دیوانی مەحوی/ل

دیوانی مەحوی  (1896)  by مەحوی
پیتی ل

-1- edit

شنەی بادی بەهاری هاتەوە، خۆشی لە تۆ بولبول! بە شایی هاتی گوڵ کۆکی کە سازی چەهچەهە و غولغول
چەمەن هەر سەرو و نەسرینە لە تەرزی خوابگەی شیرین سەری کێوانە یەکسەر وەک کەناری کۆهکەن هەر گوڵ
چ شۆرێکی جنوونی پێوەیە بای ئەم بەهارانە لە شارا هەر زڕەی زنجیرە، سەحرا شۆڕشی بولبول!
دەبینی قل هُو الله خوێنەکانی کونجی مزگەوتان ڕووەو سەحرا، کە دەبیەن وا سوراحی هاتەوە قولقول
دەبینم سیبحە دەر دەستانی مل کەچ بوو لەتەکیانا، لە سەحنی گوڵشەنا سەرمەست و دەستەملانی شیشەی مول
هەموو خوێنی شەهان و تاجدارانە لە بن خاکا کە وا هەوری بەهاری سەرزەمینی پێ دەکا گوڵ گوڵ
زوبانی لاڵە، بۆ حەیرانە، حاڵی بۆ پەڕێشانە لە سۆسەن دەفکرم مەحوی، لە وەزعی نێرگس و سونبول

-2- edit

پەروانەیەک بە بولبولی وا وت کە بُوالفُضُول سووتانە ئیشی ئەهلی مەحەببەت، نە هوولەهوول
چاوی لە وەعدی کوشتنی من چاوی دزیوە خوونکاری وا دەبێ لە قسەی خۆی نەکا نکوول
بەم ئیختیساسە سا سەری من بۆ نەگاتە عەرش هات و لە سەرمی دا، وتی: ابدأ بما یؤول
وەک دێوی لەعنەتی کە کەلامی قەدیمی بیست زاهید کە باسی عیشق ئەبیسێ، دێتە جوولەجوول
سەججادە مەی پیا ڕژاوم و عوریان و لەش بە خوون نوێژم مەزەننە وایە لەمەولا بکەن قوبوول
دەرچوو لە حەددی غایە عورووجی دەجاجیلە یا ڕەببی تۆ بکەی کە بکا عیسەیەک نزوول
زاڵم! سبەی بە زەڕڕە حیسابت لەگەڵ دەکەن ئەمرۆش، ئەتۆ مەبوورە، حیسابت بکە بە پوول
ڕێگەی هودا تەریقەتی عیشقە، دە مەحویا وەرن و پیا بڕۆن و و صلُّوا علی الرسُول
هەر ئەم تەریقە بوو بە هەموو سەحبی گرتیان ڕۆیین پیا هەتا گەیینە مەرتەبەی وسوول

-3- edit

حەیاتم سەرفی عیشقت کرد بە ئومێدی فمن یعمل بە هیجرت کوشتم و نەتکردەوە فکری و من یعمل
جەمالت حەیفە دەرخەی بۆ کەس و ناکەس، وتم. فەرمووی: جەلالی حوسنە ئێمەی کردە شاهەنشاهی لایُسأل
وتم: ئەم عالەمە دڵیان ئەسیری غەمزەتە، بەس بێ! وتی: کەی بۆتە قووتی شاهبازێ پڕ بەکەف خەردەل!
موسەببیب حەز نەکا، پڕ عالەم ئەسبابت پەڕێ کایە فەقەت چاری نییە قەت یەک بە دوو بینینی مام ئەحوەل
بە چی، بۆ چ ئەم غروور و کیبر و نازە، دەبیە تۆزێ خاک بە ئەسڵ و فەسڵ ئەنازی؟ چۆڕە ئاوێک ئەسڵتە و ئەووەل
پەلی داوێنی پاکت گرتنی بۆ بوو زیاد ئەوجا لە مەیدانی مەحەببەت دا ئەگەر مەحوی کرا پەل پەل
بە جێ ماوم لەگەڵ من حەسرەتا، مەکسم لە سەر بایەک بە جارێ هاژە بێنم مەحویا وەک دارەکەی سەرکەل