313108دیوانی کوردی — پیتی ن1850کوردی
عەزیزان! من ئەوا ڕۆییم لە لاتان لە مەزڵوومان بڵا چۆڵ بێ وڵاتان
کە ئێوەن پادشای لوتف و عەداڵەت بە خوا حەیفە بڕەنجێن گەداتان
ئەگەرچی خاک و خۆڵی ڕەهگوزارم بە سەرما خۆ گوزەر ناکا سپاتان
وەرە بنواڕە چاوی پڕ لە خوێنم بە تەفسیلات ببینن ماجەراتان
کە من ڕۆییم جەهەننەم پڕ مەکەن لێم لە من خاڵی مەکەن کۆشک و سەراتان
جەفاتان دام و کوژتمتان بە زاری نزوولی ڕەحمەتە جەور و جەفاتان
ئیلاهی من ببم ڕۆژێ دوسەد جار بە قوربانی گەداوو پادشاتان
مەڵێن کەڵکی نەبوو ڕۆیی جەهەننەم سەرم قەڵخانە بۆ تیری قەزاتان
نەسیمی کۆیی تۆ خاتر دەکا جەم بە بۆی توڕڕەی پەشێوی پانیاتان
منم سەر کردەتان بۆ لەشکری غەم دەترسم من بڕۆم بشکێ سپاتان
ئەگەر سەبر و ئەگەر دڵ بوو، وەگەر ڕۆح هەموو ڕۆیین، چییە ئیتر تەماتان؟
سەفەرمان چونکە ڕێی هات و نەهاتە دوعامان بۆ بکەن ئێوەو خوداتان
تکای کوردی وەهایە ئێوە جار جار بکەن یادی موحیببی بێ ڕیاتان
ناسحی موشفیق و وەی واعیزی ئاشوفتە دڵان! شاویری حائیر و وەی مودبیری ئەمری خەجڵان!
چارەیی عیللەتی حیرمان و دەوای مەئیووسی! مۆمیای شەربەتی سەودا سەر و ڕەنجیدەتان!
بەقیە دووزی جگەری لەت لەتی شمشێری جەفا مەرهەمی سینەیی مەجرووحی سەنانی هیجران
وا ڕەگی عیللەتی بێچارەیی وەک من خەستە بێ نزارەی ڕوح و بێ تەجروبەیی نەبز و زەبان
زاهیرەن دەجلەیی لوتف و کەرەمت هاتەوە جۆش بۆیە ڕەشحەی قەڵەمت جارییە بۆ تەشنەلەبان
نامەیێکت بە کەرەم کردبووە زیبی تەحریر بۆ نەجاتی دڵ و ئارامی تەن و ڕاحەتی گیان
مونشەریح بوو کە ئەگەر تۆ هەتە دەعیەی مەردی قەت مەبە تالبی سیمین بەدەن و ماهـ ڕووخان
گوێ لەمن بگرە دەمێ ناسیحی پڕ لوتف و کەرەم تا عەیان کەم بە تۆ ئەم دەردە، چ زاهیر، چ عەیان
ئەوی ڕووی داوە لەمن کاری دڵی بەدبەختە وا منی کردووە بۆ تیری مەلامەت بە نیشان
بێ دڵ و گوێ و نەسیحەت نەگر و سەرکەش و ڕەند سپڵە و هەرزە و ئەوباشی بەدئەتوار و نەزان
تا لە لای من بوو لە مەنعی نەدەبووم قەت غافڵ گەهـ بە لۆمە و هەڕەشە، گا بە دەخیل و ئامان
کە ئەویش زانی ئەمن ئەومە لەسەر مەنعی ئەوی ناعیلاج ئاخری کردی لە منیش عەتفی عینان
ساڵە وەختێکی بووە ئێستە بە مەحکوومی کەسێ فاریفول باڵە لە تەعنەی من و لۆمەی دیگەران
ئەوە سەر مەنشەئی ئیفساد و ئەمن بەدناوم ئەوە موستەوجب و من کەوتمە زەجر و لێدان
گەر بەدەستم دەکەوێ شەرت بێ لەپێش چاوی تۆ جاڕس و موفتەزەحی کەم وەکوو کوردی لە جیهان
تا کوو یار فیتنەی جیهان بێ سەبر و هۆش و عەقڵ و دین بۆ دەوا دەس ناکەوێ ناویان لە سەر ڕوویی زەمین
لێی دەپرسم بۆچ بە کل ساو ئەدەی موژە و ئەبرۆت؟ دەڵێ تیغ و تیر ژەهراو دەدەم تا هەر بە ناسۆر بن برین
دەست لە داوێنی دەدەم بێ ئاوڕێ دا لا، بەڵام مۆڕ دەبێت و پێم دەڵێ بەو لاوە، ڕۆڵە ئێمە نین
یار دەڵێن ئەمڕۆ ڕقی هەڵساوە یاران! بێنەوە فەڕزە بەڵکوو دوو جوێمان بەر کەوێ، مەحرووم نەبین
خۆ عەزیزێ نامرێ بگرین بە بێ خەوف و خەتەر بەو بەهانەش قوڕ بپێوین، تێر لە خۆشمان داوەرین
چاو لە گەرد و تۆزی فیرقەت کوێر بووە چار ناکرێ تا جەلا نەدرێ بە خاکی ژێری پێی ڕوحەل ئەمین
یار لە ترسانا خەوی لێ ناکەوێ باوەڕ بکەن خێر، عەبەس بۆ قاتڵان بۆ قەتڵی دڵ چۆتە کەمین
پادشا بم، تاکوو چینی زولفی ئەفشان کا شەماڵ قافڵەی تاڵان دەکەم هەر تاجرێ بڕواتە چین
دڵ دەڵێ یار چۆتە کانی، بانگ دەکا، بغەڵتێ ناوی کوردی بێ بە دەمیا، دا کە با ئێمەش بچین
ئەی دوڕی تاجی سەری شاهانی ئیقلیمی جیهان شەمسی ئەفلاکی کەماڵ و شەمعی بەزمی عارفان
ئەی بە نادیدە، بە شوهرەت سەد وەکوو من عاشقت وەی لە تاوی فیرقەتت عالەم هەموو ڕەنجیدە جان
سابیقەن پرسی کە دڵ ئەفسوردەو و سەوداسەرم؟ یا لە سەرمایەی هەوا و میهر و شۆری دڵبەران؟
واقعەن شیرین سوئالێکە، بڵا لیکن دەبوو مەسئەلە بڕوایە لای شەخسێکی دانا و حاڵ زان
من دەڵێم شێواوە یەکسەر دەفعی کاروباری خۆم ساچلۆن پێم دەکرێ ئیتر حەللی عوقدەی سائیلان؟
گەر دەپرسن مەنزڵ و شکڵ و لیباس و تائیفەی ماڵیان نێزیک بە بەندیخانەوو ئاشی ئەحان
ئەسمەرە، لاغەر تەنە، باڵامیانە، کەچ کولاهـ سوخمە سەوزە، مەیتەن ئاڵە، چاو خومار، ئەبرۆ کەمان
عاشق و دانا و موئەددەب، وەحشی و مەغروور و عەجوول گەهـ دەڵێ سندان بە عاشق، گەهـ دەڵێ چاوم قوبان
زوودخیز و توند ڕەوتە، مەستە دائیم چاو بە خەو گاهـ بەدخوو و زاڵمە، گەهـ موشفیقە و شیرین زمان
سا لە هەر کوێ بێ کە مەستت کرد سوئالی لێ بکەی ڕازی پەنهانی سەراسەر بۆت دەکا ئەڵبەت عەیان
ڕەهڕەوت قادر بێ بۆ ئیعتا و جەوابی مەسئەلەت وەرنە کوردی ناتوانێ حاڵی خۆی بۆت کا عەیان
ئەی حەکیمان! ئێوە بێن دەرمانی ئەم بیمارە کەن سەبری ناسۆری برینی سەختی ئەم ئاوارە کەن
کوا ڕەفیقانی تەریقەت دەردی عیشقم چارە کەن؟ من دەڵێم تا ڕۆژی مەحشەر سەف بە سەف نیزارە کەن
یا بە جارێ بمکوژن، جەرگم بە خەنجەر پارە کەن
ئەی خودا چ بکەم لە دەس جەوری ڕەقیبی بەد زمان من دەڵێم دایم هەتا ئەم ڕۆژە نابێ ڕۆح و جان
نایەڵێ یارم ببینم یا بە زاهیر یا نیهان ئاخ لە بەر زوڵمی ڕەقیبان، وای لە تەعنەی دوژمنان
من کە ناڵێم، تۆ بڵێ بۆ چی ئەوەم دەربارە کەن؟
من لە حەسرەت چاوی مەستی تۆ شەو و ڕۆژ ناڵەمە بۆیە ڕازیم بەو جەفایە سەد شوکور بەو حاڵەمە
تۆ بەسە ڕەحمێک بە حاڵم چونکە سەختی تاڵەمە خاکی بەر دەرگایەکەی تۆ مەسکەنی سەد ساڵەمە
حەیفە بۆ تۆ ئێستەکە لەم قاپییەم ئاوارە کەن
دەردی عیشقم چەند گرانە سەد کەڕەت کەوتوومەوە جۆگەلەی خوێنین دیارە وا بە سەفحەی ڕوومەوە
باوەڕیت بێ من نەماوم تازە زیندوو بوومەوە! لەت لەتی جەرگم گلێنەی چاوی پڕ کردوومەوە
خوێن بە خوڕ نایە مەگەر جۆماڵی ئەم جۆبارە کەن
ڕوومەتی یارم لە پەڕڕەی گوڵ گەلێ ناسکترە حەز دەکەم تۆ بمکوژی لەم حاڵە کوژتن چاترە
جەرگ و دڵ هێند بۆی بە تاوە پڕ لە پشکۆی ئاورە کەس نەڵێ کوردی وەرە تۆ دەس لە یارت هەڵگرە
زەحمەتە، نابێ، مەگەر جووتم لەگەڵ سێدارە کەن