دیوانی مەحوی/ئایینی
عقدالعقائد
editمەسئوولمە ئیعانە لە وەههابی موستەعان | هەر لەو دەکەم سوئال و دەکەم حەمدی ئەو بە جان |
تەوفیقی لێ تەڵەبمە بکەم خدمەتێ بە دین | مەئموولمە خولاسەی أمالي بکەم بەیان |
چەند گەوهەرێ لە جوهرة زەم بەو لەئالییە | نەزمی بکەم بە کوردییەکی سیرفی جوملە زان |
هەم یادگاری ئەهلی کەماڵ و ئەحیببە بێ | هەم ڕەهنوما بەوانە کە بێ عیلمن و نەزان |
یا ڕەب قوبووڵی کەی لە کەم، ئەم خدمەتە کەمە | لەم زەڕڕە موورە لاقە کولێ زۆرە ئەرمەغان |
بەم لاقە کوللە بۆیە تەماداری جەننەتم | بۆ خۆم و بۆ ئەوانە بە دڵ لەم عەقیدەدان |
کارم لەگەڵ کەریم و کەریمە بەها نەجۆ | دا هەوری ڕەحمەت و کەرەمی بێتە داڕژان |
لەو هەورە هەڵڕژێ بە ئەبەد لێزمەی سەلات | سەر قەبر و جیسم و ڕۆحی نەبی آخر الزمان |
ئەمما لە بەعدی حەمد و سەلات، ئیکە نەوبەتی | مەتلەب ئیفادە کردنە بۆ جەمعی تالیبان |
واجب لە سەر جەمیعی موسوڵمان و موئمینە | باوەڕ بکەن بە دڵ، چ خەواس و چ عامییان... |
زاتی خودا، کە خالیقی ئەکوانە، هەر بووە | یەعنی قەدیمی موتلەقە بالذّات و بالزّمان |
واجب بە زاتە، بوون و وجوودی لە خۆوەیە | فەردێکی مونفەرید بە بەقا و هەمیشە مان |
ڕێگەی نییە بە سەریەوە قطعاً فەنا، عەدەم | شەو قەت دەگاتە خدمەتی شەمسی زیا فشان! |
خۆی و هەموو سیفاتی کەمالی بووە و هەیە | دەشبێ ئەزەلیەتی ئەبەدیەت دەدا نیشان |
کەس پرسی ئەو سیفاتە، بڵێ تۆ: حەیات و عیلم | سەمع و بەسەر، ئیرادە و قودرەت، کەلامدان |
ئیدارکی زەوق و لەمس و شەمی بۆ قەرار ئەدەن | بەعزێک و بەعزە مونکیر و بەعزێ لە وەفقەدان |
زید و مونافی ئەم سیفەتانە مەحاڵە بۆ | ئەو خالیقە کە ڕاگرە بۆ موڵکی كُن، فَكان |
ئەو حەیی و ئەو عەلیم و سەمیع و بەسیرە، ئەو | قادر، مورید و هەم موتەکەللیم بلا لسان |
زیندوو و بە دانش و شنەوا و بە بینشە | ساحێب تەوان و خواهیشە، گۆیا بە هەر زوبان |
بشزانە خێر و شەڕ بە ئیرادەی ئەوە هەموو | ڕازی نییە فەقەت بە خراپە و شەڕ و زیان |
بۆ عەبد و بۆ عەمەلیەتی خولقندە ئەو، ئەوە | تەوفیقی دا بە ئێمە و خەزلانی دا بە وان |
خالیق یەکێکە، کاسیبە عەبد، ئەم پەڕ ئەو پەڕە | ئیفراتی ئیعتیزالی و تەفریتی جەبرییان |
وارید بووە لە شەئنی قەزا و قەدەر حەدیس | باوەڕ دەبێ ببێ بە وجووبی بە هەردووان |
زاتی خودا سیفاتی نە عەینە نە غەیری زات | بێ ئەم سیفاتە قەت نەبووە و قەت نییە بە ئان |
ناوی خودا بە شەیء و بە زات هەر دەبەی ببە | ئەو زاتە نا کە دەوری گرێ شەش جیهە و زەمان |
وەقت و زەمان و حاڵ و جیهەت حادیسن هەموو | خالیق قەدیمە ئەڵبەتە، موستەغنییە لەوان |
غەیری نییە، بە عەینی موسەمما بزانە ئیسم | با سبِّحِ اسمَ قەومی موعانید بکەن ڕەوان |
زاتی خودا نە جەوهەر و جیسمە، نە کول و بەعز | بێ چوون و بێ چگۆنە، مونەززەهـ لە ئەین و ئان |
حادیس نییە، قەدیمە، کەلامی خودا بە حەق | دەم بۆ حەدەس بە ناحەق ئەبەن ضالّ و گومڕەهان |
باوەڕ ببێ خودا کە لەسەر عەرشە موستەوی | ئەمما بە ئیستیوایەکی بێ چۆن و کەس نەزان |
هەر ئایەت و حەدیسێ شتێکی تیا ببێ | بتخاتە شوبهە، جوابتە بێ چوونی و چونان |
وەک عەین و وەجهـ و سوورەت و ئەنگوشت و دەست و پێ | وەک نەفس و وەک نزوولی هەموو شەو لە ئاسمان |
تەنزیهـ ئەکەن سەلەف، خەلەف ئەمما دەکەن تەویل | بۆ هەرچی ناسزایە بە زاتی عەزیمە شان |
نەیگرتووە شەریک و موعین و ژن و وەلەد | بۆ ئێمەیە لە ئایەتی عزّ ئەم قسە عەیان |
ئەم خەڵقە جوملە دەمرن و هەموووانیان ئیلاهـ | زیندوو دەکاتەوەیش و دەبینێ حیسابیان |
کافر کە خارە، بابەتی نارە، جەحیمە جێی | موئمین گوڵە، کە زینەتی باغە چووە جینان |
دینی خودا کەرامەتە دەرحەق بە ئەهلی دین | لەو نەشئە دا کە یا ڕەبی بیکەی بە ڕزقمان! |
هەر کەس بە نەشئەی ئەو مەی بێ چوونە فەوزی بوو | جەننەت لە فکری چوو لە نیشات و لە خۆشییان |
واجب نییە لە سەر مەلیکی واجب الوجود | ئەسڵەح وەیا مەسڵەحە دەرحەق بە بەندەگان |
زەوبدەی ئیلاهییاتی عەقیدەم کە گرتە نەزم | لابدّ دەبێ بکەم نەبەوییاتەکەش بەیان |
*** | |
وەک واجبە بە زات و سیفاتی خودا یەقین | باوەڕ دەبێ ببێ بە مەلائیک، بە موڕسەلین |
حەق بوون و هەم بە حەق بووە دین و کیتابیان | هەر یەک هەتا زەمانی یەکێکی دواترین |
ئەم ئاڵوگۆڕی دینە لە کارا بووە هەتا... | دەوری یەکێ بە دینی ئەوە نەسخی جوملە دین |
یەعنی پەیەمبەری عەرەبی، هاشمی نەسەب | ئەحمەد لە ئاسمان و موحەممەد لە سەر زەمین |
دین و کوتوب نەما، بووە دین و کیتابی ئەو | باقی دەبێ شەریعەتی ئەو تاکوو یەومی دین |
عیسا کە دێتە خوارەوە بۆ کوشتنی جەجاڵ | خۆی و ئەوانە تابعی ئەو بن، موحەممەدین |
سەرداری ئەنبیایە بە کول، خاتەمی ڕوسول | ساحێب لیوایە، پێشڕەوە، ڕۆژی واپەسین |
ڕۆژێ کە مەککە مەشریق و مەغریب مەدینە بوو | سەیری کە شەرق و غەربە بە نووری مونەووەرین |
میعراجی سابیتە بە نسووس و بە خەو نەبوو | تەشریفی ئەو بە جیسمی شەریفە سواری زین |
بۆ ئەنبیا لە مەسجدی ئەقسا بووە ئیمام | نۆبەی عورووجە یەعنی لە نۆ قوببە تێپەڕین |
تا سیدرە جوبرەئیلە ئەمین، ئیکە ڕەفڕەفە | خدمەتچی ئەم ئەمانەتە تا ڕەببی عالەمین |
دەعوەت کرایە قەسری أو أدنىٰ لە قابَ قَوس | زیافەت لیقایە، زاتی خودایە بە دیدە دین |
تەعزیم و ئیحتیرام ئەمە بێ، بەخشش و خەڵات | داخۆ چییە و چەها بووەیا واهیبی موبین! |
ڕوخسەت درا گەڕایەوە پڕ بار و پڕ نەسیب | دا پڕ بکا لە نووری خودا، وەک سەما، زەمین |
هەر چاوی سەر بۆ هەرچی غەرایب کە دیویە | وەک عەرش و کورسی و حەمەلە و وەک موقەڕڕەبین |
وەک ئەنبیا، مەقامی هەموو لا لە ئاسمان | دۆزەخ، بەهەشت. ئەوانە بەهەشتین و دۆزەخین |
ئەم چوون و سەیر و هاتنەوە سەیرە، موددەتی | سەر هەڵبڕین و خستنەوەی باز ئەسەر سەرین |
یا ڕەب بە حەق شەرافەتی ئەو وەقت و ساعەتە | لەو ڕەحمەتی عومومیە ئێمەش بەشێ بەرین! |
مەجمووعی ئەنبیا کە سەد و بیست و چار هەزار | مەعسوومن و لە ئیرتیکابی مەعاسی هەموو بەرین |
عەزلی نییە پەیەمبەر و قەت نەبووەتە نەبی | عەبد و ژن و پیاوی دەنی خەسڵەت و میهین |
لوقمان ئەوا دیارە حەکیمێکی پاکە، ذوالـ | قَرنَینە شاهی چاکە، بە قەتعی مەڵێ نەبین |
ئیعیجازی ئەنبیا و کەراماتی ئەولیا | بێ شوبهە سابیتن، بە سبووتت ببێ یەقین |
هیچ ئەولیا بە مەرتەبە ناگاتە ئەنبیا | اذ هُم مُفضلُون علىٰ جمع عالمین |
بەعدی نەبی چ شەکک و چ شوبهەت نەبێ لە سەر | تەرتیبی ئەفزەلی خولەفای ئەڕبەعەی گوزین |
صدّیقە ئەفزەل ئەووەل و فارووقە سانی ئەو | ذي الُنور نووری سییوم و کرّارە چارەمین |
صدیقه زات و فەزڵە لە بەعزێ خوسووسەوە | زهرا ئەگەرچی زوهرەیە بۆ ئاسمانی دین |
ئەم شەش کەسە حەبیبی حەبیبی حەقن بە حەق | هەر کەس کە مونکیرە لە خیتامی مەبە ئەمین |
ئەفزەل لە پاش ئەمانە شەشەی باقییە لە دە | هەر ئەو دەیە موبەششەرەن ئەمڕۆ کە جەننەتین |
وەک بوعُبیده، طلحه، زُبیر و سعد | هەم ابن عوفە بعدهُم ئەسحاب و تابیعین |
یا ڕەب لە تۆوە ڕەحمەت و ڕیزوانی بێ درێغ | نازل ببێ هەمیشە علی کل اجمعین |
لەعنەت مەکە برا لە یەزید و ڕەوا نییە | شەرعاً کە ئێمە مل کەچی شیری شەریعەتین |
ئیمانی موعتەبەر بگرە، ئەو موقەللیدە | تەقلیدی فەیزیا بە بە جەزمیەت و یەقین |
هەر کەس کە ژیر و عاقڵە عوزری نییە و نییە | عیلمی نەبێ بە خالیقی چەرخ و کورەی زەمین |
تەوبەیی بە وەقتی غەرغەرە، ئیمانی حاڵی یەئس | مەردوودە، بەو ڕەوییە خودا موبتەلا نەبین! |
ئەعمالی چاکە دەخڵی بە ئیمانەوە نییە | ئەمما کەمالی هەر بەوە ئیمانی موتتەقین |
موئمین نەبۆتە کافر و موڕتەد بە فیعلی بەد | گەر قەتڵ، ئەگەر زینایە، ئەگەر زوڵم، ئەگەر دزین |
ئەمما بە دڵ بکا نیەتی کوفر و عەزمی شیرک، | کافر دەبێ هەر ئەو نەفەسە و دەردەچێ لە دین |
گەر لەفزی کوفری بێ بە زوبانا لە پڕ بە تەوع | کافر بووە ئەگەرچی هەموو حەقییە دڵنشین |
سەرخۆش ئەگەر قسە و هەزەیاناتی کوفری کرد | کافر دەبێ بە مەزهەبی ئێمە کە شافعین |
ئەمما بە مەزهەبی حەنەفی کەین ئەگەر ڕجووع | تەکفیری ناکرێت و بە موڕتەددی ناگرین |
مەعدووم ئەوا دیارە نە شەیئە و نە مەرئییە | مەبیە قسەی ئەوانە کە هەم کێشی فەلسەفین |
غەیری یەکن موکەووەن و تەکوین الی الاُبد | مومکین نییە سەبەب بە موسەببەب بڵێ یەکین |
ڕزقە وەکوو حەلاڵەکە، شوبهە و حەرامی سیرف | بەحسێ کەیە کە زەهرە ئەم، ئاخر، ئەو ئەنگەبین |
لەم نۆش و نێشە حینی سوئال و جوابی قەبر | وەقتی حیساب و وەزنی عەمەل با خەبەر دەبین |
مردوو کە گەیییە قەبر و مەقەڕڕی، سوئالێ لێ... | دەکرێ لە ڕەب و بەڵکی لە پێغەمبەر و لە دین |
هەر کەس جوابی دا بە جوابێکی با سەواب، | خێراتنی دەکەن لە تەرەف « خیر مُنزلین» |
گەر وا نەبوو جوابی، خودایا بە تۆ پەناهـ | زنجیر و تەوق و ڕەوق و عەزابی بووە قەرین |
تا یوم یُبعثُ کە بەپاکردنە لە قەبر | بۆ بردنە حزووری شەهەنشاهی ڕۆژی دین |
دیوانی گیروداری حیسابی عوموومییە | حەیوان و جن و ئینس و مەلەک، تا موقەڕڕەبین |
چەپ ڕەو کوتوب بە دەستی چەپ، ئەمما و ڕاء ظهر | بۆ ڕاستانی کارە، لە کارایە ڕاستین |
وەزنی عەمەل، چ زەڕڕە، چ کۆهـ و چ بەد، چ نێک | بێ شوبهەیە هەموو بە ترازوو دەکێشرێن |
من خفّت لە هاوییە دەخوا بە مەن خەفەت | عەیش و نیشاتی من ثقلت وەسڵی حووری عین |
حەتمەن دەبێ گوزەر بە سیراتا بکەن هەموو | چاک و خراپ و موئمین و کافر، کیهـ و میهین |
پردێکە ڕاکشاوە بە سەر بانی دۆزەخا | باریک و تیژە وەک دەمی تێغێکی ئاهینین |
هەر کەس کە خوارە، وەیلییە، زوو کەوتە خوارەوە | طُوبی لە بۆ ئەوانە کە ئازانە تێپەڕین! |
ڕێی سی هەزار ساڵە، وە یا پازدەهـ هەزار | موحتاجی عەونە ئوممەتی بێچارە، یا موعین! |
لەو ڕۆژەدا شەفاعەتی چاکانە جێی ئومێد | بۆ عاسیان و ئەهلی کەبائیر لە موئمینین |
بێ شوبهە ئەنبیا، عولەما، ئەولیا، شەهید | مەقبوولە بۆ شەفاعە پەنایان ئەبەر بەرین |
تەئسیری قەتعییە بە دوعا باوەڕت ببێ | اُدعُوني استجب وەکوو گەوهەر لە گوێ گرین |
خالیق وتوویە حادیسە عالەم، قسەی هەیوولیی | توڕڕەهاتە، گوێ لە پڕوپووچی ناگرین |
جەننەت، جەهەننەم ئێستەکە هەن، زۆریان بە سەر | دا ڕۆییوە شهوور و دهوور، ئەزمینە و سینین |
ئەم دۆزەخ و بەهەشتە دەمێنن الى الاُبد | هەم تێشیا دەمێننەوە ئەهلی ئان و ئین |
ئیمانی بوو، نەجاتی دەبێ، هەر ببێ، لە نار | قوربانی لوتف و مەرحەمەتی خیر راحمین |
هەرچی وتوومە حەققە، هەموو ممجعُ علیه | مەنسووسی ئایە، یا خەبەری سادیقی ئەمین |
*** | |
تەسدیق و باوەڕت بە دڵ ئەوجا بە مانە بوون | ئیمانە، هەر بە وە دەگەیێ ئەوجی یؤمنون |
ئیقراری دەم خیلافە تیا، شەرتە وەک عەمەل | یا شەترە؟ موتتەفیق کە لە سەر شەرتن ئەکسەروون |
ئیسلامت ئینقیادە بە ما جاء به النّبي | ئەعمالی سالیحە کە ئەساسی سیان و دوون |
قودرەت ببێ تەلەففوزە ئەووەڵ بە اشهدین | نوێژ و زەکات و ڕۆزە، لە بۆ حەج بە کەعبە چوون |
ئیمان ئەگەر زیادەت و نوقسانی بۆ ببێ | وەک ئەکسەری ئەشاعیرە قائیل بوون بە بوون |
نەقسی بە نەقسی تاعەتە، زیادی بە دوو شتە: | یا تاعە، یا تەجەللییەکی بێ چلۆن و چوون |
بەعزێ دەڵێ زیادەت و بەس، نەقسی بۆ نییە | بەعزێکی کە موسیڕڕە لە سەر هەر دوو لا نەبوون |
بشزانە هیچ و بێ عەمەلە وەک هەبا عەمەل | بێ نیەتێکی خالیس و ئیخلاسی ئەندەروون |
ببیەن بە إنّما وە الاخلاص بالنّيّات | هەم نەسسی مخلصین لهُ الدّین یا ئەخوون! |
ئیخلاس ئەگەر ببێ فبها، گەر نەبێ، دەبێ | کەسبی بکەی بە تەزکیەی ئەخلاق و نەفسی دوون |
وا بەستەیە بە سوحبەتی کامیلترێ لە خۆت | زیکری دەوام و تابعی سوننەی سەنییە بوون |
هەر ئەم خیسالەیە کە سەحابەی کیرامی پێ... | فائیز بە مەرتەبەی ڕضي اللهُ و رضُوان |
هەر بەم تەریقە پێ گەییون، گەییونە خودا | ئەو زاتە عاریفانە کە دانا و تێ گەیوون |
ڕوو کەینە ئەم تەریقە، بە ئازانە، مەش برا | تاکە ئەسیری مەغڵەتەی ئەفسانە و فسوون! |
ڕێگەی سەعادەتی ئەبەدی تۆ لەسەر منە | بیدەم نیشان و دام و لەسەر تۆ بەرێوەچوون |
ئەم نەختە نەزمە نوسخەیی ئیکسیری ئەعزەمە | حیفزی بکە، دڵی بدەرێ، بیکە ئەزدەهوون |
بیکەیتە بەر، دەکەیتە بەر ئیستەبرەقی بەهەشت | مەحزووز ئەبی بە حیفزی لە هەولی عەزابی هوون |
یا ڕەببی ئەو کەسانە کە ئەمڕۆ لە عیشقی میم | لەم بەحری نوونەدا وەکوو من غەرقە دەبن و بوون |
غەرقی موحیتی ڕەحمەتی عوزماتیان بکەی | ئێمەش لەگەڵ ئەوانە سبەی یوم یُحشرُون |
مەحوی! خیتامی بێنە بەیاناتەکەت بە میسک | حەمدی بیلا خیتام و سەلاتی لە حەد فزوون |
*** | |
شوکری خودا کە لوتفی خودا بوو بە ڕەهنموون | ئەم گەوهەرانە مونتەزەمی نەزمی ڕشتە بوون |
هەر گەوهەرێکی مەهری کوروورێکی حووری عین | هەر گەوهەرێکی سەد سەمەنی جەننەت و عویوون |
نەزمێکی جانفەزا و سەفابەخشی دین و دڵ | نەزمێکی تەرزی ئاوی حەیاتە ڕەوان و ڕوون |
لەم ئاوە هەر بخۆنەوە تا خوشک لەب نەبن | ڕۆژێ بووە زوبانەکەشی العطش دەروون |
لەم عەینی نەزمە هەڵدەقوڵێ سەلسەبیلی دین | وەک ئاگری حەسەد لە دەروونی حەسوودی دوون |
مەنزوومەیێکی موختەسەر و پڕ لە فائیدە | زوبدەی گەلێ شرووح و خولاسەی گەلێ موتوون |
نوریّهیە بە مەعنی و نونيّهیە بە لەفز | خەتمی بە دڵ بە نوورە، ئەگەرچی بە دەم بە نوون |
بیکە بە دڵ بە ویردی هەموو دەم، کە هەر بەمە | قووەی دڵ ئەو دەمە کە زووبانت دەبێ زەبوون |
وەک سوندوسی لەبەرکە، وەکوو ڕۆحی بگرە دڵ | پیرایشی زهوورە، هەم ئارایشی بوتوون |
هەر کەس بە جان و دڵ لەبەری بێ، لە بەریەتی | ڕۆحێکی وا کە غەیبی نەکا ڕەیبی سەد مەنوون |
بەو ڕۆحەوەم، خودا، ببەیە بەر حوزووری خۆت | هەم خۆم و هەم ئەوانە کە خۆن و کە نێک خوون! |
باقی لە فەزڵی خۆتەوە سەر ڕۆحی ئەحمەدی | نازڵ بکەی سەلات و سەلامی لە حەد فزوون! |
ستایشی خودا
editسوبحان ئەو خودایە کە ئەقڵی پەیەمبەران | دەرکی نیانە غەیری بە بەردەرکیا گەڕان |
سوبحان ئەو خودایە کە داناتری زەمان | دێوانەیە و لە مەعریفەتی کونهیا نەزان |
سوبحان ئەو خودایە کە کەڕڕووبییانی عەرش | وەک ناسی قوڕ بەسەر بە نەناسینی موبتەلان |
زەڕڕێکی چون ئیحاتە چییە نیسبەتی لەگەڵ | ڕۆژێکی بێ نیهایەت و بێچوون و بێ چونان |
تا بۆ قسێکی دەرخۆری تەنزیهی دەم دەبەم | هەر بەو دەم ئەو دەمە دەبمە لێوی خۆ گەزان |
زاتم نییە توخن بە سیفاتی کەوم بە عەقڵ | ڕۆحم چووە تەسەویری زات ئەر بکەم بە جان |
دڵ بوو بە دوودی مەحز و جگەر بوو بە عەینی ئاو | ئاهم نییە دەوانە، سروشکم نییە ڕەوان |
تا هەبووە، تا دەبێ موتەنەففیس لە سینەیەک | بێ ئیزنی ئەو نەسیمی نەفەس کەی دەبێ وەزان |
مسقاڵە زەڕڕە چۆنە لە بەر دەستی قودرەتی | هەر وا بزانە وایە کورەی موڵکی کُن فکان |
عیلمی بە حەببەیێ کە بە سەد قەڕنی کە دەبێ | وەک عیلمییە بە قوببەیی ئەمسی زیافشان |
ئەو زەڕڕەیە کە ئەووەڵی زەڕاتی عالەمە | بۆ عیلمی چۆنە، زەڕەیی ئاخریەتی چونان |
هەرچی ببینرێت و بڵێن و ببیسترێ | ما هو خودا، خودا بە خودا برتر است از آن |
تەقریری چی بدەم کە زوبانن بە کول زەبوون! | تەحریری چی بکەم، خەت و مەت یەک قەڵەم خەتان |
شەممێکی بادی سوبحدەمی لوتفییە بەهار | زەڕڕێکی گەرد و بادی شەوی قەهرییە خەزان |
دووری لەو، ئاگرێکە بە جەننەت دەکا جەحیم | ڕەوحێ لە قوربیایە بە دۆزەخ دەکا جینان |
دووری ئەگەر بەڵایە، نزیکیشە ئیبتیلا | دوورن لە حەسرەتان و نزیکن لە حیرەتان |
هەر کەس بە بارەگاهی جەلال ئاشناترە | زیاتر قسەی لە وەحشەت و دەهشەت دەدا نیشان |
گوێ کەڕ دەبێ لە غولغولی سبحان ما عرفـ | ـناكەی عەنادیلی چەمەنستانی ئاسمان |
ئەحمەد کە ئەکمەلی بەشەرە لەم مەقامەدا | ڕوتبەی کەمالی عیجزی لە لا اُحصىیە عەیان |
پەس من کە کەمترینی دوا ئوممەتی ئەوم، | چیم و چ قوڕ بکەم بە سەرا، چی بکەم بەیان |
مەحوی! ئەدەب خەمۆشی و مەحوییەتە لەگەڵ | نەسرەوتنێکی، یەعنی بە دەم دەردەوە گلان |
گریەی بە کوڵ، بە دڵ لە خەرافاتی خۆ خەجڵ | ناڵەی دڵی شەوان و هەناسەی سەحەرگەهان |
هەر ئەو هەناسەیە کە بدا فێنکی بە دڵ | بەو تاقە ناڵەیە کە بگا گەرمیێ بە گیان |
پاڕانەوە لە خودا
editخودایا! ئیرادەی موناجاتمە | نیازی دو سێ عەرزی حاجاتمە |
بە دەرباری هەر فەزڵتە ئیلتیجام | بە ڕەحمەت نیشانم دە ڕێگەی نەجام |
بە والذارياتی هەناسان و ئاهـ | کە بەر با دەدەن کێوەکانی گوناهـ |
بە والطوری قەلبی تەجەللا قەرین | بە والنّجمی پڕ ورشەورشی جەبین |
بە دو والسّما یەعنی دو مەرتەبەت | یەکێ مەرتەبەی عیشق و یەک مەعریفەت |
بە والفجری ڕۆناکی بن چینی زوڵف | کە فەجرێکی سادیق، بەبێ کیزب و خولف |
بە والشّمسی پڕ نووری ڕوخساری یار | بە واللّیلی خاڵ و خەتی موشکبار |
بە والتّینی عوششاقی دڵ پڕ لە خوون | کە بێ تینن و زەرد و زار و زەبوون |
بە والعادیات ئەسپی هیممەت دەوان | بە ڕێی عیشقدا تا سەحەر شەب ڕەوان |
بە والعصری ئەو عەسرە فەڕڕوخ زەمەن | کە ناوی بە عەسری سەعادەت دەبەن |
بەحری نوور
editو صلى الله على ئەو بەحری نووری عیلم و عیرفانە | کە دەرکی غەوری ناکا غیُر علم الله سبحانه |
و صلى الله على ئەو زاتی پاکی قودسی ئایاتە | کە ئەخلاقی پەسەندیدەی جەنابی حەیی مەننانە |
و صلى الله على ئەو حەزرەتەی ساحێب کەماڵاتە | کە ئەعلا موعجیزەیی، قوربانی بم من، نووری قورئانە |
لە تاریکی شەوی کوفرا بە یەک دەم لەمعەیێکی دا | هەزار و سێسەد و بیست دووە، دنیا چراخانە |
چرایەک نووری بێچوونی مومیددی بێ، دەبێ وا بێ | چرایەک دەستی قودرەت خۆشی کا، بۆ تا ئەبەد مانە |
تعالى الله بە دو دەهـ بوو کە هەر دوو عالەمی داگرت | بنازم بەم کەماڵی عەزم و حەزم و شەوکەت و شانە |
لەگەڵ ئەم ئیحتیشامە زوهدی دنیایی تەماشا کە | کە یەک لەت نانی جۆ بوو قووتی، یا خورما دوو سێ دانە |
فەلەک جاهێ سەری خەرمانی تا عەرش، ئەڵبەتە نابێ | تەنەززول کا علوووی هیممەتی بۆ دەنکە زیزانە |
موهیممێ غەیری زاتی حەی لە هیممەتیا نییە، ئیللا | لە بەر ئەم ئوممەتە بێ هیممەتە دایم بە ئەحزانە |
چ مەدحێکت بکەم لایق بە تۆ یا خیر خلق الله | منی بێ خێری نالائیق کە جیبریلت سەناخوانە |
بەیانی گەورەیی خولقی کەسێ ئایەت لە شەئنی بێ | نە مەقدووری من و تۆیە، نە ئیشی قِس و سَحبانە |
لە ئادەم تا مەسیحا، ئەنبیا یەک یەک بە قەومی خۆی | خەبەر داوە: لە پاش ئێمە کە دێ، ئەو فەخری ئەکوانە |
نوعووتی خۆی و نەعتی ئال و سەحبی وەک گوهەر دەرجە | لە دورجا، یەعنی کوتوبی مونزەلەی ئەو ئەنبیایانە |
چەها ڕوهبان و کاهین، هاتیفی غەیبی بە یەکتریان... | دەدا موژدە کە جەننەت دێتە دنیا بەم نزیکانە |
کە تەشریفی قدوومی هاتە دنیا، بارشێکی فەیز | لە هەوری مەرحەمەت باری، کە ئاساری نومایانە |
ڕشێنەی ئاگری بەردایە عومری ئاگری زەردەشت | بە بەرقی بوو کە شەق بوو تاقی کیسڕا بوو بە وێرانە |
دڵی سووتا بە زەردەشت و بە کەسری کیسڕەوی گریا | ئەوەندە بەحری ساوا نم لە چاویدا بووە تانە |
ئەتۆش ئەی نەفسی بەد تینە، بەبێ جێ دڵ مەسووتێنە | لە بەر کسر و کەمی دنیا، بەسە ئەم شین و گریانە |
هەموو کارت بە حیلە خزمەتی فیکری عەزازیلە | عەزا وەک پیرەژن مەگرە، دیارە کاری مەردانە |
بە زیکر و فیکری شیمەی موستەفا وەقتت موسەففا کە | کە باسی ئەو سەفابەخشە، تەرەب خێرە، دوڕئەفشانە |
محەممەد ئیبنی عەبدوڵڵای عەبدولموتەللیب، هاشم | سەفاوەی ولدی ئیسماعیل و سەفوەی ولدی عەدنانە |
ئەوە هادی سوبول، تەنیا ئەوە مەبعووسە بۆ سەر کول | بەوە خەتمی ڕوسول، خاتەم ئەوە، تاجی ڕەسوولانە |
شەفیعی ڕۆژی ڕەستاخێزە، بۆ هەمووانە دەستاوێز | ئەوە ئەو ڕۆژە وەک خۆ، ما بقى صُما و عُمیانه |
لە زیکری ئەو دەجۆشێ ڕەئفەت و ڕەحمەت دەبارێ هەم | ڕءُوفُ هەم ڕحیمُ وەسفی ئەو وەک وەسفی ڕەحمانە |
خودا لەو زیکر و فیکرەم قەت نەکا غافڵ زوبان و دڵ | هەتا غونچە دڵ و سۆسەن زوبانی باغ و بوستانە |
لەگەڵ مەحزی خەیاڵی، دڵ بە جارێ بۆتە کێوی توور | لە کن وەسفی جەماڵی، لێوی واسیف گوڵ بە دامانە |
جەلال و شەوکەتی، ئەستۆ شکێنی سەرکەشانی عەسر | جەمال و تەلعەتی، جەوهەرگودازی زوڵمەتستانە |
تەماشا کردنێکی، ڕۆح بەخشی عالەمی مردوو | نیگاهێکی بە توندی، ڕەستخێزی عالەمی جانە |
لە ڕۆژی حەرب و زەربا، ڕوعب و سامی ڕۆح ئەکا سەرسام | ئەگەر شێری ژیانی ڕوو بە ڕوو بێ، چاری نەژیانە |
کە وەقتێ ئال و یارانی لە خدمەتیا دەبن وەک ڕۆح | حەیاتە، نووری چاوە، ئونسی جانە، مەحزی ئیحسانە |
گەهی دانیشتنی، کێوێکی تەمکینت لە بەر چاوە | لە وەقتی ڕۆیینیدا، هەر دەڵێی سەروە خەرامانە |
لە ڕوخساری لەتیفی گوڵ، لە جەعدی عەنبەرینی دڵ | دەجۆشێت و دەبارێ، ئەو گولستان، ئەم دلستانە |
لەبی ڕۆحی ڕەوان و نێوچەوانی ڕۆژی لێ دەتکێ | زوبانی تا شەکەرڕێزە، دەهانی گەوهەر ئەفشانە |
مەلاحەت مەحوی دیداری، حەلاوەت وەقفی گوفتاری | تەراوەت نەزری گوڵزاری، کە ڕەشکی باغی ڕیزوانە |
وەکوو یاقووت و بەردی تر، جەنابی ئەحمەدی موڕسەل | کە تێفکری لە ئینسانە، بەڵێ، ما نەک وەک ئینسانە |
وجوودی ئەو لەگەڵ باقی وجوودان ئەر نییە فەرقی | بە قەد ڕۆح و جەسەد، بێ سێبەری خاریج لە ئیمکانە |
مەگەر ئەو سێبەرانەی خەزنە مەندە کردووە بۆ حەشر | چ دڵسۆزە کە لەو گەرمایەشا سایەی لە سەرمانە |
لەگەڵ بێ سایەیی، سایەی خەیاڵی کەوتە سەر هەر کەس | چ کەسدار و چ بێکەس، سەییدە، سەردارە، سوڵتانە |
ئەوی ساتێ لە بەر پێیا سەری تەسلیمی دانابێ | ئەبەد مالیک ڕیقابی گەردنی تەسلیمی شاهانە |
غول و بەندە و غوڵام و خادیم و دەربانی بەر دەرگای: | نەجاشی و توببەع و هیرقەل، عەزیزی میسر و خاقانە |
کەسێ جێ هەڵتروشکانێکی لەو بەر قاپیە دەس کەوت | بە عاری دێ بڵێن ئەم جێگە وەک تەختی سولەیمانە |
خودا پێداوەکانی فایزی ئیکسیری سوحبەت بوون | چ من، چی تۆ، مەلائیک، ئەنبیا خۆزگەی بە خۆیانە |
عولووی مەرتەبەی گەر شەممەیێکت تێ گەیێنم من | دەترسم بەردەبارانم بکەن ئەم تێ نەگەیوانە |
نەزەر دەرکی عولووی هیممەتی ناکا یەقین ئەمما | لەگەڵ باقی ڕوسول دا تێبگەی، بۆ فەرقی بڕوانە |
شەفاعەی نووحە بۆ کەنعان و ئیبراهیمە بۆ ئازەر | ڕسول الله شافیع بێ چ بۆ خزم و چ بێگانە |
بە قوربانی ڕجایەک بم کە ڕاجی بێ موحابا بێ | ڕجا قوربانی یەئسە، بێتە سەر خۆمانە خۆمانە |
کەلیم أرني کە فەرموو هەر جوابی لن ترانيی دی | موشەڕڕەف بوو موحەممەد بێ تەڵەب بەو مەرتەبە و شانە |
عورووجی عیسەوی تا ئاسمان و شەمسی عالەم بوو | عورووجی ئەحمەدی تا لامکان و شەمسی جانانە |
لە زەرفی یەک نەفەسدا شەو هەزار ئەندەر هەزاران ساڵ | زیاتر بەڵکی ڕێ تەی کات و ڕیجعەت کا هەر ئەو ئانە |
چ ڕێیەک؟ بەو هەموو شاباڵەوە جیبریلی ذی قُوة | بە جێ مابوو لە ڕێ، دەیوت: خزم مەیدانی سووتانە |
کە گەییە زاتی باری، نووری بێچوونی لە سەر باری | کە هەڵگیرسا، بە دەوری شەمعی خۆیا بوو بە پەروانە |
قبوولی لێ کرا هەرچی ڕجا بوو، پێی درا هەرچی | عەتا بوو، هاتە جێ هەرچی سزایی ئیکرامی میهمانە |
لەگەڵ هەر خەتوەیەک تەهسیلی عیلمێکی لدُنّی کرد | لە هی ئەو سەر دەپرسی ڕۆحی حیکمەت نووری عیرفانە |
بە مافیهایەوە هەرچی هەیە عیلمی کورەی نۆ چەرخ | بە قەترێکی بزانە، دیدەکەم، لەو بەحری عەممانە |
لە بەر نوقسانی تەشبیهم پەشیمانیشم و دەشڵێم | کە ڕۆیی بەدری کامیل، هاتەوە خورشیدی پەخشانە |
بە ئاوابوونی نووری ون دەبێ خورشید و ئەم شەمسە | لە ئاوابوونیا نوور و ئیزاعەی سەد دوو چەندانە |
ئەوەندەی لێ دەزانم بەم نەزانی خۆمەوە مەحوی | بە چاوی سەر خودابینە، بە چاوی دڵ خودازانە |
چ چاوێ؟ کوحلی ما زاغ البصر سورمەی سەوادی بێ | مونەووەر بێ بە نووری ڕوئیەتی بێ چوون و چەندانە |
چ دڵ، قەترێکە، ئەمما عەرشی ڕەحمانی تیا دەرجە | چ دڵ، نوقتێکە، ئەمما مەرکەزی پەڕگاری ئیمکانە |
فەقەت چاوی حەسوود و قەلبی مونکیر کوێر و بێ دەرکە | لەم ئیدراکاتە، بەهرەی هەر عەزابی یەئس و حیرمانە |
دەبێ چاو و دڵێکی پاک و بێ غەش میسلی ئاوێنە | ببێ ئەو سوورەت و مەعنایە بنوێنێ كما كانَ |
خودا ئەم ئاینەی لائیق بە بو بەکر و عومەر دیوە | کە ئەووەڵ سانی و سانی شەرەفیابە بە لَو کانَ |
لە بەعدی ئەو دووە عوسمانی ذی النورینە ذوالانوار | عەلی شاهی ویلایەت، بابی عیلم و شێری یەزدانە |
بەسەریانا، بەسەر باقی سەحابە و ئال و یارانا | ببارێنێ خودا هەر ئان و وەقت و ساعە رضوانَه |
بە نووری عەکسی پێغەمبەر ئەوەندە مونعەکیس بووبوون | غەریبی تازە هاتوو دەیوت: ئەم پێغەمبەرستانە |
خودا هەر موعجیزەی لائیق بە هەر پێغەمبەرێ دیوە | هەموو ئەو موعجیزاتەی داوە بەم سەرداری هەمووانە |
یەدی بەیزا چیە، هەر تاقە ئەنگوشتێکی چەند ئیعجا | ـزی لێ زاهیر بووە، هەر یەک وەکوو ماهێ کە تابانە |
ئیشارەی یەک سەر ئەنگوشتی مەهی لەو دوورەوە شەق کرد | هەر ئەو ئەنگوشتە بوو دەتوت فوارەی ئاوی حەیوانە |
سەری کرد ئاو ئەوەندە لەشکرێکی سێسەدی دا ئاو | لەگەڵ ئاوی وزوو، بە خوا ئەو ئاوە ئابڕوومانە |
هەر ئەو ئاوە بووە تۆفانی داغستانی کوفر و شیرک | هەر ئەو ئاوە تەراوەت بەخشی باغستانی ئیمانە |
شەوی هیجرەت کە ئەعدا زۆری هێنا، مشتەخاکێ بوو | پیا چەندن، دەبەنگ و کوێر و کەڕ مان ئەو لەعینانە |
لە ناو ئەو گورگ و ورچ و سەگ گەلە دەرچوو باذن الله | بە یاری غارەوە، یاری لە باری، ڕێ لە بەریانە |
وەکوو خورشید و مەهـ پێی سەیریان لێ هەڵبڕی تا غار | لە غارا سەیری کرد ئەعدا کە وەک سێبەر لەدوویانە |
بە یەک دوو عەنکەبووت و کۆتری بێ فام و بەستەزمان | شعوور و فەهمی گۆڕی لەو سەگ و ئیبلیس و دێوانە |
بەهەشتی داخڵی یەسریب دەبێ، تووبا لە بۆ ئەنسار | بە کوففارانی مەککە تا ئەبەد یا وَیلنامانە |
ئەگەر ئەم هیجرەتە نەبوایە، دین ئەم شەوکەتەی کەی بوو | کە هەر کەس تێ بگا بەم دینە نەسخی جوملە ئەدیانە |
بە هیجرەت، غیرەتی دینی موهاجیر، خدمەتی ئەنسار | لە قووە هاتە فیعل و بوو لە عالەمدا بە دەستانە |
لە فەیزی هیجرەتە ئەسحابی بەدر ئەم شەو هیلالی بوون | سبەی هەر یەک بووە بەدرێکی کامیل ئەو هیلالانە |
چ هیجرەت؟ شەهدی وەسڵ، ئارامی جانە بۆ هەواخواهان | چ هیجرەت؟ بۆ عەدوو تەعزیبی ڕۆح و زەهری هیجرانە |
هەواخواهی علیه الرحمه و الرضوانیان بۆ ما | ئەعادیشی علیه اللعنه بەشیان و بەسیانە |
کەسێ ئایەی عفا الله عنك مەحزی دڵنەوایی بێ | معاذ الله دڵی ئەو ڕەنجە کردن عەینی خوسرانە |
کەسێ بێنێتە نوتق ئاسک، بەعیر و سووسەمار و گورگ | بە تەسدیقی موقیڕ بن یەک بە یەک ئەم بێ زوبانانە |
بە ئەمری یا ئیشارەی بەس درەختی ڕیشە دابەستوو | لە ڕەگ دەربێت و بێتە خدمەتی ڕەقسانە ڕەقسانە |
بە تەکزیبی کەسی وا، ناکەسێ جورئەت بکا لا شک... | سەگی هارە، بەرازە، مولحیدە، بووجەهلە، شەیتانە |
سەبیر اهبط ئیفادەی بوو، حیرا ایت الیی عەرز | نە وەک ئەو وەحشییانە پڕ دەنە ئەو ڕۆحی ئینسانە |
لە دەستی دا کە بەردە وردە دەستی کردە تەسبیحات | چووە سێ دەستی کەو هەر جۆشی بوو سُبحانَ سُبحانَ |
لە ڕۆژی ئەربەعادا بوو کە ساتێ حەپسی ڕۆژی کرد | لە سەهبادا تلووعی پێ دەکا دووبارە لەو شانە |
چتیرێ بوو و مەنێ جۆ ڕۆژی خەندەق قووتی دەهـ سەد کەس | بە تەکمیلی، بە ڕووخۆشی، عەتا فەرموو کەریمانە |
لە هەر ڕێیەک دەڕۆیی، بۆ سەلام و سوجدە بەر بردن | چ جۆشێ بوو دەکەوتە دار و بەردی ئەو مەکانانە! |
بە هەوری تێ مەگەن، ئیللا مەلائیک شەهپەڕی خۆیان | هەموو دەم یەک دەدا بۆ سایەبانی ئەو سولەیمانە |
دوعا فەرموونی بۆ عاهات و دەردی بێ دەوا سەیرە | لە دڵیایە کە ئاساری ئیجابەی مەرهەمی جانە |
چیە ئیبرا، وەرە سەر موعجیزەی ئیحیا بە حەددێکە | لە ئەنفاسی نفختُ فیه من ڕوحي نومایانە |
ئەوەندە چاوی پڕ بێ نووری پڕ نوور و مونەووەر کرد | کە نەرگس چاوەچاوی نووریە لەو نووری چاوانە |
خەبەردانی لە موستەقبەل قسەی چی لێ بکەم تا حەشر | هەموو بەر تیبقی فەرموودەی ئەوە ئەم واقیعاتانە |
بەیانی شەش حەو ئیعجازی لە جوملەیی سەد هەزار ئیعجاز | ئەوی دەیکا پەشیمانە، ئەوی نەیکا پەشیمانە |
ئەگەر بێ موعجیزاتی سەد یەکێکی بێنمە تەحریر | دەبێ هەر تاقە بەیتێکم ببێتە سەد کوتوبخانە |
چ قابیل من بە سەد بەیتێکی کوردی، سەد هەزار ئەسرار | بدەم شەرح و بەیانی کەم لەگەڵ ئەم عەقڵی نوقسانە! |
کە هەر سیڕڕێکی عەقڵی کول تیا کول مایەوە بیلكول | کە هەر سیڕڕێکی سەد عاریف تیا مەدهۆش و حەیرانە |
فەقەت نابێ کە دەرکی کول نەبوو یەکبارە تەرکی کول | بە باغێکە لە کن بولبول گوڵێ لەو باغ و بوستانە |
لە هَمزیّه و لە بُردەم چونکە کەم دی ئیستیفادەی کورد | منیش ئەم کوردییەم دانا لە ڕیزی ئەو قەسیدانە |
زوبانی عیشقبازی خۆشە گەر کوردی وەگەر تازی | قسەی بێ سۆزی عیشق هەر گەوهەرە، مەحبووبی بێ ئانە |
ئەلا ئەی فەخری عالەم رحمة للعالمینی تۆ | لە دەرحەق ناکەس و کەس ڕەحم و لوتفی ئێوە یەکسانە |
بدە ئیزن، ئەم قەسیدەی کوردییەش بێتە مەقامی عەرز | ئەگەرچی وەک شعوورم شیعرەکانیشم پەرێشانە |
موکەڕڕەڕ بوو قەسیدەی بوردە نەشئەی عالەمی پڕ کرد | بفەرموو بەم قەسیدەی کوردە نۆبەی نەشئە پێوانە |
ئەگەر بوردە، ئەگەر کوردە، ئەگەر سافە، ئەگەر دوردە | قبوولی تۆ کە بوو لەبڕێزی نەشئەی ڕەوح و ڕەیحانە |
قبووڵی تۆ نەبوو، سەد با عەرەب بێ، هەر ئەبووجەهلە | قبووڵی تۆ ئەگەر بوو، فورسی دوو سەد ساڵە سەلمانە |
منم وەک ئەو زەعیفە، ئەم قەسیدە، ئەو گلە دەزوە | ئەمن کڕیاری ماهی لامکان، ئەو ماهی کەنعانە |
منم مووری زەعیف و ئەم قەسیدە لاقە کوللەی من | فەقەت من هەدیەکەم خدمەت سولەیمانی سولەیمانە |
بە چاوی مەرحەمەت بڕوانە هەدیە و ساحێبی هەدیە | بە زۆری ڕابوێرە ئەم کەمە لەم کەمترینانە |
قبووڵی کەم لە کەم کردن، وەها وا تێ بگا زۆرە | بە تۆ زۆری بزانم، کەمتری شیمەی کەریمانە |
ئەدەب وایە کە لەم گوستاخیانەش تۆبە کەی مەحوی | خەیاڵی خاوە عەنقا ناکەوێتە داوی ئەفسانە |
دەبێ هەر موو زووبانێ، هەر زووبانێ داستانێ بێ | بکەم نەختێ بەیانی ناکەسی خۆ بەو زوبانانە |
ئەوەندەی زاتی ئێوە مەخزەنی فەزڵ و کەماڵاتە | لە مندا بەو حەدە نەقس و ڕەزایل دەرج و پەنهانە |
دەخیلی ئەو سەگی بەر قاپییەم جارێ بە یەکجاری | سەرئەفرازم بکە، فەرموو: سەگی بەر دەرکی خۆمانە |
وەکوو جامی دەڵێ، ئەم وشک هەڵاتوو من سەگێکی گەڕ | جگەر تینووم و دەخوازم نمێ لەو بەحری ئیحسانە |
بە یەک دوو قەترە تێر ئاوی حەیاتی کە وەکوو قیتمیر | لە کەهفی خۆتیا ڕێ دە، سەگی ئەسحابی خۆتانە |
دەکەم عەرزی نیاز، ئەرچی لە تۆ نایابە مەخفی ڕاز | بە جان و دڵ، دڵ و جانم خودا خواهانە، خواهانە |
لە تۆ حوببی خودا بۆ خۆم و بۆ ئەولاد و ئەحبابم | کە حوببی ماسیوا دەرکا لە دڵ وەک بت لە بتخانە |
خودایا هەم لە تۆ حوببی ڕەسوول و ئیتتیباعی ئەو | کە ئیکسیری مسی ماهییەتی مەغشووشی ئینسانە |
ببارێ، یا ڕەبی هەر لەحزە سەد لەک بارشی ڕەحمەت | لە سەر ئەو، هەم لە سەر ئەو جەمعی ئال و سەحب و یارانە |
هەتا ئاگر گڕێنی شۆڕشی تەبع و خرۆشی دڵ | کزە و سۆزەی نەسیمی سوبح و ئێوارەی بەهارانە |
سەبا، تا لێوی غونچەی گوڵ دەکا تەعلیمی شەککەرخەند | نەسیمی سوبحدەم تا پەرچەمی سونبول دەکا شانە |
هەتا هەوری بەهاری غازەکاری گوڵشەنە ئیشی | هەتا بولبول لە سەر گوڵ نەغمەخوان و ناڵە سەنجانە |
بڵێن ئینس و مەلەک پڕ بەم زەمین و ئاسمانانە: | # |
و صلی الله علی ئەو بەحری نووری عیلم و عیرفانە کە دەرکی غەوری ناکا غیرُ علم الله سبحانه |
ستایشی مەولانا خالیدی نەقشبەندی
editدڵم ئەمشەو نەخۆشی نیسبەتی چاوێکی بیمارە | جگەر غەڵتانی خوێنی حەسرەتی لێوێکی خوونخوارە |
سەرم شێواوی شێوەی فیتنە هەڵگیرسێنی شۆخێکە | حەواسم تەفرەقەی عیشوەی دڵ ئاشووبێکی عەییارە |
خەیاڵی زوڵفی دەرناچێ لە دڵ تا دەرنەچێ ڕۆحم | سپێراوە خەزێنەی بەختی ئێمە بەو سیا مارە |
لە شینی فیرقەتی ئەودا ئەوەندە ئەشکی سوورم ڕیت | بە دەوری جێگەما تا بڕ دەکاتن دیدە، گوڵزارە |
لە بۆ سەیرانی باغ و سەبزە تەکلیفم مەکەن یاران | کە سەبزە و گوڵ لە چاوم دا بەبێ ئەو هەر خەس و خارە |
نەمامی قامەتی پەروەردەی ئاوی دیدەکەی من بوو | کەچی گوڵچینی باغی وەسڵی ئەو ئێستاکە ئەغیارە |
بە دەردی خۆمەوە گەر گۆشەیەک دەگرم بە بێ دەنگی | بە لاما دێ بە خەشم و ڕق دەڵێ: خۆ نەقشی دیوارە |
کە دێم ئیزهاری شۆر و شینی دڵ کەم، بەڵکی ڕەحمێ کا | بە خەندە دێ دەڵێ: خۆڵی بە سەردا بێژن ئەم هارە |
وتم با بەس وجوودی بێ وجوودم باری خاتر بێ | لەگەڵ دڵ گۆشەیێکم گرت، ئەوم بەردا بە یەکبارە |
لە کونجی بێکەسیدا موددەیێکم بردە سەر، ئاخر | شەوێ دڵ کەوتە بەحسی بێ وەفایی ئەو ستەمکارە |
وتم: ئەی دڵ لە دولبەر شەکوەکردن حەیفە، دڵ دەیوت: | ئەمە بۆ دولبەرێکی دڵنەوازە، ئەو دڵ ئازارە |
وتم: خۆشە بە ئوممێدی وەفا جەور و جەفا، دەیوت: | بە سەر چوو عومرم و نەمدی وەفایەک لەو جەفاکارە |
وتم: پەنهانییە دەرحەق بە عاشق لوتفی مەعشووقان | وتی: ئەو زاهیر و باتین لە زومرەی ئێمە بێزارە |
وەگەرنا، دەفعەیەک لەم بەینە بۆ دەفعی گلە دەیوت | هەواڵێکی بپرسن، چۆنە ئەو مەزڵوومی بێچارە؟ |
لە پڕ بایەک لەگەڵ بۆی ئاشنا هات و وتی: مەحوی! | بەشارەت بێ کە ئیقباڵت موبارەک، تالعت یارە |
کە هاتم، شۆخەکەی غارەتگەری دین و دڵت دەیوت: | بپرسە حاڵی ئەو سەودازەدەی بەدبەختی ئاوارە |
دەبێ بێ ئافتابی ڕوومەت و سوبحی جەبینی من | چ فەرقێکی ببێ ڕۆژی لە شەو، سوبحی لە ئێوارە! |
وتم: وا سەرفەرازت کردم، ئەمجا سا دەخیلت بم | لە باتی من، سەبا، تۆ دەچیەوە عەرزی کە ئەمجارە |
ئەگەرچی مودەیێکە من لە زوڵمانی سیابەختی | ونە زەڕڕەی وجوودم، ڕۆژی ڕووناکم شەوی تارە |
لە فەیزی ناوی مەولانا زیائەددینەوە ئێستە | هەموو ڕۆژە شەوم، قەترەی وجوودم بەحری ئەنوارە |
هەتا ئەو ناوە پاکەم کردە زیکر و فیکری ڕۆژ و شەو | هەناسەم بۆنی میسکی گرتووە، لێوم شەکەربارە |
بە یومنی ئەو، بەهارە پاییز و زستان و هاوینم | کە هەر گاهێ بکەم بەحسی لە دەورم گوڵ بە خەروارە |
بە ئیخلاسی ئەوم ئاوێنەکەی دڵ وا جەلا داوە | کە چیهرەی شاهیدی مەقسوودمی تێدا نموودارە |
جەمالی ڕابیتەی، وا دڵبەرە، بەختی خەواڵووشم | بە ئوممێدی تەماشایەک هەمیشە چاوی بێدارە |