دیوانی نالی/ز
1
editخاو و بێخاوی دوو زوڵفی خاوم ئەز | چاوە چاوی یەک غەزالە چاوم ئەز |
گەر نییە ئاور لە سینەمدا بە تاو | بۆچ لەبەر قوڵقوڵ غەریقی ئاوم ئەز؟! |
ناری سینەم گەر نەبێ، غەرقم ئەمن | ئاوی چاوم گەر نەبێ، سووتاوم ئەز |
غەیری زوڵفی تۆ کە ڕشتەی عومرمە | دەس لە «مافيها»ی زەمان بڕیاوم ئەز |
تازە ئەبرۆت وسمە کێشاوە بە ناز | دڵ لەتی شمشێری تازەساوم ئەز |
ئەی ڕەفیقان! سوحبەتی نالی مەکەن | بۆچ؟ کە من لەوڕا وەکوو بەدناوم ئەز |