گوڵێکم بوو لە دونیادا شکۆفەی باغی ڕەعنایی
|
لە داغی پەرچەمی شێوام لەنێو بازاڕی ڕیسوایی
|
وەکوو بولبول بە ڕووح و دڵ شەو و ڕۆژ بوومە سەودایی
|
هەموو عومری عەزیزم چوو لە ڕێی خەندێک بەخۆڕایی
|
بەجارێ ماڵی وێرانم ئەمیشم چوو ئەویشم چوو!
|
ئەمن وەک پەرچەمی جانان، ئەمن وەک نەرگسی یارم
|
لە لایێ خاو و سەرگەردان، لە لای مەست و بیمارم
|
بڵا بگریم بناڵێنم، کە وا تێک چوو سەر و کارم
|
دڵم دانا لە ڕێی دڵبەر: نە دڵبەر بوو نە دڵدارم
|
بە جارێ ماڵی وێرانم ئەمیشم چوو ئەویشم چوو!
|
گوڵێکم بوو لە باغی دولبەریدا ماهی کەنعانی
|
دڵێکم بوو لە ڕیزەی عاشقان مەجنوون بە سووتانی
|
دڵی بردم، فریوی دام بە ماچی لێوی مەرجانی
|
ئەسیری ئیلتفاتی سەر زبانی بووم و نەمزانی
|
بە جارێ ماڵی وێرانم ئەمیشم چوو ئەویشم چوو!
|
بە ئاوی چاو و خوێنی دڵ، بە سەعیی ڕووحی شیرینم
|
غەزاڵێکم لە داو خست ئافەتی دڵ غارەتی دینم
|
هەتا چووم چاوەکانی ماچ بکەم لەحزێکی بیبینم
|
لە دەستم چوو وەکوو دڵ، بوو بە مایەی شیوەن و شینم
|
بەجارێ ماڵی وێرانم ئەمیشم چوو ئەویشم چوو!
|
وەفایی من شەهێنی قۆڵی چاوبازانی شاهان بووم
|
ئەسیری دەستی گوڵدەم، سەروباڵا، ماهڕوویان بووم
|
گەهێ بولبول، گەهێ تووتی، گەهێ مورغی غەزەلخوان بووم
|
بە ئوممێدی عەزیزێک –دوور لە چاوم- پیری کەنعان بووم
|
بەجارێ ماڵی وێرانم ئەمیشم چوو ئەویشم چوو!
|
خوداوەندا! خوداوەندا! پەشیمانم پەشیمانم
|
بە کاری ئاخیرەت نایەم عەجەب ئالوودە دامانم
|
بە باری مەعسییەت شەرمەندەم و چاو پڕ لە گریانم
|
نە دینم بوو نە دونیا گەر نەکێشی خەت بە دیوانم
|
بەجارێ ماڵی وێرانم ئەمیشم چوو ئەویشم چوو!
|