دیوانی وەفایی/و
1
editشەهیدی خەنجەرت ئەو ڕۆژە عومری جاویدانی بوو | مەڵێ پەروانە خۆ سووتاوە، مەرگی زیندەگانی بوو |
بە تیرێ خۆ لە عالەم بۆوە چاوت، ئەی شەهیدی بم | لە کن خۆ ئەو فەڕەنگی زادە عەینی ناتەوانی بوو؟! |
سەر و ماڵی بە بێدادی حەبەش پاماڵە، ئەی سەد حەیف! | شەهی حوسنت کە دایم چەتری سونبول سایەبانی بوو |
لەبەر تەئسیری خەندەت من کە سووتام ئەودەمە زانیم | بەڵایی خەرمەنی من هەرچی بوو بەرقی نیهانی بوو |
بەخۆڕایی وەکوو پەروانە من سووتام و نەمزانی | ئەوەی ئێمەی لە داو خست، ئیلتیفاتی سەر زمانی بوو |
بە بەدمەستی دەترسێم بێتە دیوانی خودا فەریاد! | کەسێ وەک من شەهیدی چاوەکانی نیکتەزانی بوو |
ئەمن ئەو ڕۆژە لێم مەعلووم بوو کەعبەی دین و دڵ گیرا | کە وەک تابووری هیندوو لەشکری ئەگریجە، سانی بوو |
لەبی گوڵ، زاری گوڵ، ئەندامی گوڵ، ڕوخساری گوڵ، بەر گوڵ | هەتا کەی من بڵێم سەربەستە جەللادم فڵانی بوو؟ |
بە هەر سیحرێکی بوو هەر وەک وەفایی کوشتمت، ئاخر | ئەگەر ئەندازەیی نازت، ئەگەر نامیهرەبانی بوو |
2
editبە چاوان غەمزە و ئیما مەفەرموو | بە قەتڵی عاشقی شەیدا مەفەرموو |
کە من کوشتەی جەمالی تۆم عەزیزم | لە باغی جنة المأوی مەفەرموو |
ئەتۆ مووسونبوڵ و ڕووئافتابی | لە حوسنی تەلعەتی لەیلا مەفەرموو |
دەڵێن: فەرمووتە بمکوژێ بە ناحەق | کە تۆ سوڵتانی حوسنی وا مەفەرموو |
دوو چاوم، دوور لە تۆ، تۆفانی خوێنە | لە مەوج و جۆششی دەریا مەفەرموو |
دەمت وا بێنە، قیبلەم، تۆی تەبیبم | بە تەشریفی دەمی عیسا مەفەرموو |
من و یەک لەحزە شەوئارام و تاقەت؟! | لە دووری ماهی شەوئارا؟ مەفەرموو |
بە خۆت بمکوژە نەک بەو چاوە بازە | بە جەللادانی بێپەروا مەفەرموو |
وەفایی عاشقی ئەندامی تۆیە | شەهیدی قامەتی تووبا مەفەرموو |
3
editئەی ڕەفیقان وەرنە یاریم زۆر زەلیلم دڵشکاو | جان و دڵ مەحرووقی نارم، ئاخ لە بۆ تێڕێک دراو! |
ئاخ لە بۆ تێڕێک دراوان، نووری دڵ، بینایی چاوان | مەرهەمی دڵ کۆکراوان، مۆمیای پشتی شکاو |
کوا ڕەفیقێکی تەواو بێ، شێرمەرد و دەست بڵاو بێ؟ | ساحیبی چایی و پڵاو بێ، حاتەمی دەوران بە ناو |
زێڕ و زیو فیکر و خەیاڵمە، دایک و باب و مام و خاڵمە | دولبەری سەد ماهـ و ساڵمە، لازم و مەلزووم کراو |
زێڕ و زیو بابی هەتیوان، غەوس و قوتبی هیچ نەدیوان | ئاخ کە لە منیش بۆتە میوان، دین و دڵ بۆی دانراو |
هەر کە پارێکی دەبینم، دێتە کوڵ جۆشی گرینم | دادەنێم ئیمان و دینم، دێمە ئیکلام و سڵاو |
دێمە ئیکلام و سڵاوان، زێڕ و زیو بینایی چاوان | ڕاحەتی جەرگ و هەناوان، گەر بە سیهابێ تەواو |
چا و زێڕم بۆ وەدەرنێن، سوێند و موسحافم لە بەرنێن | خەنجەر و شیرم لەسەر نێن، عاشقم عاشقی دراو |
عاشقم عاشق بە زێڕم، ئەی خودا چاوان دەگێڕم | پڕبکەی خورجین و تێڕم، دا منیش ببمە پیاو |
قەد کەست دی تەرزی من بێ! ساحیبی منداڵ و ژن بێ | دەستمایەی کێر و گون بێ! ڕووت و قووت و کەس نەماو؟ |
غەرقی دەریایی ڕیا بێ، مەستی تۆبەی دوو هەوا بێ | عاشقی مسکین وەفا بێ ئەی خودا بیخەی لە داو! |
4
editبۆ چی هەودای زولف و دڵ حاکم لە ڕووی جانانە بوو | ئەو پەرێشانییە هەموو تەقسیر و سووچی شانە بوو |
موددەتێک بوو نووری چاوم چوو بوو، ڕۆژم ببوە شەو | ڕووی درەخشانی لەبەر زولفی پەرێشان وا نەبوو |
زولفی لادا هەر بە ئوممێد بووم کە ڕۆژ ئاوا ببێ | ماڵی من وێران بوو عومری من چوو، ڕۆژ ئاوا نەبوو |
قەترە قەترە خوێنی چاوم یەک دەم ئارامی نییە | ڕۆژێکی بۆ کاروانی عاشقان ئاوا نەبوو؟ |
وەک چرا سووتام و ڕوحمێکی بە حاڵی من نەکرد | جارێکی لوتفێ لەلای ئەو یارە بێپەروا نەبوو |
زولفی لادا خاڵی ڕووی دەرکەوت و هیچ ڕووی پێ نەدام | شەو چوو ئەستێرەی بەیان هات، ڕۆژی من پەیدا نەبوو |
لەوحی مەحفووزم لەبەر چاوی بە سەد دڵ خوێندەوە | غەیری بیماری نەسیبی عاشقی شەیدا نەبوو |
بەستەیی زنجیری زولفی تۆم نیگاهێ! ڕەحمەتێ! | ئەی تەبیبی میهرەبان! ئامان دڵم دێوانە بوو |
یا نەخۆشی چاوی تۆم یا بێقەراری زولفی تۆ | عاشقی بێچارە قەت بێدەرد و واوەیلا نەبوو |
وا بە دەردی چاو و داغی زولفی تۆ حاڵم نییە | وەک نەخۆشێکی پەرێشان چی کوتم هیچ وا نەبوو |
پەڕپەڕی ئەوراقی دڵ پڕ خوێنی وەک گوڵ کردووە | دەفتەرێکە پڕ لە خوێن هەر ئەو بوو چی تێدا نەبوو |
قەت بە چاوی سووک تەماشای ڕەند و ڕووتێکی مەکە | ئەی بەسا ئاوری نیهانی موهلیکی سەد خانە بوو |
هەر دەمێکی مەزهەری دیداری وادی أیمنە | خۆ تەجەللا مونحەسیر بۆ سینەیی سینا نەبوو |
باغەبان بۆ خۆی کە هات ئارایشی گوڵزاری دا | خاری مسکین تۆ بڵێی چ بکا گوڵی ڕەعنا نەبوو؟! |
ئەی فرووغی زوڵمەت و نوور! تۆ و چراغی دین و دڵ! | ڕەحمەتێ، وەبزانە ئەم وێرانە هەر ئاوا نەبوو |
گوڵ بەبا سونبوول بە تاراجی خەزان چوو عاقیبەت | هەچ گوڵێک لافی لە ڕەنگ و بۆت نەدا ڕیسوا نەبوو |
گەر ئەتۆ لوتفێک بفەرمووی بێزوبانی من بەسە | مەیلی تۆ بوو وەرنە ئادەم عالمی ئەسما نەبوو |
تا بە ئاهـ و ناڵە نەگریت فەیزی ڕەحمەت زەحمەتە | بێ نەسیمی بەرق و باران جۆششی دەریا نەبوو |
شای گوڵان، سولتانی خووبان، ئەوشۆ هات دامەنکەشان | ڕۆژ و شەو، خورشید و زوڵمەت، گەنجی نێو وێرانە بوو |
بانگی نۆشانۆشی ساقی، دەنگی موتریب، سەوتی تار | قووتی جان، ڕۆحی ڕەوان، ئارامی دڵ قەت وانەبوو |
دڵ بە دڵبەر، جان بە جانان، شاد و خوڕڕەم کەفزەنان | وەسڵی بولبول، بەزمی گوڵ، شایی شەم و پەروانە بوو |
خاڵی گۆشەی چاوەکەی فەرمووی، وەفایی پێت بڵێم | «تا نەبوومە خادیمی مەیخانە کارم چا نەبوو!» |
5
editئەی لە سایەی سەری زولفت بە نیگا و خەت و ڕوو | بەستەیی داوە، چ تاووسە، چ شەهبازە، چ قوو |
مەستی ئەو نێرگسە کاڵەم دەگریم بۆ لەبی تۆ | شیشە بۆ جامی شەرابم، کوڵی گریەم لە گەروو |
مەمدە بەر حەڵقەیی ئەو زولفە لەسەر ماچی دەمت | لە تەنافم مەدە مەمکوژە لە سەر هیچ و نەبوو |
تێک نەچوو قەت سەری زولفت لە هەناسەی دڵی من | دووکەڵی ئەو شەمە هەرگیز بە نەفەس واوە نەچوو |
لە دوو زولف و سەری کوڵمانی عەجەب ماوم ئەمن! | ڕاستە ئەو نوورە بەڵام نوور نییە دوو سایە لە ڕوو |
وەرە بەو نێرگسە ساقی بە فیدای گەردشتم | نەفەسێ بێنەوە گەردش بە وەفای جام و سەبوو |
عاریز و زولفی بە خەندە بە وەفایی دەفرۆت | گوڵ بە تا، نافە بە خەرمەن، دوڕڕ و شەکەر بە قوتوو |
6
editئەی مایەیی سەد فیتنە بە دوو نێرگسی جادوو | ئەی حەڵقەیی زولفت ڕەسەنی گەردەنی ئاهوو |
ئەی دەستەگوڵی باغی بەهەشتی بە مەلاحەت | ئەی پستەدەم و سەروقەد و سیلسیلەگێسوو |
خەت سەرشکەنی زولفی لە ئازاری دڵان کرد | گەر تەربیەتی داوە فەڕەنگ چین بە خەتا چوو |
ڕۆژ بۆوە کزەی با لە خەیابانی گوڵاندا | زولفی بە هەناسەم کە لەسەر عاریزی لاچوو |
فەرمووی: وەڕەزەم لەو غەرەزی پڕ مەرەزی ئەو | ڕازی مەرەزی چاوی کە پرسیم لە ئەرەستوو |
خەندەی دەمی تۆ بۆیە شیفای دەردی دڵانە | پەروەردە لەگەڵ گوڵشەکەرە گەوهەر و لوئلوو |
ئەو خاڵە چ شیرینە لە نێو حەڵقەیی زولفت | نەمدیوە سوهەیلی یەمەنی بێتە تەرازوو |
تۆ ڕەنجە مەبە کوشتنی ئاسانە وەفایی | بەو غەمزە ئیشارەت بکە، بەو چاوە بفەرموو |