کە شێخ و واعیز و سۆفی بە جەننەت بەن گەد و گیپاڵ
|
دەبێ ئەمسالی ئێمە بۆ جەهەننم بەن سڕ و سیپاڵ
|
بە دەرسی من نەشا والشمسی پاری تەلعەتت، ئەمساڵ
|
ئیجازەم دە موتاڵاکردنی واللیلی خەتت و خاڵ
|
لە چاوم خوێنی جاری کرد و هەم ڕەنگی لە ڕوو بردم
|
ئەم ئاشووبی دڵ و دینە بە لێوی ئاڵ و چاوی کاڵ
|
کە سەیری ئاینەی کرد و لە پاشان ئەم کەلامەی دی
|
وتی: من هەم بە بێ تیمسال و ئەم شیعرانە بێ ئەمسال
|
زوبانی واعیزی بێدڵ درێژە دەرحەق ئەهلی دڵ
|
بە جێشە، غەیری ئەو مل پانە کێ بێ هەڵگرێ ئۆباڵ!
|
کە ڕێی ئەو شاهە کەوتە ئەم مەقامە، جێ بە جێ هەستا
|
وتی: ئەم زاتە ساحێب حاڵە، حەیفە کەوتووە بێ حاڵ
|
چ خۆشە بەم هەموو عیسیانەوە یا ڕەببی بمبەخشی
|
ببەخشە، بگرە دۆزەخ خۆڵەمێشی کەم بۆ یەک مسقاڵ
|
بە بێ یارێ مەچۆرە مەعرەکەی ئەسفەندیاری نەفس
|
کە لەم مەیدانە دا هەر پیرە زاڵە ڕۆستەمی بێ زاڵ
|
بە غەمزەی نازەوە ئەو سەروی نازە کەی چووە گوڵشەن
|
کە نێرگس وا بووە چاوی سپی، سەروی بووە تۆپاڵ
|
کە بمرێ عاشقی زاری مەلائیک بێن و بیبینن
|
دەڵێن ئەم باقە چیلکە ناگرێ یا ڕەب بەرێ گۆپاڵ
|
سەماعی سازی عیشق و ڕێگە بۆ پاڕانەوەت مەحوی
|
لە بەر قاپی تەڵەب بێ، گوێ دەبێ کەڕ بێ، زوبانت لاڵ
|