دیوانی شێخ نووری/شیعری موستەزاد
عەسکەر
editسەف سەف کە دێن و تێئەپەڕن چست و باویقار
مازی لە سیدقی ئێوە، ئەبینم ئەکا فیرار
سوبحێکی پاک و بێ غەش ئەبینم وەکوو بەهار
موستەقبەلێکی بێ لەکە، پڕ کەیف و نەشئەدار
بێ تۆز و بێ غوبار
ئەی قەهرەمانی عەساکری کورد، لەشکری ویقار
ئەی دافیعی وەتەن، لە مەزەللەت، لە ئینکسار
ئەی نەوڕەسیدەی وەتەنی مات و غەمگوسار
ئەی مایەی تەرەقی میللەت بە ئیفتیخار
ئەی کوردی نامدار
ئێوە مەداری غیرەتی ماددیی میللەتن
ئێوە مودافیعی وەتەنی پاک تینەتن
ئەولادی پاکی میللەتی کوردی بە هیمەتن
لای میللەت ئێوە، تاکوو بفەرموون بە قیمەتن
ساحێب غیرەتن
ئەی عەسکەر، ئەی مناڵی جگەرگۆشەی وەتەن
ئێوە بەجان و دڵ کە حیمایەی وەتەن ئەکەن
ئێوەن بەدڵ کە سەرفی ئەکەن غیرەت و بەدەن
ئێوە وەتەن لە زیللەت و میحەن نەجات ئەدەن
ئامادە بۆ کەفەن
ئەمڕۆ زەمانی سەعییە، عەتالەت بڕایەوە
سەرچاوەی ئومێدی وەتەن وا ژیایەوە
غونچەی ئەمەل، شکۆفەی مەقسەد گەشایەوە
نووری حکوومەتی وەتەنی شەوقی دایەوە
دەرگا کرایەوە
عەسری تەکامولە، ئەمە عەسری ئوخووەتە
عەسری حیمایەی حەقی ئەقوام و میللەتە
قەومێ کە حیسە بەر نەبێ لەم وەقتی فرسەتە
ئەو قەومە جێی سەحایفی تەئریخی لەعنەتە
مەحکوومی زیللەتە
تا حەشر ئەبێ بناڵێ لەژێر باری زیللەتا
باری گرانی زەیقەت و دەردی ئەسارەتا
عومری سەرف بکا لە مەرارەت، لە میحنەتا
بێ حەق ئەبێ بژی لە حەیاتێکی وەحشەتا
قەهر و مەزەللەتا
ئیتر وەرن کە بۆ وەتەن، وەتەنی پاک و میهرەبان
دەس دەینە دەستی یەکتری یەک دڵ، بە یەک زبان
ئێمەش بمانەوێ وەکوو خەڵقی حەقی ژیان
ئەم فرسەتە غەنیمەتە، نەڕوا لە دەستمان
تا ماوە ڕۆح و گیان
نامەیەکی شیعری لە «شێخ نووری»ەوە بۆ «زێوەر»
editئەی بادی سەبا! پەیکی خەیاڵاتی ئەدیبان
ئەی میروەحەیی فێنکی زامی دڵی سووتاو
ئەی بادی خەرامان
وەختێ کە ئەدەی شەو لە لق و پۆپی درەختان
سەد دەنگی نەی و ناڵەیی عوودت بەفیدا بێ
ئەی موتریبی ناڵان
گەر تۆ نەئەبووی، ئەی ئەسەری قودرەتی لاهووت
چۆن پێئەکەنی خونچە دەمی سوبحی بەهاران؟
ئەی نەیزەنی بوستان
چۆن ناڵەیی مەحزوونی کەوی مەدانی کێوان
تەئسیری ئەکردە جگەری لەت لەت و برژاو؟
ئەی مونسی مورغان
ئەی بادی سەبا! هەستە مەوەستە وەکو ئینسان
ڕوویە بکەرە مەسکەنی جارانی سولەیمان
مەدفوونە لە سەیوان
ئەو شارە کە مەشهوورە بە کاشانەیی بابان
یەنبووعی ئەدەب، کانی گوهەر، مەنبەعی عیرفان
هەم لانەیی شێران
سەیرێ بکە بنواڕە بە شار و بەکەنارا
دەورێ بدە نەختێ لە دەمی سوبحی بەهارا
ئەی بادی دڵارا
ئەم نامەیە جوان بگرە بەدەستێکی بلوورین
ڕازاوەتەوە، چونکە بەمیهر و مەهـ و ئەختەر
عەینەن وەکوو ئەفسەر
بەو شەرتە لە تەقدیمی ئەوا واسیتە بێ «ژین»
بیخەیتە سەری شاهی ئەدەب، حەزرەتی «زێوەر»
ئەی بادی پەیەمبەر
زاتێکی ئەدیبە، بە ئەدەب بچووە حزووری
عەرزی بکە، چاکە بە دڵی ئێوەیە «نووری»
هەر ماتە لە دووری
عەرزی بکە، ئەی هەیکەلی شیعر و ئەدەبیات!
بێ دەنگی بەسە گیانە لە ئوتێلی «شەریفا»
ئوستادی ئەدەب، شاعیری پڕ فیکر و خەیاڵات
نابێ بەزەییت بێ بەغەریبێکی زەعیفا
مەزڵووم و نەحیفا
ئاخۆ ئەسەرێ ماوە لە سەیرانگەهی «یارە»
چوارشەممە ئەڕازانەوە، نەورەستە نیهالان
وەک توولی نەمامان
لاگیرە بەسەریانەوە، وەک ڕۆژی درەخشان
گەردانە لە ملدا ئەبووە ماهـ و ستارە
بەم فەسڵی بەهارە
چوارشەممە کە دێ، ناڵە ئەکا دڵ لە قەفەسدا
وەک مورغی ستەمدیدەیی مەحبووس و موکەدەر
وەک کۆتری پابەستە، لە ئەسنایی هەوەسدا
مەبهووت و سەراسیمە، موکەدەر لە موقەدەر
بێ تاب لە نەفەسدا
دایم دڵەکەم ئێستە لەلای «قۆرییە شکاو»ە
ئەو جێیە کە مەشهوورە بە مەڵبەندی نیگاران
جێی سوحبەت و سەیران
چۆنە ئەسەری ماوە؟ وەیا بۆتە کەلاوە؟
کیسرایی سولەیمانییە، ئاساری نەماوە!
هەر بوومی لەناوە!
بە موناسەبەتی تەبدیلی ناوی ڕۆژنامەی «ژیانەوە» بۆ «ژیان» تەقدیمە
editدەوری تەجەدودت وەکوو ماهێ لە ئاسمان
هەڵهات و بوو بە دافیعی زوڵمەت لە ئینس و جان
نوورت ڕژانە مەجلیسی ئەفکاری عاقڵان
بوویتە ژیانی دوشمنی بەدخواهی کوردەکان
ئەی ناشری مەعاریف و ئەی خەسمی جاهیلان
ئەی موحتەرەم ژیان
ئەی نەورەسیدە، لالەیی باغی تەفەکورات
ئەی نەودەمیدە، غونچەی پەژمردەی حەیات
ئەی باعیسی تەزاهوری ئەفکار و حسییات
ئەی سەفحەی وەقایعی مەزبوتی کائینات
ئەی خادیمی مەعاریف و مەجمووعی خاترات
ئەی ڕەونەقی حەیات
ناوت لە پێشەوە کە نرابوو «ژیانەوە»
بۆ وەسڵی غونچەیە بوو لە خار و خەسا نیهان
ئێستا لە سایەی عەدل و هەوای زەمانەوە
هەر کوێرە کانییەکی ئەمەل بوو ژیانەوە
غونچەی ئەمەل، شکۆفەی مەقسەد گەشانەوە
یەعنی «ژیانەوە» کە ئەمەل بوو، بووە ژیان
ژیانێکی جاویدان
ئەمجا لە بۆ سەعادەتی ئەم قەومە فرسەتە
ئەوەل سەعادەتی غیرەتە، موستەقبەلێکی پاک
ڕووناک و بێ پەڵە وەکوو سوبحێکی نەوبەهار
هەر ئینتیزاری غیرەتی ئەفرادی میللەتە
هاوار ئەکا بە حوزنەوە، ئەی قەومی نامدار
ئیحرازی مەعریفەت بکە، بۆ ئاتییەکی چاک
ڕووناک و خۆش و پاک
ئەو بارە بەردە قورسە، ئەنسالی مازییە
جێی هێشتووە بە زیادەوە تەحمیلی ئێمەیە
با زیاتری نەکەینەوە بۆ نەسلی ئاتییە
ئەسبابی لەعنەتی بەد و تەجهیلی ئێمەیە
ئیحرازی سەد وەدیعەی ساحێب سەمەر بکەین
تەودیعی بەتنی ئاتی و عەرزی هونەر بکەین
لەوسەر حەزەر بکەین
من و گەلاوێژ
editگەلاوێژی فەلەک پەیما! ئەیا خورشیدی بێداران
ئەیا هەمدەردی غەمخواران
لە وادی حیرەت و سەرسامییا ڕەنجوور و سەرگەردان
بە نووری گریە ئالوودت بەسەر تاریکیی شەودا
ئەڕێژی ئەشک و عالەم وا لەناو بیروشەی خەودا
کەچی تۆش والەو و شەیدا
زەبوونی هات و چۆی دایم، بە جۆرێکی حەزینانە
بە دایم هەر خەریکی لابەری تاریکیی شەوگار
بە نووری تیشکی پڕتەودار
لە دەشتی چۆڵ و هۆڵی ئاسمانا تۆش بە وێنەی من
خەفەت بارانە، نەسرەوتوو، جگەربریان و بێ ئارام
شپرزەی میحنەت و ئالام
وەکوو من تۆش بە شەوگاران خەو ئەسپێری بە ڕۆژی پاک
وەنەوزێ ناکەوێتە چاوەکانت، ئەی پەری ڕەفتار
لەگەڵ چاوێکی پڕشنگدار
ئەڵێی ئیلهامی هەڵسانی خەوی، ئەی نەجمی بێ پەروا
بە فرمێسکی ئەلەم ڕێزانەوە، لەو دوورەوە ئایە توخوا
لە چی حاڵی ئەبی ئەمما
وەها دیارە من و تۆ... من لە ئەرزا، تۆ لە گەردوونا
لە سەرگەردانیا وەک یەک، لە دەریای بێ بنی بوونا
تەکوتارمانە هەردوو، من لە شوێن ئامال و تۆ ئالام
بەڵام وەک موبتەدای بێ خەبەر، ئاغازی بێ ئەنجام
ڕوتبەی عەزەمەت
editڕوتبەی عەزەمەت، لائیقی زاتێکە بزانێ
وەک خۆشی دەزانێ و بزانێ کە دەزانێ
نەک لائیقی شەخسێکە، نەزانێ و نەزانێ
نازانێ ئەوە خۆشە بەلای خەڵقی جیهانێ
بێ سوود و زیانێ
نابی بە مونەوەر بە گوڵی یەخەیی چاکەت
عومانی سەراب، بوونی بە دەریاچە مەحاڵە
زەرد ڕووکەشی زیویشی ببێ، نایەتە قیمەت
ئیعلانی عەوارز، وەکوو ئیسنادی خەیاڵە
تابع بە زەواڵە
وەک شەوقی تەپاڵە
تۆ چیهرە بە پۆدرە مەبەرە دەورەیی عالی
ناگاتە گوڵێ، باری کزەی وەرسەیی خاشاک
وەک تەیری موقەبا، کە لە کاغەز پەڕ و باڵی
بۆ بکرێ ئەفڕێ، وەها دێتەوە سەر خاک
غولیا زەدە غەمناک
«لاوانتە» دووسەد شووشە بە خۆتا بڕژێنی
وەک غونچە بەسەر دڕکەزییەکا، بچەقێنی
بێ نەشئەیە چۆن مردوو بە زیندوو ئەدوێنی
مەر بلبلی ئەو گوڵشەنە هەر خۆت بی بخوێنی
بۆ کەس نییە بێنی
«بی» تاڵە ئەگەر شەککەر و شەهدی بەسەرا کەی
نەشئەی نییە، هەر سواڵەتە سەد پڕ بێ لە بادە
چیلکە چییە؟ باکورتەکی سەوزی بە بەرا کەی
گەر عاقڵی لەم ژینە بێ قیمەتە لادە
ئەم کیبرە بەبادە
ڕۆژنامەی «ژین»ی ژمارە «١٣٦٥»
1957
بۆ یانەی سەرکەوتن
editدوێ شەو لە خەوا سیروەی بادی سەحەر ئەنگووت
وەک سوبحی بەهاران
شەو عاقیبەتی هات و دڕی سوبحی گریبان
ڕۆژ بووەوە لە کوردان
غونچەی فەرەح و نەشئە، دەمی دایەوە پشکووت
وەک چهرەیی یاقووت
ئافاقی ئەمەل بوو بە چەمەنزار و گوڵستان
وەک ڕەوزەیی ڕیزوان
ئاونگی مەسەڕڕەت لە گوڵستانی ژیانا
وەک دوڕ لە بەیانا
پەخشانە لەسەر پەرچەمی گوڵ، کاکۆڵی ڕەیحان
وەک لەعلی درەخشان
نێرگز قەدەحی کەیلە، لە بادە شەوی شەبنم
پڕ زەوق و تەرەننوم
جامی زەڕی داناوە لەسەر پەنجەیی ئیحسان
وەک ساقی بێ ڕەقسان
شەوبۆ کە بە شەو بۆی هەبوو بۆ بەزمی تەماشا
کردی لەوە حاشا
بەم نەشئەیە سەد شووشە گوڵاوی گوڵی پڕژان
وەک شاهیدی بوستان
مینا لە زەفافایە، بە سەر سەرییەوە تارا
وەک گوڵ لە بەهارا
ڕەقسیانە لەگەڵ یاسەمەن و عەرعەری بوستان
پڕ نەشئە و خەندان
فەریادی مەسەڕڕەت لە کەژ و کێو و نزارا
ئیعلانە لە شارا
قاسپەی کەو و هاژەی چەم و بەفراوی چیاکان
خۆش لەهجە و ئەلحان
من هەر موتەحەییر، ئەمە یاڕەب چ ئەسەر بێ
بۆچی و چ خەبەر بێ؟
ئەم کەیفە چییە پڕ لە نەباتات و لە ئینسان
بۆ چین هەموو شادان
تاکە سەنەمێ، لەب شەکەرێ، غونچە دەمانێ
شمشادی مییانێ
شیرین سوخەنی تازەی تەڕ، مادەری کوردان
وەک یووسفی کەنعان
گورج هاتە تەکەللوم وتی: ئەم عەیش و سروورە
ئەم شایی و سووڕە
بۆ «یانەی سەرکەوتن»ە ئەم عالەمە شادان
هاتوونەتە جەولان