دنیا تیاتڕۆیە، مەوەستە تیا، بڕۆ!
|
کێ مایەوە تیا کە نەبووبێ تیا، تڕۆ!
|
دنیایەکە دوو ڕۆژە نەوازش بکا، سێیەم
|
ڕۆژی گودازشە، ئەمەتە داکی سێبەڕۆ
|
ڕوو ترش و ڕوو خۆشە لە ڕووێکا، لە یەک دەما
|
قەهری درۆیە، میهری درۆ، هەر دوو هەر درۆ
|
پشتی کە دا بە پشتتەوە، بۆ پشت شکاندنە
|
ئەمڕۆ خودا شوکرتە، سبەینێ برا لە ڕۆ
|
پیرێ نەمامی باغی جوانیمی کردە پووش
|
تازەم درەختی توولی ئەمەل دەردەکا چرۆ
|
گەردن کە چی چڵێکە سەرەفرازییە گوڵی
|
بڕوانە، چاوەکەم، کە لە سەر چاوە جێی برۆ
|
مەحوی! بە مُوتُواوە کە لە مردن ببی نەجات
|
ڕۆیاندنت لە پێشە، لە پێشا وەرە بڕۆ!
|