جان شیوەن دەکەم یاران لە هیجرا ناهەوەس ئەمشەو
خەو و تەرەف و فەراغەت زەحمەتە بۆ عاشقی بەدبەخت موژەم یەک یەک لە چاوا بوو بە نێشی خار و خەس ئەمشەو
کە مینقاری هەوەس ناگاتە سەر شەککەر وەکوو تووتی بەسەر خۆما دەدەم دەستی تەئەسسوف وەک مەگەس ئەمشەو
جڵەوڕێز وا بە چوستی هات و لێی دام ڕەهزەنی ئەندووهـ لە جەڵدەڕاهی حەلقووما بڕیی ڕێگەی نەفەس ئەمشەو
سەر و پێچ و دەم و ڕیشی ڕەقیب سەیر کەن ڕەفیق ئامان بە چۆکا هاتووە ئەفگەندەسەر هەر وەک تەرەس ئەمشەو
لە مەیدانی بەلاغەتدا قەڵەم سەرخۆشە بۆ نووسین لە هاتووچۆ و تەرەددوددا دەکا مەشقی فەرەس ئەمشەو
ئەگەر دڵبەر بپرسێ حاڵی سالم پێی بڵێن تۆ خۆش لە کێوی میحنەتا ناگا بەسەریا هات هەرەس ئەمشەو
شەپۆلی بەحری ئەشکم تەڕ دەکا پشتی سەمەک ئەمشەو سەدای ڕەعدی فیغانم کەڕ دەکا گۆشی فەلەک ئەمشەو
مەزەی بەزمت لە کوورەی سینەما برژا بە تەڕدەستی لە ئەشکم بۆ کەبابی دڵ موهەییایە نەمەک ئەمشەو
ئەگەر یەد بێ هەموو دەم غیرەتم جۆیایی پاداشە لە ڕیشەم دەردەهێنا وەک دڵم چەرخی فەلەک ئەمشەو
بەبێ بەزمی ئیرەمئارایی دڵبەر بەسکی دڵتەنگم فەزای دونیا لە من پڕ نارە وەک عەینی دەرەک ئەمشەو
لە سەحرای تەجرەبەی عیشقا دەبن ڕامم گەلەی ئاهوو لە سیدقا ناڵەیی مەجنوون و من نابن بەیەک ئەمشەو
مونەووەر کەی لە ڕێی میهرا ئەگەر بێی کولبەیی سالم دەڕێژێ بۆ نیسارت ئەشک وەک دوڕ مەردومەک ئەمشەو
لە گریان چوو، هەمیسان خاوم ئەمشەو بە خوڕ خوێن دێ لە چاوەی چاوم ئەمشەو
بە ناسۆر کەوتەوە، دیسان، برینم سەری کرد باز لە جێی زووخاوم ئەمشەو
شەرارەی ئاگری دووری بەتاوە عیلاجم کەن، دەخیل! سووتاوم ئەمشەو
نیشانەی مەرگمە، تەحقیق ئەزانم لەسەر ڕوو زاهیرە جواناوم ئەمشەو
لە دڵ سۆز و لە سەر شۆر و لە چاو خوێن لە حاڵی خۆم تەعەججوب ماوم ئەمشەو
بە زنجیری فیراقت قەیدە «سالم» خەیاڵی زوڵفی تۆیە داوم ئەمشەو
عیلاجی ئێشی دڵ ناکا بە سەد مەرهەم حەکیم ئەمشەو لە زەخمی تیری موژگانت بە نەوعێ بەستەریم ئەمشەو
لە لەب نەقدی حەیاتم خوونبەهای یەک بووسە داناوە ئەگەر یاری قەمەرتەلعەت قوبووڵ کا موشتەریم ئەمشەو
هەوای ئابی بەقای بۆسەت، شەرارەی مەزرەعەی عومرە لە باغی زیندەگی بۆ نۆبەرەی وەسڵت بەریم ئەمشەو
خەتایە گەر هەوای عەتری گوڵ کەم تا حەیاتم بێ ئەگەر بێنێ لە موشکین زوڵفی تۆ بۆیێ نەسیم ئەمشەو
هەتیتەی دڵ بکا گەر تەجروبەی قەددت بە باریکی بەرابەر ئەو دەبێ مووی کاکوڵی هیندی زەخیم ئەمشەو
لە خاکی ئاستانەی دڵبەرا ئوفتادەم و شادم دەگاتە تاقی کیسرا ڕیفعەتی جێگەی سەگیم ئەمشەو
سەحەر جێی سوجدە شاهید بێ لە ئەشکی سورخ و ڕووی زەردم لە خاکی کۆیی تۆ ئالوودەیە مەرجان و سیم ئەمشەو
ئەگەرچی ئیحتیاجی ڕوو لە قاپی کەس مەکە سالم بە ئوممێدی كەرەم ئیللا خوداوەندی کەریم ئەمشەو
هەمیسان ڕۆح لە تەن بێزارە ئەمشەو لە دڵما باز خەیاڵی یارە ئەمشەو
لە چیهرەم شێوەیی عیبرەت زوهوورە، برای یەکدڵ لە من ئەغیارە ئەمشەو
لە ئاهی سەرد یەخی بەست، ئەشکی گەرمم موژەم یەک یەک دەڵێی بزمارە ئەمشەو
لە دەوری نوقتەیی خاڵی لەبی یار، خەیاڵی دڵ دەڵێی پەڕگارە ئەمشەو
«ٲنا الّدلْبَرْ» دەڵێ دڵ وا لە سینەم وەکوو مەنسوور سزای سەر دارە ئەمشەو
وەها بێ ئیختیار کەوتوومە شیوەن لە ناڵینم ڕەفیق بێزارە ئەمشەو
بە بادی لەعلی لێوی ئاڵی دڵبەر سروشکم شێوەیی گوڵنارە ئەمشەو
نیهالی شادمانیم ڕیشەکەن بوو درەختی میحنەتم پڕبارە ئەمشەو
خەیاڵی نێشی موژگانی دڵارام لە دڵما یەک بە یەک سووفارە ئەمشەو
تەبیبی دەردی من، یاران! خەبەر کەن، بڵێن: «سالم» لە غەم بیمارە ئەمشەو
درێغا، باز دڵم پڕ چاکە ئەمشەو سروشکی دیدە ئاتەشناکە ئەمشەو
موهەییایە بەبێ تۆ ڕەختی خوابم، بە پەهلوو خار و بالش خاکە ئەمشەو
بە یادی چاوی مەستی مەی سروشتت لە پێچش خاترم وەک تاکە ئەمشەو
سەمەک ئاوی نەمەک دەخوا لە ئەشکم هەناسەم پەیکی هەفت ئەفلاکە ئەمشەو
موژەت ئەڵماسە بۆ کاووشیی دڵ بە ئیما دیدە وەک حەککاکە ئەمشەو
زەعیف و بێخودە بەختم، لە خەودا غەمت بۆ حاڵی من تریاکە ئەمشەو
سەری زوڵفت سەری کردە دەماغم لە دۆشت ئەژدەهای زەححاکە ئەمشەو
دەنووسێ غەم لە دڵ فەرمانی قەتڵم فیراقت زاڵمی سەففاکە ئەمشەو
دەسا غەمخواری «سالم» بە، خودایە! لە شەوها بیشتەر غەمناکە ئەمشەو
وا دڵ لە خەیاڵاتی نیهان پڕ غەمە ئەمشەو ڕووی گونبەدی دەوران لە هەناسەم تەمە ئەمشەو
گەر خاکی تەئەسسوف بەسەرا کەم لە فیراقت بۆ حەسرەتی من توڕڕەیی عالەم کەمە ئەمشەو
غەرقم لە غەمی یادی برۆت بەسکی لە هیجران وەک ماڵی کەمان قەددی زەعیفم خەمە ئەمشەو
وەک جەیشی مەلەخ لەشکری غەم موڵکی دڵی گرت بۆ کشتی ئەمەل داسی تەڵەب بێ دەمە ئەمشەو
ها سینە و ئەشک و دڵ و غەم بێنە حیمایەت بوریان و کەباب و نمەک و سفرەمە ئەمشەو
وەک خاتەمی تۆ نەقشە لەجێی ناخونی حەسرەت ئەم زەخمە لە شەوقت کە لەڕووی سینەمە ئەمشەو
مەعلوومە کە گریەم لە هەوای کەعبەیی ڕووتە بەم ئەشکە لە دیدەم کە دەڵێی زەمزەمە ئەمشەو
سامانی دڵی غەمزەدە جانا لە فیراقت وەک سیلسیلەیی زوڵفی خەمت دەرهەمە ئەمشەو
سالم لە هەوای مەجلسی ئەو جێگەیە قەددم وەک بەربوت و نەی تا بە سەحەر ناڵەمە ئەمشەو
هیلاکیی جانی بیمارانە ئەمشەو سیەهـ وەک توڕڕەیی یارانە ئەمشەو
لە چاو ئەشک و لە دڵ ئاهم بروون دێ دەڵێی تۆفانی با و بۆرانە ئەمشەو
لە نوسخەی مووتە یا تەئسیری بەختم جیهان یەکسەر وەکوو قەترانە ئەمشەو
لە گوێما دەنگی دەققولبابی دڵ دێ خەیاڵی دڵبەرم میهمانە ئەمشەو
بینات نا عەهدەکەی زەححاکی تازی لە توڕڕەت موو بە موو مارانە ئەمشەو
لە مەیلی سەرد و قەهری وەک سەموومت لە باغی دڵ گەڵاڕێزانە ئەمشەو
لە گەرمیی دڵ گوڵی شادی وەریوە شکۆفەی غەم لەنەو خەندانە ئەمشەو
شەبەیخوونی نیگەهـ قەلعەی دڵی گرت بەجوز غەم هەر چی بێ تاڵانە ئەمشەو
بە ئوممێدی بەهاری وەسڵەکەی تۆ لە هەوری دیدە هەر بارانە ئەمشەو
لەڕووی عەکسی خەیاڵی لەعلی لێوت دوڕی ئەشکم وەکوو مەرجانە ئەمشەو
لەلای سالم ئەگەر ئەکلە و ئەگەر شورب بەبێ تۆ دوور لە تۆ سندانە ئەمشەو
ڕەفیق بێن و تەماشاکەن دەمی بووک بردنە ئەمشەو هەوای بووکێ بە دان و مەیلی زاوا کردنە ئەمشەو
موهەییای کرد فەلەک تەوقی بلووری بۆ ملی داماد چەلیپا هەر دوو پێی بووکی دوشاخەی گەردنە ئەمشەو
لەگەڵ کارواندا ئاوازی پۆیلە وەک جەرەس هەستا لەدەست زاوا لەدەست بووکا خڕنگەی بازنە ئەمشەو
دەڵێن: بەربووکی باوان دەستەخوشکی مادەری بووکە لە زاوا خۆی دەپرسم: بیکرە بووکێ یا ژنە ئەمشەو؟
خەزوورەی بووک لە ڕەقسایە وەکوو ئوشتر لە ڕووی بەچچە خەسووی زاوا لەبەر دوختەر لە حاڵی مردنە ئەمشەو
هەتیو و پیرەژن فیتنەن، بڵێ: سا قاو دە با دەرچن لەدەوری پەردە، جوز مەحرەم، دەمی دەرکردنە ئەمشەو
نەفیری شادییانەی مادەری زاوا بوڵەند نابێ چ بوو عیننینە زاوا، یا مەگەر بووک بێ بنە ئەمشەو
ئەژدەها یەک شەو ببینێ ماری زوڵفت گەر بە خەو ئەم دەسێنێ ئینتیقامی هەر چی ئەزیەت بێ لە ئەو
قەت نەبوو نەشئونوما کا مەزرەعەی عومرم بەهار لێی نەدا بای خوڕڕەمی تا کەوتە حاڵاتی درەو
توڕڕەیی هێنا بە ڕوودا ڕووبەڕووی من خۆی نواند لێی موشەخخەس بوو کە نەهییە دیدەنی ئایینە شەو
خەت بدا وەختێ لە سەحرای سینەما ئاهووی خەیاڵ دەردەکا ئەسپی هەوەس هەر جا لەدەست عەقڵم جڵەو
سامیعە و نوتقم لە تەکلیفاتی دونیا فاریغن نیمە بێ تۆ قەت لەگەڵ کەس تاقەتی گوفت و شنەو
کەی بە سالم دەردەچێ سالم لەبەر تیری نیگاهـ دیدەیی ئاهوو دەپێکێ تورکی چاوت گاهی دەو
ئاسمان دیهقان و عومرم کشت و داسی ماهی نەو سەرەفگەندە و ئیستادەم خووشەئاسا بۆ درەو
تا بە ڕەنجی عیشقی یاری گەندومین ڕووم جووتە غەم نانوێنێ خەرمەنی دونیا لەلام یەک دانە جەو
سازشی چوار جینس لە چوار نەوع چوار یار نادەن بەهەم: ئاب و ئاتەش، گورگ و گەللە، عەقڵ و مەستی، عیشق و خەو
یاری ساحیب مروەتم ئووفتادەکانی دا سەدا سەگ بە گورگەلۆقە هات و سالمی مسکین بە دەو
گەر مویەسسەر بێ لە هیجرا، خۆشە خەو مەحزی چاولێکنان دەبینم، خۆم و ئەو!
بێتە خەو هەر شەو حەبیبم، یا ئیلاهـ! بێ بەقەد ڕۆژی قیامەت توولی شەو