دیوانی شێخ نووری/سروود و ئۆپەرێت
ئینتیباهـ
editدلاوەران:
ئەولادی وەتەن ئێمە کەوا میللەتی کوردین
بۆ غایەیی ئاسایشی میللەت هەموو گوردین
شێرانە ئەوا مەعرەکە ئارایی وەغا بووین
بۆ ڕشتنی خوێناوی عەدوو حازری ڕا بووین
لە پێشمانەوە هەروا، بەیداخی زەفەر ئەڕوا
ڕیشەیی عەدوو با دەربێنین، حەق بە دەستی خۆمان بستێنین
بۆ نەمانی مەزالیم، سوارانی جەنگی
تەپڵی بازیان لێدا بە شۆخ و شەنگی
باوک:
لەم وەزعە گەر ئەی دوشمنی کورد ئێوە ئەپرسن
ئەم هەمهەمەیە میللەتە هەڵساوە بترسن
کفن بۆ خۆتان ببڕن، هەر لە ئێستاوە بمرن
لازمە لەبەر غەم و حەسرەت، ببن ئەشک ڕێژی مەزەللەت
ئەی دلاوەرانی وەتەن، وەرنە ئیمداد
باوک بە پەرۆش لێتان ئەکا ئیستیمداد
کوردانی غەزەنفەر شکەنی مەعرەکە ئاغووش
نابێ بکەن ئەم باوکی خۆتانە فەراموش
زێرا کە دوو چاوی ئەبەدیی ئێمە لە گۆڕا
چاوی زەفەرتانە لە حەرب و شەڕ و شۆڕا
باوک بە قوربانتان بێ، ڕۆحەکەی فیداتان بێ
وەختی فرسەت و ئیتیفاقە، ڕۆژی لابردنی نیفاقە
ئارەزوو ئەکەم ئێوە، وەقتی ئیحتیزار
بەشان و زەفەرەوە، بمبەن بۆ مەزار
دایک:
بۆ دەفعی مەزالیم لە مەوانیع مەکە پەرهێز
سا دەس بەرە شیر و تفەنگ و خەنجەری خونرێز
بۆ ئێوە کەوا غیرەتە، یەکدەفعە ڕەگ و ئێسک
حاشا کە بە حوزنێکی زەلیلانەوە فرمێسک
لە چاوم بێت و بتکێ دڵم یەک زەڕڕە بشکێ
چونکە ئێوە جەسوور ئەبینم، نامێنێ ئازاری برینم
شیرەکەم حەڵاڵتان بێ، ڕۆژی هیمەتە
ڕۆحەکەم فیداتان بێ، وەقتی غیرەتە
مناڵەکان:
نەجمەی ئەمەلی ئێمە هەموو بەم دەس و بردە
خەڵقینە لە بۆ مەسعەدەتی میللەتی کوردە
مەوتێ کە حەیاتی وەتەنێکی لە دوا بێ
سەد ژینی زەلیلانەیی یاڕەب بەفیدا بێ
ئەو کەسانە جەبانن، مەعنای ژیان نازانن
مردنێ لە ڕێگای میللەتا، چاکترە لە ژین لە زیللەتا
هەرکەسێ خۆی بکا بە قوربانی میللەت
لە قەبرا هەتا مەحشەر، ناکێشێ زیللەت
ئافرەت بەمناڵەوە:
یاران و ڕەفیقان و دلێر و یەلی کوردان
وەقتێ کە بە تەوفیق و زەفەر دێنەوە لامان
ئەوسا گوڵ ئەکەین ئێمە بە شاباشی قدوومتان
گەر لە ئێوە چەند کەس شەهید بێ،
لازمە عەزای ئێمە عید بێ
ئەم پڵنگ بەچانەی وا ئینتیقام سێنن
گەورەیان ئەکەین ئێمە، حەقتان ئەسێنن
کچەکان:
ئێمە کە نەمان کردووە بۆنی چەمەنی شوو
مەجهوولی نەزەرمانە گوڵ و نەستەرەنی شوو
ئەم تازە جوانانە لەبەر سیرەتی ئێمە
گەر بێتو بکەن ئارەزووی شیرکەتی ئێمە
لازمە کە دەعوەت بفەرموون، بێنەوە بە ڕوویەکی گوڵگوون
یەعنی چیهرە ڕەنگین بن بەشان و زەفەر
خوێنی دوژمن بڕژێنن بەنووکی خەنجەر
چەک بەدەستەکان:
ئێمە کە موسەللەح لە دەر و دەشت و لە شارین
سوێنخۆری حوزووری حەق و باب و کەس و کارین
بۆ مەسعەدەتی ئەم وەتەن و میللەتی کوردە
ڕیشە و ڕەگی زاڵم ببڕین بەم دەس و بردە
تاکەی لە زەحمەتا بین، لەناو مەزەللەتا بین
لازمە بەکەیف و مەسەڕڕەت، ڕۆح بکەین بەقوربانی میللەت
زاتەن ئێمە خوڵقاوین بۆ خزمەت کردن
بۆ ئەوەی فیداکار بین تا ڕۆژی مردن
نامیلکەی «گۆرانی کوردی»
1925
عیلمە میللەت
editعیلمە میللەت نائیلی جاهـ و شکۆهـ و شان ئەکا | دایەیی پاکی وەتەن، پڕ نەشئە و خەندان ئەکا |
واسیتەی عیلمە بەشەر ئەمڕۆکە مانەندی تیوور | وا بەسەر ئەوجی سەماوە سەیر ئەکا و تەیران ئەکا |
واسیتەی عیلمە کە ئەمڕۆ هەروەکوو ماسی، بەشەر | کەشفی قەعری بیکرانی، بەحری بێ پایان ئەکا |
واسیتەی عیلمە کە «قولومب» ناوی دایم زیندووە | واسیتەی عیلمە کە «واسقۆ» کەشفی هیندستان ئەکا |
واسیتەی عیلمە کە «پێنجوێنی»و «زەهاوی»و «مەولەوی» | ناوی پاک و عالییان ئیحیای کوردستان ئەکا |
«إطلب العلم ولو بالصين»ە فەرموودەی ڕەسووڵ | ئەم حەدیسە بۆ عیلم، تەرغیبی ئینس و جان ئەکا |
ئێمە کەششافەی کوردین
editئێمە کەششافەی کوردین هەموو | خادیمی ملک و وەتەنین ڕوو بەڕوو |
بۆ هەموو جەمعییەتی زانستی کورد | حازری جەهدین بە دڵ و دەست و برد |
چونکە مەداری شەرەفی میللەتن | خادیمی عیلم و ئەدەبی ئوممەتن |
ڕۆحی وەتەن موفتەخیرە و شادمان | ڕوو بەڕووی ئەم خزمەتە و ئەم هەوڵەتان |
میللەتی کورد پڕ بە سەما و زەمین | دەم بە گوڵی زەردەخەنە و پێکەنین |
قیمەتی ئەم خزمەتە، تەقدیر ئەکا | سەفحەیی تەئریخ ئەمە تەسویر ئەکا |
لە تەوسیف چاپخانە وتراوە
editئەم موژدە خۆشە، خەو بووە، یا گوێم زڕایەوە | یا ڕاستە پەردەیی تەڕەبە، هەڵدرایەوە |
یا نەجمی تەرەقی کوردە، تڵووعی کرد | یا نووری مەعریفەت، لە وڵاتا پژایەوە |
ناگاهـ، نیدا لە غەیبەوە هات و وتی: بەڵێ | پێشکەوتنە لە مەملەکەتا دەنگی دایەوە |
پێشکەوتنی سەعادەتی کورد، هاتنت بەخێر | غونچەی دڵم، بەبۆنی نەسیمت گەشایەوە |
لەو ساوە من کە هاتنی تۆم بیستووە ئەڵێم | ئۆخەی شوکر، چراغی جەهالەت کوژایەوە |
تۆی باعیسی سەعادەتی کوردە فەقیرەکان | دەرگای مەعریفەت، کە بەدەستی تۆ کرایەوە |
میعادی سەعییە، فرسەتە، تا وەختی سنعەتە | فیشاڵ و تڕ زلی بەسە ئیتر بڕایەوە |
با دەست بکەین، بە سنعەت و تەحسیڵی مەعریفەت | با زوو بگەینە پێشەوە، بەشمان نەمایەوە |
وا تێ مەگەن، کە مەتبەعە بێ قەدر و قیمەتە | کارێزی عیلم و مەعریفەتی پێ ژیایەوە |
شوکری خودا، کەوتینە ژێر سێبەری عیلم | «بی»ی بێ بەری جەهل، لق و پۆپی شکایەوە |
بنواڕە نووری مەعریفەت و لەمعەی کەمال | بەم مەتبەعەی حکوومەتە، چۆن شەوقی دایەوە |
وەرە بادی سەبا، تۆ قاسیدی من بە، بە مەردانە
editوەرە بادی سەبا، تۆ قاسیدی من بە، بە مەردانە | لە پاش عەرزی دوعا گۆیی، بڵێ بەم ئەهلی کوردانە |
لە بۆ ئینشای مەکتەب، سەرفی غیرەت لازمە زینهار | کە مەکتەب مایەیی ژینە، کە مەکتەب ڕۆحی ئینسانە |
کە میللەت هیچ نەزانێ زوو بەزوو پێشکەوتنی سەعبە | کە قەومێ ساحیبی سنعەت نەبێ، وەک جیسمی بێ جانە |
کەسێ عیلمی ببێ موستەقبەلی ڕووناک و تەئمینە | کەسێ سنعەت بزانێ، دائیمەن ئەو ساحیبی نانە |
لەسەر ئەم عالەمە فەرزە، ئیعانەی مەکتەب و سنعەت | کە ڕۆحی موڵک و میللەت، سنعەت و تەحسیڵی عیرفانە |
ئەوی دەرحەق بە مەکتەب نوتقی نووسیبوو لەمەو پێشتر | حەقیقەت ساحبی فیکرە، حەقیقەت ئەهلی ویجدانە |
وجوودی فەخرە بۆ میللەت، کەسێ فیکری مونەوەر بێ | کەسێ عیلمی نەبێ وەک وەحشیی کێو و بیابانە |
قسەی ڕاستت ئەوێ وەڵڵا ئەگەر بیشمکوژن دەیڵێم | نەبوونی عیلم و سنعاتە، کە میقرۆبی هەموومانە |
بۆ معەلیمەکان
editبە ئینساف و مرووەت تەربیەی ڕۆڵەی وڵاتت کە | کە ڕۆژی کردەوە، خاوەن زەمیر و با کەرامەت بێ |
ئەوانن دائەنێن بنچینەی ئیخلاس و عەدل و حەق | ئەوانن هەوڵ ئەدەن، ئەم قەومە ڕۆژێ سواری قودرەت بێ |
موعلیم بێتوو چاوی خۆی بپۆشێت و لە حەق لادا | قوتابی ئەو ئەبێ هەر نالەبار و بێ بەسیرەت بێ |
موعەلیم دەرس و ئیرشادی بەرەو ڕێگەی خراپی بێ | ئەبێ ڕێبواری ئەم ڕێگایە، قۆناغی نەدامەت بێ |
لەشی قەومێ، بە تیری جەهل ئەگەر بێتوو بریندار بێ | ئەبێ ئەم قەومە جێگەی هەر مەزارستانی زیللەت بێ |
لە دڵگیری ئەم و ئەو ترس و خۆفت قەت نەبێ «نووری» | قسەی حەق با ڕەقیش بێ خۆشە، ئەمما بۆ نەسیحەت بێ |
1955/11/20
سلێمانی