ئەی شۆخی بێنیاز و گران ناز و غەمزە سووک!
|
تیری موژەت نیشانەیی دڵ کون دەکا بە نووک
|
کوشتەی نیگاهی دیدەتە، گەر مەست، ئەگەر خەراب
|
بەستەی کەمەندی زوڵفتە، گەر شێخ، ئەگەر سولووک
|
نەقدی دڵێ کە ڕائیجی سەودایی تۆ نەبێ،
|
مەغشووش و کەم عەیارە و هەم قەڵب و هەم چرووک
|
سۆفی! وەرە ئەسەیری زوهووراتی باغ و ڕاغ
|
لایێ هەموو شکۆفە و، لایی هەموو گوڵووک
|
دەستی چناری ڕووت و، سەری شاخ و، لێوی گوڵ
|
ڕازانەوە بە خەلعەتی دیبا و بەرگ و تووک
|
دەسبەندیانە دێن و دەچن سەرو و نارەوەن
|
ساحێب کولاهـ و سایە و بەرگن وەکوو مولووک
|
کانی دەزێن بە ئاو و، درەخت ئاوسن بە با
|
شایی بەهارە، بولبولە داماد و غونچە بووک
|
وەک چاوی وشکە سۆفییەکانی لە دار و بەرد
|
دەردێن بە سەد تەرەننوم و گریان و نووکە نووک
|
ڕایێڵ و تار و پۆیی کولووی بەفرە، ئابشار
|
با بای دەدات و ماسیی پێدا دێ وەک مەکووک
|
شەبنم کە نەزم و نەسرە لە ئەوراقی غونچەدا
|
گۆیا بووە بە زار و زوبان و ددان و پووک:
|
نالی عەجەب بە قووەتی حیکمەت ئەدا دەکا
|
مەعنایی زۆر و گەورە بە لەفزی کەم و بچووک
|