دیوانی وەفایی/ئەی غارەتی هۆش و خیرەدم نەرگسی کاڵت

310899دیوانی وەفایی — ئەی غارەتی هۆش و خیرەدم نەرگسی کاڵت1902وەفایی
ئەی غارەتی هۆش و خیرەدم نەرگسی کاڵت ڕۆشنگەری ئاوێنەیی دڵ عەکسی جەماڵت
حاشا مەکە قوربان لە کوژاوی خەت و خاڵت ئیسباتی شەهیدیم ئەوەتا پەنجەیی ئاڵت
دەستم کە نەگەییێ بەسە بەو گەردنە خینم
وەک زولفی ڕەش و نەرگسەکەی فیتنەگەری تۆ سەرمەستم و سەوداسەرم و دەربەدەری تۆ
گەر دین بووە گەر دڵ بووە قوربان بە سەری تۆ ئێستاکە لە سایەی سەری زولف و نەزەری تۆ
گەردەنکەچی زوننارم و مەیخانەنشینم
ڕۆژ عاریزی تۆ ئاگری بەردامە هەناوان شەو پەرچەمی تۆ دووکەڵی ئاویتمە چاوان
بەندبەندی دەروونم هەموو سووتاوە لە تاوان ناڵەم وەکوو نەی دێ لە خەمی حەڵقە و داوان
لەو شیوە وەرن گوێ بدەنە شیوەن و شینم
زولفت کە لەسەر عاریزی تۆ خۆش حەرەکاتن گۆیا سەحەری عید و شەوی قەدر و بەراتن
دایم دەگەڕێن تەشنەیی خوێنی شوهەداتن دوو سەف لە فەڕەنگی لە تەرەف ڕۆمەوە هاتن
بردیان بە ئەسیری دڵەکەی زار و حەزینم
وەک کافرێ تینوو بێ بە خوێنی سەری ئیسلام وەک تورکێ لە دین وەربگەڕێ مەست و مەی ئاشام
چاوت بە کەمان مۆرەیی ئەبرۆیی سیەهـ فام تیرێکی وەها سەختی لە موهرەی جگەری دام
تا ڕۆژی حەشر هەر دەتکێ خوێن لە برینم
چ بکەم وەکوو قومری کە نەیێ ئاهـ و فوغانم پڕخوێنە وەکوو نافە دڵی بەستەزوبانم
هەر لەحزە بە نازێکی دەکا غارەتی جانم ڕادەبرێ بە بای عیشوە، دەڵێ: سەروی ڕەوانم
دەنواڕێ بە تای زولفی، دەڵێ ئاهووی چینم
سینەم هەموو سووتاوە لە تاو ئاوری سینا دیدەم هەموو پڕخوێنە لەبەر چەشمەیی مینا
ئەو دەردە وەفایی کە لە چاوی گوڵم هێنا موشکل کە شیفام بێ بە هەزار بووعەلی سینا
جارێکی مەگەر بێ بە دڵی خۆمی ببینم