دیوانی گۆران/بۆ زاخاوی مێشک

دیوانی گۆران  (1962)  by گۆران
بۆ زاخاوی مێشک

بۆ زاخاوی مێشک edit

مامۆستا گۆران کە لە ژمارە ١١٢٢ی ١٩٥٢/١١/٠٦ وەوە سەرپەرشتیی ڕۆژنامەی «ژین»ی گرتە دەست، وەک ڕۆژنامەنووسێکی لێهاتووی خاوەن بیروباوەڕ کەوتە کار بۆ بووژاندنەوە و گەشەپێدانی. لەگەڵ دەرەتانی تەسکی ڕۆژنامەکەشدا گەلێ گۆڕانی دیاری بەسەردا هێنا. یەکێ لەو کارانەی بەم مەبەستە کردنی، کردنەوەی گۆشەی «بۆ زاخاوی مێشک» بوو کە جۆرە مەتەڵێکی بە شیعر لە هەر ژمارەیەکدا بڵاو ئەکردەوە و لە ژماری پاشەوەشدا هەڵ هێنانەکەی ئەخستە ڕوو. زۆربەی ئەو مەتەڵانەی بڵاوی ئەکردنەوە ناوەڕۆکێکی سیاسییان هەبوو، لەگەڵ مەبەستی خستنەکاری بیردا هۆشیارکردنەوەی خوێنەرەکانیشی لە بارەی سیاسییەوە مەبەست بوو. لە سەرەتادا مامۆستا گۆران خۆی ئەم مەتەڵانەی دائەنا، بەڵام پاشان وردەوردە خوێندەوارانیش کەوتنە بەشداریکردن. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا زۆربەی مەتەڵەکان هەر هیی مامۆستا گۆران بوون. هەر مەتەڵێک لە ژینی سەردەمی مامۆستا گۆراندا بڵاو کرابێتەوە و ناوی کەسی لە بنەوە نەبێ، هیی خودی مامۆستا گۆرانە.
ئێمە کە لەم بەرگەی تێکڕای بەرهەمی گۆراندا ئەم مەتەڵە شیعرییانەی بڵاو ئەکەینەوە، بەتامین لە بەرگی دووەمیشدا کارە هونەری و ئەدەبییە پەخشانەکانی تری بڵاو بکەینەوە کە وەختی خۆی لە ژیندا بڵاوی کردوونەتەوە. م. م. ک.

ژوورێکی زل وەک مزگەوت ئەچنە ناوی شەش و حەوت
کۆڵانی تەنگ ئەبڕن تا جێی خۆیان ئەگرن
جێی دانیشتنی گیاندار تاریکە و نەخشی دیوار
ئەژی لەبەر ڕووناکی ئای خوایە چەن بێ باکی!

ئەوەندەی چنگێ لۆکەی نەرم و شل edit

ئەوەندەی چنگێ لۆکەی نەرم و شل بە ناو ئاسمانی شینا ئەدا خول
مووروولەی چاوی پڕ لە نیگای نەرم ئەگێڕێ بۆ جێی هێلانەیەک گەرم!
بۆ جێیەک ئارام، ئاسایش، شادی، سێبەر بن تیایا بۆ سەر ئازادی!
لەوێ بە دوو پێی سووری وەک شیلان سەوزاییی چیمەن بشێلێ جوان جوان
ئاقیقی دەنووک بەرێ بۆ چینە: بێ ترس، بێ دوشمن، بێ ڕق و کینە!
ئەم مەلە جوانەی لە شەڕ بێزارە هەرکەس بیناسێ زیرەکە، دیارە

بیستم سنووقی تەختە edit

بیستم سنووقی تەختە ئەیوت: سیحر ئەمەتە!
ڕێم بدە و گوێم بۆ شل کە «پەح» لە دەنگی بولبول کە!
بە هەزار دەنگ و زمان ئەڵێم، ئەخوێنم جوان جوان!

پیرۆزە، نیازگای ورد و درشتە edit

پیرۆزە، نیازگای ورد و درشتە تیایا بە کام ئەگات پەری و فریشتە
چاوی دایک و باوک و نەنک و باپیران: لە دەرگای چەقیوە، سەرپاکی ژیران
هیوایان وەهایە کە لەو دەروازە دەرئەچێ بەیداخی ژیانی تازە
ئەو کۆشکە هەڵبێنن ئەی لاوی وڵات لە پەنای سێبەریا ئەگەنە ئاوات

ماری درێژ و باریک edit

ماری درێژ و باریک سەری لە کونی تاریک
دەرئەهێنێ و بە زمان هێڵ ئەخاتە ڕووی مەیدان
ڕووی مەیدانی بەفرینە هێڵ یان سوورە، یان شینە!
هەر هێڵێ تەماشاکەی چیی کێڵابێت تێی ئەگەی!
ئەم ماری سک پڕ ئاوە ئاخ ئەتزانی چیی ناوە!

تیغی تیژی بەبڕشتە edit

تیغی تیژی بەبڕشتە حوکمی سەری تۆی بە مشتە
لە بەر چاوت بە هەزاران زەرد و ڕەش و سپیی ئینسان
ئەداتە بەر داسی درەو تاوێ بە ڕۆژ، تاوێ بە شەو!
سزای پاکۆی ئەم گشت لەشە: لە کیسەی خۆت پارەی بەشە

دوو مەقتەعە مەتەڵەکەم edit

دوو مەقتەعە مەتەڵەکەم دووەم ئەخوا بڕوا یەکەم
ناو و سیفەت لێکیان داوە وشەی مەتەڵیان لێ زاوە
لامان باو بوو جاری جاران دوایی باوی کەوتە شاران

سێ پیتە مەتەڵی ئەم جارەی ژینت edit

سێ پیتە مەتەڵی ئەم جارەی ژینت بیزانی ژین ئەکا زۆر ئافەرینت
یەکەمیان وەکوو مێرد لایەکە لە ژن دووەمیان لە «جێ»دا ئەکشێ بەرەو بن
سێیەمیان بەرودوای قووتی ئینسانە بێ هەرسێ ئەم کۆشکەی لەشمان وێرانە

مەیکێشە با کەم نەکا edit

مەیکێشە با کەم نەکا زۆرە لە ناوی یەکا
جووتی پاڵ کەوتووی ناو تاق بیست دانەیە لە عێراق

حەوتە مەتەڵم ژمارەی پیتی edit

حەوتە مەتەڵم ژمارەی پیتی مژینی مانگای خەڵقە نەریتی
پیتی سێ و پێنجی لەگەڵ شەشەمی بۆتە هۆ لێمان داپچڕێ دەمی
حەوت و شەش و دوو لەگەڵ سێ بەڕیز شتێک نین چووبی بەلایا هەرگیز!
زیاندارە وەک پێنج و شەش و حەوت دەریالووشێکە بۆ چاڵاوی نەوت
گوێچکەی تاق کەوتووی وەک هیی کەر درێژ، کلکی کوت و مت مارێکی ژارڕێژ
چییە ئەم دەعبا دڕندە و پیسە؟ پێنج بوایە پیتی ئەتوت ئیبلیسە!

وەک کەر لەسەر چوار پێ وەستاو edit

وەک کەر لەسەر چوار پێ وەستاو هەیەتی ڕوو، هەیەتی چاو!
پشتی پانە و باری سووکە، دەعبایەکی لەش بێ تووکە!
چی بێ ناوی ئەم دەعبایە کە نزیکی کورسیی شایە!

وشەی مەتەڵ پێنجە پیتی edit

وشەی مەتەڵ پێنجە پیتی هەڵیبێنی زرنگ و زیتی!
لە یەک و دووی لەسەر دوانی لە سێ تا پێنج تۆ بی، جوانی!
بێ دوو، وشە، شای چێشتانە بێ سێ گەورەی ناو خێزانە
باتا واتا مەتەڵ زان بە خاوەندی قۆندەرەی جوان بە

لە «هەمان ژوور»دا بۆ دوا وەرگەڕام edit

لە «هەمان ژوور»دا بۆ دوا وەرگەڕام کە گەیشتمە بەر «ژین»یان پێشان دام
سرنجم ورد دا لە پیتی هەشتەم دیم دەنگی لای کورد دەرناچێ لە دەم
بۆ کردنەوەی تەلیسمی مەتەڵ حەوت بەسە، هەشتت با نەبێ لەگەڵ

مەتەڵەکەمان چوار پیتی ساغە edit

مەتەڵەکەمان چوار پیتی ساغە: دروست کراوە لەسەر بناغە
لە یەک تاکوو سێ ئاوریشم دڕە یاخۆ شوێنێکی لە وڵاغ پڕە،
یەک و دوان و چوار زوڵفی نازدارە یەک و چوار خراپ هەر شەرمەزارە
هەیەتی گشت شت سیان و دوان و چوار بیزانە و بڵێم بژیت هەزار جار!

دیم لە گۆیەکی زەردی سوورباوا edit

دیم لە گۆیەکی زەردی سوورباوا دە پانزە ژووری هێلکە لە ناوا
لە ژووری سێ سووچ دەریای شەربەتاو لە هێلکەی وەک زیخ بووبوو بە گۆماو
دەریالووش بە کێرد ورگی گۆی دڕی ژوور ژوور شەکراوی لە دەریا بڕی
هێلکەی فڕێ دا و گۆی پان کردەوە گۆی هونەری خۆی ئاوا بردەوە

شارێکی گەورە هاوناوی گۆمە edit

شارێکی گەورە هاوناوی گۆمە سەر سنوور کەوتووی عەجەم و ڕۆمە
سێ پیتەی وشەی لە پێوە بۆ سەر چیت بوێ لەدەم پێی دێنیتەدەر
ناونجیی لاخەی پیتی یەک و دوو لێت نادیارە وەک ناوی مردوو
بەڵام چەواشە بڕوانی بۆیان ژمارەی مانگن بۆ ژنی دوو گیان

مەتەڵ حەوت پیتە «نووسین بە کوردی» edit

مەتەڵ حەوت پیتە «نووسین بە کوردی» گەر هەڵیبێنی ئەڵێم زۆر وردی
پیتی یەکەم و دووەم لەگەڵ سێ بەو سەرەوانێ ئەم سەر ئەبەستێ
پیتی سێ و شەشی لەگەڵ یەکەم بێت لای بایی لووتکەی «کاژاو» ئەکێڵێت
بەڵام حەوت و دوو شەش و یەک هەر چوار زێڕێکە لێمان ئەدزێ ئیستیعمار

مەتەڵی ئەمجارە لە نۆ پیت پێک هات edit

مەتەڵی ئەمجارە لە نۆ پیت پێک هات: مایەی پێش کەوتنە بۆ گەل و وڵات،
سێیەم و چوارەمی، یەکەمیش لەسەر لە هیچ کوێ نابینرێ لە خانوو بەدەر
یەکەم و دووەم و شەشەم بە ڕیزە میوەیەک پێک دێنن میوەی پاییزە
پیتی پێنج و حەوت و هەشت و نۆ ئاسان ئەبێ بە شارێکی سنووری ئێران

ناپاکێکی پێنج پیتییە edit

ناپاکێکی پێنج پیتییە زیانداری نەریتییە
سیان و دوو و یەک وەک ڕووی ڕەشە بە برژاندن ئێجگار چەشە
لەگەڵ دەرکەوت «چوار، پێنج» ئەڵێن بە یەکتر و بەو ئەدەن جوێن
بەو کێردەی خۆی دای سێ و دوو و چوار ورگی ئەدڕن وەک گورگی هار
لە «یەک، دوو، چوار» هەڵی ئەدروون ئەڵێن تۆپی شێری مەلعوون

مەتەڵ نۆ پیتە و کورتەباڵایە edit

مەتەڵ نۆ پیتە و کورتەباڵایە یەک و سێ و چواری ناپاکیی تیایە
وەک پێنج و شەش و هەشت بە وەزەن بوو لە پێنج تا حەوتی لەسەر شەڕ بەن بوو
ئێستا کە ماڵی فیتنەی وێرانە سێ و شەش و حەوتی ڕوو لە بڕانە

پێنجە ژمارەی پیتگەلی مەتەڵ edit

پێنجە ژمارەی پیتگەلی مەتەڵ بێ سێ شیرەکەی ئەکەنە مەنجەڵ
یەک و دوو خڕە و یەک و دوان و سێ بە شیش ئەبرژێ و ئەیخوا گشت کەسێ
لە دوو هەتا پێنج پشووی پاش کارە سێ و چوار لەگەڵ دوو ئەبینێ دیارە!
ئەوەندە سووک و ئاسانە مەتەڵ یاریی پێ ئەکا شوانی لای ئاژەڵ

لە چوار پیت دێتە بەرهەم edit

لە چوار پیت دێتە بەرهەم ئەی برا ئەم مەتەڵەم:
بە یەکەم و سێ و چواری دیل کەری زۆر گیانداری
جگە لە یەک، دوو، سێ، چوار شادیی تۆ و خەمی باڵدار!

مەتەڵەکەم چل پێی هەیە edit

مەتەڵەکەم چل پێی هەیە هەر پێیەکی یەک ڕێی هەیە
ڕێگای باریک ئەگرێ و ئەڕوا هەتا لەوپەڕ سەر هەڵئەدا
ناو ڕێگا هێند بۆنی خۆشە تیغی سەرتاش بۆی پەرۆشە
زیرەک بەو بزانە چییە ئەم مەتەڵە چوار پیتییە؟

مەتەڵەکەم پیتی چوارە edit

مەتەڵەکەم پیتی چوارە بێ قاچە و کلک و پەڕ دارە
ئەڕوا بێ پێ، ئەخوا بێ دان هەوا بمژێ گورج ئەدا گیان
بۆ هەژاری گوێ ئاو گۆشتە پارەی باشی پێ ئەدا پۆشتە
گەر بتەوێ مەتەڵ ڕاو کەی ئەبێ خۆت نوقمی قوڕاوکەی

مەتەڵم پێنج پیتی ڕێکە edit

مەتەڵم پێنج پیتی ڕێکە خۆش ویستراوی گشت کەسێکە
پیتی سیان و چوار و دوانی وەک سەدەف وایە ئێسقانی
بەڵام دوانی و چواری و پێنجەم لە چوارپەلی ئەسپم ئەدەم
یەکەم پیت و دووەم پیتی هەر لە بوێژە بریتی

مەتەڵی حەوت پیت شاعیری مەزن edit

مەتەڵی حەوت پیت شاعیری مەزن بولبولی کورد بوو بۆ شیرین خوێندن
ئاوازەی چەشنی هیی یەک، دوو، چوار بوو مەعنای ڕەنگینی ورد وەک یەک و دوو
یەک و دوو و چوار و پێنجیشی لەسەر پیشەی بوو لەسەر ڕووی دەریای هونەر
بە شیلەی جووڵەی چوار و حەوت و شەش بە کوردزمانان شەکری ئەدا بەش
بدۆزیتەوە کێیە مەتەڵم ئەڵێی هەر بژی یاری لەگەڵم

مەتەڵ شەش پیتی کوردی و ئاسانە edit

مەتەڵ شەش پیتی کوردی و ئاسانە حەقێکە لەسەر خوێندەوارانە
سێ یەک و دوان و پێنجەم و شەشەم بۆ «ژین» ئەبێتە نرخی هەفتانە
چنۆک ڕائەکا بۆ سێ، دوو، پێنج، شەش پێی بڵێم هی ساڵ بکە ڕەوانە
بڵێم هی شەش مانگ، ئەڵێ: سێ، پێنج، چوار با بێتە خەوت نیوەی ساڵانە
ئەگەر بۆ پارە هەڵکوتمە سەرت، ئەبینی مەتەڵ لەسەر زمانە!

حەوت پیتە مەتەڵ شاخ لێڕواوە edit

حەوت پیتە مەتەڵ شاخ لێڕواوە پەنجەگەزیوە و فرمێسک بە چاوە
لەیەک تاکوو پێنج بێ چوار ئەیڕێسن ئەیکەن بە بەڕە و بەرماڵ پیرێژن
پێنج و شەش و سێ بۆ چێشتی هەژار لە ڕەش، لە سپی دێتە ناو بازار
ئەگەر حەوت و شەش لەگەڵ سێ و چوار بێ ڕەنگە بۆ ناوی مەتەڵ لەبار بێ!

کفرە مەتەڵ، لام وایە edit

کفرە مەتەڵ، لام وایە لای هەندێک ناوی خوایە
خوایەک کە لە ڕووی ئەرزا وەکیلیەتی سەرمایە
خاوەن سەرمایەی ناپاک ئاشووب ئەخاتە کایە
بۆ سوودی خۆی، بۆ شادیی دڵی ئەو خوای بەدخوایە!
بە ئیملای کوردی مەتەڵ تەنیا لە چوار پیتایە!

یەکەم شاعیرمان هەر بە ناو بیستراو edit

یەکەم شاعیرمان هەر بە ناو بیستراو حەوت پیتی کوردی بۆی ئەبێ بە ناو
یەک و پێنج داری گەورەی شیرین بەر لە یەک هەتا چوار تابووت دێتەدەر
یەکەم و حەوتەم لەگەڵ شەش و دوو گشت کەس هی چەوری ئەکا ئارەزوو
زۆردار خستووینیە گێرەو کەشمەکەش لەشی ڕووت کردووین لە یەک پێنج و شەش
ئەگەر شاعیری دێرینی گەلت ناسی، هەر بژی قەڵەم و پەلت

هۆی حەسانەوەی سەرە edit

هۆی حەسانەوەی سەرە لەگەڵ سەر سوار و کەرە
بەڵام کەر هەر لە ژێرە هێندە بێ خێر و بێرە
ئەو نەبێ کورد بییەوێ هەم ژێر، هەم سەر ئەکەوێ
زیرەکیی خۆت بنوێنە ئەم مەتەڵە هەڵبێنە

وێنەی مەتەڵم لە نۆ پیت پێکهات edit

وێنەی مەتەڵم لە نۆ پیت پێکهات شیعری چۆتە ناو گۆرانیی وڵات
نەخوێندەوار بوو، بەڵام داستانی خوێندەوارانیش نرخیان ئەزانی
لە یەک تاکوو سێ لە ڕواو دەردێ لە یەک هەتا چوار سەری پێ ئەشکێ
لە شەش تاکوو هەشت پێنجیشی لەسەر چل زمان ئەدا لە زوڵفی دولبەر
سیان و دوو لەگەڵ شەش و پێنج، یەک، حەوت لەم شارەی ئێمەی بڕیوە سرەوت
مەتەڵ هەڵبێنی و بزانی کێیە ناوت بە زیرەک دانێن بەجێیە

مەتەڵی بەدکار لە حەوت پیت پێک دێ edit

مەتەڵی بەدکار لە حەوت پیت پێک دێ ناژی وەک ئەسپێ خوێنی خەڵک نەمژێ
یەک و دوو دەستە، پێنج و شەش و حەوت باوەشێن ئەکرێ هاوینان کە خەوت
پێنج و شەش، سێ و حەوت لە ئاوریشم ئەدڕێ لە خەرمان حەوت، سێ، یەکی پێ ئەبڕێ
پێنج و چوار و سێی ڕەنج ئەبا وەک با وەک پێنج و دوو سێ و یەک لەسەر ئەدا
ئەگەر هەڵبێنی مەتەڵی ناساز نزات بۆ ئەکەم ببی سەرفەراز

مەتەڵ بڕبڕەی پشتی وڵاتە edit

مەتەڵ بڕبڕەی پشتی وڵاتە سەربەرزە گەرچی پەڕپووت و لاتە
لە شەش پیت پێک دێ و شەش هەتا چواری لەناو ڕەنگانا ڕەنگێکە دیاری
شەش و دوان و یەک دەنگی لێوە دێ سیان و دوان و چوار دەعبای تیا ئەنوێ
یەک و چوار لەگەڵ دووەم و پێنجەم ئاوێکە لە ژار تاڵترە بە دەم
یەک تا چوار بێ سێ دەمە و هەنگوینی هەنگوینێک بە گوێ ئەدا شیرینی
بزانی مەتەڵ کام چیای بەرزە هەزار «نامەخوا»ت لەسەر ژین فەرزە

مەتەڵ شوێنەزای شاعیرێکە زل edit

مەتەڵ شوێنەزای شاعیرێکە زل شاعیر خۆی گڵی ناو ئەبا بە کل
لە حەوت پیت پێک دێ و دووی دووبارەیە هەموو قۆناغێک دوور لەم شارەیە
لەیەک تا سیانی وەک پێنجە تا حەوت چوارەم سەرزلی خاوەن کلکی چەوت
پیتی یەکەم و دووهەم و حەوتەم کوتانی باو بوو بەڵام ئێستا کەم
پێنج و دوان و چوار زوڵفی نازدارە سیان و دوان و شەش لە دوور دیارە
وەڵام هەڵبێنی دەرئەخەی ژیری مەتەڵ زانێکی بەهۆش و بیری

چوار پیت وەک یەک تاق و جووت edit

چوار پیت وەک یەک تاق و جووت قەڵای باو باپیری زووت
دەورەیان دا کڵاوسوور قەڵایان کردیت خاپوور
ئەم مەتەڵە بزانی وەستای بەیت و داستانی

پەنجە بەرە بەی هەڵگرە edit

پەنجە بەرە بەی هەڵگرە لە خانوودا ڕوو لە دەرە
ئەوەی ئەیکا بە ڕەنجی شان هاودووکانی ئاسنگەرە
ئەگەر زانیت مەتەڵ چییە «نامەخوا»کەت لەسەر سەرە

لە نۆ پیت پێکهات مەتەڵی ئەشکەوت edit

لە نۆ پیت پێکهات مەتەڵی ئەشکەوت کاتی زوو ئینسان لەناویا ئەخەوت
ئێستاش ئێسقانی کەللە سەری کۆن تیا پێشان ئەدا ئینسان ئەژیا چۆن!
بە بێ ناونیشان هەڵیدێنێ کورد سرنج لە مەعنای ئەم شیعرە با ورد:
سەد دەستە پیاوی ئازا و خێزان دار بۆ یادیان کردیان تا سەر بە هەوار

مەتەڵێکە سەر لێ تێکدەر edit

مەتەڵێکە سەر لێ تێکدەر کێواوکێو دەشت ئەداتە بەر
دوو جار بێت و ناوی بەری باوکی مناڵ هەڵئەدا سەر

بە هێڵەک ئارد ئەبێژن edit

بە هێڵەک ئارد ئەبێژن شتێکی لێ ئەڕێژن
سەری پێیە و پێی سەرە بە پێنج پیت ناوی بەرە
پێنج پیتی ئیملای کوردی ئەگەر زوو زانیت وردی

شوێنەزای پیری شیعری گۆرانی edit

شوێنەزای پیری شیعری گۆرانی لە حەوت پیت پێک دێ وشەی دوولانی
لە یەک تاکوو سێ بارانی شەستە یەک و پێنج و شەش ڕێی ڕوانین بەستە
مناڵ حەز ئەکا لە سێ، دوو، شەش، حەوت کێ کردی شەش، دوو لەگەڵ یەک هەڵکەوت
بە بێ چوار، شەش، حەوت مەتەڵ هەڵبێنی «ژین» پێی لێ ئەنێ هونەر ئەنوێنی

مەتەڵی شەش پیت لە دەشتی بەپیت edit

مەتەڵی شەش پیت لە دەشتی بەپیت گردە و منارەی ڕاوەستاوی قیت
پیتی یەک و دوو و سێیەم و شەشەم ڕووی کردە نزمی ناو ئەبرێ بە تەم
چوارەم و پێنجەم سێی بچێتە سەر تا نەکرێتەوە دەنگ نایەتە دەر
یەکەم و پێنجەم لەگەڵ شەش و سێ گوڵە و لە دێم و لە بەراو ئەڕوێ
کە چوویتە شاری دێرینی مەتەڵ لە گەنم پڕ کە گیرفان و باخەڵ

مەتەڵ بۆ کوردێک بە شەش پیت پێک دێ edit

مەتەڵ بۆ کوردێک بە شەش پیت پێک دێ چوار و پێنج و یەک بەهار زۆر ئەبێ
چوار و دوان و شەش بکێڵە بەهار پاییز مێوژت ئەبێ شەش، پێنج، چوار
لە سەرتە یەک و دوان و شەش و چوار گشت سێ و دوو و چوار و شەشێکی بەهار

وەرە دروست کەین لە نۆ پیت مەتەڵ edit

وەرە دروست کەین لە نۆ پیت مەتەڵ داخ بەرینە سک خوای شەڕی چەپەڵ
ئەگەر لەباتیی پیتی پێنج و چوار واوێک وەربگری لە کۆتری نازدار
ئەمجا پیتەکان پاش و پێشتر خەی دوایی بە وردی لە گشت سرنج دەی
ئەبێتە بەهەشت، بەهەشتی نیاز چۆلەکەی بۆتە مەلی «خۆش ئاواز»

حەوت پیتە ئەمجارە، نەگریسە مەتەڵم edit

حەوت پیتە ئەمجارە، نەگریسە مەتەڵم لە دەستی زۆری چەشت ڕۆژی خۆی کۆمەڵم
لە یەکەم تا شەشەم خشۆکی ژاردارە حەوت و شەش لەگەڵ دوو کراسی ڕەشمارە
حەوت و چوار لەگەڵ دوو بڵندە و سیان و چوار دەستەیە و یەک، شەش، پێنج هاوارە لە ئازار
هەرکەسێ تینوێتی بۆ نەورۆز بنوێنێ بێ گومان هەوڵ ئەدا مەتەڵم هەڵبێنێ

مەتەڵم پیتی حەوتە و ئاسانە edit

مەتەڵم پیتی حەوتە و ئاسانە گەشە و بۆن خۆشە و بە ڕەنگ زۆر جوانە
یەک و دوان و سێ سەرجەمی زۆری پێنج و شەش و حەوت مەڵبەندی زۆری
یەک و چوار و دوو لەگەڵ سێیەمین ئەدرێ، بە شانا چەرمێکە پەشمین
حەوت و شەش و سێ لەسەر کوڵمی ئاڵ وەک داخی پەڕەی گوڵ دێتە خەیاڵ
بزانە چییە مەتەڵی بەهار با ئافەرینت بکەن هەزار جار

مەتەڵەکەم شەش پیتییە edit

مەتەڵەکەم شەش پیتییە ئاواتەخوازی برسییە
بەڵام زیخی وەک یەک و سێ یەک، دوو، چوار، پێنجیش ئەیناسێ
وەک بەردی یەک، شەش، سێ ڕەقە دان لە ترسی گازی لەقە
بەڵام ڕەق بێ یان ئاسان بێ زوو بۆت هەڵدێ مەبەست نان بێ

لە یەک تا سێ ساڵی پێشوو edit

لە یەک تا سێ ساڵی پێشوو لە حەوت تا نۆ حاڵی پێشوو
یەک، دوو، سێ، پێنجی لەسەر بێ ورگی خاوەن تەماع ئەدڕێ
لە شەش بۆ چوارەم باڵدارە بێ هەشتەم پیت پەلامارە
جێگایەکە ئەم مەتەڵە لای ئێمە پڕ لە تەمەڵە
لە زۆر جێگای ئەم دنیایە دڵسۆزانی گەلی تیایە
بە ژمارە هەشتە پیتی هەڵیبێنی زرنگ و زیتی

لە شەش پیتەکەی جووتی پێش و پاش edit

لە شەش پیتەکەی جووتی پێش و پاش قسەی مناڵن بۆ شت جوان بێ و باش
لە سێوە بۆ پێنج کزی و بێدەنگی یەک تا سێ زستان مایەی دڵتەنگی
هەرکەس لە یەکەم تا چواری زۆر بێ دەزگا و دووکانی یاخوا هەر مۆر بێ
تا ئێستا نرخی ئێجگار گرانە تاوانیش دیارە هیی شارەوانە
بزانی مەتەڵ سەوزەی ڕووسوورە ئەڵێی لە وزەی کڕین ئای دوورە!

مەتەڵ لە چوار پیت پێک دێ edit

مەتەڵ لە چوار پیت پێک دێ دووکەڵ ئەکا و ئەسووتێ
یەک، دووی شیرین وەک هەنگوین یەک، دوو چوار مایەی پژمین
بۆمان ئەبووە هۆی سامان سەربەست بوایە بازارمان
هونەری خۆت بنوێنە ئەم مەتەڵەش هەڵبێنە

مەتەڵی حەوت پیت زەنگیی کڵاوسەوز edit

مەتەڵی حەوت پیت زەنگیی کڵاوسەوز ئاو ناخوا بەرپێی تا نەکەن بە حەوز
مل هەڵواسراوی بن لقی بەرزە پاش ئیعدام پێنج، چوار، سێ و حەوتی فەرزە
یەک، دووی تۆز ئەکا، یەک، دوو، چوار لای ژوور چوار و پێنج، سێ و یەک سەرۆکێکی دوور
ئەمیش هەر بەری ڕەنجی جووتیارە کێ ئەیکا و کێی تر بۆی ئەخوا؟ دیارە!

حەوت پیتییە مەتەڵی خۆش edit

حەوت پیتییە مەتەڵی خۆش چەرخ و فەلەک دێنێتە جۆش
لە یەک تا چوار ڕۆژی شادی سک تێری و گەردن ئازادی
لە سێ تا حەوت بابەتی ژن سێ و چوار نیوەی کۆمەڵی من
لە چوار تا شەش زادی خوایە چوار، پێنج هەروەک شەش، حەوت وایە
سێ و پێنج و شەش هۆی هاوارە سرنج بدەی مەتەڵ دیارە

مەتەڵەکەم پێنج پیتە edit

مەتەڵەکەم پێنج پیتە لە ئاردایە و بێ پیتە
پاش و پێشی وەک یەکە سێ پیتی دواییی یەکە
ئەم مەتەڵە هەڵبێنی دیارە هونەر ئەنوێنی