312842دیوانی نالی — پیتی م1860نالی
دەورانییە، وەک هێڵەکی سەودا، سەری گێژم بۆیە بە دەقیقی مەسەلە هەرچی دەبێژم
هەر پەرچەم و پێشانییە فیکری شەو و ڕۆژم هەر گەردەن و زوڵفە ئەمەلی دوور و درێژم
بێ دیدە و دیداری، هەموو خوێنە دەگریێم یەعنی گوڵ و نەرگس کە نەبێ، لالە دەنێژم
ڕەنگ و ئەسەری شۆڕشی لەعلی نمەکینە ئەم ئەشکە کە بەم سووریی و سوێرییە دەڕێژم
بێنییەتی تەقبیلی دەمت عاتیلە ڕۆژووم بێ حەزرەتی میحرابی برۆت باتیلە نوێژم
نالی وەکوو لالە کە شەهیدی غەم و داغە لەم باغە بفەرموو کە ئەویش لێرە دەنێژم
عومرێکە بە میزانی ئەدەب توحفە فرۆشم زۆرم وت و کەس تێی نەگەیی، ئێستە خەمۆشم
لەو گەردەن و عیقدە کە پڕە گەردەن و گۆشت بەو پێیە کەنارم کە پڕە دامەن و کۆشم
وەک توڕڕەیی پێچیدەیی تۆ ساغ و شکستەم وەک نەرگسی نادیدەیی تۆ خۆش و نەخۆشم
سەرخۆشی شەرابی دەمی تۆ بووم و، ئەمێستاش قوربان، سەری تۆ خۆش، کە نەماوە سەری خۆشم!
شێخی و سەراپا دەڵەک و ڕێوی دەپۆشی نالیم و بە ڕووتی لە هەموو دیدە دەپۆشم
شەو هات و ئەمن مەستی خەیاڵاتی کەسێکم مەشغووڵی نەفەس گرتنی موشکین نەفەسێکم
لەم حوجرە، لەبەر پەنجەرە کەوتووم و دەخوێنم بیعەینی دەڵێی بولبولی گۆشەی قەفەسێکم
هەم واریسی فەرهادم و هەم نائیبی مەجنوون وا تێمەگە، قوربان، کە گەدا، بولهەوەسێکم
گەردەن کەچی تۆم بێکەشش و ڕست و قەلادە وا زەن مەبە ناعارف و هەرزە مەرەسێکم
وەڵڵاهی کڵاوی سەری من چەرخی دەماڵی ببوایە بە دامانت ئەگەر دەستڕەسێکم
باوەڕ مەکە ڕۆح سەختی غەمی فیرقەتی تۆ بم بۆ هاتنی تۆ باقییە نیوە نەفەسێکم
هەر لەحزە دەڵێم من سەگی دەرگام و، ڕەقیبیش دێتە سەر و چاوم کە منیش سەگ مەگەسێکم!
گرتوویە سەگت چاکم و لای تۆمەوە دێنێ یەعنی وەرە نالی کە منیش دادڕەسێکم!
ماچی دەمەکەی دامێ کە دامێ سەر و ماڵم بنواڕە چ سەییادە، چ جەللادە بە حاڵم!
عاشق دەڵێ نابێ کە بدا خۆی لە داوم زوڵفم کە هەموو داوە، هەموو دانەیە خاڵم
بۆ تۆزی ڕەهت دیدە سەقا و موژە جاڕووب ترسام کە لە پێت چێت دەمێ جێت بماڵم
باری غەمی جان ئەبرووەتی تیر و کەمان کرد یەعنی قەدەکەی ئەلفی منە ئێستە کە دالم
دەستم مەخە سەر، تا قەدەمم سووتووە، چاوم! یاخۆ بە شیفا هاتووی؟ چەندێکە ئەناڵم
ڕەنگینە بە خوێناوی دەروونی، دڵی نالی بنواڕە دەڵێ خۆ خەنەیە پەنجەیی ئاڵم
دڵ دەڵێ سەیری چەمەن خۆشە، جەوابی نادەم موددەتێکە لە قەفەسدایە، عەزابی نادەم
مەجلیسێکی چەمەن و بولبول و بەزمی گول و مول بە دوسەد مەدرەسە و دەرس و کیتابی نادەم
گوتم: ئەی ماهـ، دڵی من بە دڵی خۆت بکڕە! گوتی: من بەردی بەقیمەت بە کەبابی نادەم
گۆشەگیرم لە برۆت و، موتەوەححیش لە موژەت ڕۆحی شیرینم ئەبەر شیر و قولابی نادەم
تەڵەبی سینەیی چاکم مەکە بەو چاوانە سینەکەم چاکە بە ئینسانی خەرابی نادەم
نالیا ئەم غەزەلەت تازە بە تازە وتووە بە دووسەد «مەسنەوی» و «لوببی لوباب»ی نادەم
گەر دەپرسی من لەبەر چی کەم دەخۆم من بە برسی قەت مەزانە، غەم دەخۆم
ئاوی سوێری چاو و باری تاڵی لێو سوێر و تاڵی دەم دەم و ژەم ژەم دەخۆم
تا سەری زوڵفت لەسەر ڕوو حەڵقە دا من وەکوو ماری سەر ئاگر خەم دەخۆم
ئاوی کەوسەر نۆشی سۆفی بێ کە من ئاوی ئینسان، یەعنی ماچی دەم دەخۆم
شەربەتی خەوف و ڕەجای ئەغیار و یار ترش و شیرین هەم دەچێژم، هەم دەخۆم
من لە تەوری عالەم و دەوری فەلەک زەربی لازیب، زەخمی بێمەرهەم دەخۆم
تاڵی بێیار و دیار و تار و مار عەلقەمی چی؟ ئەرقەمی چی؟ سەم دەخۆم!
نەوعە ئینسانێ هەیە غەم قووتیە من غەمی خۆم و غەمی عالەم دەخۆم
غەم دەڵێ: نالی کە غەمخواریم نەکا ناعیلاجم من بەنی ئادەم دەخۆم
لایقی مەخزەنی تەبعە هەموو کەنزی غەزەلم قابیلی زەربی ڕەواجە زەڕ و زیوی مەسەلم
سایەیی پایە وەکوو باڵی هوما و بازی سپیم نە وەکوو بوومی قەدەم شووم و، نە هەمڕەنگی قەلم
کەوکەبەی تەلعەتی شاهانەیی تۆم بورهانە: کە لەسەر موددەعی، سوڵتانی موبینە جەدەلم
ڕۆژ سەری کوڵمتە ڕووناکیی نووری بەسەرم شەو خەمی زوڵفتە تاریکیی توولی ئەمەلم
حەرەکاتم سەکەنات و، سەکەناتم حەرەکات چوستە سستی، قەوییە زیعف و، سەریعە کەسەلم
بێش و کەم بێ شکەم و حیرس، وەکوو تیفلی ڕەزیع زاوییە بێشکەم و، بێ شکم و بێ حییەلەم
خوانی زی شانی جیهان هەنگی خۆشاهەنگە، وەلێ مێشی دەم نۆشم و، دوم نێشم و، عەکسی عەسەلم
عاجیزی شوکری تەمامی نیعەمم سەر تا پا کە نە ڕیش بەڵم و، نە کۆسە و، نە کەل و گۆج و شەلم
نالی و سینەیی بێکینەیی چاکم، ئەمما چاکی دامەن تەڕم و، وشکە سەرابی عەمەلم
بە هاوین جەستە خەستەی دەردی گەرمام بە زستان دڵ شکستەی بەردی سەرمام
لە هێلانەی زەمیندا وەک شتور مورغ منی قودس ئاشیان بێباڵ و پەڕ مام
لە قوربی قاب قوسینی دوو ئەبرۆت منی أدنی چ دوور و دەربەدەر مام!
بەڵاگەردانی باڵات بم ئەگەر چووم فیدای هیندوویی خاڵت بم ئەگەر مام
نەفەس هەروا لە ڕێدا دێت و نایێ لە سەیر و مەیری ئەسبابی سەفەرمام
دەمێکە وا لەسەر پێیەک دەسووتێم لە شەوقی تۆ بە میسلی مۆم و هەر مام
وەرە قوربان! بە جان هەردوو برا بین کە تۆ بێمادەر و من بێپودەر مام
لە دارالعلمی تەحسیلی مەعاریف وەکوو نالی جەهوول و بێخەبەر مام
عەزیزم، ڕۆحی شیرینم، دوو چاوم! دەوای زامی دڵ و جەرگی بڕاوم!
ئەتۆ شا، من گەدا، دادم بپرسە لە زوڵمی چاوی بیمارت کوژاوم
ئەگەر نەیدەیتە دەس خۆم قاتیلی خۆم لە ڕۆژی ئاخیرەتدا بی پێناوم
دەسا لادە سەری زوڵفت لەسەر ڕووت کە ڕووتی ڕووتم و مایل بە تاوم
لەباتی خوێنی خۆم ڕازیم بە ماچێ دەسا بیدە هەتا زیندووم و ماوم
ئەوا نیشانەیی مەرگم عەیانە کە من غەرقی خەم و خوێن و زوخاوم
مەکەن مەنعم لە شیوەن ئەی ڕەفیقان! کە مەحزوون و غەمین و دڵشکاوم
لە ژینی خۆم ئومێدم قەتعە نالی! کە سووتاوە هەموو جەرگ و هەناوم
لەبت میم و، قەدت ئەلف و، زوڵف چیم دەزانی بەم سیانە تالیبی چیم!
وەفای عەهدە لە من ڕۆح و، لە تۆ ماچ چییە چارەی ئەمانەت غەیری تەسلیم
کە هاتی تێغی بێزاریت لە سەر دام سەری خۆم خود بە خود هەڵگرت و ڕۆییم
ئەی تازە جەوان! پیرم و ئوفتادە و کەوتووم تا ماوە حەیاتم
دەستێ بدەرە دەستی شکستەم، کە بەسەر چووم قوربانی وەفاتم
تۆ یووسفی نەو حوسنی لەسەر میسری جینانی من پیرم و فانی
لەم کولبەیی ئەحزانە نە زیندووم و نە مردووم هەروا بە تەماتم
فەرقێکی نەکرد نەفسی نەفیسم بە عینایەت وەحشی لە ویلایەت
لەم گۆشەیی وێرانەیە هەر مامەوە وەک بووم وەیشوومی وڵاتم
ئەی قوببەیی تەیبە کە دەڵێی حوققەیی تیبی! مەئوایی حەبیبی!
مسکێنم و بۆ خاکی عەترناکە کە هاتووم بەو بۆنەوە هاتم
هەرچەندە کە من عەبدم و ڕووزەردم و عاسیم مەئموولە خەلاسیم
قوربانی بیلالم کە هیلالانە هەڵاتووم هەر عەفوە خەڵاتم
موددێکە کە هەم گەردشی دەورانی سوپیهرم موغبەڕ بووە میهرم
ئاوێنەیی دڵ شاهیدە هەرچەندە سییەهـ ڕووم میرئاتی جەلاتم
ئەی مەسجید و میحرابگەهت قیبلەیی حاجات بۆ ئەهلی موناجات!
مەحجووبی هەوام و، ئەمەتە مەشهەدی مەعلووم بۆ ڕاهی نەجاتم
ئەی مەتڵەعی ئەنواری هەموو قاسی و دانی شەمسی سەمەدانی
وەک زەڕڕەیی بێجیلوە نە مەوجوود و نە مەعدووم جۆیایی بەراتم
لەم خاکی دەری ڕەحمەتی بێزەحمەتە، نالی فیردەوسە مەئالی
حاشا کە لەمێدا ببمە سائیلی مەحرووم هەرچەند لە عوساتم
حەنایی کردووە پەنجەی بە خوێناوی دڵی زارم ئەمە ڕەنگە شەهادەت بێ کە کوشتەی دەستی دڵدارم
گوتم: ئایا بە زاری خۆت دەپرسی حاڵی زاری من؟ برۆی هێنایە یەک، وەک شکڵی «لا» یەعنی کە بێزارم
عەجەب ئەستێرە شەو هەڵدێ لە تاوی خوسرەوی خاوەر بە ڕووی تۆم دیدە هەڵنایێ شەو و ڕۆژ، ئەرچی بێدارم
تەبیبی من دەبێ دەخڵی هەبێ، ساحیب ئیشارەت بێ مەگەر چاوت بزانێ من لەبەر چی مەست و بیمارم!
بە سەروم وت کە ڕاستە سەرکەش و بەرزی، کەچی لەرزی: کە فەرقیشم بگاتە ئاسمان بەندەی قەدی یارم!
لە شیرینی ئەتۆ، ئەی خوسرەوی تەختی زەمین، ڕەنگە بگاتە ئاسمانی بێستوون فەرهادی هاوارم
برۆت باڵی هوما سایەی سەری سوڵتانی حوسنت بوو خەتت هات و وتی: من ناسیخی توغرایی خونکارم
سەراپا هەروەکوو حەڵقەی زرێ پەروێزەیی خوێنم بە یەک یەک تیری موژگانی زرێ دۆزت بریندارم
حەمایێڵ کە دەمی تێغت لە حەڵقەی گەردنی نالی مەگەر تێراو ببم بەو ڕەنگە، تینووی ساعیدی یارم
فاتیحە! تەسخیرە شاری دڵ بە تابووری ئەلەم موددەتێکی زۆرە پاتەختە لەبۆ خاقانی غەم
حوکمی قانوونی سەفا ڕۆیی لە ڕەومی ڕوومەدا تا هووەیدا بوو لە ڕۆما گەردی ئاشووبی عەجەم
لەززەتی دنیا کە هیچ و پووچە لای ئەهلی ئەدەب ئەووەڵ و ئاغازی جەور و دەردە، ئەنجامی ستەم
تۆزی ئایینەی سکەندەر وا بەدەم باوە، وەلێ گەردی دامانی غەریبانە بلووری جامی جەم
بۆ دەکەی تەکلیفی ڕەسمی ئولفەت و یاری لە من؟ کەی بە سوحبەت ئاشنایە سالیکی ڕێگەی عەدەم!
من مەتاعم جاوە، چاوم! باخەبەر بێ موشتەری تا غەزەل سەودا نەکا لای تاجری چیتی بەقەم
کەی دەکا شەرح و بەیاناتی ڕومووزی دەردی دڵ ڕووڕەشی هەروەک دەوات و دوو زوبانی وەک قەڵەم!
نالیا بێ هیممەتی تا کەی بە دەست میحنەتتەوە فاتیحی و ڕۆستەماسا، ساحیبی تێغ و عەلەم
وەی کە ڕووزەردی مەدینە و ڕووسیاهی مەککە خۆم! دەرکراو و دەربەدەر، یا ڕەب دەخیلی عەفوی تۆم
دەفتەری ئەعمالی من، بێقەترەیێکی ڕەحمەتت، کەی بە سەد زەمزەم سیاهی نوقتەیێکی لێ دەشۆم؟!
کەعبە ئیشراقی وەکوو خورشیدە، من چاوم زەعیف لێم بووە ڕۆشن کە بوعدی قوربە، قوربی بوعدە بۆم!
بۆ جیواری حەق لە هەر جێ سیدقی نییەت کافییە من لە بەیتوڵڵا ئینشەڵڵا «بأذن اللّە» دەڕۆم
لێم حەرامە دانە و ئاوی حەماماتی حەرەم من کە بازی دیدە بازم نەک شەوارەی دەستەمۆم
تا بەکەی وەک ڕاوییە و، وەک سانییەی سێ پەل شکاو بێتەواف و سەعی و عەمرە هەر بخەوم و، هەر بخۆم!
من لەوانەم چی کە وا ئەهلی وەسیلە و مەسئەلەن عامیل و ناچار و مەعزوور ئەر بڵێن هەر بێنە بۆم!
خەوفی من لێرە لەبەر زۆری گوناهە یەک بە سەد گەرچی عاسیی و موزنیبم ئەمما موقیڕڕ و بێدرۆم
شادمانی بێوەفایە، یاری تێری و مەستییە یاری تەنگانەم غەمە با هەر غەمی خۆم خۆم بخۆم
لامەدە نالی لە ئەنباری جیرایەی ساڵحان گەرچی ببیە خۆشەچینی دانەیی خەرمانی ڕۆم