310944دیوانی وەفایی — پیتی م1902وەفایی
گا دەسووتێم گا دەگریێم غەرقی ئاو و ئاورم ئاخ لەبەر بەختی سیا! نازانم ئەز بۆچ نامرم؟
هەر کە دەتبینم دەڵێی تۆ شەم و منیش پەروانەتم تا سەراپا نەبمە کۆی زووخاڵ قەد ئارام ناگرم
هەر ڕەگم تارێکە ناڵەی دێ لە شەوقی ڕوویی تۆ عەندەلیبم، موتریبم، خۆشخوانی گوڵ ڕامشگەرم
زولف و ڕوو، باڵا و ئەبرۆ و خەتت و خاڵ و چاوی کاڵ لەو تەلیسمی حەوت خوان زۆر موشکیلە ڕۆح دەربەرم
عەکسی زولف و ڕووتە مایەی جۆششی گریانی من چ بکەم ئاخر چاو پڕاوی دوودی عوودی مەجمەرم
حەقمە خوێن بگریم لە بێدادی خەت و جەوری نیگا من کە گیرۆدەی فەڕەنگ، یەخسیری دەستی کافرم
پێکەنینت جەزبی کردم بۆ سەر و زولفی سیاهـ تووتیی شیرین کەلام پابەندی داوی شەککەرم
گاهـ پەرێشانی ڕوخ و گا دڵشکستەی قامەتم هەر وە زولفی تۆ دەچم سەرگەشتە و سەوداسەرم
گەر بە ناز هەر دەمکوژی با تێر ببینم چاوەکەت لێم گەڕێ جارێ بە کووچەی مەیفرۆشان ڕابرم
دوور لە تۆ زۆر بێقەرار بووم تا بە لوتفی چاوەکان زەحمەتت دا بەر تەبیبان هاتی ئەمڕۆ چاترم
حاسڵی سەیر و سلووکم بوو بە خەندەی زاری تۆ گەهـ بەقا، گاهێ فەنا، گەهـ غائیب و گەهـ حازرم
زاهید ئینسافت هەبێ، تۆ چت لە ڕەندی بادەخوار؟ تۆ و بەهەشت، تۆ و حوور و غیلمان، ئەمن و چاوی دڵبەرم
وەک وەفایی دڵ بدە دین دانێ بۆ ساحیب دڵێک دا بزانی بۆ چی من عاشق بە حوسنی مەزهەرم
ئەی إمام المرسلین، شمس الهدی، بحر الهمم ئەی شفیع المذنبین، خیر الوری، مولی النعم
ئەی نەسیمێکی گوڵی زار و شوعاعێکی ڕوخت شەوقی ڕۆژ و بەدری تابان عەتری گوڵزاری ئیرەم
ئەی لە شەوقی جەننەتی ڕووت ئەنبیا و ئەولیا ڕۆح لەسەر لێون وەکوو پەروانە بۆ دیداری شەم
ئەی دەم و خەندەت دەلیلی دەعویی بوون و نەبوون ئەی برۆ و باڵات بەیانی مەعنیی نوون و قەلەم
ئاسمان پیر بوو لە داغی خەتی ڕووی تۆ ڕۆژ و شەو سەد چرای هەڵکرد و نەیبوو وا سەوادی یەک ڕەقەم
تۆ بیی و تەشریفی لولا و سیڕڕی مازاغ البصر تۆ و مەقامی لی مع الله، تۆ بیی و نووری قیدەم
بێنەوام هیچم نییە هاتووم و مەحروومم مەکە قەت لە دەرگای خۆی گەدا ناکاتەدەر ساحیب کەرەم
هیچ تەبیبێ ڕێی نییە دەردی دەروونم کا دەوا ئەمڕۆ گەر چارەم نەکەی وا حسرتا یوم الندم
هاتمە بەر ئەبرۆت و ناسووتێم لە سایەی خەتتی ڕووت ئایەتە: «چی داخڵی کەعبەی بوو نایبێ ترس و غەم»
دەست و دامانی خەمی گێسوویی تۆم لەو عاریزە نائومێد نابم کە من دەستم لە حەلقەی کەعبە دەم
من چلۆن مەحرووم ببم ئەی رحمة للعالمین دێ سەدای لا تقنطوا من رحمة الله دەم بە دەم
هات نەسیمی خاکی دەرگات ئاوری دڵ دامرا ذقت من ماء الحیاة شابنی بعد الهرم
چاوەکانت سەرخوشن، قوربان، کوتم: مایل بە چین؟ عەکسی زولفی خستە سەر حەرفی مودەووەر یانی: دەم
کەوتمە خاکی دەرکی هاتن بمکوژن خۆش بەو دەمە قال رب البیت: هان! لا تقتلوا صید الحرم
تەوقی ئەبرۆی، شەوقی ڕووی، خستمیە ناو زولف و کوتی: کەعبە و ڕۆژی موناجاتە و مەقامی مولتەزەم
یا رسول الله دەزانی تۆ کە شەیتانە عەدووت هەم لە تۆ مەعلوومە ئەمنیش ئوممەتی تۆم هەرچی هەم
کەی ڕەوایە و غیرەتە بۆ تۆ کە فەخرولئەنبیای دوژمنی خۆت شاد بفەرمووی، ئوممەتی خۆت دڵ بەغەم
داغی تۆم هەر پێوەیە سەد جار دەرم کەی دێمەوە من غولامی تۆم وەفاییم ڕوو لە دەرگای کێ دەکەم؟
درێغا بای خەزان دایە بەهاری شۆخ و ڕەعناکەم لە ئیزهاری عەمەل کەوت ئافتابی عالەم ئاراکەم
وەرەق ڕێزان، خەزان کەوتە ڕەزان، وەزعی چەمەن گۆڕا بەسەرچوو فەسڵی گوڵگەشت و تەماشای باغ و سەحراکەم
خەزان هات و چەمەن چۆڵ بوو لە نەغمەی بولبول و قومری درێغا! حەسرەتا! بۆ گوڵعیزارە سەروباڵاکەم
لە گریان ئاسمان دامانی سوور بوو شینی گێڕاوە مەگەر گیراوە یا مایل بە شامە ڕۆژە ڕووناکەم؟
ئەدیمی بەختی من ڕەش بوو تەرازوو وا ترازاوە دەبێ مەیلی بە تائیف کردبێ تەئسیری شەعراکەم؟
لە من دوور بۆتەوە خورشیدی ئەوجی مەعریفەت، شایەد بە تیغی غەم سەری خۆم هەڵگرم هەمڕەنگی جەوزاکەم
لە من وەحشی بووە ئاهووخەرامی لالەڕوخسارم مەکەن مەنعم کە هەروەک شێت و هاران ڕوو لە سەحراکەم
بە مەحروومی لەگەڵ بەختی سیادا ماوە فرمێسکم لە تازیەی هیجرەتی خورشیدی عالەم واسورەییاکەم
وەفایی پێت بڵێم: دونیا و دینت بۆ چی بەرهەم بوو دەڵێن: ڕۆیی لەسەر دونیایێ قیبلەی دین و دونیاکەم
نیشات و عوشرەتی دونیا بە نەشئە و قووەتی چاوە ئەمن چ بکەم لە دونیادا کە ڕۆیی نووری بیناکەم
کە تۆ ڕۆیی، لەبەر چاوم کورەی خاکی بە ئاوا چوو! لە پاش تۆ، ئەی گوڵی نەوڕەستە، خاکی کوێ بەسەرداکەم؟
خۆشا بەو ڕۆژە عەکسی پڕتەوی حوسنت لە سینەم دا ئەوێستاش مەست و مەخمووری تەجەللای تووری سیناکەم
خۆشا بەو وەقتە تۆ میرئاتی دولبەر بووی بە دڵدارم ئەوێستاش مەحوی دیداری جەمالی ڕۆژە حیرباکەم
بە یادی پێکەنینی تۆ کە دەگریم و دەبارێنم دەبێتە مەنبەعی شیر و شەکەر شۆراوی دەریاکەم
کە دەگریم بۆ جەمالی تۆ دیارە ئەشک و ئاهی من لە خورشیدی دەداتن دەم، ستارەی شامی یەلداکەم
بە یادی تۆیە وا دەم دەم خورۆشی ئاهـ و ناڵەی دڵ لە تاو گوڵشەن دەناڵێ عەندەلیبە شێت و شەیداکەم
فەلەک - خانە خەرابێ - بەزمی مەستانی وەها تێکدا نەما داری لە سەر بەردی، بە دەردی سەر چ ئاواکەم؟
لە ژێر باڵی هوما جێی بازی شاهی قەسری شاهان بووم درێغا! ئێستە وێرانەی، سیسار و جوغدە جێگاکەم
لە ناڵێن کەوتووم بۆ دەستی یاری موتریب و مەجلیس وەکوو تاری گوسەستە تێک چووە بەند بەندی ئەعزاکەم
دڵم بێهۆش و خوێنبارە لە دووریی نێرگسی ساقی سوراحی کەوتووە دەگری، دەڵێ: کوا بادە پەیماکەم؟
شکا پشت و دڵی من بۆ وەفاتی پیری مەیخانە بە چەرخێکی فەلەک وای کرد نە جامم ما نە میناکەم
لەسەر حەوزی دەروونی، چی بەسەر هات هاتوچۆت قوربان؟ کوا دەم کەوسەر و خولد و خەرام و نەخلی تووباکەمم
سەدای یاحەییی دەروێشان، نەوای یاهوویی دڵڕێشان لە دەوری خانەقادا بوو بە جیسم و ئیسمی عەنقاکەم
هەتاکەی قەلبی من دەرهەم بێ ئەی ئیکسیری خاکی من؟ لە خاکی کوێ موقیمی پێم بڵێ؟ قوربانی ئەو خاکەم!
لە سەر خاکی دەرت، قوربان، هەتا من بم هەتا سەر بێ ئەگەر تاجی سکەندەر بێ سەرم ناوێ لەسەر ناکەم
هەتا ڕۆژی ئەبەد، قوربان، لە سەر عەهدی قەدیمی تۆم بەهەشتم لێ حەرام بێ گەر بەبێ ڕووی تۆی تەمەنناکەم
ئەمن شاییم بە تۆ بوو؛ چونکە شاهی غەم ڕەوێنم بووی کە من شاییم لە دڵ ڕۆییوە، ئیدی دڵ بەکێ شاکەم
جەنازەم دی سەری ڕاگرت و فەرمووی: گوێم لە ناڵەت بێ درێغا! جێبەجێ بوو، هاتەجێ تەعبیری ڕوئیاکەم
خودا بۆ خۆی دەزانێ مەنبەعی نووری خودایی بووی درێغا! نەخلی ئەیمەن، مەزهەری نووری تەجەللاکەم
نەسیمی فەیزی تۆ دین و دڵی دووبارە ئیحیا کرد درێغا! وەک مەسیحا باعیسی ئیحیایی مەوتاکەم
دەلیلی تالیبان بووی، بۆ خودا، وەک ڕۆژ هوەیدایە درێغا! مورشیدی دەوران و خورشیدی هوەیداکەم
لە سایەی تۆ گەلێ کەس بوونە عاریف، ڕێی خودایان گرت درێغا! عاریفی ڕێگەی خودا و ئەهلی تەقواکەم
موریدانی دەری تۆم دی بە چاوی خۆم، لە ئینس و جان درێغا! بۆ ئیمامی ئینس و جان مەولایی ئەولاکەم
بەڵایێک هات و پێی گیرا، بە بایێک نووری کووژاوە درێغا! شەمسی عیرفان و چرای تاریکە ڕێگاکەم
لە حەڵقەی تالیبان وا هەر دەبارێ نوور لە تەشریفت درێغا! بۆ سەر و سەرحەڵقەیی ئەولادی تاهاکەم
ئەمن نادان و نەمزانی، ئەرێ بۆچ عاریف و عامی وەکوو پەروانە سووتابوون لەبەر شەمعی شەب ئاراکەم؟
لەبەر چاوی نەزانان ساحیر و زەندیق و کافر بووی درێغا! پیری بەستام، قوتبی خەرقان، غەوسی بەغداکەم
بە داوی دانە بۆ گیرا، بە دەریای عیلمی ئەسماوە لەبەرچی هاتەخوار ئادەم لەسەر فیردەوسی ئەعلاکەم؟
پەنای بۆچ بردە بەر دار ئەو کە دەیزانی دەبێ شەق بێ؟ نە ئاخیر ساحیبی ئایات و موعجیز بوو زەکەریاکەم؟
لە سیڕڕی نووری چاوانی عەجەب بێنوور و حیکمەت بوو بڵێ بۆچ پیری کەنعانی دەگریا، نووری عەیناکەم؟
سولەیمان خاتەمی ون بوو لە قودرەت ماوە نەیفەرموو بەڵا سەخرەی بە ئاودادام بەڵا ئاسەف لە دەریاکەم
کەلیم ئێستا نەبووبوو چەند هەزار مەعسووم لەسەر وی چوو؟ دەبێ جوابی چ بێ ڕۆژی جەزا، گوستاخە مووساکەم
لەبەر قەومی مونافیق بوو دەبێ هەڵبێ کە دەیزانی مەقامی خۆی وەکوو ڕۆژ ڕوونە روح اللهیی عیساکەم
سەحابەی بۆچ شکا؟ بۆ چی شەهید بوو گەوهەری پاکی؟ موحەممەد: باعیسی بوون، شاهی تاج و تەختی لەولاکەم
شەهیدی دەستی کافر بوون کە ئەکسەر ئەولیایی دین جەوابی موددەعی چ بدەم؟ سکووتی بێحەد ئینشاکەم
نە «ئاو» موختارە بڕوێنێ، نە «ئاور» تا بسووتێنێ نە «خاک» چی پێیە بینوێنێ، ئەگەر سەدجاری بەر «با»کەم
عەدەم «باری» سەبەبکارە، وجودێکی حەقە دیارە بۆ خۆی فەععال و موختارە، خوداوەندی تەواناکەم
بە مینهاجی خەلیلی حەق، بە میعراجی رسول الله دەبێ هەر بێتەجێ ئەمر و ئیرادەی حەق تەعالاکەم
ئەتۆ چووی بۆ جیواری حەق ئەمن مام حەبس و زیندانی غەمی بەندەت هەبێ ئەی سەیید و سەردار و مەولاکەم
بە سووڕەت گەرچی لێم دووری، بە مەعنا بەرقی مەستووری بەڵێ بەرچاو و مەنزووری دەڵێی تۆی نووری بیناکەم
لە کوێ بتبینمەوە، شاد بم بە ڕووی تۆ، بێیە سەرچاوم؟ مەگەر چاوم لە دڵ بێ سینەکەم ئایینە سیماکەم
دەمت بێنە دڵم مەشکێنە دەستم بگرە ئەو جارەش بە هۆشیاریم دەیێ ساقی، کە نەڕژێ جامی سەهباکەم
غەریب و بێکەس و ئاوارە کەوتووم، دوور لە ڕۆحی خۆم بە دەردی بێدەوا ماوم، ڕەفیقان کوا مەسیحاکەم
خوداوەندا! ڕەحیما! قادرا! ئامورزگاری خۆم کەریم و، حەییی و غەففار و، قەدیم و فەردە یەکتاکەم
بە حەققی نووری وەجهی پاک و بێمانەند و بێمیسلت بە ئیسمی ئەعزەمی خۆت ئەی خودای سەتتار و داناکەم
بە سەرمەستانی بادەی ساغیری عەهدی ئەلەستت کەی بە قەترێکی نەجاتم دەی لە دەست خۆم ڕوو لە دەریاکەم
وەفایی بێکەس و داماوە پابەندی تەلیسمێکە مەدەد یا ڕۆحی غەوسی ئەعزەم و شاهی بوخاراکەم
بە حەققی نووری موتڵەق، جەددی ئەمجەد، شاهی لەولاتان ئیمامی یەسریب و، قیبلەی مەلایک، ماهی بەتحاکەم
بە حەققی چار یار و ئال و ئەولادی نبي الله بە ئەنسار و موهاجیر قائیدانی قیبلە گومڕاکەم
بە ڕۆحی خواجەگانی نەقشبەند و قیبلەگاهی خۆم غەریب و جانسپاری کەعبە قوتبی دین و دونیاکەم
بە قووەی جازیبەی دڵتان وەفایی دەست و دامانە چ نابێ گەر لە سایەی ئێوە قەتعی ماسوی اللهکەم
خۆشا ڕۆژێ لە عالەم دەربەدەر بم لە نێو ئەوزاعی دونیا بێخەبەر بم
لەبەر بێتاقەتی دێوانە ئاسا لە غەوواسانی دەریا بێخەتەر بم
شەو و ڕۆژێ لە چۆڵی هەر بە ناڵە حەریفی شەوڕەوی بادی سەحەر بم
نەزانێ هیچ کەس ناو و نیشانم ئەگەر عاقڵ ئەگەر ئاشفتە سەر بم
لە هەرلا با بسووڕێنێ غوبارم لە هەر جێگایێ پێویستە سوپەر بم
چرا بێ هەڵکرێ، جانا، لە نێو دڵ لە ڕووناکیی دڵی یارم خەبەر بم
لەبەر چاوی تەڕم سۆرانی بڕزێ گەهێ بێدایک و گاهێ بێپدەر بم
خودا خۆم چۆن بسووتێنم بە جارێ لە دەرد و داخی ئەحواڵم بە دەر بم
شەوێ هەر تاکوو ڕۆژێ هەر بناڵم بە گریان دەست و دامانی سەحەر بم
چ ڕێگەی چارە نابینم «وەفایی» مەگەر سەر تا قەدەم غەرقی نەزەر بم
فەرمووتە کە من پادشەهی حوسنی دڵارام خورشید و مەهن ئایینەداری ڕوخی زیبام
فیردەوسە جەمالم بە نیهالی قەدی تووبام یەعنی بە دوو لەب ساحیبی ئیعجازی مەسیحام
ماچێکی دەمم کافییە بۆ کوشتەیی باڵام
فنجانی دەمت ساغەرە یا قووتی ڕەوانە؟ وەک نەشئی حەیاتی دڵە یاقووتی ڕەوانە!
ئەو چاوە تەبیب و بەڵەدی دەردی دڵانە عیللەت چییە بۆ من کە حەکیمێکی نەزانە؟
جێی نەشتەری وی ئاگری بەردا دڵ و سووتام
ئەگریجە و پەرچەم مەدەدی نێرگسی کاڵن فەوجی حەبەشن، لەشکری سوڵتانی جەماڵن
ئارایشی ڕوو و ڕەونەقی باغی خەت و خاڵن هەر یێکە لەلایێ بە ئومێدی سەر و ماڵن
بەو داوی ئەوی بەستەیە خۆم و دڵی شەیدام
من سایلی ئاشوفتەگیی زولفی دوتا بووم تێک چوو کە ئەمن عەنبەری تەڕ، میشکی خەتا بووم
من هەم نەفەس و هەمدەمی شازادە و شا بووم تا دیم گوڵی تۆ عاشقی ئەندامی بەڵا بووم
سەرگەشتە ئەوێستا کە لە دووی گوڵبونی باڵام
ئەبرۆ و جەبین و ڕوخی بێ شیبهـ و میسالن تێکەڵ بە گوڵ و یاسەمەن و غەرقی لوئالن
بۆ موڵکی جەماڵی کە شەهەنشاهی جەلالن یا شەمس و قەمەر، قەوس و قەزەح، بەدر و هیلالن
وا جوملە هەڵاتوون لە گەریبانی گوڵەندام
خەت هاتووە دەوری لەب و ڕووی داوە لە سەردا یاخۆ حەبەشی فایەقە داغی لە جگەر دا؟
گوڵزاری دەمی پوستە و باغی گوڵی بەردا یا لەشکری کێشاوە بە زێی شیر و شەکەردا؟
شەڕیانە لەسەر کەعبەیی ڕوو کافر و ئیسلام
ئەی میشکی خەتایی خەت و خەت جەوهەری کوڵمت ئەی سونبولی تەڕ دووکەڵی سەر مەجمەری کوڵمت
سووتاوە وەفایی لە هەوای ئاگری کوڵمت سا ئەو دەمە وا بێنە ئەتۆ بی و سەری کوڵمت
غەیری ئەوە –بیللا– نییە لەو لێوە تەمەننام
نیگارا! دڵبەرا! نامیهرەبان! یاری جەفاکارم بە زاری کوشتمت! تاکەی دەفەرمووی من وەفادارم؟
دەڵێی مورغی شەباهەنگە لە دەوری سوبحی دیدارت لە حەلقەی زولفی تۆ دێ دەم بەدەم ناڵەی دڵی زارم
بە دەردێ موبتەلا بووم جاهیل و دانا کە حەیرانن مەگەر چاوی نەخۆشی تۆم نە مەخموورم نە هۆشیارم؟
گەهێ سووتاوی ئەبرووتم، گەهێ پابەندی گیسووتم لە لایەک ڕوو لە میحرابم، لەلایەک ڕوو بە زوننارم
نیشانەی قاتیلی نامیهرەبانم زاهیرە یەعنی: فەرەنگی خەت و زەنگی زولف و هیندوو خاڵ و دڵدارم
بە تای زولفی و چینی توڕڕە دین و دڵ دەبا چاوی دەڵێی من خانەوادەی ئاهوانی چین و تاتارم
وەسییەت بێ کە مردم تەخت و تابووتم لە عەرعەر کەن هەتا عالەم بزانێ من شەهیدی قامەتی یارم
«وەفایی» دوور لە تۆ پەیوەستە حاڵی شین و گریانە لەبەر چاوت بە سەد جێ وەک نیشانەی دڵبریندارم
دەمێک ساقی دەمت بێنە دەخیلی چاوەکانت بم بە جامێک دەستی من بگرە فیدای پیری موغانت بم
لە دوو لا مەست و حەیرانم، بە قووەی جەزبە نازانم نە سەرگەردی سەر و گەردەن، نە قوربانی لەبانت بم؟
چ خۆشە وەجدی سەرو و گوڵ، بە دینی قومریی و بولبول دەمێک شەیدای قەد و باڵات، دەمێک شێتی دەهانت بم
لە نیشانەی پەڕەی جەرگم نەوەستا تا نەگەییە دڵ بە قوربانی خەدەنگی دەست و بازووی چاوەکانت بم
شیفای دام غەمزەکەی چاوت کە وا خوێنی دڵی گرتم بە قوربانی موداوایی حەکیمی حاڵزانت بم
بەبێ ئیمدادی خاڵی گەردنت دەردم شیفای نایە مەگەر بێم دەست و دامانی گەلاوێژی بەیانت بم
لە وەسڵی ڕوویی تۆی کردم حیجابی پێچشی زولفت هەتا کەی دڵشکستەی دەرد و تەعنەی باغەبانت بم؟
موقیمی خاکی دەرکەی تۆ حەریمی جەننەتە جێگای بە لوتفی تۆ چ کەم نابێ منیش ڕیزەی سەگانت بم؟
بە زولفی پڕ لە هاواری دڵان کەوتووم، دەسا ڕوحمێ ئەمان سەرقافڵەچی قوربانی زەنگی کارەوانت بم
لەوی ڕۆژێ کە ڕووت وا کرد و لێت پرسیم، هەتا دەمرم بە بۆی جەننەت دەبێ من هەر لەسەر ڕازی نیهانت بم
برۆت تێکنا، دەمت وێکنا، لە دەریای لوتفی تۆ دوورە لە قوربی قابەقەوسەین و مەقامی لامەکانت بم
ئەمن کورد و دڵ ئیفتادە، ئەتۆ شۆخ و عەرەب زادە مەگەر بمرم بە بەختی خۆم دەمێکی هەمزوبانت بم
بە یادی زولف و ڕووی تۆ وەک «وەفایی» هەر دەناڵێنم دەبێ تا ڕۆژی مەحشەر تازیەدار و ڕەوزەخوانت بم
ئەگەر بێ یادی زولف و چاوەکەت یەک لەحزە سابیر بم ئەسیری بەندی کافر کوشتەیی بێدادی ساحیر بم
ویساڵی خاڵەکەی لێوت حەیاتی عاشقە ئەمڕۆ بە حەققی ساقیی کەوسەر بڵا لەو بەزمە حازر بم
نیگاهی گەرمی تاراجی هەموو دەرد و غەمە وەک مەی کوشندەی میحنەتە قوربانی نەشئەی دەوری ساغر بم
بە جەزبەی خاڵی ڕووت بەڵکوو بە باغی حوسنی تۆ شاد بم دەبێ من هەر لەسەر ئایینی ئیبراهیمی ئازەر بم
کەمەندی زولفەکەی تۆ بمگرێ من عاشقی ڕووتم موراد و مەتلەبێکی دیم نییە، «غیر از» تو، کافر بم!
وەکوو پەروانە دەگریم و دەسووتێم دوور لە زولفی تۆ هەتا کەی من لە داغی تۆ حەریقی ئاو و ئاور بم؟
بە خەندێکی دڵی بیماری ئەو چاوانە مەشکێنە لە ئەم گوڵقەندە مەحروومم مەفەرموو بەڵکوو چاتر بم
«وەفایی»! گەر بە هەویای وەسڵی زاری دڵ مەدە زولفی مەحاڵی عەقڵە جەمعییەت کە من ئاشوفتەخاتر بم
بە جارێکی تەماشای تۆ، فیدات بێ، هەم دڵ و دینم ئەگەر سەد جار قیامەت بێ دەمێکی هەستە بتبینم
لە غەمزەی چاوەکەت دەتکێ لە جەرگم خوێن و نازانم نە خەستەی پەنجەیی بازم؟ نە بەستەی دەستی شاهینم!
مەگەر زولف و ڕوخت وەک لالە حاڵی بێ کە من بۆچی جگەر سووتاو و سەرتاپا غەریقی مەوجی خوێنینم
وەکوو نەی کون کونە جەرگم لە تاو هیجرانی تۆ بۆیە بە سۆزی نەی دەسووتێم و بە ناڵەی نەی دەناڵێنم
ئەتۆ سەروێکی ڕەنگینی، لەسەر چاوان بە شیرینی لەبەر چاوم نەڕۆی چاکە، حەیاتم، غارەتی دینم!
ئەتۆ گوڵ، عەنبەرین ڕێی تۆ، ئەمن خاکی بەری پێی تۆ لە من تۆ زیز نەبی چاکە، عەزیزم، ڕۆحی شیرینم
کوتم: دا ڕوومەتت وا بێنە بگرم زولفەکەت! فەرمووی: بڵا گوڵ تێک نەچێ، بولبول نەسووتێ، چت لە پەرژینم؟
بە باغم کوت: بە ڕەنگ و بۆت مەنازە، زەرد و سوور بووە ئەگەر بارم هەموو سونبول بێ تایێک زولفی ناهێنم
کوشندەی من نەبوو هیچ کەس مەگەر سەر دایرەی حوسنی لە ڕۆژی حەشرێ خوێنی خۆم لە چاوی مەستی دەستێنم
لە باتی خوێنی خۆم، وەک زولفی، تەسکینیم بە هیچ نایێ مەگەر دەستی شکستەی خۆم لە گەردنی زەردی وەربێنم
شەکەر قەدری نییە، قوربان، ئەگەر شیرین نەبێ، یەعنی: دەبێ تۆش لێوەکەت بێنی ئەگەر من ڕۆحەکەم بێنم
بە نازی چاوی بازت وەک وەفایی کەوتمە نێو زولفت ئەوێستاش مەست و مەخمووری شەرابی جامی دووشینم
لە داغی زولفی یار و عاریزی وەک لالە سووتاوم بە ڕەنگی لالە بۆیێ داغدار و غەرقی خوێناوم
دوو چاوی مەستە بێبادە، مەلایک ڕوو، پەری زادە پەری دێوانەیی کردووم، مەلایک دەستی لێداوم
لە سەودای خەتتی یاقووتی لەب و کاکۆڵی ڕێحانی وەکوو زولفی شکستە تێکشکاو و خاو و شێواوم
لەبەر چاوت کە ڕەمزی نوکتەبازی مەکتەبی حوسنە وەها مەستم لە ڕەنگی حەرفی مەعنا لەوحی شۆراوم
لە نێو سەیلی سوروشک و سۆزی دڵ حەیران و مەبهووتم لە دووریی تۆ عەجەب ماوم! نە خنکاوم، نە سووتاوم!
عیزار و زولفی تۆ - بێشک - شەو و ڕۆژ پێکەوەن ئەمما شەو و ڕۆژ پێکەوە؟ لەو وەجهە من حەیران و داماوم
تەلیسمی بابلە، سیحری حەڵاڵە - قەد ڕەها نابم - وەفایی! یا بە داوی زولف و ڕەمزی چاوە گیراوم؟
کە هەستا زولفی ڕووی داپۆشی من لەو داغە سووتاوم ئیلاهی! ئەی ڕەقیب، ڕۆژی قیامەت بێیە پێناوم!
قەراری دا بە ڕۆحم تیری نازی چوو لە قەلبمڕا مەپرسن چەند ئەمن لەو حەسرەتەی دڵ پڕ لە زووخاوم
دەمێکە هەر لەتوێی ئاوری دەروون و ئاوی چاوم دام لە دووری تۆ عەجەب ماوم؛ نەسووتاوم؛ نەخنکاوم
تەبیبێکم نییە دەردی دەروونم بێ موداوا کا هەتا ماوم بە ئوممێدی شیفا هەر چاوەڕێی ماوم
دڵم بۆ تۆ دەسووتێ، دیدەکەم بۆ تۆ دەبارێنێ دەمێک وابێ، ئەمان! ئەی جێت لەنێو دڵ، پێت لەسەر چاوم
ئەتۆ ڕۆحت دەوێ ئەمنیش ئەدەب هەر تالیبی وەسڵم مەکە مەنعم، بە دووری چاوەکانت! پیر و خەرفاوم
بە ڕۆح جۆیایی وەسڵە ڕەمزی چاوی، باوەڕیم نایێ لە مەردوم هێند خیلافی وەعدە من دیتوومە ترساوم
لەلایێ بارشی چاوم، لەلایێ سۆزشی جەرگم نە پێی دەمرم، نە پێی دەگرم، کەبابی نیوە برژاوم
لە سۆزی گریە جەرگم ڕەش بووە، چارم چییە چ بکەم؟ وەکوو ماسی بە نێو ماوم نە سووتاوم نە خنکاوم
بە بێ تۆ قەت نەژیم، شادیم نەمێنێ، دیدە بێ نوور بم! دەمێک ئارامی ڕۆحم بە، حەیاتم، عومرەکەم، چاوم!
لە دەست ئەو شۆخە وا زولفان بە ناز دێنێ و دەبا، هاوار! وەفایی ڕۆژی لێ کردوومە شەو، عومری بە با داوم
بە گوڵزاری ئیرەم - قوربان - دەپرسی گەر لە ئەحواڵم نەخۆش و سەرخۆش و مەست و خوماری چاوەکەی کاڵم
پەرێشانم، بڵاوم، تێک شکاوم، خاو و شێواوم دەڵێی شاماری زولفی تۆم لە دووی تۆ شێت و عەبداڵم
بە نازی چاوەکەی وەک بازی، بازی دام هەتا پیر بووم دەترسم هەر بە بازی بمکوژێ ئەو یاری منداڵم
نە داغی جەرگی خۆم زانی، نە مایەی بەرگی خوێنینم شەهیدی دەشتی عیشقم، لالە ڕەنگم، من کەڕ و لاڵم
دڵەی بێهۆش و گۆشم موددەتێکە هەر دەناڵێنێ خودا ڕوحمێ بکەی بەو مورغی حەپسی بێپەڕ و باڵم
بفەرموو «با» پەرێشانم نەکا زولفت لەسەر ڕووی تۆ ئەمان یا کاشفی زوڵمەت، دەخیل ئەی شەوچرای ماڵم
بە خۆت سەرمەشقی زولف و دەرسی باڵات داوم ئەز چ بکەم نیشانە و دەسخەتی خۆتە ئەگەر ئەلفم ئەگەر دالم
ئەمن ئیفتادە بووم تۆ خۆت بە ڕەحمت دەست گیرم بووی پەشیمانی نە شێوەی تۆیە، ئەی خورشیدی ئیقباڵم
ئیشارەی چاو و عیشوەی زولفەکەت بوون مورشیدی ڕێگام ئەگەر دەیری موغان قیبلەم، ئەگەر زوننارە بەرماڵم
بە تیغی غەمزە ئەمن و تەرکی ڕووی تۆ؟ قەت مەڵێ قوربان ئەگەر قیمەم بکەن هەر ڕۆژ پەرستم، هەر بە یەک حاڵم
ئەمن هەر تۆم دەوێ، من چم لە ڕۆح و چم لە دین داوە؟! بە قوربانی تەماشایێکی تۆ سەد جار سەر و ماڵم
لە تاو دەردی دڵی دێوانە خوێن دەگریم و نازانم: نە خەستەی چاوەکەی مەستم، نە ڕەنجەی پەنجەکەی ئاڵم؟
بە مەرگی من بە ڕەمزێکی بڵێ بەو چاوە حاڵیم کا ئەتۆ نازدار و بیماری، ئەمن بۆچ زار و بێحاڵم؟!
کوتی: بۆ کوێ دەبەی ڕۆحت «وەفایی»؟ دەوریان گرتی! نیزامی پەرچەم و سەربازی زولف و عەسکەری خاڵم
ئەی نەشئەخەندی زارت شیرینکەری حەیاتم عیشوەی زولف و عیزارت موژدەی شەوی بەراتم
فەرمووت: تۆم نەمری نایێم، ناژیم نەیێیتە سەر جێم وەعدەکانت بەخێر بێ، هەر چاوەڕێی وەفاتم
خۆزگەم بەوەی لەدووی تۆ، هەر دەنواڕێتە ڕووی تۆ مردم بە ئارەزووی تۆ، قوربانی ئاشناتم
بە تیرێک دوو نیشانە، شایانی شای تورکانە قوربانی دەست و بازووی ئەو چاوەی سورمەساتم
ئەو تیرە دات لە جەرگم، دەرکەوت ئاساری مەرگم فەرمووت: کە دێ، بە سەر بێ، بەختم نەبوو نەهاتم
چی عیشقی تۆی لە دڵدا، دەستی لە ئاب و گڵ دا داغی شێواوی ڕووتم، کوشتەی ڕەقس و سەماتم
تیرت قەراری دڵ بوو، ئارامی دا بە جەرگم با دڵ دڵی نەمێنێ، ئەو جارەکەش فیداتم
ئەی ساقی خەراباتی، قەترێک ئاوی حەیاتی ئامان دەستی منت دامان! سووتاوی نێو زوڵماتم
ساقی چاوت بنوێنە، زوهد و تەقوام بستێنە قوربانی جامێک مەی بێ، هەموو سەوم و سەلاتم!
موتریب! هادیی ڕۆحانی، لێدە تاری سوبحانی شاباشی سۆزەی نەی بێ، هەموو جومعە و جەماتم
ڕیشێکی گێژ و وێژ بێ، بە ڕیا دوور و درێژ بێ موشکل ئەو پووشە ویشکە، بێتە مایەی نەجاتم
دڵ پڕ خەو و خەیاڵات، دەم بە زیکر و موناجات زەحمەت بە ڕۆژی تاریک، خۆش بێ وەقت و سەعاتم
دەمێکە دڵ بڵاوە، بەو زولفە پێ بە داوە یا خودا بە ڕووت گوشا بێ، غەریبی دوور وڵاتم
نەمزانی گوڵ دەپشکووت، شیرین بە لێوی یاقووت یا تۆ بە خەندە فەرمووت حوققەی شەهد و نەباتم
گوڵ عەتری خۆی بڵاو کرد، دونیای پڕ لە گوڵاو کرد لاڵ بوو زوبانی بولبول، کوشتەی زات و سیفاتم
خۆشخوانی مەجلیسی گوڵ! بێنەوە جۆش ڕۆح و دڵ بێحاڵە زۆر «وەفایی» فیدای دەنگ و سەداتم
پێم بڵێ گوڵی بەهاریم لە تۆ تا بە کەی جودا بم؟ وەرەوە، بە شەرتی جاران، ڕۆژی سەد جارت فیدا بم
خاڵی چاو و گۆشەی ئەبرۆ، دوو دینیان کردم لەسەر تۆ یا بمکە پیری مەیخانە، یا موریدی خانەقا بم
سەرەکەم فیدات عەزیزم، وەرە زیز مەبە لەسەر دڵ سەرە پایەبەندی تۆیە، دڵە ماڵی خۆتە تا بم
شەو بە تای زولفت شێواندم، ڕۆژ لە تاوا دەتسووتاندم چ خودا لە تۆ هەڵدەگرێ بە شەو و بە ڕۆژ عەزابم؟
نەفەسێ مۆڵەتێ بدە عومرم، بدبینم زولفەکەت بگرم بە کەمەندی تۆوە بمرم خۆشترە تاوەکوو ڕەها بم
لە نێو مەنزەرەی دوودەری خۆشە سەیری مەوجی بەحری وەرە سەر چاوم عەزیزم، چ دەکەی لە دڵەی کەبابم؟
غەمزەدەی نازی چاوت بم مەیلی ئەبرۆی تۆ قەت نانێم من کە هات و قیبلەم گۆڕی، یاخودا کافر بێ جەلابم!
بوویە گوڵباغی گوڵەکەی من، سارێژ بوو داغی دڵەکەی من ڕەحمت کرد بە حاڵم گوڵەکەی من، بەندەی باڵاتم سەد شا بم
داد لەبەر حوسنی فیتنەجۆ! دڵم دا زولف و ئەبرۆی تۆ لە لایێ زوننار بە دۆشم، لەلایێ ڕوو بە میحرابم
سەگەکەی ڕێبازی لەیلێ وەرە سەر دوو چاوی مەجنوون چاوم ئەو ڕۆژە لێ ڕوونە خاکی بەرپێی ئاشنابم
غەرەزم چونکە پەنهانە وەڕەزم لەو جیسم و جانە مەرەزم مەرگی دەرمانە، هەر ئەزم بۆ خۆم حیجابم
خوێنی گرتم چاوی بازی، جگەری بڕیم تیری نازی دەڵێ: من مەستم سەرخۆشم، جگەرە مەزەی شەرابم
دەمەکەت بە دڵ وا بێنە، تۆ خودا دڵم مەشکێنە جێبەجێ ڕۆحم بستێنە، من کە وا عاشقێکی چا بم
وەرە تووری سینە ئەی دڵ، با بە دڵ بێ دیداری گوڵ کە دڵ و دڵبەر بوونە یەک، چ بە ئارەزووی جەوابم؟
خۆش بەو دەمەی گوڵ پشکووت، شەکەر دەباری لە یاقووت لێم لا دە «وەفایی» دەیکوت: تۆ گەدا من شا بۆت نابم
نەخۆش و مەستی دوو چاوی کاڵم حەقم بە دەستە ئەگەر بناڵم
بە غەمزەی چاوت بە خەندەی زارت بردیان بە غارەت خەو و خەیاڵم
فەرمووت: چلۆنی؟ چ بڵێم عەزیزم؟ دوور لە زولفی تۆ - کافر بە حاڵم
بە یادی چاوت چوومە خەرابات لە ڕەهنی مەی دان خەرقە و بەرماڵم
من مورغی قودسی لە لامەکان بووم ئیلاهی ڕوحمێ شکستە باڵم
شەوێکە تاریک، ڕێیێکە باریک هەر بە ئومێدی چرای جەماڵم
بە تیری نازت بڕاوە جەرگم بۆ چاوی بازت نەماوە حاڵم
وەک من بە چاوت یەخسیری زولفم کەس وا نەگیرێ بە داوی زاڵم!
خۆش بەو دەمانە گوڵ گوڵ دەپشکووت شەکر دەباری پرسی لە حاڵم
سەبا دەخیلم هەر تاکوو ماوم بڵێ بە زاری، بە ڕوو بە خاڵم
دەمێکی بابێ دەوای دڵم کا بە چاوەکانی گەلێ بێ حاڵم
وەفایی چی دیت لەسەر بگێڕێ؟ نەما لەسەر تۆ نە سەر نە ماڵم
گوڵەکەم دەڵێن ئەوا دێ، هەموو وەختێ چاوەچاوم ئەی خودا تۆ بڵەی وەها بێ، بێتەوە ڕووناکی چاوم؟!
سەبەبی زولفی شێواوە حوسنی ڕوو مەدەدی پێداوە من کە وا ڕۆژم بۆتە شەو کە بە ڕۆژی ڕەش داماوم
تا بزانن تۆ گوڵزاری، ڕوستەیی سەری جۆباری بە خەندە هاتی بەخێر بێی، قەدەمت سەر هەردوو چاوم
خوێنی من بە گەردنی زولفت بە ئیشارەی چاوەکانت من ئەگەر شکاوە پشتم، من ئەگەر جگەر بڕاوم
بە سەری خەدەنگی نازت، جگەری بڕیم چاوی بازت بە ئومێدی نازێکی ویم، ئەگینا ئەمن نەماوم
دڵی خۆم ئاوری تێ بەردا تا لە تای زولفان ڕووی دامێ شەو هەتا نەگەڕام بە چراوە، شەوچرا نەهاتە بەرچاوم
ئەتۆی نووری شەوبێداران، ئەمن بۆ وەک شەم دایسیێم ئەتۆ گوڵی شای گوڵزاران، ئەمن بۆ غەرقی خوێناوم؟
کە دەڵێی شەیدای گێسوومی، چ دەکەی لەسەری سەوداییم؟ کە دەڵێی پەروانەی ڕوومی، چ دەکەی لە دڵی سووتاوم؟
شەو و ڕۆژ کە دەڵێن دوو بانن، هەر یەکن بۆ دوون یەک بانن من لە دوو لاوەی برۆی تۆ، حەیرانی دوو زولفی خاوم
ئەی شەماڵ، ئەی شیفای نەساغان، وەرە تۆ بێ و خاڵی ڕووی یار بە گوڵ و وەنەوشەی باغان، بگەیێنە دوعا و سڵاوم
گلەیی لە چاوی کاڵتە کە موعینی زولف و خاڵتە دڵی پڕ لە دەرد و داخم، سەری پڕ تەلیسم و داوم
نە بە وەسڵی تۆ سروورم، نە بە دووری تۆ سەبوورم گێژ و سەرگەردان و حەیران، هەروەکوو ماسیی سەر ئاوم
بە نیگای تۆ و عەرەقی ڕووت دڵ و دینم چوو نازانم نە خوماری شەرابی ساقیم، نە مەستی عەتری گوڵاوم؟
حەقە کە وەکوو وەفایی شێت و شەیدا و سەودایی مەلەکان خۆیان نیشان دام، پەرییان دەستیان لێداوم
ئەرێ ئەی بە زولف و ڕوخسار سەنەمی چین ماهی تابم دەمەکە و خەندەکە و نیگاهت نمەک و مەزەی شەرابم
من لەبەر نیگاهت بمرم، تۆ سەری غەمزەکەی جەلابم بڵێ پێم گوڵەکەی بەهاری لە تۆ تا بە کەی جودا بم؟
وەرەوە، بە شەرتی جاران، ڕۆژی سەد جارت فیدا بم
لە وێرانەی دڵی شێواوم شیوەن و واوەیلایە و ڕۆڕۆ ئاورێک بەربۆتە هەناوم دێتە دەر لە هەناسەم بۆ سۆ
بوومە ئەفسانەی وڵاتان: شار بە شار، ماڵ بە ماڵ، کۆ بە کۆ خاڵی چاوت، گۆشەی ئەبرۆ، دوو دینیان کردم لەسەر تۆ
یا بمکە پیری مەیخانە، یا موریدی خانەقا بم
تۆ مەلەک و فریشتە و پەری، گوڵدەم و گوڵبەر و دڵبەری لالەڕەنگ و فەڕەنگی چینی، شۆخ و شەنگی، خەتا و بەڕبەڕی
نازک و نازەنین و شیرین، ئاوێنەڕۆژ، ڕەنگ ئاگری لەنێو مەنزەرەی دوودەری خۆشە سەیری مەوجی بەحری
وەرە سەر چاوم عەزیزم، چی دەکەی لە دڵەی کەبابم؟
ئەو شۆخە بە تای زولفانی زنجیری کردم دێوانە ڕووحمە، ڕووحی کێشاوم! ڕووح نییە لە ڕووح بێگانە
ئاشکار و دیار و مەخفی، دوور نییە، نەزدیکە جیرانە غەرەزم چونکە پەنهانە وەڕەزم لەو جیسم و جانە
مەرەزم مەرگی دەرمانە، هەر ئەزم بۆ خۆم حیجابم
عاشق وا دەبێ، بە هەموو دەم چاو پڕ ئاو، دڵ پڕ ئاو و مەحزوون پێی هەوای بشکێ، پێی نەمێنێ غەیری هوو لە دەروون و بیروون
خاکی ڕێی دڵبەری وە بزانێ سورمەیە بۆ چاوی پڕخوون سەگەکەی ڕێبازی لەیلێ وەرە سەر دوو چاوی مەجنوون
دونیام ئەو ڕۆژە لێ ڕوونە خاکی بەرپێی ئاشنا بم
ڕووحەکەم ڕووی خۆت بنوێنە، تا بە کەی کوشتەی نازت بم؟ دەمەکەت بە تەکەللوم بێنە، تا نەمردووم هەمڕازت بم
جارێک بە کەرەم بمدوێنە من فدای دەنگ و ئاوازت بم مەیلی ئەبرۆی تۆ قەد نانێم غەمزەدەی چاوەکەی بازت بم
من کە هات و قیبلەم گۆڕی، یا خوا کافر بێ جەلابم!
بەزەییت ئەر هەبێ یا نەبێ بەندەی باڵاتم، سەد شا بم تۆ خودا دڵم مەشکێنە من کە وا عاشقێکی چا بم
سەرەکەم فیدات عەزیزم وەرە زیز مەبە لە سەر دڵ سەرە پایەبەندی تۆیە، دڵە ماڵی خۆت هەتا بم
بە کەمەندی تۆوە بمرم خۆشترە نەوەک ڕەها بم
کوتم ئەی شای دڵنەوازان مانگ و ڕۆژن موشتەریی ڕووت دڵی چاکی پاکی بازان پێ بە داوی زولفی جادووت
لە غەمی ویساڵی ڕووی تۆ جگەر و هەناوی من سووت خۆش بوو ئەو دەمەی گوڵ پشکووت شەکەر دەباری لە یاقووت
لادە لێم وەفایی دەیکوت: تۆ گەدا من شا بۆت نابم
ئەی حوققەیی شەهد و شەکەرت ئابی حەیاتم مردم، بە بەدەن بێنەوە بەو ئابە، حەیاتم
ئاهوو کە دەکا جیلوە چ شیرینە نیگاهی! یەعنی بە فیدای غەمزەیی دوو چاوی سیاتم
سەودائیی زولفی سیەهت نیم بە هەوایی تا ڕۆژی وەفاتم بە تەمای میهر و وەفاتم
بڕوانە چلۆن عەکسی عیزارت لە دڵی دام پەروانە بە دڵ سووختەیی شەوقی چراتم
هەر چاوەنواڕم کە کوتت دێم و نەهاتی یاڕەب مەدەدێ! سالیکی ڕێی هات و نەهاتم
دڵ جیلوەگەهـ و جێ قەدەمی تۆ بووە دیدەم هەرچەندە کە دوورم بە دڵ و دیدە لە لاتم
سەرگەشتەیی سیڕڕی دەمی تۆم بەم ڕوخە دایم گۆیا کە دەقیقەشومەری ڕۆژ و سەعاتم
بەو ڕەنگە دڵم داوە بە سیحری سەری زولفت تا دڵ هەیە مومکین نییە لەو داوە نەجاتم
گرتوومی قولابی موژە بۆ خدمەتی ئەبرۆ یەعنی کە وەفایی وەرە من قیبلەنوماتم
تا بادی خەزان دایە گوڵ و بەرگی ڕەزانم سەد جێ وەکوو بولبول لە جگەر داغی خەزانم
وەک بەرگی گوڵم دی کە بە با چوو بە ئەسیری کڕ کەوتم و شێت بووم، عەبەسام، لاڵ بوو زوبانم
قومری وەرە هەرتا دەمرین پێکەوە بگرین تۆ سەروی ڕەوانت چووە من ڕۆحی ڕەوانم
بولبول وەرە تا ڕۆحی من و تۆیە بناڵین تۆ باغی گوڵانت چوو ئەمن داغی دڵانم
ئەی مەعدەنی شیر و شەکەر، ئەی گوڵبەر و دڵبەر ئەی تازە گوڵی دارە گوڵی باغی جینانم
کەس سیڕڕی دەم و عیشقی میانی نەدەزانی ئەشکم بووە غەممازی هەموو ڕازی نیهانم
تۆ چونکە لە لەیلا گەلێ شیرینتری بۆیە مەجنوونی دەر و دەشتم و فەرهادی زەمانم
ئیشم هەموو ناڵینە لە ئێشی دڵی ڕێشم کارم هەموو گریانە لەبەر دەردی گرانم
بۆ گەردەنی تۆ بوومە ئەسیری سەری زولفت من مورغی شەباوێزم و عاشق بە بەیانم
جان بەخشە دەڵێن ماچی دەمت وەقتی تەبەسسوم تاکەی بمرم موعجیزەی ئەم سیڕڕە نەزانم!
جەزبەی نیگەهت خۆشیی نەهێشتم. بە برۆی تۆ قیبلەم چووە تا مەستی مەیی پیری موغانم
فەرمووی: کە لەگەڵ هاتم ئەتۆ ڕۆح بدە، چاوم! سا ساقی، دەجا جامێ کە هەروا نیگەرانم
چاوت بە نیگەهـ کردن و زارت بە تەبەسسوم هاتن بە تەمای غارەتی عەقڵ و دڵ و جانم
ئەو دەستە سوارێکە ئەمیش تازە بەهارێ ئەو ڕاو و شکارێکە منیش کاس و نەزانم
کێو هاتە سەدا و ناڵە بە هاواری وەفایی جارێکی لە تۆ کاری نەکرد ئاهـ و فوغانم!
یار هاتەوە دەست و دڵی خۆم گرت و بەسەر چووم جان قابیلی جانان نەبوو نەمزانی بەسەر چووم
فەرمووی: چ کەسی؟ کەوتمە بەرپێی کە وەفاییم قوربان چ بوو عومرێکە لەلەت بووم و لەلات بووم؟!
دەستی لەسەری دام و دڵی دامەوە فەرمووی: خۆش هاتی! بەخێر هاتی! وەلێ ڕۆحە بەهای ڕووم!
وا خستمی چاوی کە بە داو زولفی وەلادا شەو ڕۆیی، بەیان بەربوو، ئەمن هەر لە خەوا بووم!
یارایی موژە و تابی برۆی تۆی نییە جەرگم بەو تیر و کەمانە نە فەرامەرز و نە بورزووم
ماچی دەمی، خەندەی دەمەکەی سیڕڕی بەیان کرد ئەو جەوهەرە وا فەردە نە مەوجوودە نە مەعدووم
زەڕڕێکی لە سیڕڕی دەمی تۆم برد و نەزانی حەیرانی کەماڵاتی فەلاتوون و ئەرەستووم
مومکین نییە بەو نێرگسە من بێمەوە سەرحاڵ من دەربەدەری ڕووتم و سەوداسەری گیسووم
لەو زولفە - بە غەمزەی نیگەهت - نیمە ڕەهایی من بەستەیی نێو داوی پەریزادەیی جادووم
فەرمووی: لە کوفر لادە موسوڵمان بە وەفایی دێوانە مەبە، دەست مەدە زولفم، ئەوەتا ڕووم