312834دیوانی نالی — پیتی ر1860نالی
ئیلتیقای پۆڵا و ئاسن هەر نیزاعە و گیر و دار جەمعی ماء و نار و، زەند و زەندە و، مەرخ و عەفار
ئەم لەسەر تەعزیم و گەورە گرتنی ئەو بێ قوسوور ئەو لەسەر تەحقیر و تەخفیف و شکستی زاری مار
ئەم بچێ، ئەو دادەنیشێ دەم وەکوو گوڵ خەندەران ئەم دەبێ هەستێ کە ئەو بێ، چاو یەک و قەترە هەزار
ئەم بە چاو دوڕڕ و بە سەر لەعلی هەدییە بۆ دەبا ئەو بە تف دەیکا بە میزابی شکستەی ئابشار
نەزمی نالی میسلی ئاو و ئاوێنە ڕەنگی نییە دوو ڕووە بۆ سەیری خاتر: یەک خەفی و یەک ئاشکار
سەیلی هیجرت بەردی بنچینەی لە ڕەگ هێنامەدەر باری فیکرت قەددی ڕاستی تێشکاندم وەک فەنەر
شیری ئەبرۆت، تیری غەمزەت وا لەجەرگم کارییە دێت لە تۆفانی دوو چاوم لەت لەتی خوێنی جگەر
چاو و دڵ شەڕیانە، نازانم خەتای کامیانە خۆ تا بە داری کەم، دەری کەم بیخەمە شین و چەمەر
نووری چاوم! چاوەکەم بێنوورە بێتۆ، زەڕڕەیی خاکی دەرگاکەت ببێژم بیکەمە کوحلی بەسەر
دڵ موشەببەک بوو لەبەر ئێشان و نێشانی موژەت ئیشی چاو بوو بۆیە هێند گریام و خوێنی کەوتە سەر
لەت لەت و کون کون بووە دڵ وا لە شەوقی شیرەکەت ڕۆحەکەم دێت و دەچێ، داخۆ لە کامیان دێتە دەر؟!
هەرچی مەحبووبەم دەبینێ وا تەحەییور دەیگرێ سوێن دەخوا بەخوا دەڵێ بِاللّهِ ما هذا بَشَر
چەندە خۆشە دابنیشین دوو بە دوو ئەمن و گوڵم داکەوێتن موددەعی لەو خوارە هەروەک دەستی کەر
ڕۆژپەرستی ڕووتە نالی بۆیە دائیم وەک غوڵام زەرد و گەردن کەچ لە دەرگات حازرە دەستەو نەزەر
شەوی بەهاری جوانی خەوێ بوو پڕ تەشویر لە فەجری پاییزی پیری بەیانی دا تەعبیر
چ شەو، چ ڕۆژ؟ وەها کورتی لەهو و لەعب و میزاح کە هەردوو وەک یەک چوون بە نەغمەیی بەم و زیر
ئەسەف درێژی شەو و ڕۆژی ئەو شەو و ڕۆژەم قوسووریان بووە توولی نەدامەتی تەقسیر
سەوادی توڕڕەیی ئەو ئیشتیباهی سەهوی جوان بەیازی غوڕڕەیی ئەم ئینتیباهی سوجدەیی پیر
وەکوو نەهاری بەهاری درێژ و پاییزی کورت ئەمەل گەلێک و تەویل و، عەمەل کەمێک و قەسیر
غوباری ئەو شەو و ڕۆژەن ڕدێنی ماش و برنج کە تێکەڵن شەبەهی سوبح و شام و شیر و قیر
سپی نەزیرە هەموو موو لە سیڕڕی وَجْهُ لە سەر مونەووەرە، لە تەرەف نوورەوە بووە بە نەزیر
مرووری نەکسە کە عەکسی قەمەر دەکا بە ڕەمەق دوبوولی نیکسە دەگێڕێ کە عەکسی ڕیش بە شیر
دەلیلی ڕۆشنە بۆ بەدء و عەود و کورتیی عومر تەنی هیلال کە بە تەلعەت جوان، بە خەلعەت پیر
لە شەرحی هەیئەتی مەتنی بەدەن کە هەر جوزئی سەقیمە، عاجزە تەسحیح و ڕابیتی تەدبیر
تێدا حەدیسی حەداسەت زەعیف و مەترووکە کە قەتعە سیححەتی ئیسنادی عەنعەنی تەقریر
چ مشت و پەنجە؟ وەکوو مشتی شانە ڕەق کە دەڵێی لە شانیدا نەبووە دەست و بردی کوشت و گیر
چ قەد کەوانێ؟ وەکوو پێ شکاو و ئوفتادە، کە بازی سێ قەدەمی قەت نەداوە وەک پەڕی تیر
لە نەحو و سەرفی ئەداتی مەپرسە ئەی موعریب کە ڕەفع و نەسب و جەڕ و جەزمە ئالەتی تەقریر
وەها سەقیم و موجەززا عەوامیلی ئەجزا کە ئالەتی عەمەلی نەحوی مەحوی سەحوی زەمیر
حورووفی جەڕڕە تێیاندا نەماوە ئاوی عەمەل هەموو موعەللەق و مولغایی عامیلی تەقدیر
بە غەیری «عەن» کە لە بۆ نەزع و عەزلی زەنبوورە کە ژاری ماری نەچێژێ عوسەیلەیی هەنجیر
خورووجی «با» لە لوسوق و «عەلا» لە ئیستیعلا دوخوولی عەتبەیی «عەن» فاسیلە لە تیری جەفیر
ئەلیف نەکیرە و بێگانە، نایەتە تەعریف عەلەم موشابیهی غەیر و مولازیمی تەنکیر
قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور! ئەی پەیکی شارەزا بە هەموو شاری شارەزوور!
ئەی لوتفەکەت خەفی و هەوا خواهـ و هەمدەمە! وەی سروەکەت بەشارەتی سەرگۆشەیی حوزوور!
ئەی هەم میزاجی ئەشکی تەڕ و گەرمی عاشقان! تۆفانی دیدە و شەرەری قەلبی وەک تەنوور!
گاهێ دەبی بە ڕەوح و دەکەی باوەشێنی دڵ گاهێ دەبی بە دەم، دەدەمێنی دەمی غوروور
مەحوی قەبووڵی خاتری عاتر شەمیمتە گەردی شیمال و گێژی جەنووب و کزەی دەبوور
سووتا ڕەواقی خانەیی سەبرم، دڵ و دەروون نەیماوە غەیری گۆشەیی زیکرێکی یا سەبوور
هەم هەمعەنانی ئاهم و، هەم هەم ڕیکابی ئەشک ڕەحمێ بەم ئاهـ و ئەشکە بکە، هەستە بێقوسوور
وەک ئاهەکەم دەوان بە هەتا خاکی کۆیی یار وەک ئەشکەکەم ڕەوان بە هەتا ئاوی شیوەسوور
بەو ئاوە خوت بشۆ لە کودووراتی سەرزەمین شاد بن بە وەسلی یەکدی کە تۆی تاهیر، ئەو تەهوور
ئەمجا مەوەستە تا دەگەییە عەینی سەر چنار ئاوێکە پڕ لە نار و چنار و گوڵ و چنوور
چەشمێکە میسلی خۆر کە لە سەد جێ، بە ڕۆشنی فەورانی، نووری سافە لەسەر بەردی وەک بلوور
یا عەکسی ئاسمانە لە ئاوێنەدا کەوا ئەستێرەکانی ڕابکشێن وەک شەهابی نوور
یا چەشمەساری خاتری پڕ فەیزی عاریفە یەنبووعی نوورە دابڕژێنێ لە کێوی توور
دەم وت دوو چاوی خۆمە ئەگەر بەکرەجۆیی ئەشک نەبوایە تیژ و بێسەمەر و گەرم و سوێر و سوور
داخڵ نەبی بە عەنبەری سارایی خاک و خۆڵ هەتا نەکەی بە خاکی سولەیمانییا عوبوور
یەعنی ڕیازی ڕەوزە کە تێدا بە چەن دەمێ موشکین دەبی بە کاکۆڵی غیلمان و زوڵفی حوور
خاکی میزاجی عەنبەر و، داری ڕەواجی عوود بەردی خەراجی گەوهەر و، جۆباری عەینی نوور
شامی هەموو نەهار و، فوسوولی هەموو بەهار تۆزی هەموو عەبیر و، بوخاری هەموو بوخوور
شارێکە عەدل و گەرمە، لە جێگێکە خۆش و نەرم بۆ دەفعی چاوەزارە دەڵێن شاری شارەزوور
ئەهلێکی وای هەیە کە هەموو ئەهلی دانشن هەم نازیمی عوقوودن و هەم نازیری ئوموور
سەیرێ بکە لە بەرد و لە داری مەحەللەکان دەورێ بدە بە پرسش و تەفتیش و خوار و ژوور
داخۆ دەروونی شەق نەبووە پردی سەرشەقام؟! پیر و فوتادە تەن نەبووە داری پیرمەسوور؟!
ئێستەش بە بەرگ و بارە عەلەمداری شێخ هەباس، یا بێنەوا و بەرگە، گەڕاوە بە شەخسی عوور؟!
ئایا بە جەمع و دائیرەیە دەوری کانی با، یاخۆ بووە بە تەفریقەیی شۆڕش و نوشوور؟!
سەیوان نەزیری گونبەدی کەیوانە سەبز و ساف، یاخۆ بووە بە دائیرەیی ئەنجومی قوبوور؟!
ئێستەش مەکانی ئاسکەیە کانی ئاسکان، یاخۆ بووە بە مەلعەبەیی گورگ و لوورەلوور؟!
ئێستەش سوروشکی عیشقی هەیە شیوی ئاودار، یاخۆ بووە بە سۆفیی وشکی لە حەق بە دوور؟!
داخۆ دەروونی سافە، گوڕەی ماوە تانجەرۆ، یاخۆ ئەسیری خاکە بە لێڵی دەکا عوبوور؟
سەیرێکی خۆش لە چیمەنی ناو خانەقا بکە ئایا ڕەبیعی ئاهووە، یا چایری ستوور؟!
سەبزە لە دەوری گوڵ تەڕە وەک خەتتی ڕوویی یار یا پووشی وشک و زوورە وەکوو ڕیشی کاکە سوور؟
قەلبی مونەووەرە لە حەبیبانی نازەنین، یا وەک سەقەر پڕە لە ڕەقیبانی لەندەهوور؟
دەسبەندیانە دێن و دەچن سەرو و نارەوەن، یا حەڵقەیانە سۆفی ملخوار و مەندەبوور؟
مەیلێ بکە لە سەبزە درەختانی مەدرەسە: ئەوراقیان موقەددیمەیی شینە یا نە سوور؟
حەوزی پڕی کە نائیبی دیدەی منە لەوێ، لێڵاوی دانەهاتووە وەک سەیلی شیوەسوور؟
ئێستەش کەناری حەوشەکە جێی باز و کەوشەکە، یاریی تیایە، یا بووەتە مەعرەزی نوفوور؟
چاوێ بخە لە سەبزە و سێرابی دائیرە جێ جیلوەگاهی چاوەکەمە نەرمە یا نە زوور؟
توخوا فەزایی دەشتی فەقێکان ئەمێستەکەش مەحشەر میسالە یا بووەتە چۆڵی سەلم و توور؟
واسیل بکە عەبیری سەلامم بە حوجرەکەم چی ماوە، چی نەماوە، لە هەیوان و تاق و ژوور؟
ئەو غاری یارە ئێستە پڕ ئەغیارە، یا نە خۆ هەر غاری یارە، یا بووەتە غاری مار و موور؟
زارم وەکوو هیلال و نەحیفم وەکوو خەیاڵ! ئایا دەکەومە زار و بە دڵدا دەکەم خوتوور؟!
لەم شەرحی دەردی غوربەتە، لەم سۆزی هیجرەتە دڵ ڕەنگە بێ بە ئاو و بە چاوا بکا عوبوور!
ئایا مەقامی ڕوخسەتە لەم بەینە بێمەوە، یا مەسڵەحەت تەوەققوفە تا یەومی نەفخی سوور؟
حاڵی بکە بە خوفیە: کە ئەی یاری سەنگ دڵ نالی لە شەوقی تۆیە دەنێرێ سەلامی دوور...