دیوانی شێخ نووری/شیعری نیشتمانی

306393دیوانی شێخ نووری — شیعری نیشتمانی1970شێخ نووری شێخ ساڵح

بە من بڵێ چ میللەتێ

edit
بە من بڵێ چ میللەتێ لە مەقبەری مەماتەوە لە مەحو و ئینکیسارەوە، لە دەورەیی نەهاتەوە
نەچۆتە ناو موجادەلەی حەیاتەوە
گەلی براو لاوی کورد، لە یاری دوور وڵاتەوە شەوێ نییە بەهۆی «ئەسیر» لە غەربی ئاسیاتەوە
نەویدی خۆشی لە ئێسگە دەنگ نەداتەوە
دەمێ بە قەلبی زارەوە، بەچاوی ئەشکبارەوە گەهێ بەعوود و تارەوە، بە هەیبەت و ویقارەوە
هیوا نەخاتە ناو دڵی وڵاتەوە
ئەڵێ کە ڕۆژی کورد ئەوا بەڕێوەیە لەدەم کەلا لە ئوفقی نیشتیمانەوە، خەریکە وا شەبەق ئەدا
بەعالەما بەجارێ شەوق ئەداتەوە
مەوەستە ڕووکەرە هیوا، مەپرسە دەشتە یانە کێو مەترسە تۆ لە سەغڵەتی فراز و زەحمەتی نشێو
کە هەوڵە هەر گرەو لە دەهر ئەباتەوە
بەسە زەمانی غیرەتە، چ وەختی خوابی غەفڵەتە زەمانی هەوڵ و هەڵمەتە، هەلێکی زۆر بەقیمەتە
نەوەک فەلەک لە دەستی تۆی بکاتەوە
لە کۆسپی ڕێگە سڵ مەکە، بڕۆ بەرەو شەقامی ژین لەگەڵ سەباتی کوردەواری پێچەوانەیە بەزین
خوداش لەو هەوڵە ئاوڕێ ئەداتەوە

نەورۆز

edit
ئاگری نەورۆز بە شاپڵیتە و پەڕۆ ناکرێتەوە زوو ببێتە خۆڵەمێش و تینی دابمرێتەوە
ئاگری نەورۆز، بە گیان و دڵ ئەبێ وا خۆش کرێ گەر بەخوڕ دیجلە و فوڕاتی بێتە سەر نەکوژێتەوە
هاتوو گەر شێتانە مەنعی جەژنی نەورۆزت کرا لازمە گیانت بە مەردی بیخەیە ژێر پێتەوە
دەست و پێ، ئێسکی شکاو، چیلکە و چەوێڵی چاوگە بێ لاشە هەروەک داری «زەنگەقڵیشە» کۆبکرێتەوە
خوێنی لاوان نەوت و بەنزین بێت و بڕژێتە سەری گڵپەیەکی وا بسێنێ شەوقی دانەمرێتەوە
پیاو بزیڕێنێ وەکوو شێری ژیان هەڵمەت بەرێ ژن بە دەوری ئاگرا بگری و بلاوێنێتەوە
خۆش ئەبێ ئەوسا بڵێسەی ئاگری نەورۆزەکەت ئەو حەلە سەیری گوڵی کە، چۆن دەمی ئەکرێتەوە
دەس ئەکاتە پێکەنین بۆ بلبلی باخی وەتەن هەربەیەک سروەی بەیان ئەشنێتەوە و ئەخنێتەوە
چەند بەخۆشی بولبولی خۆشخوان ئەخوێنێ بۆ گوڵان چۆن چریکەی سەر چڵی، عەرشی عەزیم ئەگرێتەوە
بەو زوبانی حاڵە خۆشە ئەم نزایەت بۆ ئەکا ڕەبی ئەم ڕۆژە هەموو ساڵێ بەخۆشی بێتەوە

1958/03/21

هاواری وەتەن

edit
دوێ شەو لە خەوا دیم کە ژنێ موشفیق و مەعسووم هاواری ئەکرد، من وتەنم مادەری ئێوەم
ئەیفەرموو بە حوزنێکەوە زۆر عاجز و مەغمووم هەم داری سەمەردارم و هەم لەزەتی میوەم
***
گەر ئاو بدرێم و بە شەفیقانە بکێڵرێم پشکووتنی گۆپکەی ئەمەلم حازری ئانە
ئەو خەلفەنەمامەی، لق و پۆپ ناسک پیریم بێ ئاوییە ئەسبابی بەهارم کە خەزانە
***
بێ لوتفی و بێ خزمەتی ئێوە سەراسەر ئەوراقی ئەمەل، غونچەی ئومێدی وەرانم
گەر بێتو بکەن ئێوە موبالات بە ژیانم ماندوو ئەحەسێنێتەوە، هەم سێبەر و هەم بەر
***
ئەی ڕۆڵە، جگەر گۆشەی ئافاقی ئەمەلمن ئەمڕۆیە کە موحتاجی وەفاو خزمەتی ئێوەم
ڕووناکی چاوانم، دەرمانی سپڵمن سبحەینێ منیش باعسی حوڕییەتی ئێوەم
***
ئاودانی من و خزمەتی من، عیلم و فنوونە تەحسیلی مەعاریف، سەمەر و قیمەتی ژیانە
قەومێ کە لە عیرفان و ئەدەب زەڕڕەیە دوونە هەر موزمەحیلە ئاخری موحتاجی دونانە

ڕۆژنامەی «ژیانەوە»
1925

ئەی ڕۆحی ڕەوانم

edit
ئەی ڕۆحی ڕەوانم مەبە لەم وەزعە موکەددەر بێهوودە مەکە خۆت بە خەیاڵاتەوە موغبەر
حاجەت بە ئیشارەت نییە، وەک ڕۆژ ئەدرەوشێ شوعلەی زەفەرە، عاقیبەتی جەیشی موزەفەر
نیزیکترە ئەو ڕۆژە لە قەوسەینی ئەو ئەدنا دنیا کە ئەبێتە گوڵ و گوڵزاری موعەتەر
هەر قەومی پەرێشانە ئەناڵێ بە جەفاوە هەر میللەتە جەرگ و دڵی جنراوە بە خەنجەر
هەر چاوی ستەمدیدەی ئەقوامی زەعیفە پڕ قەترەی خوێناوە مەلوولانە، موکەددەر
هەر خونچەی سیسی دڵی کوردانە دەڵێ کەی ئەکرێمەوە ڕۆژێ بە هەوایەکی موعەتەر
ئەم عالەمە بەم ڕەنگە بپاڕێتەوە لای خوا بکوڵێ دڵی ئەم خەڵقە وەکوو جۆشی سەماوەر
ئامالی بەشەر بەستە بێ بەم ڕۆژەوە بالله شوبهەم نییە ئەو نەسرە کە نووسراوە لە دەفتەر
تۆ ئەو دەم و ڕۆژەی عەلەمی نەسری نیهانی ئەشنێتەوە وەک ڕۆحی زەفەر دیدە لەسەر سەر
بڕواننە ئەم کوردە بە چاوێکی عەدالەت ئیتر بەسە گەردن کەچی و ژینی موحەقەر

چواردەی تەممووز

edit
چواردەی تەمموز و ڕۆژانی دوای ئەو کەس نەیئەوێرا بیبینێ بە خەو
هەناسەی سارد و هەنسکی گیراو لەگەڵ هاواری بێدەنگ تێکەڵاو
زوبانی لاڵی پشکۆ پیا چزاو گەرووی وشکبووی، نووزە لێ بڕاو
بەبیری کێدا ڕائەبوورد دوێنێ گیروگرفتی هیچ تیا نەمێنێ
زوبان بەم ڕەنگە تەڕ و پاراو بێ ڕقی لە دەنگی کپ و نووساو بێ
لەشی بێ تاوان بەدەم دارەوە لەت لەت بوو ڕزی کەوتە خوارەوە
خاڵ و خوشکەزاش بە تەلارەوە بە دەنگی نای و عوود و تارەوە
بە ویسکی و کچی چاو خومارەوە شەوان ڕابوێرن بە قومارەوە
بە بیری کێدا ڕائەبوورد یاران

تەلار ببێتە گۆڕ و گۆڕستان

باسی ئازاری نینۆک دەرکێشراو لەش هەلاهەلای دەست و پێ شکاو
دایکی توند کراو لە بەندیخانە ڕۆڵە جێماوی خانەوێرانە
ڕۆڵەی باب خنکاو، دایک حەپس و دیل کوڕووزانەوەی، هەتیوی زەلیل
بە بیری کێدا ڕائەبوورد دوێنێ

وا شەعب لە خەو زوو ڕاپەڕێنێ

پریاسکەی شیعری تووند گرێ دراو لە ترسی گەڕان لە کوون ئاخنراو
بیری ئازادی، وتاری نووسراو لە کونە مشکی قووڵا هەڵگیراو
وتاری جوانی تێکەڵاو بە خۆڵ شیعری شاراوەی لە چیا و لە چۆڵ
بێنرێتە دەرێ و بخوێنرێتەوە باسی ڕابووردوو بگێڕێتەوە
چواردەی تەمموزە و جەژنی هەژاران بە زێڕ بینووسن لە مێژووی جیهان
ڕۆژی ئازادی عەرەب و کوردان جمهووریەتی تیا کرا ئیعلان

1958

«١٤»ی تەممووزی ١٩٥٨

edit
ئیمڕۆ کە چواردەیە لە تەمموز جەیشی بێ ئەمان ئازانە هاتە کایەوە وەک کێوی پڕ لە گیان
دەسیان بەجارێ دایە دەس یەکتر هەموو جەیش و شەعب مەرامی بە مەردانە خستە ڕوو
وەک «دجلە» جەیش بەهێزی گەلی بێ حیسابەوە بوونە شەپۆل و چوونە سەراپای ڕەحابەوە
شێرانە جەیشی داغ لەدڵ و شەعبی قارەمان کەوتوونە خوێنڕژاندنی میللەت فرۆشەکان
وەختێ کە پێ ئەزانێ سەگی هاری لاشە خۆر دێتە دەرێ لە دەمییەوە کوفر و جنێوی زۆر
وایزانی کەس نییە بە نەزەر کیبریایەوە بۆ داچڵەکاندنی دڵی ئەو بێتە کایەوە
نەیزانی ئاخری نەفەسی زوڵم و زۆرییە چواردەی تەمموز کوژاندنەوەی تیشکی خۆرییە
چی تیابوو کۆشکی گەورە، بە شا و ئیشگوزارەوە کوژران، لە پاش ئەوە کە خەبەر کەوتە شارەوە
عالەم ڕژایە قەسرەوە، ناو ژوور و ناو تەلار لاشەی گەماڵە گەورەکەیان خستە ناو هەزار
هەروەک سەگێکی بۆگەنی تۆپیو لە ڕێ گوزار کەنناسەکان کە ئەیبەنە دووری کەناری شار
وا پەت خراوەتە قولە پێی ڕائەکێشرێ ئەمری شەعب وەهایە کە نابێ بنێژرێ
لاشەی کرا بە داری سزادا بە پێکەنین عەبدولئیلاهی زۆڵ و وەلی عەهدی نائەمین
کوژراو پارچەپارچە کرا دەست و پێ و لەشی خوێنخوار و بێ شەرەف ئەمەیە ئاخری بەشی
نووری سەعید بە بەرگ و عەبایی ژنانەوە کوژراو دەست و پێ و ملی لێک جیاکرانەوە
ئەو چاڵی قووڵی حیلفە کە بۆ کوردی هەڵئەکەن خۆی کەوتە ناوی بێ سەر و پێ، بێ لەش و بەدەن
ئیعلانی حوکمی تازە بە جمهورییەت کرا کورد و عەرەب شەریکە بەشن هەروەکوو برا
نێررایە شوێن عەدالەتی مەحکوومی دەس بەسەر هێنرایەوە خرایە سەری، ئەفسەری زەفەر
ئەو عەدلی دەرکراوە لە دووری وڵاتەوە چواردەی تەمموز بەخۆشی و سەربەستی هاتەوە
ویجدان و حەقپەرستی لە مەنفا گەڕانەوە تەسلیمی دەستی حاکمی عادیل کرانەوە
ئەو کۆمەڵەی عەدالەتی خستبووە بەندەوە گیران و دەست و پێ بە کەلەپچە و کەمەندەوە
زیندانە قووڵەکەی گەلی تیابوو بەداخەوە جێگەی ئەوانە ئێستە بە ئۆف و بە ئاخەوە
کوێ ئارەزوو ئەکەی بچۆ سەربەست و دڵنیا جاسووس و ترسی گرتن و لێدان و شەق نەما
ئەمجا بنوو بەبێ خەم و بێ ترس و بێ خەیاڵ ئیتر نەما ژیانی زەلیلانە، ژینی تاڵ
خۆش موژدە بێ منیش تا ماوە ڕۆحەکەم لە لەشا ئەم دوعایە بۆ «عەبدولکەریم قاسم»ی باوکی هەژار ئەکەم
ڕەبی بژی بە سوودەوە بۆ خاکی نیشتمان بۆ تۆڵە سەندنی گەلی مەزڵووم و ناتەوان

1958/08/08

لەگەڵ «عەلی کەمال باپیر» بەیەکەوە دایانناوە

edit
وا موبەدەل بوو بەخۆشی دەوری ئیزمیحلالی کورد خاتیمەی هات و نەما، ئەیامی ئیستیزلالی کورد
بۆ گەیشتن بەم دەمە، بەم ڕۆژە بوو، ئامالی کورد حەمدی بێ حەدد بوو، خودا دیم ڕۆژی ئیستیقلالی کورد
پڕ زیا و ڕەخشندە هەڵهات کەوکەبی ئیقبالی کورد
قاپی ڕەحمەت گوشادە، دەرکی زیللەت داخرا چونکە مەحموودێ لەسەر تەختی عەدالەت دانرا
موژدە بێ ئەی قەومی کورد، نووری سەعادەت هەڵکرا پەردەیی تاریک و دەیجووری مەرارەت لادرا
ڕۆژی ئازادی هەڵات، ڕووناکە ئیستیقبالی کورد
میللەتێکی وا قەدیم، قەومێکی مەشهووری جیهان مالکی خاک و وەتەن، ساحیبی تەئریخ و زبان
عەیبە ئیتر خزمەتی خەڵقی، لە زیللەتدا ژیان بەسیە ئەی خزمینە بوغز و کینە، با یەکدڵ بە جان
تێبکۆشین بۆ تەرەقی شەوکەت و ئیجلالی کورد

نۆبەتی سەعییە، زەمانی عەیش و خۆشی و شادییە

edit
نۆبەتی سەعییە، زەمانی عەیش و خۆشی و شادییە جەژنی ئیستیقلالە، ڕۆژی خوڕەمی و ئازادییە
قەومی بێ ئیدراک و بێ حس، بێ بەش و بێ قسمەتە تێبفکرە میللەتی غەییورە، ساحیب عیزەتە
ئەمڕۆ ڕۆژی سەعی و تێکۆشینە، وەقتی غیرەتە یەک نەفەس غافڵ مەبن، هەڵسن براگەل فرسەتە
بۆ تەعالی جەد و جەهدێ کەن، زەمانی غیرەتە ڕۆژی سەربەستی، زەمانی عەیش و نۆش و عوشرەتە
ئەی جوانانی وەتەن، ڕۆژی تەرەقی میللەتە قەومی کورد، ئیتر نەجاتی بوو لەدەس ئەم زیللەتە
هەرچی باش و چاکە بیکەی، وەقتی سەرفی هیمەتە هەچ کەسێ کۆشش نەکا، ڕاستت ئەوێ بێ مروەتە
وەقتی تێکۆشینە، ڕۆژی ئیستیقامەت، عیفەتە مەقسەدی کورد هەر تەرەقی دینی ئیسلامییەتە
سا دەخیلتان بم، زەمانی ئیتیحاد و ئولفەتە ئەمڕۆ ڕۆژێکی بڵند و گەورە و زی قیمەتە
یار و یاوەرمان بەبێ شک ڕۆحی پاکی حەزرەتە
ڕۆژی ئازادی هەموو کوردانە، جەژنە، شادییە

جەژنی ئیستیقلالە، ئەمجا نۆبەتی ئازادییە

  مورشیدان، ئەی ئەو خەلیفانەی تەریقەت دائەدەن
ئەی مەلا ئیتر لەسەر فیکری عەتالەت دەربکەن گەر سەوابی ڕۆژی حەشرت لازمە بێ دەردی تەن
بێتەوە پڕ عەیش و پڕ شەوق و مەسەڕڕەت، شۆخ و شەن بۆ تەعالی قەومی خۆتان هیمەت و غیرەت بکەن
بەسیەتی ئەی شاعیران تەعریفی خەت، چاهی زەقەن بەسیەتی مەئموور، ئیتر باسی مەعاشم بۆ مەکەن
بۆ وەتەن بۆ دین و میللەت، بێن نەسیحەت دابدەن بۆ تەرەقی میللەت، ئێوە با بکەن سەرفی بەدەن
سەد شوکر لاچوو لە ئاوێنەی دڵا، ڕەنگی میحنەن بەسیەتی دەردی نیفاق و شۆڕش و بوغز و فیتەن
عەیبە با ببڕێتەوە کیبر و حەسادەت «ما»و «من» ئێوە نازانن هەموو ئەولادی ئەم شاخ و دەرەن
ئەی جوانان، ئەی خیرەدمەندانی ساحێب عیلم و فەن ئەی عەزیزان، ئەی نەجیبانی جگەرگۆشەی وەتەن
ڕۆژی سەعی و غیرەتە، هەنگامی کەیف و شادییە

جەژنی ئیستیقلالە، ئەمجا نۆبەتی ئازادییە

بۆ ساڵی ١٩٢٦

edit
ئەی ساڵی جیهان دیدە، ئەیا سەحنەیی میحنەت ئەی ساڵی گوزەشتە، سەنەیی ماتەمی ئوممەت
ئەی سەحنەیی گریان و فیغان، شیوەن و زیللەت جەللادی جگەر ئاهنی بێ شەفقەت و ڕیققەت
ئەی نازری سەد مێشکی پژێنراوی بە قیمەت

ئەی ساڵی گوزەشتە، جگەرت لەت لەتی غەم بێ
نەتبینمەوە، مەسکەنەکەت شاری عەدەم بێ

***
سەیری کە، کە چەند لاشەیی لاوی وەتەنت دی خۆت ورد بەرەوە، چەند سەری جیا و چەند بەدەنت دی
چەند خانەیی وێران و دڵی پڕ میحنەتت دی چەند ناڵەیی ژن، لاشەیی بێ کەفەنت دی
برسی و ڕەش و ڕووت، غەمزەدە، چەن شۆخ و شەنت دی

ئەی ساڵی گوزەشتە، جگەرت لەت لەتی غەم بێ
نەتبینمەوە، مەسکەنەکەت شاری عەدەم بێ

***
تێفکرە کە ئەم سێ سەد و شەست ڕۆژ و کسوورە هەر سانییەیەکی غەم و ئالام و فتوورە
ڕۆیشتنەکەت تا بەقەدەم عەیب و قسوورە بەم خوێنە ڕژاوانە و بەم شوور و نشوورە
سەفحەی هەموو تەئریخی جیهان، ماتەم و سوورە

ئەی ساڵی گوزەشتە، جگەرت لەت لەتی غەم بێ
نەتبینمەوە مەسکەنەکەت شاری عەدەم بێ

***
ئەم زوڵمە کە دی میللەتی ئەم کوردە لە تورکان نەیدیوە زەمانە چ لە ئینس و چ لە شەیتان
دەعوایی حەقی میللەتییەت و گۆشەیی زیندان؟! پاڕانەوە بۆ ژین و تەنافی مل و خنکان؟!
هاواری وەتەن کردن و کوژران و فڕێدان؟!

ئەی ساڵی گوزەشتە، جگەرت لەت لەتی غەم بێ
نەتبینمەوە، مەسکەنەکەت شاری عەدەم بێ

***
ڕۆیشتی لە دوای تۆ، جگەری پارە بەجێ ما ملیۆنێ عیال و ژنی ئاوارە بەجێ ما
چەند عائیلەی بێکەس و بێ چارە بەجێ ما زنجیر و کەلەپچە و پەتی سیدارە بەجێ ما
ملیارێ دڵی خەستەو و غەمخوارە بەجێ ما

ئەی ساڵی گوزەشتە، جگەرت لەت لەتی غەم بێ
نەتبینمەوە، مەسکەنەکەت شاری عەدەم بێ

***
ئەی ساڵی جەدید، هاتنی تۆ دوور بێ لە ئافات تۆش وەک خەلەفت، ئەو بەجەزا، تۆ بەموکافات
خێر بێ قەدەمی تۆ بەتەلافی هەموو مافات شەرتم ئەمەیە تا دەمی مەحشەر بە مەقامات
ئەم شیعرە ئەکەم من بە تەمەننا و موناجات

ئەی ساڵی گوزەشتە، جگەرت لەت لەتی غەم بێ
نەتبینمەوە، مەسکەنەکەت شاری عەدەم بێ

ئەمشەو بوو لە خەوا

edit
ئەمشەو بوو لە خەوا من بەدیهی وەتەنم دی زۆر جوان و بەشووش و فەرەح و شۆخ و شەنم دی
مەسروور و تەڕ و تازە و خونچە و دەهەنم دی خۆش عیشوە وەکوو ئاهووی چین و خوتەنم دی
پرسیم چییە ئەم خۆشی و ئەم زەوق و سەفایەت ئەم شادی و شەوق و تەڕەبی بێ حەد و غایەت
فەرمووی کە لەمەوپێش منی بێچارە ئەسیر بووم بەینێ بوو بەدەس جەور و جەفای تورکەوە پیر بووم
بێ مایە و بێ سەروەت و بێ حاڵ و فەقیر بووم مەبهووت و پەرێشان و خەفەتبار و زویر بووم
ئێستاکە خەلاس بووم لە جەفا و وەحشەتی تورکان ئازادم و خۆش وەقت، وەکوو خونچەیی خەندان
ئەوسا کە وسائیت لە عیراقی هەموو هەر کەر بوو «لۆکس» نەبوو ناویشی قوتووی نەوت و فەنەر بوو
ئەم خەڵکە هەموو دەربەدەر و خەستەجگەر بوو بێ مەعریفەت و سەنعەت و بێ عیلم و هونەر بوو
ئێستاکە تەیارە هەیە جا من لە کەرم چی؟ من تازە لە تورکی قەبە و بێ هونەرم چی؟
قابیل نییە دەرچێ لە دڵ ئەو جەور و ئەزایە ئەو غارەت و بردنی ماڵ و کەر و گایە
ئەو بێ مەزهەبی و کافری ئیسلامی نەمایە بێ ڕەحمی ئەو قەومە کە دەرچوو بوو لە غایە
چۆن تازە فەرامۆشی ئەکا کوردی عیراقی زوڵم و ستەمی تورک و جەفا و جەور و نیفاقی