117211دیوانی مەحوی — پیتی د1896مەحوی

-١-

edit
دڵی سووتا بە حاڵی زاری تیفلی دڵم و چاری کرد سەری زوڵفی لە دەم نا، زەھری ماری پڕ بە زاری کرد
بەسەر روخساری زەردا جۆگەلەی کێشاوە ئەشکی سوور بە یادی سەرووی باڵایەک ئەوەندەم شین وزاری کرد
ھوجوومی ((ھیندوو))ی خەت سەر ((فەرەنگستان))ی روخساری بە حەشرێ بوو، وەکوو ئەو حەشرە ((میقادۆ)) بە ((چاری)) کرد
وتوویانە کە ((نان ئەو نانەیە ئەمڕۆ لەسەر خوانە)) چووە، چوو، پێ چووە، کەم عەقڵە ھەر کەس باسی پاری کرد
قسەی زوڵفی ئەوەندە توولی کێشا تاقەتی چوو خۆی وتی: شەو نیوە بوو، نەبڕایەوە، کێ باسی ماری کرد
لەبۆ ئیمدادی گریانم، دەروونی کردمە خوێناو لە چاوم سەیری کەن ئەم حوکمە جەرگ و دڵمی جاری کرد
خەتی پشتی لەبی دی، بوومە چار ئەبرۆ وتی، وتمان کە ھەرکەس بەختیارە ئیختیاری چار یاری کرد
بەیانی ھاتە باغ ئەو ماھە، ئەم وا تێ گەیی ڕۆژە لە شەبنم، گوڵ بە دامەن گەوھەری ھێنا، نیساری کرد
((رەحە)) بەو شێتییە ((الحق)) قسەیەکی عاقڵانەی وت: منم عاقڵ لە بەرگی عاریە خۆمم کە عاری کرد
دڵ بێ بارە، مایەی کارە، ھەرکەس کاروباری خۆی لە دنیادا، موەففەق بوو بە دڵ تەفویزی باری کرد
جونوونی ئەو زوھوورە ((مەحویا)) دێوانەگی مەنسوور کە دێوانەن ھەموو مائیل بە بەرد، ئەو مەیلی داری کرد

-٢-

edit
چ خەیاڵێکە لیقا بێ بە فەناچوونی جەسەد ((تا پریشان نشود کار بسامان نرسد))
ھەر دڵێ پێوە نەبێ داغ و خەتی جێ دەمی تێغ دەعوەیی عیشقی بێ دەعوییە بێ مۆر و سەنەد
ئەغڵەبەی تەکیە و دەرگاھی بیلادی رۆمم پشکنی، دی: چەلەبی ھەر جەڵەبی بوو، دەدە دەد
خەو ئەزانێ نیە، دەیوت: دە بنوو بێمە خەوت نێک بەختم بە وەنەوزێ بکە، ئەی بەختە مەدەد!
داغی کۆنە و شەبەقی تازە لە سینەی چاکا تێکەڵن، سەیری ھەیە پڕ لە گوڵ و لالە سەبەد
غەیری وەحدەت لە وجوودا نیە، کەسرەت وەھمە سادە تەکراری یەکە، مەنشەئی ئەوھامی عەدەد
چاری ھەر دەرد و غەمێ کردنە مردن، چ بکا نەیتوانیوە بکا چاری غەم و دەردی حەسەد
ھەرکەسێ چاوی کە بەو جیلوە مونەووەر بووبێ و.. کەسی کە بێتە نەزەر، دیدەیی پڕ بێ لە رەمەد
((مەحویا)) با بەسی بێ شیرکی تەشەببوس بەم و بەو بگرە بەس دامەنی تەوحیدی ((ھو اللە أحد))