دیوانی ئەحمەدی کۆر/ێ

313053دیوانی ئەحمەدی کۆر — پیتی ێ1856ئەحمەد کۆری موکریانی
دوێشەوێ دیتم لە خەودا وام لەگەڵ شەککەر لەبێ ڕووبەڕووی دڵداری گیانیم، لێی دەخوازم مەتڵەبێ
لێی دەخوازم زۆر بە زاری، بە زەلیلی و ئینتیزاری بۆ دەوای دەردی بیماری، بووسەیێ لەو غەبغەبێ
غەبغەبی بەیزا و مونەووەر، مەهڕوویی تەنناز و دڵبەر لەب میسالی حەوزی کەوسەر، جایی نۆش و مەشڕەبێ
مەشڕەبێ لەعلی لەبانی، عەیشی ڕۆحی خەستەگانی داڕووی دەردی نیهانی، حەق نەسیب کا بۆ مە بێ
حەق لەبۆ مەی کا نەسیبە، ڕۆئیەتی ڕوویی حەبیبە زوو لەبۆ مە بێ تەبیبە، جەڕحی دڵ پێی خۆش دەبێ
خۆش دەبێ ئەو جەرح و زامە، دڵبەری شیرین کەلامە بەشقی شای خەیرولئەنامە، لوتفێکت دەر حەق مە بێ
تۆ بە لوتفی خۆت عەتا کە، دڵ لە بەندی خۆت ڕەها کە بووم بە تای زوڵفت هیلاکە، سەر بە دۆش چون عەقڕەبێ
عەقڕەب و ماری گەزەندە، حەڵقە حەڵقە چون کەمەندە سەر لەبەر گەردن لە بەندە، باعیسی لەرز و تەبێ
باعیسی ڕۆژی دەتەنگە، یار حەبیبی دڵ چۆ سەنگە هەر کەسێ ئەو لێی بە جەنگە، ڕاحەتی مردن دەبێ
ڕاحەت و عەیشی مەحاڵە، بۆ کەسێ حەشری خەیاڵە هەر کەسێ دی ڕووی بەخاڵە، شیبهی خەتتی مەکتەبێ
مەکتەبی عالەم نەزارە، خاڵ وەکوو نەجم و ستارە دڵ بە دینی ئینتیزارە، سوحبەتی گێسوو شەبێ
گێسووی موشکین کەلافە، دەستە دەستە چون تەنافە جەبهەتی بێ گەرد و سافە، تاری کرد وەک مەغریبێ
تاری کرد وەک شەب زوڵامە، ڕەوشەنی چاوی ئەنامە شاد بەخشی خاس و عامە، دیتنی ڕووی قەند لەبێ
دڵبەری نوورین جەماڵە، خۆشەویستی زولجەلالە کافیی عیسیان مەلالە، بوونی ژێر پێی مەرکەبێ
مەرکەبی ناو لێ بۆڕاقە، ڕاکیبی سادیق میساقە خۆشەویستی فەردی تاقە، شافیعی مەن ئەز نەبێ
شافیعە بۆ ئینس و جانان، خێری ئەرز و ئاسمانان بمدەنێ هەر دوو جیهانان، ئەز نەدەم پێی مەنسەبێ
سەد کە من مەنسەب و پایە، هەر غەم و دەرد و بەڵایە چونکە یار ساحێب وەفایە، تەرک دەکەم بۆی مەزهەبێ
مەزهەب و دین چوو لە دەستم، من فیدای ئەو چاوی مەستم یاری خۆم ئەز دەپەرستم، تا لە قەلبم ڕۆح هەبێ
ڕۆح و دڵ، عەقڵ و ئیمانە، هەر چی دەر کەون و مەکانە هەفت ئەرز و ئاسمانە، پاک لە ڕێی یار فیدیە بێ
پاکی عالەم تۆی مرادە، تالیبی مەجروح فوئادە عاشق هەر ئەو وەختە شادە، یار بدا لێی مەزرەبێ
یار بکا لێی زەربی کاری، لە قولووب و جەرگی یاری ئەو غەم و ئەندووهـ و زاری، بۆ مە هەدیە و توحفە بێ
دڵ لەبۆی هەدیە و ویسال کەین، جیسم و تەن بە کۆی زوخاڵ کەین نەک چ جاری دی خەیاڵ کەین، فکری لەهو و مەلعەبێ
چی جیهانە لەهو و لەعبە، گەر عیناد و ڕەنج و تەعبە کارێکی زۆر زێدە سەعبە، دڵ کە عیشقی تێ نەبێ
دڵ لە عیشقی یار جودا بێ، بە هەزار دەرد موبتەلا بێ دەک بە زەهری مار هەلا بێ، ڕەستگاری لێ نەبێ
چارەیی بۆ نین دۆعایە، چونکە جیسمێکە فەنایە ڕۆح بە نووری وی فیدایە، تەن سیای سەر حەڵقە بێ
حەڵقە حەڵقە تووکی مەڕخوز، غەمڕەوێنی دەردی عاجز تازە عومرت بوو بە سێ عوز، یا ڕەبی سێ پەنجە بێ
ڕۆژبەڕۆژ ساحیب نەجات بێ، هەر لە سەر عەیش و نیشات بێ دیم چراغی ڕووی بیسات بێ، خاڵ چوو نەجم و کەوکەبێ
کەوکەب و نەجمولهودایە، شاهـ و سوڵتان و گەدایە هەر چی دی، بۆی جانفیدایە، دەک لە ئێمەش نەخشە بێ
دەک ئەمەش بۆی جانفیدا بین، دڵ فەراغی ماسیوا بین سەردەمێکیش ئاشنا بین، تا عومر باقی هەبێ
تا دەچێ عومرم بە فانی، موددەیی پیری و جەوانی سەر لە ڕێی دڵداری جانی، خاکی ژێر پێ و مەکعەبێ
گەردی ئەو ژێر کەوش و کاڵان، سایەیی سەرو و نیهالان دەفتەری ئەو جوانە خاڵان، بۆ مە عیلم و نوسخە بێ
بۆ مە ئەو باغی نەزەر بێ، هەر کەس عیشقی تۆی لەسەر بێ ڕەنگە شای ساحێب زەفەر بێ، در جیهان پڕ فەتحە بێ
ڕەستگاریم نین لە دامە، کەی بچێنم گوڵ بە کامە حوببی شای خەیروولئەنامە، قەت لە قەلبم کەم نەبێ
عومری «ئەحمەد» چۆتە فانی، موددەتی پیری و جەوانی هەر بە عیشقی شایی جانی، خاکی ژێری نەعلە بێ؟!
یا خودا هیچ کەس وەکوو من ڕووی لە جانان دوور نەبێ هیچ بەدەن وەک جەندەکی من غەرقی بەحری قوڕ نەبێ
غەرقی مەوجی بێ کەرانم، قەقنەس ئاسا گڕ لە گیانم ئەو دڵەی دەیر و وێرانم، چیدی مەئوای حوور نەبێ
حۆریی باغی جینانن، زاهیرەن نەقشی جیهانن مەهجەماڵن، نەوجەوانن، چیدی نین قەد نوور نەبێ
نووری سافن، بێ عیووبن، کاشفی غەمم و کڕووبن نەقشی ئوستادی غیووبن، کەس بەوان ڕەنجوور نەبێ
دڵ بە حوببی وان کە پڕ بێ فەڕزە بۆی پڕ تاب و گڕ بێ کانی ڕەمز و کەنزی سیڕ بێ، گەر بەویش مەستوور نەبێ
حەز دەکا دڵ ئەولیا بێ، ساف بەحەق ئەو ئاشنا بێ گەر لە ڕێی عیشقی جودا بێ، هیچ نییە خاپوور نەبێ
خانەیی چۆڵ و وێرانە، مار و مووری لێ مەکانە سووڕەتی بێ ڕۆح و جانە، گەر بە عیشق مەعموور نەبێ
عاشقی عیشقی ئیجاد کە، مەنشەئی باقیی ئیراد کە کارێکی وا تۆ بە یاد کە، نەفسی پێ مەغروور نەبێ
هەر کەسێ تابیع بە عام بێ، ئەو دەبێ گومڕا و نەفام بێ حەز دەکا کاری تەمام بێ، وەبکا نەفس ئەستوور نەبێ
هەرچی هەرزەکار و گێژ بێ، ڕەند و سەرکەش، خوێنڕێژ بێ سەد کەڕەت ئەو عیشقی تیژ بێ، پێشی عام مەشهوور نەبێ
خۆت مەکە زۆر کز لە دەستی، پشت بە نەفسی قەت نەبەستی ئەبلەهـ و نادان و مەستی، وەبکە ڕوح ڕەنجوور نەبێ
ڕوحی ڕاحەت بۆ ئەوانە، نەزدی عالەم هیچ نەزانە مەحڕەمی ئەو نەوجەوانە، ناو بە خاس مەزکوور نەبێ
ناو بە خاس لە ڕووی جیهانی، ئافەتی بۆ جیسم و جانی چون خرووسی حاڵ نەزانی، جەنگجوو و نێو خۆر نەبێ
ڕازی دڵ یەک یەک سوخەن بێ، یەک سەر و یەک جان و تەن بێ هەر دەگەڵ نەفسی بەفەن بێ، نەک لەبۆت مەقدوور نەبێ
قودرەتی حەق تۆ دەبینی، وا لەسەر ئەرز و زەمینی کەس نەگوت رب أرني غەیری مووسای توور نەبێ
بۆچی ئەو وای کوت بە موتڵەق، تا بکا سافی دڵی ڕەق کەس نەکوت لەفزی أنا الحق، غەیری شێ مەنسوور نەبێ
کەس وەکوو تاهایی موختار، ساحێبی ئیعجاز و ئەسرار بۆ ئەبەد ناکا چ گوفتار، چی لە حەق مەئموور نەبێ
خەڵکی ئەم دەورەی جەدیدی، شیبهی دەججال و یەزیدی هیچ نییە گوفت و شنوودی، نازر و مەنزوور نەبێ
پڕ درۆ و کیزب و موحیلە، عەبدی شەیتانی زەلیلە هیچ نییە عیلم و دەلیلە، نەغمەیی تەنبوور نەبێ
نەغمەیی سەنتوور و سازە، چاو بە کل زولفی درازە زات خەرتەل، شکڵی قازە، کە بەوان موسروور نەبێ
گوێ مەدەیە وەعز و پەندی، گورگ دڵ، زات گوسفەندی زۆر کەسی هەڵداشت لە کەندی، تا بە کەی دڵ دوور نەبێ
هەر لە من ببیەن بەیانە، بەو خودایەی لامەکانە دوور لە لوتفی شای جیهانە، چی لە دنیا دوور نەبێ
نەقشی دنیا تۆ دەبینی، کەسک و سوور و زەرد و شینی هیچ نییە حق اليقيني، خانە خشتی سوور نەبێ
هەر کە زانیت بێ مەئالە، کینەبازی نوور جەمالە دەم مەدە لەو هیچ مەقالە، سوحبەتی مەشهوور نەبێ
سوحبەتی خاسانی مەعلووم، هەمنشینی یاری مەعسووم نەیدەکرد کەس نەفسی مەزلووم مەردی ناو «تەیفوور» نەبێ
ئەو هەموو گفت و شنوودە، نەزدی دڵ بێ سەرف و سوودە کەس وەکوو من بێ وجوودە، غەرقی چای دەیجوور نەبێ
چاهی دەیجوور مەنزڵی من، خار و نەشتەر حاسڵی من هیچ دڵێک میسلی دڵی من، خانەیی زەنبوور نەبێ
مەسکەنە بۆ موور و ماران، مەنشەئی دەرد و بیماران هیچ نییە قەلبی هەژاران، جایی مار و موور نەبێ
دڵ بە دڵ ئەو کەی حیسابە، گەر نەبێ بۆ یار کەبابە پڕ بڵیسە و پڕ شیتابە، شوبهەتی تەندوور نەبێ
هەر وەکوو تەندوور بەتین بێ، هەر بسووتێ چین بە چین بێ ناڵە و زاری و گرین بێ، هەر وەکوو سەنتوور نەبێ
شوبهی عوود و چەنگ و نایە، هەر تۆ بێژی وایە وایە هیچ نییە ئاخر دەوایە، شەربەتی ئەنگوور نەبێ
ئاوی ئەنگووری زەمانان، موسکینی پیر و جەوانان دڵ لەبۆی جوێ بێ لە جانان، جێی سەرای مەعموور نەبێ
ئەحمەدی کۆر بەس نەفام بە، نەختێکیش هۆشیاری عام بە بێ سەدا و نوتق و کەلام بە، تا لە یار دەستوور نەبێ
دڵبەرا مەحبووسی داوم از فراقی لام و بێ وا بە عیشقی تۆ سووتاوم، ئاخ بۆ لوتفی یا و ڕێ
ئاخ بۆ یاری نازەنینم، مەحبووبی دنیا و دینم مەرهەمی زام و برینم، پێم کەرەم کا شین و فێ
پێم کەرەم کاتن شیفایە، ساحێبی شەرت و وەفایە مەحرەمی ڕازی خودایە، ناسیخی کاف، تێ و بێ
ناسیخی جەمعی کیتابە، شافیعی ڕۆژی حیسابە ڕوومەتی چون ماهتابە، قامەتی چون نوون و یێ
قامەتی وەک نەونەمامە، خۆش تەبع، شیرین کەلامە ئەی حەبیبی خاس و عامە، شاهی میم، حێ و شین و ڕێ
شاهی مەحشەر ڕۆژ جەزایە، مەهجەبین و نوور لیقایە چی بڵێم سەد جار وەهایە، بێ فیدای ڕێ و واو و حێ
بێ فیدای ڕوح و جانم، سەییدی هەر دوو جیهانم سوبح و شام قەلب و زبانم، بوون بە دوو قاف نوون و سێ
بووم بە قەقنەس، تەن زوخاڵم، عاشقی ئەو چاو غەزالم بوون بێزار عالەم لە ناڵەم، نایێتە دال سین و تێ
نایێتە دەست بێ مەشەققەت، تا نەکێشی ڕەنج و زەحمەت تەرک نەکەی ئەسبابی لەززەت، نابینی لەو سێ و فێ
نابینی هەرگیز سەفایە، خواردنم ڕەنج و جەفایە چونکە حاڵم بۆت وەهایە، بگرە دەستم یا و ڕێ
بگرە دەستم یاری دڵبەر، پێم کەرەم کە ئاوی کەوسەر تۆ لە غوسسەم دەرکە یەکسەر، لەب چو شین و کاف و ڕێ
لەب چو شەککەر، دەم نەباتی، ساحیبی هەدیە و خەڵاتی ئاخری دنیا بوو هاتی، ئەی حەبیبی ڕێ و بێ
ئەی حەبیبی ڕەببی عالەم، بۆ وجوودت قەلبی ئادەم کەی دەبێ وەعدەی مرادم، بم بە قوربان لام و بێ
بم بە قوربان میسلی قوربان، مەحرەمی ئەسراری نیهان خۆشەویستی زاتی سوبحان، بەهری دەرمان شین و فێ
تۆی شیفای داء و سەقیمە، ساحێبی قەلبی ڕەحیمە تۆم دەلیلی بۆیە نیمە دال و هێ و شین و تێ
دەهشەت و خۆف زۆری گیرە، ڕۆژی واوەیلام لەبیرە کەس نییەتی دەستگیرە، غەیری زاتی نوون و بێ
غەیری تۆ کەس نینە شافیع، ئەو شەوەی تۆ چوویە لامیع وای نسیحەت کردی سانیع، بەهری ئەلف و میم و تێ
ئوممەتی کردی خەڵاتە، ڕوح و دڵ هەر دوو فیداتە بۆ تەماع مەیلم لەلاتە، بۆم بکە ڕێ و حێ و مێ
بۆم بکەی لەو دەم ڕجایە، بۆم بخوازی عوزری خوایە نەمخەیە ڕەنج و جەفایە، دال و واو و زێ و خێ
ئاگری دۆزەخ بەتاوە، زۆر بەدەهشەت از نەکاوە سەبر و هۆشم لێ بڕاوە، عەین و قاف و ڕێ و بێ
عەقرەب و مار سەد هەزارە، هەر لە سوبح تاکوو ئێوارە گەر بکەم من مەدحی یارە، نایێتە حێ و سین و بێ
مەدحی تۆ نایێتە حەددە، چی بڵێم سەد جار ئەوەندە ئەحمەدی کۆر بۆ تۆ بەندە، بیبە جیم و نوون و تێ
ئەحمەدی کۆری هەژارە، چاو لە ڕێگەی لوتفی یارە هێند بە دیتنی ئینتیزارە، ئاخ شەوێکی جارێ بێ
دیم لە خەودا شاد و خوڕڕەم یاری من بادەی دەوێ دەس لەناو دەس، دەم لەناو دەم، وەی لە شادی ئەو شەوێ
دوێشەوێ عەیش و نیشات بوو، کەیف و ئاهەنگ و بیسات بوو بۆ کزەی دڵ ئەو نەجات بوو، ناگەهان ڕابووم لەوێ
وەختێ بیدار بووم نە کەس بوو، تەن سەراسیمەی هەوەس بوو ڕۆح هەراسانی قەفەس بوو، لاڵ و کەڕ کەوتم لەوێ
لاڵ و کەڕ وەک زولعویوبان، کەشفی ئەبسار و قولووبان بمدەنێ بێ ڕووی حەبیبان، حاشەلیللا نامەوێ
نامەوێ مەقسوودی حاسڵ، گەر نەبم بەو یارە واسڵ کۆنەدنیا پووچ و باتڵ، غەیری زاتی پەرتەوێ
غەیری شوعلەی ڕوویی جانان، پووچە کاری دوو جیهانان ئەز دەکەم ناڵە و فوغانان، ڕۆژ و شەو شیبهی کەوێ
هەر وەکوو کەو لە کۆساران، ئەز دەناڵم لە دووی یاران بەڵکوو جارێکی لە جاران، دەست وەدەستی یار کەوێ
دەست بگاتە دەستی یارێ، خۆش بکا داخ و جخارێ دەنگی هاتیف هاتە خوارێ، بگرە گۆشەی پێشڕەوێ
پێشەوایی جینن و ناسان، دەستگیری عام و خاسان من خەلاس کە زۆر بە ئاسان، غەیری تۆم قەت کەس نەوێ
غیر تو کس ما ندیده، بر جمال حق رسیده چند کلام از سر شنیده بۆ دوو عالەم خوسرەوێ
خوسرەوی خووبانی عالەم، زوبدەیی ئەولادی ئادەم خاکی پات شاهان و حاتەم، دوژمنی خورد و خەوێ
ئەز لەسەر ئەکل و شەڕابم، حاڵ نەزان و ماڵ خرابم بۆیە قەت دڵشاد نابم، من سەعاتێ بێ ئەوێ
بێ ئەوێ یاری بەنازە، ساحێبی عەیش و نیازە مەرهەمە بۆ زامی تازە، دامەنی گەر دەس کەوێ
دامەنی خەرقەی ئیتاعەت، سەییدی ساحێب شەفاعەت من دەکەم پای تۆ زیارەت، خاکی نەعلی تۆم دەوێ
خاکی نەعلی ئەسپی تاها، سورمەیە بۆ چاوی ئەعما ئاخ لە مەکری کۆنە دنیا، کەس بە ڕاحەت ناخەوێ
پیر و بەدفیعل و خیسالە، قەحبەیە پڕ عومر و ساڵە خۆی نیشان دام یەک جەماڵە، مات و حەیران بووم لەوێ
ئەم جیهانی بەد خەرا بێ، تاکوو تێیدای چاکە چا بێ دوێنێ کوڕ بووی ئەمڕۆ بابێ، سبحەی و دووش پیر لەوێ
دووسبەی پیر و فتادە، ڕێ بە مەنزڵ کەج نیهادە عومری زایع، ڕەنج بەبادە، بێ سەبەب پیریت دەوێ
هەر کەسێ دوشمن لەپاڵ بێ، عومری زایع، ڕەنج بەتاڵ بێ هەر دەبێ زووی بۆ زەواڵ بێ، ڕۆژ و شەو قەت نەسرەوێ
ئەحمەدی کۆر، تەن لە فاق دە، دڵ بە حوببی یاری تاق دە یەک بخوازە و یەک تەڵاق دە، نابنە دۆستت دوو هەوێ
شەو دێ لە عومرم کەم دەبێ، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟ ڕۆژ دێ لە عومرم کەم دەبێ، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟
دنیا بەوەندە مەکر و فەن، ڕۆح خۆشەویستە دەر بەدەن هیجرەت دەکاتن از بەدەن، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟
هەر کەس کە بیبێتن کەماڵ، دنیای وا پووچ و بەتاڵ نەیکا دەبێ قەت قەت خەیاڵ، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟
منداڵ و خزم و دایک و باب، دەمرن ئیدی نادەن جەواب بۆ تۆ بەسە هێندە خیتاب، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟
دنیا بۆ کەس ناچێتە سەر، بێ ئیعتیبارە و بێ هونەر دەمرن فەقیر و موعتەبەر، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟
خاکین دەبێ ببین بە خاک، دانیشتووین بێ خۆف و باک مەعلوومە هەر دەبین هیلاک، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟
بەو خوایە پێت دەڵێم فەقیر، ئەتۆ خودا مەکە لەبیر وەختێ دەبێ بکەویە گیر، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟
دایم لە دوام شەقیە ئەجەل، ئەو توند و تیژ من کوێر و شەل دەمخاتە ناو داوی ئەمەل، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟
غەڕڕە مەبە، غەڕڕە مەبە، چی فەرموو حەق تۆش هەر وەبە ڕابرد چی دەسگا و دەبدەبە، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟
چەند هاتن و چوون سوڵتان و شا، مردن لە تەختی بوون جودا واحید دەمێنێ هەر خودا، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟
ماڵ و خێزان و دەوڵەتم، لەحزێکی نادەن مۆڵەتم لێم تێک دەدەن جێ و حورمەتم، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟
لەو قەبرەدا تاریک و قووڵ، دادەنیشن مات و مەلوول ناکرێین عیلاج بە زێڕ و پووڵ، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟
لەو قەبرەدا تەنیا نەفەس، بۆ کەس نییە فەریادڕەس چاکە بکەین تەرکی هەوەس، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟
غەمگینی دڵم چاترە، بە زاهیر نەفسم کافرە لێم دەمرن دۆست و برا، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟
ئەوجار وەرە سەیری مەزار، مردن فەقیران و هەژار کەوتوون تێیدا چەندین هەزار، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟
قەت نوێژ و ڕۆژوو ناگری، بۆ کاری دنیا حازری پێت وایە قەت قەت نامری، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟
«ئەحمەد» بەس کە لە خەبەران، سینەت خەزێنەی گەوهەران نەسیحەتە بۆ برادەران، جاچۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟
ئەی «ئەحمەدی کۆر»ی فەقیر، بە دەستی نەفس بووی ئەسیر جەهەننەمت کردوە لەبیر، جا چۆن دڵم پڕ غەم نەبێ؟
دڵ دەسووتێ بە شیبهی مۆم، ئەو لە داخ و حەسڕەتێ عاشقی جەماڵی ڕووی تۆم، کوشتوومی خاڵی جەبهەتێ
کوشتمی خاڵی ڕووی تۆ جانە، خاڵی ڕەش نەقش و نیشانە پێی بدەی هەر دوو جیهانە، هەرزان دەبێ بۆ قیمەتێ
هەرزانە شۆخ و شیرینە، پێم نەماوە عەقڵ و دینە قیمەتی مەککە و مەدینە، بیفرۆشی خاڵ و خەتێ
بیفرۆشی تاڵان و غارەت، هەر کەسێ بیکا زییارەت بۆی دەبێتە شکڵ و قامەت، میسلی کەعبە و قیبلەتێ
میسلی کەعبە و قیبلەی عالەم، شوکرولیللا هەر تۆی خاتەم حەق لە نەسڵی پاکی ئادەم، بابی جەمعی ئەممەتێ
بابی جەمعی ئینس و جانی، سەییدی هەر دوو جیهانی جەوهەری تیغی دەبانی، هەم لە دنیا و ئاخرەتێ
لە دنیا و ئاخیرەت موختاری، دەری خەزنەی کردگاری بۆ دەوای دەرد و بیماری، لوتف کە جامی شەربەتێ
لوتف کە جامی شەڕابە، دڵ دەسووتێ وەک کەبابە وەختە ببمە قەترێک ئابە، مردم لە داخ و حەسڕەتێ
مردم لە داخی جەبینت، جەبهەتی ڕووی گوڵینت زوڵف و گێسووی موشکینت، سووڕەتی شکڵی حیکمەتێ
سووڕەتی شکڵی شەفافە، شکڵی سووڕەت نووری سافە جارێکی بتکەم تەوافە، ناتدەم بە ڕووزەی جەننەتێ
نامەوێ بێ غەیری تۆیە، حەق بدا بتکەم بە بۆیە بێ شکە جەننەت بە تۆیە، جێ و مەکانی ڕاحەتێ
جێ و مەکانی خاس و عامان، دڵبەری مەست و خەرامان مەڵحەمی بۆ جەرح و زامان، مەیبەرە ئاخیرەتێ
با نەچێتە قیل و قالە، ئەز فیدات کەم جان و ماڵە وا دەکێشم ئاهـ و ناڵە، داییم ئاهـ و ناڵەتێ
داییم هەر ناڵین و شینە، کار و پیشەم هەر گرینە غەیری تۆ هیچ کەسم نینە، کە بۆم بکا شیفاعەتێ
لوتفەکەت داد و کەرەمە، عەفوو کە گوناهان لەمە بۆ خاتری شەوی دووشەمە، چوویە میعراج بۆ ئەممەتێ
بۆم بکا تکا و ڕەجایە، محەممەدەلمستەفایە بۆ خاتری شەوی ئیسرایە، میعراجت بوو بۆ ئوممەتی
چوویە میعراج هێنات خەڵات، گوفتوگۆت بوو دەگەڵ خودات چووی و هاتیەوە دەر سەعات، لە لامەکانی وەحدەتێ
ئەحمەدی کۆری مەهدەران، سینگی تۆم تەختی گەوهەران بێنە دەر بۆ برادەران، مەیبەرە ئاخیرەتێ