سوپای غەم دەورەیان دام دەس بە مەترەق
|
لە پاش تەشریفی تۆ دایانمە بەر شەق
|
تعالىٰ الله لە جەللادی فیراقت
|
دەڕێژێ بێ موحابا خوێنی ناحەق
|
مەپرسە بۆ لە هیجرانت نەمردم
|
کە من سەگ مەرگم و گیان سەخت و دڵ ڕەق
|
کە زینیان خستە سەر پەشت ماینە ڕەش کوێت
|
گەڕا چاوم لە تاوان زەرد و ئەبڵەق
|
لە شەوقی تۆ وەکوو مەنسووری حەللاج
|
خرووسی تەبعی من ئەیگوت: أنا الحق
|
لە بەزمی خەسرەواندا یەک زەمانێ
|
مورەخخەس بووم وەکوو دەستووری موتڵەق
|
ئەمێستاش تاقەتم تاقە و پەرێشان
|
خرووسم ئەخرەسە و حاڵم موفەششەق
|
لە بەر هەیوانی مزگەوت ئێستە بێ تۆ
|
وەها دێم و دەچم وەک حاجی لەقلەق
|
ئیلاهی عومر و جاهت بەرقەرار بێ
|
عەدووت سەرنگوون بێ و خۆت مووەففەق
|
سمێڵی شێخ ستار حَبلُ المَتينە
|
کەلامی شێخ ڕەزا وەحیی موسەددەق
|