لالغاوەی واعیز ئەمڕۆ مەوج ئەدا، دەم پڕ لە کەف
|
ڕیشی قیروسیا، کتێبی وەعزەکەی بوو بەرتەرەف
|
زاهید و سۆفی بە شەڕ هاتن لە سەر تەزویر و شەید
|
خێری ڕەندانە خودا کا بەرتەرەف بێ هەر تەرەف
|
وەرنە سەیری سەرخۆشان! ئەو شۆخی مینا گەردنە
|
بوو بە ساقی، دەم بە شەککەر خەندە دێ، مێنا بە کەف
|
دەمدەمەی ئەم حەشرە هەستان ئەم دەمە، یا ڕەب، چ بوو
|
لێوی نەیژەن گەییە نەی، دەفزەن کە پەنجەی گەییە دەف!
|
کەی بە لەعل و گەوهەر ئەو لێو و ددانی دا نیشان؟!
|
ئەو ڕەهندەی شاخە، ئەم خۆشارەوەی ژووری سەدەف
|
جێ نیشانەی زامە لەو ڕوخسارە، یا ئاساری خەط
|
یا لە ڕووی ئاوێنە لەککە، یا لە بەدرا بوو کەلەف!
|
مەنعی ناکەم بۆیە کرد و کۆششی دامەنیە، دڵ،
|
پێوە نیشێ، حەول ئەدا ئەڵبەتتە هەر کەس بۆ شەرەف
|
دڵ چووە وادی مەحەببەت، هەرچی دی هەر کوشتە، یا
|
نیوەکوژراوە، لە سەر لێو ئاهـ و ناڵەی وا أسف
|
لاڵە خۆ مەحوی لە وەسفی حوسنی بێ چوونی نیگار
|
لا لە تەئویلی خەلەف، قوربانی تەئویلی سەلەف
|