دیوانی حەمدی/ش
1
editئەگەر جەننەت بە مەیلی تاقە شێخێکی خودا کا بەش | خودا شوکرە هەموو جەننەت بکا بۆ خۆی بە تەنها بەش |
لە بەحری مەعنیا هەروەک سەدەف دیوانی ئەهلی دڵ | لەبا لەب پڕ لە لەعل و گەوهەرە و یاقووتی ئاڵ و گەش |
لە یەک بەد تینەت ئالوودە دەبێ داوێنی دنیایێ | خەلەل ناگا بە ڕەنگی لەعل ئەگەر بخرێتە بەحری غەش |
بەڵایە سەیری باڵای ئەو نەخیلە سەیری پێ چاکە | بەشی زیندان و زنجیرە لە عومری خۆی بووە سەر کەش |
حەواسی من نیساری چاو و ئەبرۆ هەر دوو زلفت بێ | ئەگەر بکرێ حیسابی نیسبەتی ئەم پێنجە بۆ هەر شەش |
لە پشکۆی کوڵمی ئەو شۆخە دیارە ئاورنگ دەتکێ | ئیترحەمدی لەگەڵ ئاوا مەڵێن یەک ناکەوێ ئاتەش |
2
editدوو ڕەقیبی بوو کە عاشق خوێنی کەوتۆتە بەلاش | ئەو سەگ و گورگە خودایا قەت نەبەن هەڵمەت بەلاش |
ئەی شەهیدان ئابڕووی ئەهلی محەببەت با نەچێ | لەم مەسافی عەشقەدا بمرن بسووتێن بێ تەلاش |
وا بەسەر تەختی هەواوە وەک سولەیمان عاشقت | تاجدارە هەر کەسێ سووتا وەکوو پووش و پەڵاش |
ئەی سەنەم ئاوێنەیی ڕوومەت نیشانی خۆر مەدە | نەک بەجارێ گڕ لە گەردوون بەر بدا عەکسی جەلاش |
کۆنە مۆدەی بەخت و تالیع وەختی سەعی و کۆششە | باوی شەبقە و لاپچینە ون بووە تەپلە و کەڵاش |
لاڵ و کەڕ بێ حەمدی هەر کەس نای و عوودی دەس کەوێ | گەر لە دەنگی خوتبە گوێ بگری لە بانگی ئەسسەلاش |
3
editئۆخەی ئۆخەی چەندە یارم نازەنینە شۆخ و خۆش | وەک کڕیدارە بەخەندە وا بەغەمزە خۆفرۆش |
ئەم شەکر گوفتارە وەک تووتی منی خستە قسە | نوخشە بێ ئەمجا لە غونچە موژدە بێ بولبول لە تۆش |
ئەو گوڵە دەموت کە بێ داوێنی ئەگرم وەک دڕک | نەم دەزانی ئەو کە بێ نابێ بمینێ ئەقڵ و هۆش |
دڵ پر و خاڵی دەرونن عاشقانت میسلی نەی | گەر ڕەقیب دەمیان لە دەم نێ جا مەگەر بێنە خەرۆش |
تۆ کە پڕ مەغزە برا کاسەی سەرت دەست هەڵگرە | نۆبەیانە با پڕی کەن کاسە خاڵی کەللە بۆش |
من کە مەی خوارەم لەگەڵ شێخ وادەمان ڕۆژی حەشر | نۆشی گیانی بێ بنۆشێ خوێنی جەرگی بادە نۆش |
ئەو دەمە دەرکەوت و رۆژئاوا دەزانی بۆ چی بوو | عەیبی بوو کێشای بەسەریا شەو وەکوو سەرپۆشی پۆش |
حەمدییا ئەمڕۆکە عالەم گوێ قوڵاغی ناڵەتن | دەس بە دەمتا بگرە تۆ دنیایە نابی قەت خەمۆش |
4
editخۆشە سەر شانم بە باری زەحمەتی دنیا بێ ڕێش | تا قیامەت نەک بە باری میننەتی نامەرد و خوێش |
دەستی حاجەت ئاشنای گیرفانی مومسیک بوو وتی | وەک هێلانە زەردەواڵە لیرە لیرەی نۆشی نێش |
تیغی بڕڕانی زەمانە هەر زمانە موختەسەر | گەر زمان بێڵی زەمانە جەرگی کێ دێنێتە ئێش |
کەی بە ئیستیعدادە لوقمەی چەور و شیرینی جیهان | خۆ هوما ئێسکی نەمینێ هەر دەگاتە باڵی مێش |
ڕۆژی پێنج دەفعە موئەززین بانگ ئەکا تەرفیع ئەکەی | بۆ منارەی بەرزە دنیا ڕاستیی نەگریتە پێش |
بۆتە دەستوورولعەمەل ئەم قافیانە بۆ جیهان | ڕێش و خوێش و نێش و ئێش و مێش پێشی کێشە کێش |
ڕام ئەکێشن نەفس و دڵ بۆ کۆیی یار و مەیکەدە | ناعیلاجی و زوعفە حەمدی کردە یەک بۆ کێشەکێش |
5
editمەی بە زیو و زەڕ وتم بۆ چی ئەدەی ئەی مەی فرۆش | مەی کە خالیس نووری دەرکە ڕۆحی عەقڵە و گۆش و هۆش |
پێی وتم ئەم عەقڵە کۆنە تۆ لەسەر دەرکە خەڵقی | خۆ ئەڵێن عەللامەیە گەر کاسە پڕ بێ و کەللە بۆش |