دیوانی مەحوی/ا
(Redirected from دیوانی مەحوی/ئەلف)
-١-
editلەم بەحری فیتنە بەڵکی نەجاتت بدا خودا | داوێنی "باخودا" بگرە، بەردە "ناخودا" |
بێکەس منم، کەسێ لە زوبانم بگا نیە | ھەمدەم خودانەناسن و دەم پڕ لە "یا خودا" |
عەھد و وەفایە سوخرەیی بەدعەھدی و جەفا | ھەر ما بە دادی ئەھلی وەفادا بگا خودا |
ھەر ئەو کەسە کە خەیری دوعای خێری دیوە لێم | دایم دوعامە شەڕڕی لە من لا بدا خودا |
لوتفێ بە حاڵی من کە، وتم؛ ئەو وتی بە قار: | تۆ شێخی با خودا و ئەمن شۆخی ناخودا |
غەیری ئەمە کە سوێندی درۆی پێ بخۆن و بەس | قوربانی ناوی، ناوی لە ناوا نەما خودا |
تا زوڵمەتی وجوودە تەریکی لە نووری عیشق | سێبەر نەما، ھەتاوە، کە مەحوی نەما، خودا |
-٢-
editبۆ گومبوانی چۆڵی مەحەببەتیەتی، خودا | تەبشیری (والسلام على تابع الهدى) |
موستەغنییە لە مەننی سەفینە و سەفینەوان | ھەر کەس کە ئیشی ھەر بە خودا بێ، نە ناخودا |
دڵ بۆیە خۆشی دێ لە نەخۆشی بە پڕ بەدڵ | بیمارە چاوی یار و خۆشی دێ لە دەرد و دا |
بە خودا قەسەم لە گەڵ دڵی خاڵێ لە سۆزی عیشق | تەکراری حەرفە، بەس دەمی پڕ یا خودا خودا |
گونجایشی جەلالی خەیاڵی ئەوم لە دڵ | جێ بۆ نەوەی سەمایە لە یەک دانە کونج و دا |
لەو رۆژەوە جودا بوە لێم ئەو پەرێ وەشە، | رۆژم ڕەشە، شوعوور و دڵم لێ بووە جودا |
بەس کاری دڵ توێنەوە مەحوی لە پێشتە | (لايحسب الأناسي أن يترکوا سدى) |
-٣ -
editبەجێ نایێ، دەبێ رۆ کەینە سارا، | حەقی ئادابی مەجنۆنێ لە شارا |
کە چەرخ ئەسکەندەری دێ دەردەدارە | وتێ: ئەم ھەم بوە ھەم دەردی دارا |
ھەتا حەق ناسیرە، ھەر حەقمە مەنزوور | وەکو مەنسوور ئەگەر بمکەن بە دارا |
نەگەیمە ئەو جوانە و گەیمە پیرێ | مەدەدیا پیری پیرانی بوخارا |
لە بەر زار و نەزارێ بۆمە وەک پۆش | دە ئەمجا رابوێرە من بە زارا |
مەگەر تۆ عەرزی حاڵم کەی لە کن یار | قەڵەم، ساغی قسە، من نیمە یارا |
لەڕم دی زاھید ئەم زستانە، زانیم | کلک نادا بەزڕپنگی بەھارا |
وەرە دەستێ بەخوونم کە نیگارین | خوێنی من حەڵاڵت بێ، نیگارا! |
زوو ئەو شۆخە لە عاشق وەردەچەرخێ | لە گەڵ کەس چەرخە ئەو ناکا مۆ دارا |
موژەی خوێنێ دەکا ھەر لەحزە، سەیرە | ئەمەندە گوڵ لە بن یەک نووکە خارا |
کە شک بەم مەحویا ھەر شەربەتی مەرگ | لە سەر ئەرزا نیە ئاوی گەوارا |
-٤-
edit(یار از وفا گذشت بر این کشتهی جفا) | (شد مشھدم ز مقدم او روضهی صفا) |
(چون در قفاش دل شدگانش نمیفتند) | (کاکل کمند جان و دل افگنده بر قفا) |
کوردی زوبانی ئەسڵمە گەر تەرکی کەم بە کول | بۆ فارسی، بە کوللی ئەمن دەبمە بێوەفا |
دووری مەبینە تۆ لە کەریمی بەھا نەجۆ | ھەرچی کە کوردە پاکی ببەخشێ بە (بوالوفا) |
عەفوم کە (یا عفو) بە حەق جاھی ئەو شەھە | ئایەی عولووی جاھی ئەوە ئایەتی (عفا) |
مەحموودی (في السما)یە، حەبیبی خودایە ئەو | مەقبوولی بارەگاھە، ئەوە موختار و موستەفا |
(صلي علیه إلهنا ما يليق به) | مع صحبه وآله والأهل ذي الصفا) |
(تشویش حال من، تو ز تخلیط من بفهم) | (ز اهل زمانه بس کە رسد بر دلم جفا) |
(گفتا بتم: وفا طلب از من تو محویا | (در عمر خود شنیدهای از عمر اگر وفا) |
-٥ -
editئەرێ دڵ بێ شەرابی لەعلی گوڵڕەنگت لە گوڵ چ بکا؟ | کە جیلوەی گوڵ لە گوڵشەندا نەبێ، بولبول لە چڵ چ بکا؟ |
کە ھەڵگیرسا لە نووری بادە شەمعی حوسنی جانانە | نەچێتە سەر تەریقەی حەزرەتی پەروانە، دڵ چ بکا؟ |
بە ئاھم گەر ڕەقیبانت بسۆتێن، ئەی گوڵی ڕەعنا | مەڕەنجە، توو خودا شوعلە لە ئاقاری چقڵ چ بکا؟ |
ھەتا ماوە دەبێ ئەشکی نەدامەت داوەرێنێ چاو | عەرەقریتن نەبێ، شەخسی لە کاری خۆ خەجڵ چ بکا؟ |
سەفەر جائیز نیە، با بۆ حەرەم بێ، لەو بەروبوومە | فەقەت مەجزووبی زنجیری نەسیبی ئاو و گڵ چ بکا؟ |
فەلەک ھەر گا کەسێکی ھەڵبڕێ، وەقتی ھیلاکەتیە | کە سەر بۆ گەینە پەت بێ، پێ لە کورسی و ئەسکەمل چ بکا؟ |
لە عوششاق و ڕەقیب ئەو شۆخە چاوی لوتفی وەرگێڕا | کە ئاسک ئادەمی یا سەگ ببینێ، غەیری سڵ چ بکا؟ |
چ حاجەت نەرگسی مەستت بکەم وەسفی بە مەخمووری | کە چاوێ سورمەکێشراوی خودایی بێ، لە کل چ بکا؟ |
لە ھەر جێیەک ھەڵێ خورشیدی عیشقی گوڵروخان مەحوی | ئەگەر عەقڵی ببێ، لەو جێگە ئاونگی عەقڵ چ بکا؟ |
-٦-
editتێگەیی وشیوەنیە ئەمڕۆ، دا سبەی شایی بکا | پێ گەیوو دەروێشە، دا سوبحەی شەھنشایی بکا |
نووری عومری سەرف ئەکا بۆ کەشفی تاریکی لە خەڵق | وەک چرا ھەر کەس بە شۆخی مەجلیس ئارایی بکا |
ئەر لە دنیا چاکەیێ سادر بوو، تەفرەی پێ نەخۆی | رووسپی ھەر روو ڕەشە گەر بێ سەد ئازایی بکا |
بۆ دوکانی موشتەری گر حەول ئەدا کاڵا فرۆش | دینی وا دێنێتە قیمەت خواجە ئەعزایی بکا |
رەم دەکا حەتتا لە میھر و مەە حنوون ئادابی عیشق | سێبەری لێ بارە ھەرکەس مەیلی تەنھایی بکا |
مادەری گێتی لە شیری بڕیەوە دەبڕێتەوە | فائیدەی چی شەخسی لێ کەوتوو بەدادایی بکا |
با حەقیشی بێ، لە بۆ ((مەنسور)) ((أنا الحق)) حەق نیە | شێتیە، مەجنوون ئەگەر بێ نازی لەیلایی بکا |
زوشت وناشیرینە پیر، ئەمما چ شیرینە ئەگەر | چاوی خونباری نەدامەت ریشی خورمایی بکا |
دڵ لە ئیدراکی حەقیقەت بێ بەشە بێ داغی عیشق | ((مەحویا)) دانا دەبێ بەم چاوە بینایی بکا |
-٧-
editمژدێکی چەندە خۆشە ڕەقیبی ملی شکا | عەیبی فەقەت ئەوەندەیە یارم دڵی شکا |
تۆ چوویە باغ وپشتی شکا، حەقیە، باغەوان | بازاڕی گوڵ شکاوە، دڵی بولبولی شکا |
خەندەی لەب وعەبیری خەتی تۆ بوو وەک مناڵ | تۆوی تکا کە غونجە، وەنەوشە ملی شکا |
ڕووتێ لە سەیری پۆشتەیەک بوو چ خۆشی وت: | سەیری ھەیە فەرەس کە پەرۆشی جلی شکا |
غونجە دەمی لە باسی دەمی تۆوەدا، سەبا | مشتێکی دا لە دەمی، دەم قسەی زلی شکا |
یەعقوب وەش کە((مەحوی))یە، چاوێشەداری ھیجر | چاوی بە گەردی ڕاھی بەشیرت گلی شکا |
-٨-
editگەردی ڕێی ھەستاوە جێ داوا دەکا | بەختە! ماڵی چاوی کێ ئاوا دەکا! |
وەردەگێڕێ ڕوو کە سوجدەی بەر دەبەم | ھەی دەڵێ: کەی نوێژی ڕۆژاوا دەکا |
چاوە، جێی ئەو شۆخە بێ، وتم و، وتی | ئەم مەلا شێخە قسەی بێجا دەکا |
کوشتەی ئەو چاوەم لە جەمعی کوشتەگان | خەنجەری موژگانی من (منھا) دەکا |
دا بە یەکبارە بە با دا عومری خەڵق | دێ بە با کاکۆڵەکەی تا تا دەکا |
چاوەکەی بەیدەستی مەستیشە، کەچی | ھەر بە لەحزێ فیتنەیێ بەرپا دەکا |
ئەو کە دڵ دوو قەد دەکا شیری برۆی | ئیکە خەنجەر بۆ بەقەد خۆیا دەکا! |
زامی دڵ وێران و ماڵ ئاوا تەبیب | ماڵی وێرانم کە ماڵ ئاوا دەکا |
تورکی چاوی مەستی، مەحوی! مژدە بێ | وا کەبابی جەرگ و دڵ داوا دەکا |
-٩-
editوەک بولبول ئەو دڵە بە گوڵی روو کە روو دەکا | پەروانەیە زیارەتی شەمع ئارەزوو دەکا |
وە موەسڵی ئەو بەرابەری جەننەت دەگرم و ئەو.. | دۆزەخ بە ئاھی سینەیی من روو بە روو دەکا |
ریشێکی پان و تووکی بناگوێ درێژ و لوول | سۆفی لە دینی لادە بە دیمەن لە جوو دەکا |
گەر عاشقی لە خوونی جگەر قوم دە، دەم مەدە | مەی خوارە، خام کارە ھیتا ھاو و ھوو دەکا |
دنیا بە حیلە مەیلی بە ئەبنای ئەگەر ببێ | ئەم ((دایە ڕێزبار))ە بە فرزەندی شوو دەکا |
ئەشکەوتی بایەکە دەمی واعیز کە دێتە وەعز | وەقتی سکووتی نەقشی سمێڵی لە قوو دەکا |
دا عەکسی جیلوە دەرنەکەوێ، نەک لە چاکییە | ئەو شۆخە چاکی سینەیی ((مەحوی)) رفوو دەکا |
-١٠-
editدەوری ھەر چاویکی ئەمڕۆ داوە سەد فەوجی بەڵا | دین و دڵ یەغما دەکەن، چاری کەن ئەی شێخ و مەلا |
وەسیەتی مەجنوونە، ھەرکەس دەردی دنیا عارە بۆی | خۆ بکا وەک من بە دەردی عیشقی یارێ موبتەلا |
کۆتری دڵ، جەنگوڵی بازی قەزا یەعنی موژەی | دی، بە زوڵفی چوو پەنا با، کەوتە نێو داوی بەڵا |
وەقتی نوێژی سەر جەنازەی بۆ شەھیدی عیشق دۆست | مەوج ئەدا ئەم ئاسمانانە لە دەنگی ((والصلا)) |
تا نەبووری تۆ لە سەر، ڕی ناخەیە مەیدانی عیشق | سەر لە پیشی پێ دەبێ لەم ڕێگە دانێی ((اولا)) |
تورکی من کوشتارخانەی عاشقانی دی، وتی: | من ((برنجی بر یزید)) ئێرە (ایکنجی کربلا)) |
((مەحوی)) ئەمشەو ئەو پەری شێوەی لە خەو دیبێ، دەبێ | بۆیە ئەمڕۆ ((مەولەوی)) کەوتۆتە حاڵی حەلوەلا |
-١١-
editدەم وزارێ تیا مابێتەوە رەنگاری ریق ئەمما | پیاڵێکی عەقیقە، پڕ لە بادیکی عەقیق ئەمما |
لە پڕ ئەو چاوە ھەڵدەبڕێت و جەرگی عالەمێ دەبڕی | نیە، ھەر غەمزەی دڵ شکافی، بێ بەریق ئەمما |
لە فیرقەی خاکسارانی مەحببەت بفکرە یەک یەک | بە دیمەن یەک نەفەر، دامەن بە لێوی سەد فەریق ئەمما |
بە پێچی خوار وخێچ ئیما دەکا پیری تەریقەت: بێ | حەقیقەت پیرە زاھید پیرە، گوم کردوو تەریق ئەمما |
چەراکردن لە باغی حوسنیا، مەنزووریە چاوم | کە دەگرێ ریشی .. لە بەحرایە غەریق ئەمما |
دەمێ بوو یار و ھەمدەم بوو لەگەڵ دڵ سەبر و ھۆش ئاخر | لەبەر بێ تابی، ئەو تەشریفی برد و بێ ڕەفیق ئەمما |
بڵاوەی کرد ورۆیی کومەڵەی یاران وئەھلی دڵ | لە شوومی بەختە ((مەحوی)) ماوە، بێ یار و ڕەفیق ئەمما |
-١٢-
editبوومە خاکی سەری رێی، پێیەکی تا پێما نا | وتی: سەد دەفعە بخۆ ئەی حەریکەی بێ مەنا |
تەڵەبی رەحم ومرووەت لەدڵی ئەھلی زەمان | تەڵەبی ئاوی حەیاتە لە سەرابستانا |
قاتی پیاوە لەسەر ئەم ئەرزە –دەبینی مەنسوور | بە سەری دارەوە- ((ذوالنون))ە لە بن زیندانا |
لە قسێکی لەبی پشکوتووە شۆری دوو جیھان | قسەیەک سەد لکی مانا لە لکی دامانا |
قەسەمی گوێی بە چاوی پەچەدا پیری موغان | کە لەمەولا نیبیێ وەعز وقسەی مەولانا |
تۆوی سەرخستووە بن خاکە، سەرئەفرازیی بەر | ھەر لە ڕێگەی تەڵەبا بوو سەر دانا، دانا |
وتم: ئو خاڵە چ بوو ھەر کەڕەتیکت دەرخست | وتی: داغێ بوو بە جەرگ و دلی ((مەحوی))ما نا |
-١٣-
editکە دڵ دەتوێتەوە بۆ تۆ، دەکەی ئەو ڕۆژە تۆ بڕوا | کە خۆ دەرخەی وەکو خۆر، دڵ وەکو شەونم لە خۆ بڕوا |
کە ڕۆحم تێگەیی تۆ حەز بە دەرچوونی دەکەی، دەرچوو | دەبێ عاشق کە دی بێزارە یاری، بێ بڕۆ بڕوا |
وتم: با لەم دەر و لەم کۆیەدا ئانێ سکونەت کەم | وتی: عاشق دەبێ ھەر دەربەدەر بێ، کۆ بە کۆ بڕوا |
ڕەقیبت دەرکە، ئەم بەردەرکە پاکە پیس ئەکا، فەرمووی: | کە بەم بەرقاپییە لازم سەگێکی وایە، بۆ بڕوا! |
وتی: ((مەحوی)) من و تۆ ئافتاب و سایە تیمسالین | جەنابی من کە دەرکەوتم، دەبێ تەشریفی تۆ بڕوا |
-١٤-
editکەی لە کن ئەحمەق دەبێ حاجەتی دانا رەوا؟! | قەت دەکرێ چەرمەکەر یا بە عەبا یا کەوا؟! |
بەخششی دنیا مەخۆ، یەعنی بە نانێکی جۆ | خۆ مەکەرە بەر منەت پیرەژنی نانەوا |
ئێستە کە دەستت دەگا پێ بسسوە بۆ نەجات | حەیفە لە دنیا بڕۆی کامی دلت نارەوا |
گریە: دەجۆشێ لەوی، ئاھە: دبێ نەسرەوێ | نەمدی وەک ئیقلیمی عیشق جێگە بە ئاب و ھەوا |
دینتم ئیمانەخۆ، کوفرە نەگەینم بە تۆ | قوڕ بە سەرم، دینە: چوو، کافرییە: بوو ئاوا |
ئاگری داغی دڵم پەنبەیە، ساغت دەوێ | نیمە وەکوو چاوی یار تاقەتی نازی دەوا |
کێیە دەڵێ بێ نەوا کەس نیە ((مەحوی)) نەبێ | بێت و لە بن ھەر مووێ دا ببیێ سەد نەوا |
-١٥-
editئەی جەمالت نووری دیدەی ئەنبیا | شامی توڕڕەت سوبحی عیدی ئەولیا |
ئەو بەر وبوومە جەنابی تۆ تیای | بەردی بۆ مە دوڕڕە، گەردی تووتیا |
ئاوی خزرە خاکی ئەو بەرقاپییە | دڕکی ئەو بەردەرکە گوڵ، پووشی گیا |
ئافتابی گرتووە، وەک کاسە، چەرخ | سواڵی لەو روخسارە بوو زەڕڕێ زیا |
ئەھلی ڕەحم و فەزڵی تۆ، ((مەحوی)) دەخیل | سەد کەوا نا ئەھلە، رەحمت بێ پیا |
-١٦-
editکە ئەمری فەرموو ئەو شاھە بە ((إقرأ)) | ئەگەر فەرمانی قەتڵە کێ دەڵێ نەء؟! |
قسەی مایەی خرۆشی ((نشأتین) | دوو عالەم نەشئە جۆشا، لە بیە مەنشەء |
بە یادی قامەتی ماوم بە پێوە | ((علی ما مثلھا موسی توکأ)) |
بە ھیجرانم دەوت ((سوء العذاب)) | ((فلما ذقتە قد کان أسوأ)) |
بە سۆزی عیشقە بوونە ((ذی کمال))ت | ((إذ الأنوار من ذی النار تنشأ)) |
وتی: راکێشە مل ((مەحوی))، سەرەت ھات | (بسل السیف أومی لی: تھیأ)) |
شەرەف ھەر عیلمە، نابینی کە ئەشرەف | موشەڕڕەف بوو بە ئەمر ئووەڵ بە ((إقرأ)) |