دیوانی شێخ نووری/پەیامی کۆمەڵایەتی
پەچە
editگوێم لە ناڵینی کچێ بوو، دوێنێ ئەیلاوانەوە | وا بە ئسیر و بە سۆز ئەیوت، دڵی ئەتوانەوە |
دەنگ و ڕەنگی وا نەبیستراوە و نەبینراوە لە کەس | کۆنە قەتماغەی برینی ناو دڵی ئەکولانەوە |
ئەیوت، ئەم ڕووپۆشە تەنیا ڕووی نەپۆشیوین و بەس | ڕووبەڕووی خۆمان، حقووقی ناینە ناو نسیانەوە |
قەت نەبوو ڕۆژێ بە سەربەستی حەقێ داوا بکەین | بۆ بەشی خۆمان بچینە ساحە و مەیدانەوە |
ئەوەل و ئاخر، خەتای ئەم ڕووڕەشەی ڕووپۆشە بوو | بوو بە مانعمان، نە چووینە کۆمەڵی پیاوانەوە |
دایگرن توخوا فڕێی دەن، بیخەنە تەندوورەوە حەیفە ڕۆژی ڕوو، ئەنێنە ناو شەوی دەیجوورەوە | |
زوڵمی ئەم غەدارە بوو، حوکمی موساواتی نەهێشت | جنسی ئێمەی خستە حاڵێکی لە پیاو پاڕانەوە |
بۆ بەشی ئێمە کفن بوو، وا لە دنیا و ئاخیرەت؟ | لێرە ڕەش، لەولا سپی، ببڕێ بە باڵامانەوە |
حەز ئەکەی پرسە، لە پیران و لە پێشینانی خۆت | کێ پەچەی دیوە بە ڕووی خاتوونی کوردستانەوە |
کەی پەچە بۆتە سەبەب، بۆ عیفەتی جینسی لەتیف؟ | کافری دڵ تیرە، دەخلی کوا بەسەر ئیمانەوە |
دایگرن بیگرنە ناو خۆتان و دەوری لێ بدەن | بەڵکوو بیبینم بە چاوی خۆم، بە ڕۆح کێشانەوە |
لای بەرن توخوا، فڕێی دەن بیخەنە تەندوورەوە حەیفە ڕۆژی ڕوو، ئەنێنە ناو شەوی دەیجوورەوە | |
کۆمەڵێ بگرن لە دەوری، ئەلوەداعی لێ بکەن | ناوی با بڕواتە ناو لافاوی ئەم نیسانەوە |
بیخەنە تابووتەوە، بینێن بە شانی عەزمەوە | بیخەنە قەبرێ، بە لووتکەی گردەکەی سەیوانەوە |
تۆبە بێ یاڕەبی، دەفنی ئەو لەوێ جائیز نییە | بیخەنە چاڵێکی قووڵی، گردەکەی گاورانەوە |
مەجلیسێکی ماتەمی بۆ دابنێن و یەک بەیەک | وەرنە تەعزێکەی، بەدڵخۆشی و بەڕووی خەندانەوە |
ئەم سکاڵایە، بە فیکر و شیعری «نووری» تێ مەگەن | ئەو کچە دەنگ خۆشە بوو، ئەیوت بەدەم گریانەوە |
دایگرن توخوا فڕێی دەن، بیخەنە تەندوورەوە حەیفە ڕۆژی ڕوو، ئەنێنە ناو شەوی دەیجوورەوە |
1941/03/19