310957دیوانی وەفایی — پیتی ۆ1902وەفایی
ئەی جەننەتی عەیشی ئەبەدم ڕێگوزەری تۆ نووری نەزەرم، تاجی سەرم، خاکی دەری تۆ
بەو قامەتە خاڵ و خەتی ڕووی تۆ کە دەبینم هەر گوڵشەنی فیردەوسە بە نەخلی شەجەری تۆ
سەروی سەهی، قوربان! ئەگەر ئازادە ئەدی بۆچ بادام و گوڵ و سونبول و نەسرینە بەری تۆ؟
دەدرەوشێ لە نێو زولفی ڕەشت ئارەقی گەردەن خۆ هەر شەوە پەیدا بوو ستارەی سەحەری تۆ؟
نازانم ئەتۆ بۆ چی بە لەب و قامەتی شیرین؟ غونچەی شەجەری، یا نە گوڵی نەیشەکەری تۆ؟
ئەو چاوە کە وا مەستە بە حوسنی ڕوخی زیبا داخۆ چ بکا فیتنەی دەوری قەمەری تۆ؟
توخودا دەمەکەت دەرخە لە نێو توڕڕە بزانم تامی چییە ئەو حوققەیی شیر و شەکەری تۆ
خۆ سەیدی حەڕەم قەتڵی حەرامە! ئەدی زولفت کافر کە نەبوو بۆ چی منی کوشت لە دەری تۆ؟
ئەو ڕۆژە بە زوننارەوە من چوومە خەرابات زولفت منی کێشا بە ئیشارەی نەزەری تۆ
بۆ من کە نەبێ وەعدەیی دیداری جەماڵت چ بکەم لە بەهەشت و نەزەری حوور و پەری تۆ؟
قەت گوڵ بە ڕوخی تۆ نەبووە، سەرو بە باڵات سەروێکە ڕەوان بەخشە گوڵی سیمبەری تۆ
بۆ قیبلەیی لای ڕووتە هەموو سەعیی وەفایی عومرەم بە خودا عەینی سەفا وا لە دەری تۆ
پەنجەی لە حەنا بەستووە ئایا گوڵم ئەمڕۆ؟ دەستی لە دڵی کوشتەیی خۆی خستووە یا خۆ؟
باکم دڵ و ڕۆحم نییە تۆ زیز مەبە قوربان! ئەو ڕۆحە بە سەرگەردی سەرت بێ وەرەوە تۆ
پەیوەستە غەریقی ئەسەری ئاتەش و ئابم بۆ ئابی ڕوخت سینەمە وەک مەجمەری پشکۆ
تۆ بی و سەری خۆت مەمخەرە زیندانی جودایی خوێنم نییە، ها! بمکوژە بەم خەنجەری ئەبرۆ
بولبول سیفەت هەر لەحزە لە دەوری گوڵی زارت ناڵینمە هەی ڕۆ! گوڵەکەم ڕۆ! دڵەکەم ڕۆ!
بۆ چی نەگریم هەر دەمە بۆ حاڵی وەفایی جان خەستە و دڵ عاشق و دڵدار جەفاجۆ
سەرابستان خەرابستانە ئیمڕۆ بەهاری عەیشی مە زستانە ئیمڕۆ
بە زەردی پاییزی ڕەنگم دیارە بە خاڵی ڕووتە تابوستانە ئیمڕۆ
ژیانی عومرەکەم بێتۆ زیانە گوڵستان بۆم بە خارستانە ئیمڕۆ
تەواوی زیندەگانیت بێوجوودت سەراپا وەک قومارستانە ئیمڕۆ
کە نارستانی عیشقت بۆ تەجەممول ئەوێستا نەوعی شارستانە ئیمڕۆ
هەتاوی خاکی گەرمێنت بە من چی؟! لە بۆ من هەر وەکوو کوێستانە ئیمڕۆ
گوڵی من بێنەزیرە، تۆ تەماشا ویلایەت پاکی باغستانە ئیمڕۆ
خەدەنگت کاری ئەژماری بە میقیاس هەموو مێشە و چنارستانە ئیمڕۆ
وەفا مەزلوومی بەیرووتە بە ڕووتی هەتیوی شاری کوردستانە ئیمڕۆ
عەزیزم ڕۆحی شیرینم لە من بۆ چی کەناری تۆ؟ وەرە سەر هەردوو چاوی من کە سەروی جۆیباری تۆ
لەسەر چاکی گریبانت سەبا شێت بوو وەکێوان کەوت کە ڕێی کەوتە خەیابانی گوڵ و باغی هەناری تۆ
نەخۆشی چاوەکانت بووم و خەندەی تۆ سەبووری دام شیفای بیماری خۆت دا، گوڵشەکەر باری لە زاری تۆ
لەلایێ تارە داوی دڵ، لەلایێ مارە قەسدی سەر چ سیحرێکە؟ عەجەب ماوم لە زولفی تار و ماری تۆ
خەتت هێنا جەمالت پێ نوما، کوا ڕەونەقی خاڵت؟ فەڕەنگی هات و کەعبەی گرت و مەندی چوو لە شاری تۆ
ڕەگ و ڕیشەی دڵم هەر دەنگ و ناڵەی عیشقی تۆی لێ دێ بڵێ موتریب، وەرە ساقی، سەراپا بوومە تاری تۆ
بە چاوت کەوتووم، بۆ زاری تۆ ئاگر لە من بەر بوو سپەندم هەر بسووتێم چاکە من بۆ چاوەزاری تۆ
کوتم: شێواوی زولفم چاوەکەت بەڵکوو عیلاجم کا! ئیشارەی دایە خاڵ و یانی وایە داغداری تۆ
نەخۆشی چاوی تۆم بێهوودەیە دڵداریی خاڵت بە ئیفلاتوون عیلاجی نایە بیللا دەردەداری تۆ
جەماڵت ئاهی من گرتی خەتی سەبزت بەسەردا کەوت چەمەن ڕابرد و سەرما هات و تێک چوو نەوبەهاری تۆ
نیگاهی کردە من هەستاوە زولفی خستە ڕوو فەرمووی: قیامەت هات و ڕۆژ گیرا، وەفایی هەر خوماری تۆ؟!