دیوانی سالم/ۆ

دیوانی سالم  (1860)  by سالم
پیتی ۆ

1 edit

عاقیبەت لەززەتی دا کەشمەکەشی زەحمەتی تۆ میننەتی نایە سەرم، مەیمەنەتی مەینەتی تۆ
میهری ڕووت بەسکی لە دڵمایە، شەوی هیجرانت نیمە یەک زەڕڕە لە ڕۆژا هەوەسی ڕوئیەتی تۆ
تۆ بە چاو عەینی غەزالیی و لەچاو عاشقی زار شێری خوونرێزی شکاری نییەتی سەولەتی تۆ
مەردومەک دێ لە نەزەردا وەکوو موویێکی زەعیف مونعەکیس بوو کە لەناو دیدەیی من، قامەتی تۆ
نەمەکت حوججەتی خووبی بوو لەسەر سەفحەیی ڕوو خاتیمەی حوسنە کە وا «صَحّ»ەیی لێ دا، خەتی تۆ
فیکرهیچی، کە لە لات نوقتەیە، «سالم»، دەهەنی هەتە عەقڵێکی درشت، ئەر ئەمەتە دیققەتی تۆ!

2 edit

لە سینەم دا سەدای ناڵینە بێ تۆ دڵی زارم بەسێ غەمگینە بێ تۆ
ئەبەد وەک من غەمیش ساحیب وەفایە ڕەفیق و هەمدەمی دێرینە بێ تۆ
هەناسەی سەردی من دێنێ زومستان گڕەی گەرمی دڵم هاوینە بێ تۆ
دەمم تاڵ و سروشکم شۆرە دایم ترش ڕووم و قسەم شیرینە بێ تۆ
دڵم باغ و گوڵم فرمێسکی ئاڵە بەهار عومر و ئەجەل گوڵچینە بێ تۆ
سروشکم قرمز و دیدەم سفیدە ڕوخم زەرد و لیباسم شینە بێ تۆ
فەرەح ڕابورد ئەبەد بێ تۆ عوبوور کا بە ڕووی دڵما خەفەت پەرژینە بێ تۆ
لە چنگ غەم سەیدە سالم وەک کەبووتەر لە دڵیا میخلەبی شاهینە بێ تۆ

3 edit

ڕێی نەجاتی موشکیلە هەر کەس ببێ دەسگیری تۆ فەرموو وا گەردنکەچم حازر لەبەر شەمشیری تۆ
زوڵفی تاتات تا ئیحاتەی گەردنی داوی، بووە باری ئەهلی کوللی عالەم جوملە گەردەنگیری تۆ
مەردومەک خوێنڕێژی ئەشکن وەک موژەت خوێنڕێژی دڵ مەردومی ئاویش دەبن وەک مەردومان تەسخیری تۆ
ماری زەححاکن یەکایەک مووت بە مەحبووسانی زار وەهـ چ سەعبە بەندبەندی سیلسلەی زەنجیری تۆ
دەنگی خەمیازەی دڵم دەبیەم لە شەوقی خەنجەرت ئینتیزاری کوژتنم، تاکەی دەبێ تەئخیری تۆ؟
بۆ خەیاڵی نەقشی تۆ مانی لەمن کەودەنترە ڕەنگی خامەی کردگارە سەنعەتی تەسویری تۆ
زەخمی تیشنەم گەر لە تیغت دەفعەیێ ئاوت نەدا عیللەتی بەختی بەدم بوو نەک لەبەر تەقسیری تۆ
هەر کە سانی تیپی موژگان دێ بە ڕەسمی قەبز و بەست طرفة العَينێ دەبێ سەد موڵکی دڵ تەسخیری تۆ
تێکشکا پشتی خەمی سالم لە دووریی قامەتت ڕاستە دەشکێنێ کەمان وەختی جودایی تیری تۆ

4 edit

لە زیندانا کە بێ هەمدەردم ئەمڕۆ ئەسیری ناکەس و دڵبەردم ئەمڕۆ
لە دارولحوزنی دووریدا، سەبا بوو گەیاندی نامەیی هەمفەردم ئەمڕۆ
لە پام گەر بەندە دەر، وازە لە مەیلم دڵم لاتە، زەبوون و زەردم ئەمڕۆ
گلەی ناحەق مەکە، پرسی دڵم کە ئەگەر بێ مەیلە، من نامەردم ئەمڕۆ
بە سروەی فێنکی بادی شەماڵت بووە هاوین لە ئاهی سەردم ئەمڕۆ
خۆشا گەر تۆ لە پەروازی وەکوو مەل ئەمن پابەندی بەندیی فەردم ئەمڕۆ
ئەگەرچی بولبولی سەر خاری هیجرم تەمەننای عەتری عەینی وەردم ئەمڕۆ
قەریحەی شیعرەکەی پێشووم نەماوە ئەوەند خەستە و دەروون پڕ دەردم ئەمڕۆ
بەدڵ دەستی دوعای بەرزە کە «سالم» بەرەو شەمسی جەمالت گەردم ئەمڕۆ

5 edit

ئەی دڵا حەلقەیی ئەو زوڵفە هەموو دامە مەچۆ ڕۆینی ئەو ڕەهە سەرخود تەمەعی خامە مەچۆ
لازمە گەر چی دڵا دیدەنی دڵبەر لاکین قەولی ئەو دەرحەقی تۆ توندیی و دوشنامە مەچۆ