117209دیوانی مەحوی — پیتی ح1896مەحوی

-١-

edit
ساقی ئەی مایەی تەرەب لەب، پەرچەمت رەیحانی رووح نیم خەندێ کە لە غونچە، دەرخە سەرچاوەی سەبووح
پرسشێ کا حاڵی زاری ئێمە، زاری کردەوە ئەو ددانانەی کە دەدرەوشایەوە نەجمی فوتووح
لێوی دەرخست ە بە ناسیح لێوە لەرزەی خست ئەگەر بێ تەبەسسوم کا دەبێتە ئافەتی تەوبەی نەسووح
بێ منەت رزقێکە غەم، بمرم لە برسان، ئەو دەخۆم تەفرە ناخۆم و تەڵەب ناکەم لە دنیا قووتی رووح
((الحذر)) ((مەحوی)) لە نەوحەی بێ گوناھان ((الحذر)) ئاوی چاوی بوو جیھانی دا بە قڕ تۆفانی نووح
کە تێغت دڵ دەکا دوو قەد، دەدا تەبشیری ((قد افلح)) دەنوسێتن لە سەفحەی سینە تەفسیری ((ألم نشرح))
ئەگەر ئەو شۆخە ساقی بەزمە، باقڵ قازی و موفتیش دەبێ ببنە قەدەح وەرگر لەگەڵ فەتوی ((و لا یقدح))
ئەسیرت وەقتی کوشتن شادەمەرگن، ناگەنە کوشتن لە خۆشی خۆشییا رۆحی فڕیوە تا چووە مەزبەح
رەقیب ئەو دامەنەی دی سەوزە وەک گا لرفی بۆ ھێنا نەبوو حاڵی لە لەفزی عەیبە عەیبە، تا وتم: وەح وەح
بووە ھەم قافیەی لێوت زوبانم، ئیتیفاقاتە دەبێ عاجز نەبی، وا ھاتووە، ئەو ئەملەح، ئەم ئەفسەح
بە خەندەی لەب دەداتن موژدە ((لا تحزن)) بە مەحزوونان دەمی تێغی برۆی ئیفشا دەکا تەھدیدی ((لا تفرح))
دڵی ((مەحوی)) لە سینەی تەنگیا ھەر ما بە دڵ تەنگی بە جاھی مووسەوی بۆ مەش وەکوو بۆ ئەو بوو (( رب أشرح))