Adam Ali
مەلا پەرێشان
editمەلا پەرێشان (١٣٥٦-١٤٢١م) ____________ مەلا پەرێشان كۆنترين شاعيری كوردە بە ديالێكتى گۆرانى شيعرى دانابێ ولە چوارچێوەی شيعرى ئايينى يارسان چووبێتە دەرەوە.هەندێک لە مێژوونووسان و رەخنەگرانی ئەدەبی کوردی شیعرەکانی مەلا پەرێشان لە جیاتی دووبەیتییەکانی باباتاهیری هەمەدانی بە سەرەتای ئەدەبی نووسراوی کوردی دادەنێن. ئەو پەيرەوى لە ئايينزاى شيعەى كردووە و بيروراى بزوتنەوەى (حروفيە) لە شيعرەكانى دا رەنگى داوەتەوە.لە رێگاى شيعرەكانييەوە بۆمان دەردەكەوىَ لە (فەلسەفەى لۆجيك وعيرفان) شارەزاييەكى زۆر باشی هەبووە.ئەو بابەتە ناوەرۆكانەى خستويەتيە روو دەچنەخانەى شيعرى فێركاری (ديداكتيك)ەوە.ئەم جۆرە شيعرە لە ناو هەموو كۆمەڵانى پێشكەوتوو لە ناوەوە بووە لە سەردەمى گريكەكانەوە تا ئێستا.شاعير جگە لە ديوانەكەى كە بريتييە لە پێشەكيەك وهەفت فەسل وكۆتايی ،دوو بەرهەمى ئەدەبی ديكەى هەيە بە ناوى (پەرێشان نامە)و(ساقى نامە). مەلا پەرێشان لە پارچە هەڵبەستێکدا کارەساتی کەربەلامان دەخاتەوە بیر وبەم چەشنە ئەو رووداوەمان بۆ دەگێرێتەوەو دەڵێ: ژ گوفتەی راسان شنەفتم نەوید کوشتەی عیشق ئەو شەهیدەن شەهید تۆ کە دەسرەسی بوینی وە چەم بێ سەر و سەردار نە سەحرای ستەم سەران وە نێزەی ئەعدا بێ بەدەن تەنان نە سەحرای میحەن بێ کەفەن ژ خون وێشان رەنگین پاو دەست خەزماب مەدهۆش ژبادەی ئەلەست واتە:ئەو مژدەیەم لە پیاوانی راستگۆوە بیستووە کە کوژراوانی عیشق (حوسێن ویارانی)بە دڵنیاییەوە شەهیدن .تۆ کە نەتتوانیوە بە چاو دیمەنەکە ببینی کاتێ کە بیابانی ستەم (کەربەلا)بێ سەردار مایەوەوسەرانی بێ بەدەنی یاران بە نێزەی دوژمنانەوە بوو و لەشیان لە بیابانی مەینەتیدا بێ کفن مایەوە.بە خوێنی خۆیان دەست وپێیان رەنگین کرد ( لە خەنە گرت) وبە بادەی (الست)مەدهۆش بوون ...... ____________________ ساقی نامە ی پەرێشان: ساقی نامە بابەتێکی باوە لە ئەدەبی کوردیدا،ئەم ساقی نامەیە یەکێکە لە بەرهەمە کۆنەکانی ئەدەبی کوردی و ناوەرۆکەکەی دەچێتەوە سەر ئەدەبی سۆفیزم.ئەم ساقی نامەیە نموونەی ئەو ئەدەبە بەرزەیە مرۆڤ لە رێکخراوێک کۆدەکاتەوە مەستی خودایی ناسنامەیان پێ دەبەخشێ. ساقييا وەرە جاميَ پەى مەستى سوودم مەستييەن زيان ژ هەستى جاميَ كە مەغزم باوەرۆ وە جۆش دونياو مافيها بەم فەرامۆش نەژەو بادەى بەزم حەريفان رەد مەنهى مينەڵڵا موزەليل خيرەد مەستان مەجاز دێوەن مەس نيەن هەوا پەرستان حەق پەرەس نيەن ژەو بادەى بيَ غەش خومخانەى دێرێن شێر مەرد ئەفكەن تەڵخ لەب شيرين بدەر تا يەكجار پاك ژ گوناه بووم مەستى باەرِو فەنا فيللا بووم ________ واتاكەى: ئەى ساقی وەرە جامى مەستى وسەرخۆشيم بۆ بێنە قازانج وسوودم لە مەستييە ،هۆشياری ژيانم پێ دەگەيەنىَ جامێك مێشکم بهێنێتە جۆش دونياو ئەوەى تێدايە لە بيرم بچنەوە نە لەو بادەيەى بەزمى حەريفان (ياران) دەرووخێنىَ خوا نەهى لێكردووە و ئەقل وهۆش تێك دەدا مەستانى ناراست دێو و درنجن مەست نين هەوا پەرستان هەق پەرست(خودا پەرست)نين لەو بادەى بێ غەشی خومخانەى دێرینە كە پياو شكێن و زمان شيرينە جامێكم بدەرێ تا بە جارىَ لە گوناه پاک ببمەوە مەستى باوەر و لەناو خوادا بتوێمەوە ___________________ سەرچاوە : ١- د. مارف خەزنەدار:مێژووى ئەدەبی كوردى ،بەرگى دووەم ،چ١،هەولێر،٢٠٠٢،ل13-27. ٢- سەديق بۆرەكەيی :مێژووى وێژەى كوردى ،بەرگى يەكەم، چ٢،هەولێر،٢٠٠٨،ل 375-386. ________________ نۆسین:د.سالار عەزیز