117174دیوانی مەحوی — پیتی چ1896مەحوی

-١-

edit
تۆ نەبینن، نووری ئەم چاوانە بۆچ! بۆ نیساری تۆ نەبێ، ئەم جانە بۆچ!
جیلوەی ئەو حوسنە نیە گەر کارگەر بۆ جەمادیش، ئاینە حەیرانە بۆچ!
دڵ لە سینە ھیجرەتی کرد و وتی: بوونە، عومرێ فەرشی ئاتاشخانە بۆچ!
چۆڵی دی سینەم لە دڵ، بۆ سووتنی ئەمری دا، شیری نەبێ ئەم لانە بۆچ!
خوێنی جەرگ و کونجی عوزلەت بەسمە بەش بەر منەت بوونی مەی و مەیخانە بۆچ!
سائیلی ئەو بەر دەرەم، وتم و وتی: تۆ گەدای، ئەم نەخوەتی شاھانە بۆچ!
ھەر بە تیری غەمزە کوشتن، نەک بە شیر حەیفە، خوون ئالوودە ئەو دامانە، بۆچ!
زاھید ئەو زوڵفەی لەسەر روو دی، وتی: کوفری وا روو پۆشی ئەم ئیمانە بۆچ!
ھەر بە حەسرەت، نەک بە زەربەت، کوشتمی دا نەڵێن ئەم قەتڵی بێ تاوانە بۆچ!
تاقە خانێکە لەسەر رێی ئاخیرەت زادی رێ ھەڵناگری لەم خانە بۆچ!
((مەحویا)) بازێکی تۆ، قودس ئاشیان بوونە بوومی شوومی ئەم وێرانە بۆچ!

-٢-

edit
ئەم عەسرە، عەسر و وەقتە لە بۆ فاجیرێ لە ھیچ دینی نەکا ویقایە، حەیا نەیگرێ لە ھیچ
دنیا بە کامی ھیچ کەسانە ھەمیشە دەم ھیچ ئەڵبەتە بە ھیچ دەمێ نابڕێ لە ھیچ
دنیا کە ھیچە، جوملە دەزانن، کەچی چ کەس مەردانە بۆ خودا نیە دەس ھەڵگرێ لە ھیچ
تا سەر نەبۆتە گۆ، دە لە دنیا دە تۆ شەقێ ھەر ئەم شەقە بەکارە کەوا ھەڵدرێ لە ھیچ
ماچی دەمی لە کەڵکەڵەما بوو، چ خۆشی وت: قرم، ئەی ئەسیری واھیمە، خۆش ناکرێ لە ھیچ
دەم نادیار و نازی قسەی پڕ بە دەشت وشار دنیایەک ئاوی زیندەگی و دەرخرێ لە ھیچ
مەجنوونە: شاھی عیشق و بیابانی بارەگا شاھی، دەکا ھەمیشە بە پا چادرێ لە ھیچ
دیققەت کە، غەیری روشتەیی جان ومیانی یار روشتەم نەدیوە ((مەحوی)) ئەمن، بادرێ لە ھیچ
چاوی کەوێ بەم غەزەلەم دوڕ شناسی شیعر کێ بێ دەڵێ ئەوەندە گەوھەر وەرگرێ لە ھیچ