310849دیوانی مەحوی — پیتی ک1896مەحوی
چ خاکێ کەم بە سەرما، مامەوە تاک بە لێو ئاهـ و، بە چاو ئەشک و، بە سەر خاک
بە دوویا وێڵم و ئەشکم دەپرسێ لە هەر دار و دیارێ أين سلماك؟
جگەر دەبڕێ، دڵ ئەڕفێنێت و دەڕوا چ بێ مروەت، چ بێ پەروا، چ بێ باک
کە کوژرا، شاهی عالی جاهی عیشقە هەتا سەیدت نەکەن ناگەیتە فیتراک
بە خەنجەر دڵمی لەت لەت کرد کە بێ ئۆف وتی: خۆ وا خراپ و دڵ وەها چاک!
نیساری خاکی ڕێگەت جانە، فەرمووی: چه نسبت خاک را با عالم پاک
گوڵاو و ئاگراوە بادە ئەمشەو تەرەبناکە مەی و ساقی غەزەبناک
وتم: عیشق ئاگری گرتە وجوودم وتی: هەر بابەتی سووتانە خاشاک
لە دڵدا خەڵق و خوا بوو، فایدەی چی کە دەم پڕ بێ لە ايّاك و ايّاك
دەزانی جیفەیە دنیا، دە حەیفە وەکوو سەگ ئەم شەڕ و شۆڕە لە سەر لاک
خودا! تۆ لاگری لەو لاکە مەحوی بە جاهی پادشاهی تەختی لولاك
مەئلووفە زەوقی زاهید ئەوەندە بە تامی نیسک بێگانە ماوە شەممی لە نەشئەی خیتامی میسک
ڕوتبەی کەماڵە ڕۆژە ڕەشی بۆ جگەر بە خوون ناکامە تا کە ڕەش نەبووە خوونی خامی میسک
خەت، خاڵەکانی دەورووبەری لێوی گرتە ناو ئەم عەنبەرەم نەدیوە کە بووبێ بە دامی میسک
بەر خیدمەتی غوباری ڕەهی یاری من: سەبا دێنێ هەموو دەمێ، بە دوعاوە، سەلامی میسک
مەیڵێ خەتایە: ڕوو لە خەتایە بتم، بڵێ: سوبحی بتانی چین و خەتا کەوتە شامی میسک
گەردی ڕەمی غەزالی چ دەشتێکە پێوە نیشت ئەم تیبە لەو تەمەووج ئەدا هەر بە نامی میسک؟!
زوڵفی بە دەوری خاڵەکەیا دێ، هەموو دەمێ مەحوی ببینە عەنبەری سارا غوڵامی میسک
زەمانەی پڕ تەعەب دەتکاتە تیرۆک لەتێ نانت دەداتێ دوو بەشی نۆک
پیاڵەی دیدە لەبڕێزە، دڵا تۆش بجۆشە، سازی ناڵە هەم ببێ کۆک
بە نووکی تیری شۆخێکی کەوا چۆخ لە بەرما تەن بووە جامەی برنجۆک
بە کوڵمی ئاڵیا ئاڵا خەتی سەبز ترنجی کەوتە بەر پەنچەی ترنجۆک
گەر ئەم ڕیش و سەرەی زاهید لەگەڵ بێ دەبێ جەننەت بە دەشتی شنگ و پیشۆک
ڕەقیبە لەعنەتی، عاشق دەکەی ڕەجم لەباتی سەگ دەکەی شێرێ سەمەندۆک
بە خۆڕایی لە مەحوی بەس بڕەنجە نەجیبی، مەگرە وەک هۆکڵ، بەگم، هۆک
ئەو سەروی نازە تەوسەنی هێنایە تاز و تەک هەستا قیامەت و فەلەک ئەستوونییە گەرەک
ئەی دڵ بناڵە، ساز بدە چەنگی بەزمی عیشق مەی خوێنی جەرگە، ناڵەیی مەحزوونییە گەرەک
ئەمڕۆ لە کن زەمانە هونەر بۆتە قەشمەری شێری ژیانی بۆ چیە، مەیموونییە گەرەک!
فیترەت بڵند و پایە بڵندم نەدی، بە گوێش گەردوون ئەوەندە دوونە کە هەر دوونییە گەرەک
تینوو بە خوێنی عاشقە، ئەی دڵ! ببە بە خوێن ئەو لێوە، مژدە بێ، دڵی پڕخوونییە گەرەک
قوم هەر دەبێ لە خوێنی بگەردا بە ئاهەوە ئەو مەستی غەفڵەتە لەبی مەیگوونییە گەرەک
دلبەر عەجەب نییە دڵی مەحوی بە دڵ کە برد ئەسکەندەری زەمانە فلاتوونییە گەرەک
ئاشتی تۆ، تۆری من، بۆ بێ سەباتی هەر دوو یەک گەییوەتە حەددی یەقین، ئەم دو یەقینەن هەر دوو شەک
ئاخر ئەم دنیایە ئەمری دێتە سەر: ئاخر ببە یەعنی بەس ئەی فاحیشە عالەم بە قڕ دە یەک بە یەک
ناوی ئەو لێوە بەرن، دەم هەڵدەپچڕن بۆ دوعا وا لە بەر چاوی برینی دڵ هەیە حەققی نمەک
ئەو سەگانەن سپڵە، سەبب و ڕەفزی زاتی وا دەکەن هیممەتی ئەو بەعدی ڕیحلەت نەبووە و ئەم دینە حەک
وەرعی فارووقی تەماشا کەن، وتی: ناکا قبووڵ غیرەتم ژاکاوی ئەو گوڵباغە بۆ باغی فەدەک
سەر ئەوان و سەر هەموو یارانی پێغەمبەر، خودا داڕژێ ڕەحمەت هەموو دەم پڕ زەمین و پڕ فەلەک!
بەڵکە سەرڕێژێکی بێ بۆ ئێمە: چاوەڕوانەکان کۆمەڵی جینن و جەماعەی ئینس و ئەفواجی مەلەک
هەر دەبێ سەرڕێژێ بێ، وادەی غیزا، خواجەی کەریم کردی یادی بەندەگانی خۆ بە بە یەک دوو لوقمەیەک
وادەیێکت دا بە مەحوی: دێمە سەیری کوشتنت وەختی هات ئەو خێرە، سا مەبیە لە بەدگۆ حەرفی پەک