دیوانی مەحوی/و
-1-
editلە پڕ بەردی ئەجەل بۆ شیشەیی عومرم نەوا بێ زوو | فیداتم، دەست و بردێ، ساقیا، جامی شەرابێ زوو |
چییە دنیا، ژنێکە هەر شەوی سک پڕ بە سەد فیتنە | سبەینێ زوو بە خوێنی جەرگی ئەهلی دڵ دەکا بێزوو |
کە دایەی خاکت ئاخر هەر دەبێ بگرێتە باوەش خۆی، | بکە خاکێ بە سەر خۆتا لە قاپی بو تُرابێ زوو |
بە تابی عەکسی ئەو دیدارە دڵ سووتا، موزەککایە | کەتانت ڕاگرە ساز و بە جیلوەی ماهتابێ زوو |
دەنی تەبعی بە جارێ عالەمی داگرت ئەوا مەحوی | درەنگە ئیلتیجا بە بەر ڕەئیی عالی جەنابێ زوو |
-2-
editشەو کەسێ پرسی لە خۆ دەرخستنی پەروانە شەو | ئەو وتی: ناتێگەیشتوو! تەجرەبەی مەردانە شەو |
هەر سیا بەختانی عیشقە مەزهەری نووری هودان | شەو نەبێ ئەستێرە مەستوورن، بە کەم مەڕوانە شەو |
ئەم سیا ڕۆزی منە پۆشیویە عەیبی کەسان | ئاشکارە سەتری ئەحواڵی گونەهکارانە شەو |
بۆیە زوڵمەت پۆشە، نووری ئەهلی جەوهەر دەرکەوێ | سەیری حەققی کەن لە سەر ئەم ماهـ و ئەستێرانە شەو |
نەبووە، نابینی لە شەو مەحرەم ترێ تا ڕۆژی حەشر | پەردەپۆشە، هەمدەمە، هەمدەردی عوششاقانە شەو |
شەو، هەموو شەو چاوەڕێیە ڕۆژ هەڵێ، هەر ڕۆژهەڵات | مەحوە سەرتاپا لە بەر پێتا فیداکارانە شەو |
خودپەرستینە! لە شەو فێری پەرستن بن، کە خۆر | هەر دیاری دا، بە دەوری سەریەدا قوربانە شەو |
فیرقەتی ڕۆژە دەروونی کردە داغێکی سیا | وەک منی سەودازەدە ئاتەش زەدەی هیجرانە شەو |
گەر فیراق ئاگر هەموو ڕۆژێ لە جەرگی بەرنەدا، | بۆ هەموو شەو تیرە دڵ، سینەی زوخاڵستانە شەو! |
تیرەگی وا فەزڵی بۆ نادەم بە سەر ڕووناکییا | مەنشەئی ئیزهاری جیلوەی فەیزی سبحەینانە شەو |
هەر لە تاریکی شەوایە ڕێ درێ ئەهلی نیاز | ڕازی دڵ ئیفشا بکەن، خەڵوەتگەهی خاسانە شەو |
تێ بگە بۆ چی بە جانن تالیبی شەو عاشقان: | نیوەشەو بوو، وەعدەگاهی هاتنی جانانە شەو |
هێندە ساحێب سڕە، میعراج و شەوی قەدر و بەرات | خاسەجاتی ئەون و مومتازە بەم ئەسرارانە شەو |
هەر کەسێ تالیب بە دوڕی مەعریفەت کۆکردنە | پڕ لە دوڕ دەریایەکی بێ مەهلەکەی خنکانە شەو |
وەک خزر ئاوی حەیاتی فەیزی حەق عافێتییە | ئەو خودا پێ داوە مەحوی! تا سەحەر ناڵانە شەو |
-3-
editکە لێوی خوێنمی نۆشی، شەوی خەت گرتی دەوری ئەو | بە قوربانی خوێنێکم کە وا ڕۆیی بە سەریا شەو |
لە ئەشک و ئاهما جۆش و خرۆشی حەولی تەئسیرە | دەزانن ڕێیەکی دوورە لە پێش. ئەڵبەت دەکەن سەرڕەو |
بڵا ڕۆحت موقەددەس بێ، ئەم و ئەو کردنت بەس بێ | هەتا ئاخر هەناسە ئەو بناسە، هەر بنازە بەو |
شەوێ لەیلا بە مەجنوونی وەها وادەی تەماشادا: | دەبێ ڕۆژێ ببینی من کە تۆ ڕێ خەیتە دەشتی خەو |
لە ناڵینی منی ئیفتادە زاهید بۆ ڕقی هەستا؟ | حوزووری ئاهـ ئاهی بوو بە غەیبەت ئەو دەکا عەوعەو |
خودا بیدا ئەدەب حرزُ الأمانێکە عەتییەی ڕەب | چ بوو جەرگی بڕی غەیری ئەمەی نامەی دڕی خوسرەو! |
وتی: من بێم و مەحوی وا بمێنێ، ناکرێ، نابێ | هەتاو و سێبەرین ئێمە، دەبێ یا من ببم یا ئەو! |
-4-
editلە دنیادا دڵ ئارامێک و ئارامی دڵێکم بوو | بە جارێ ماڵی وێرانم، ئەمیشم چوو، ئەویشم چوو |
خوێنی دڵ لە بەر چاوم نەبێ تا کەی ڕەوان ئاخر! | ئەوا ڕۆیی لە بەر چاوم ئەوی ڕۆحی ڕەوانم بوو |
چ حاڵە! قوڕبەسەر حەتتا بە حاڵم پێکەنینی دێ | بە دەست ئەتواری تۆوە قوڕبەسەر خۆم، ئەی دڵەی بەدخوو |
دڵ و دڵبەر لە یەک بەدخووترن، سا من خودا چ بکەم؟ | فلا المحبُوبُ يرثي لي، و لا القلبُ الشّجى يسلُو |
لە ڕۆژێکی کە ئەو گوفتار تووتی کەبک ڕەفتارە | لە من غایب بووە، هەر ناڵەمە وەک کۆتری حاقوو |
چ ڕۆحێ کوشتەی ئەو باڵایە، قومری داری تۆبایە | فيا طُوبى لقوم في سبيل الحُب هم ماتُوا |
لە دووری ئەو کوڕە فرسەتتە با زوو بمری ئەی مەحوی! | مەبادا بێتەوە بۆ کوشتنی تۆ ڕەنجە کا بازوو |