دیوانی شێخ نووری/کوردی پەتی

306411دیوانی شێخ نووری — کوردی پەتی1970شێخ نووری شێخ ساڵح

جووت و گا

edit
شارەزوور تاکوو بڵێی جێگەیەکی بەردارە خۆڵی زیو، ئاوی بەدێراو ئەڕژێنێ پارە
کوردە تۆ بۆچی ئەڵێی: ڕووتم و بێ لانە و بان خاوەنی جووت و ماڵات و مەڕ و ڕان و شوان
بایی تارانییەکە وێژەبەرە و ئاسنەکەت پارە دەرهێنەرە لەو ئەرزە ڕەقە گاسنەکەت
ئەوی پێویستە لە جووتێ، هەموو داری بەڕووە نیر و هەوجاڕ و نەقیزە و کەڵەمە و دەستەدووە
وەردی پارت هەموو ئاڵتوونە، بە هۆڕ و بە جەواڵ وشکە وەردت هەیە، قەت ناتەوێ دەغڵی تەڕەکاڵ
تۆو ئەکەی بەو زەوییە دێمەوە تاوەختی پەڵە شین ئەبێ، دان ئەگرێ، نەک یەکێ، بتبێ دە پەڵە
زەرد ئەبێ وەختی درەو دێ، ئەچی بۆی ئەگری سەپان درەو ئەکرێت و ئەکێشرێت و ئەبێتە خەرمان
بڕۆ گاگێرەی تێ بەستە، شەنی کە بەشەماڵ هۆڕی لێ داگرە، دەرکی بدروو، بیکەرە چاڵ
بێینە سەر باسی مەڕ و مێگەلت، بۆت ئەکرێ لە شیر ڕۆن و دۆ، ماست و کەرە، کەشک و فرۆ و پێستە پەنیر
بەڕە و هۆڕت خوری، چیغ و دەوارت لە مووە چاکی لێ وردبییەوە، هیچی بەپارە نەبووە
هەر لە بەرگن ئەکرێ، خورج و فەرەنجی و لاکێش دێتە بەردەستت بەخۆڕایی، بەبێ عارەق و ئێش
کوتە جاوی شڕی خۆتە، ئەچی ئەیکەی بە کەڵاش لە مەرەز بوزوو ئەڕێسیت و ئەشیکەی بە کەواش
ناکڕی شت لەم و لەو، گەر بتەوێ تا ئەمری هەموو بۆت ڕێک ئەکەوێ، کۆمەڵ ئەبێ هەر لە خوری
شۆک و دۆشاوی گەزۆت بۆ ئەگرێ داری بەڕوو ئەتەوێ پارە پەیاکەی، بە کەتیرە و مازوو
ڕەزەکەت، گەر بتەوێ پارەی لێشاوی هەیە مێوژ و باسووق و ترێ و هیزەی دۆشاوی هەیە
چ بڵێم پووش و بەلەک، چیلکە و زەل، لیژنەیی دار ئەچی ئەیهێنی بە باری کەر و ئەینێرییە شار
هەموو ئەدرێ بەشت و مەک، بە کەلوپەل بۆ ماڵ ڕائەبوێری بەدڵی خۆت و مناڵت هەموو ساڵ
مەلەوانم لەبنی گۆمی زمانا بە هەزار ناوی کوردی دەرئەهێنم بە جەواڵ و بە خەرار

جووت و گا شتێکی چاکە

edit
لە باسی هەر شتێ پیا ڕاگەیشتین ئێمە نووسیمان ئیتر با بێینەوە سەر باسی جووتیاری و زەوی کێڵان
لە پایزدا خەریکی جووت و تۆو چاندن ئەبی تا سەر لە ماڵی خۆت ئەنوویت و بێ عەزیەت ئاوی ئەدا باران
لە جەردە و دز بەدوورە، قەت مەترسە هیچی لێ نایە لە هاوینا لە پاش دروێنە، بێیتە سەر خەلە و خەرمان
وەرە تۆ پێگەیشتووی وەختی هاوینیش تەماشا کە وەکوو بامیە و تەماتە، کاڵەک و لۆبیا و باینجان
جگە لەو پارەیەی خاوەن زەوی ئەیخاتە گیرفانی بەڕاستی خزمەتێکی زۆر ئەکا، بۆ هاوڵاتییەکان
کەڵەمە و نیر و هەوجاڕێک و جووتێ گای لەڕ و بێ فەڕ ئیتر دەسمایەی ناوێ، وەکوو دوکانی بازرگان
بەقاڵی و ئەم شتانە هیچ نییە کە وەختێ نابووت بوو لە باخەڵیا ئەڵێ ئەسپێ گۆرانی سەوزەڵێ تۆم گیان
زەوی و زار دەوڵەتێکە نامرێت و قەت لەناو ناچێ فەقیر و دەست نەڕۆییو نابێ قەت، خاوەنی دەغڵ و دان
بیناغەی دەوڵەمەندی هەر بە جووت و گا ئەبێ قایم بە جووت و گا ئەڵێن، عەرز هەڵدڕین و پارە دەرهێنان
تکاتان لێ ئەکەم لەم ئیشەدا تا پێشکەون چاکە بەڵام دووبارە پێویستە حکوومەت بێتە یاریدان
لە باسی تووتن و کڕیار و لادێییش بنووسم با کە پارەی پێ بوێ، دێت و هەزار ڕوپیە ئەبا زستان
بەهارێ سەد دێراو تووتن ئەکات و وازی لێ دێنێ ئەما تووتن چ تووتن، ورد و پیس و بێ گەڵا و کێشان
وەچ و دارک زیاتر ناوی تووتن بێ بە تۆی نادا هەموو هەر دار و بەرد و زبڵ و پووش و قشپل و ئێسقان
بچیت و پێی بڵێی ئەو تووتنە باتمانی چەند یێژێ: «بە سێ لیرەی عەجەمیی کەمتری نادەم بەسەد قورحان»
لە ئەرزی وشک و ڕەق، تووتن پەیابێ و واشی بفرۆشن کەوابوو با هەموو دەست کەینە، جووتیاری و زەوی کێڵان