دیوانی مەحوی/ر
-١-
editلە ئولکەی عیشقەدا بێ چوونە سەر دار | بە ئاسانی مەزانە بوونە سەردار |
ھەیە گەر عیشقی سەرداری لەسەرتا | بکە مەشقێ لەوانەی چوونە سەر دار |
عەسایەک دەست گیری ئێمە نابێ | پڕی ئەم دارە بێ گەر سەر بە سەر دار |
لەبەر داری حەدا من بم، ئەتۆ مەست | دە قازی حەق بڵێ تۆ، ((حەق)) چ بەردار |
خۆشی فەرموو چ مەجنوون و چ مەنسوور | بەشی عاشق درا ھەر بەرد و ھەر دار |
ئەوی چوو بۆ سۆراغی، بێ سۆراغە | خەبەر وایە کە کەس نابێ خەبەردار |
وتی: مێوەی بەھەشتە شیعری ((مەحوی)) | خودا نەبڕێ لە باغمداری بەردار |
-٢-
editئەی ئەو کەسە کە مەستی غورووری بە ھاتی کار! | بە و دەستی زۆرە بدڕە پەڕۆیەک لە کاری ((چار)) |
ھەرچەندە خەرتەلی، لە پڕێ چەرخی پەنجەباز | دەتکا بە بازی پەنجەیی ((میقادۆ))ی شکار |
یا ماری سەر خەزێنە! بترسە کە گەژدومێ | بەو نووکە چزوە یڕ بە دەمت کا لە ژەھری مار |
زەڕڕە تریشقەیێکە کە کێوێ دەدا بە باد | ئەشباە ئەوەندە زۆرە بە کەس نایەتە شومار |
پەس ((ئەوروپالی))! بەس بگەزن لێو، ئەمە چیە | ژاپۆنییەک موحاسەرە دا چار دەوری چار |
چاری قەدەر بزانە نیە، چەندە چاری وا | بێ چارە ما کە بوو بە دوو پەنجەی قەزا دوچار |
لەم کاروباری چارە یەکێ چارە گرژ ئەکا | وا تێ گەیشتووە کە ھەر ئەسبابە دێ بە کار |
پڕ ((سیبریا))، بە بێ مەدەدی زاتی کیبریا | ئەسبابت ئەر ھەیە، نیە شایانی ئیعتیبار |
ھەرچی ھەیە موسەبیبە، باقێکە فانییە | بەندەی یەکێ بە، بەس ببەرە عەبدی سەد ھەزار |
((مەحوی)) چ کەس مەناسە، بناسە خوداو و بوس | زیکری یەکێ کە مارە، مەکە باسی چار و مار |
لەم چارە پیسە، میللەتی پاکی موحەممەدی | دەر قەلعە بێ خودا! بە حەققی جاھی ھەردوو چار |
-٣-
editئەگەر تۆ روو بە خاڵێکی لە ((لەیلا)) شۆخ و زێباتر | منیش ئاشفتە حاڵێکی لە ((قیس))م شێت و شەیداتر |
بە دڵمە جوێنی ئەو لێوە، لە بۆسە نەشئە بەخشاتر | لەکن تریاکییە ئەڵبەتتە قاوە سەد لە چا چاتر |
لە کۆیا موددەعی دیمی، بە ئیستیھزا وتی: شاھم! | گەدای ئەم کۆیە بم، شاھەنشاھێکم سەد لە شا زیاتر |
لەبەر دەرگاھی عیشقا یەکسەرە ھەرکەس سەری دانا | ئەگەر پەتیارەیەک بوو، بوو لە سەد عەللامە داناتر |
بنازم بەم شەھی مەھـ سەیرە بۆ گەشت و گوزاری شەو | سوارێکە: بوراقی تەوسەنە، جیبریلیە شاتر |
لە دنیا تێپەڕی ھەرکەس بە باڵی ھیممەت، ئازایە | لە عوقباش ئەو کەسە گەر تێپەڕی، بازێکە ئازاتر |
ئەگەر ئەم ئەھلی دنیایە، وەکو ھەن، رێ خەنە جەننەت | دەنائەت زوو دەکا ئەو دونیە لەم دنیایە دنیاتر |
کەسی من گەر کەسن کەس من نەخاتە فکری ئەو شاھە | بە یادی ناکەسان ئازوردە حەیفە خاتیری عاتیر |
خودا بیدا بە رەحمەت، داغی دڵ چاوی دڵە ((مەحوی)) | بە گریە چاو ئەگەر چوو، شک دەبەم چاوێکی بیناتر |
-٤-
editموحەققەق ھەرکەسێ مەسلەکیە حەقق و حەققیە مەنزوور | سولووکی چوونە سەر دارە، تەریقەی پیریە مەنسوور |
لە ئولکەی عیشقەدا بۆ ھەرکەسێ سەردارییە مەنزوور | ((علو))ی مەرتەبەی سەر دارە، بۆتە پەیڕەوی مەنسوور |
دەڵێ دانام و دڵ خۆشی دەخاتە داوی زوڵف و خەت | ئەگەر عەقڵی ھەیە بۆچی حەزەر ناکا لە مار و موور! |
کەمالات و مەعاریف مەبیە، بێ دەخڵی ھەوێنی عیشق | عەجەب پشکوتووە لەم جەزوە نارە بە عالەم نوور |
بە خوێنم تینووە، با نۆشی کات و نۆشی بێ، ئەمما | لەسەر چی، تۆ بڵێ ئەو لێوە مۆرە وا لە من بوو سوور |
ویسالت نارە، ھیجرت ڕۆژەڕەش، وەک ئافتابی تۆ | لە تۆ نەزدیکە پشکۆیە، خەڵووزە گەر لە تۆ بی دوور |
تەعەججوب گرتمی، سۆفی کە تەسبیحم لە ملیا دی: | کە بێ تەفریبە پیرێژن لەبەریا بێ بەر و بەرموور |
بە زەرد وسووری دنیا زەردەواڵەت لێ نەگۆڕابێ | بە ھەنگی تێ بگەی، ھەر نێشە، نۆشێکی نیە زەنبوور |
لە تێغی تۆ ھەتا ((مەحوی)) شەرەفیابی شەھادەت بوو | خوێنی بوو بە ئاو، ئیتر لە داوێنت نەما مەحزوور |
-٥-
editئەوەندەی ئەھلی دنیان ئەھلی دنیا، تاقە ڕۆژێ گەر | بە قەڕنێ من ئەوەند ئەھلی خودا بم دەبمە پێغەمبەر |
بە کەم مەگرە سروشک و ئاە و ناڵەی بێ نەوایانت | کە سەیلی بێ ئەمانە، تیری دڵدۆزە، گولەی وەروەر |
چ کەس نابێ بە کەسدارم، نیە لەو بەردەرە یارم | خودایا تۆ بکەی چارم کەسێکم بێ کەس و بێ دەر |
چڵ و چۆکەر مەدە دەورم، خودا حافیز نەسیحەت گەر | لە شەکوەی عیشق و لۆمەی عەقڵ ئەمن ھەم لاڵم و ھەم کەڕ |
زوبان و گوێ گلە و پەندی نە لێ دەیبەن، نە پێ دەبیەن | عەبەس دێن و دەچن بەم جۆشە غەمماز و مەلامەت گەر |
لە ئیعجازی مەحەببەت چار فەسڵم جوملە بۆ جەمعە | سروشکم سوورە، رەنگم زەردە، لێوم وشکە، چاوم تەڕ |
سیاپۆشن لە داخی خەت وخاڵ و لێو و روو و زوڵفت | وەنەوشە و میسکی چین و ئاوی خزر و لالە و عەنبەر |
جگەر کون کە، خوێنی گریە بەردە، سینە ھەڵبدڕە | نیگاھێ کە ببینە کاری تیر و نەشتەر و خەنجەر |
کە سەیری دەفتەری سەر گەشتەکان و خاکساران و | سیابەختانی کردن، دی ھەموو، ((مەحوی)) بوو سەردەفتەر |