312994دیوانی سالم — پیتی ق1860سالم
لازمی عەرزوحاڵمە کاغەزی زەڕ تەبەق تەبەق شەرحی میحەن بە خوێنی دڵ سەبتی دەکەم وەرەق وەرەق
تیری نیگاهی دڵبەرم یەک یەکی نیشتە ناو جگەر سینە لە ترسی پیلکی موتتەسیلەن شەبەق شەبەق
گەرچی شەکەر لە هەر مەزاق ساحیبی لەززەتە وەلی شەهدی حەلاوەتی لەبت بردوویە لێی سەبەق سەبەق
زوڵفی سیاهی چین بە چین مائیلی دووشە خەم بە خەم حەلقەیی ئەو لە گەردنم پێچشی دا وەهەق وەهەق
وەسڵ و سەفا و کەیف و زەوق هەفتەیێ بوو چ زوو گوزەشت باز من و بێکەسیی و غەم کەوتینە لاوە دەق بە دەق
گەرچی زەمانی وەسڵی یار شەهد و شەکەر لە بووسە بوو ئێستە بە تەبعی ڕۆژگار ژەهرە فیراقە دەق بە دەق
عیبرەتی نازەنین کوا شامڵی حاڵی سالمە ناڵەیی ئەو بە سامعین گریە دەدا فیرەق فیرەق
وەکوو یەک دێتە بەرگوێی پیاوی ئەحمەق نەفیری بولبول و ئاوازی لەق لەق
لە بازاڕی جیهان وەک یەک دەناسن لە زەردیدا تەڵا و ڕەنگی مەفرەق
لە حەرفی ناکەسان با چەند ڕۆژێ گران کەم گوێم بە پەنبە و سورب و زەیبەق
لەبی تەنگی دڵارامم دەبەخشێ بە غونچەی نەوشکوفتە ڕەنگ و ڕەونەق
لەبەر نەقشی خەیاڵت کولبەیی من سەراسەر نەقشە وەک قەسری خەوەرنەق
بە گەردش دێ لە جۆشی گریە ئەندام بەسەر دەریایی ئەشکا میسلی زەورەق
مەقامم کەن بە زەجر ئەر داری مەنسوور دەکێشێ خوێنی من نەقشی أنا الحق
لەبەر تیغی برۆت دڵ وا دەلەرزێ لە ڕووی سەیفی عەلی کوففاری خەندەق
لە سەرخۆشی غەما بۆ فەوتی شادی وەرە سالم بکەین با جامە ئەزرەق
لە چەرخی حوسنتا هاتن موتابق شەو و ڕۆژ و هیلال و سوبحی سادق
لە خاکا لالە کەی دەڕوێ بەهاران نەڕێژێ خوێنی دڵ گەر چاوی عاشق
لە من تا دوورە چیهرەی ئەرغەوانت سروشکم دێتە دامەن وەک شەقایق
لە ڕووی ئایینەتا تا تووتییی دڵ حەریفی خۆی نەبینێ نابێ ناتق
دڵم وەختێ لە عوهدەی چاوی تۆ دێ بەسەر بازا ببێ عوسفوور فایق
دەترسم دڵبەری دڵسەخت سالم لە خاتریا نەمابێ عەهدی سابق