دیوانی حەمدی/ژ
1
editجوملە ئەجرامی سەماوی چاکر و سوڵتانە ڕۆژ | باعیسی بوونی گیاهـ و کافەیی حەیوانە ڕۆژ |
جیلوەگاهی نوورە هەر کەس تێکەڵی دنیا نەبێ | خۆ لەبەر شێتی نییە تەنها لەسەر کێوانە ڕۆژ |
زلفەکانی با لەسەر ڕوو لابدا بۆ تەجرەبە | با بزانم ئەمشەویش ئاخۆ دەڵێن پەنهانە ڕۆژ |
من لە پێ کەوتم لە دووی ئەو ماهە جا نۆبەی ئەوە | کائیناتی پشکنیوە وێڵ و سەرگەردانە ڕۆژ |
ئەم کسووفە توولی کێشا ئەی فەلەک فێڵێ نەکەی | وا لە کوێتایە دەخیلە وەختی زوو بەردانە ڕۆژ |
تا بە قەد زەڕڕەم بمێنێ شەرتە مەیلی هەر نەکەم | دابنیشێ گەر لە جێگەی حەزرەتی جانانە ڕۆژ |
شەمعی ڕووتی دیوە بۆیە ئاگری تێ بەربووە | مەیلی سووتانی هەیە باقڵ وەکوو پەروانە ڕۆژ |
زلف و خاڵت بێتە داو و دانە ئەمجا تێدەگەی | خۆی دەخاتە داوەوە بۆ خاتری ئەو دانە ڕۆژ |
یەک کەڕەت چاوی خوماری دڵبەری دیوە مەگەر | مەست و مەدهۆشە خەریکی کەوتن و هەڵسانە ڕۆژ |
گەر بە ئومێدی ویساڵی شامی زلفی تۆ نەبێ | سەر لەکەل دەرنایەنێ هەر نایەوێ ئەو مانە ڕۆژ |
ڕۆشناییم من بە چاوی خۆم نەدی ڕۆژی فیراق | هەر شەوێکی ڕووتە خەڵقی بۆ ئەڵێن تابانە ڕۆژ |
هێندە شەوقی دیدەنی نووری جەمالی تۆم هەبوو | نەم ئەدی گەر هەڵبهاتایە لەسەر ئەم شانە ڕۆژ |
من کە مەخمووری نیگاهی دیدەکانی مەستی تۆم | لێوی لێ نادەم پڕیکا گەر لە مەی پەیمانە ڕۆژ |
خۆزگە خوا ڕەحمی ئەنایە دڵت و تەشریفت دەهات | هەڵئەهات هەر ئەو سەعاتە بەم شەوی هیجرانە ڕۆژ |
هەر شەوی نەوعێ ئەدا زینەت بە ئەوجی ئاسمان | ماهی من هەر تێدەفکرم ڕۆژەکەی ڕۆژانە ڕۆژ |
با عیلاجی مەتڵەعێکی تر بکەم تا تێبگەن | مونکیری ئەهلی مەحەببەت شەو یەکێکە دوانە ڕۆژ |
2
editسەر لە جێگەی پێ دەنێ کوللی سەحەر مەستانە ڕۆژ | بۆ زیارەت دێتە کەعبە ئەو دڵە ئەو جانە ڕۆژ |
کەعبە چی کاشانەیێکە سەر لە پایەی عەرش ئەدا | حەیفە بیکەی گەر بە نیمەی خشتی ئەو ئەیوانە ڕۆژ |
ئەو شەوی میعراجە فەخری ئەنبیا دەعوەت کرا | تاقە نانێ بوو خرایە سەر دەمی ئەو خوانە ڕۆژ |
شانی ڕاگرت ئەو دڵ و جانە کە پێی نایە سەری | دەستیکەوت ئەم شەوکەتە ئەم عیززەتە ئەم شانە ڕۆژ |
دووپەلی ناڵی بوراقی ئەو شەوە لێکەوتبوو | من دەڵێم مانگە یەکێکیان و ئەوی تریانە ڕۆژ |
ئەو شەوە ئەو ئیحتیرامە تا حەشر نابێتەوە | گەر دەگیرێ بیکەنە قوربانی ئەم قوربانە ڕۆژ |
ئەو شەوە فەرقی لەگەڵ ڕۆژا دەزانی چەندەیە | هەر وەهای دانێ کە چۆڕێ شیرە شەو قەترانە ڕۆژ |
وەختی خاسی وەسڵی مەحبووبی جەنابی کیبریا | هەر شەوێ بێ بۆی دەبێتە عاشق و دێوانە ڕۆژ |
ئەم حیسابە حەمدی قووڵە قەت سەری لێ دەردەکەی | عەقڵی پێ نەشکاوە هێشتا بەم هەموو عینوانە ڕۆژ |
3
editسەتری ئەحواڵی قەبیحی پێدەکا کاکم بە نوێژ | دامەنی دەس ناکەوێ میسلی وەلەززالین درێژ |
فەرقی ناکا شەربەتی مردن لەگەڵ ئاوی حەیات | چونکە بێ زەوقە فەقیرە زاهیدی سەهبا نەچێژ |
سەڵتەنەت هەر مەستییە ڕاستە قسەی پیری موغان | سڕڕی مەستوورە سەراپەردەی خەیاڵە بەنگی گێژ |
ساقییە خوێن ڕێژە یاران خوێنە دەینۆشن مودام | مەجلیسی ئەم عەسرە خۆشە هەر بنۆشە هەر بڕێژ |
کەس نەبوو ڕێگە نیشانی خزری بێ چارە بدا | ئاوی دەسنوێژی حەیاتە باغەوانی تاک نێژ |
نووری عیرفانە نیهایەت جورعەیی شیشەی شەراب | دوردەکەی چەندانی وەک من کردە نوکتەی ساف بێژ |
حەمدی مننەت باری جیلوەی ئافتابی بادەیە | هەر کون و قوژبن لە بەیتیدایە بۆتە زەڕڕەبێژ |
4
editقەلبی خوێناوی مەحاڵە دابپۆشێ خوێن بڕێژ | دامەنی ڕۆژ و کە نەگرێ وەک عەبا ڕۆژی درێژ |
سەتری عەورەت گەر نەکا ئینسان لە حەیوان کەمترە | چی هەیە فکری شەقاوەت دابپۆشێ غەیری نوێژ |