هەی کەرێکم بوو، چ پەیکەر؟ تەیکەری هەوراز و لێژ
|
سینە پان و، مووچە کورت و، شانە بەرز و، گوێ درێژ
|
بن زک و جەبهەت سپی، کلک ئێستر و دامەن سیا
|
یەککە تاز و، سێ بڕو، دوو باد و، شەش دانگ و درێژ
|
کەللە وەک جەڕڕەی شەرابی پر نیشات و تەڕ دەماغ
|
شێری نەڕ، ئاهوویی بەڕ، گورگی سەفەر، قەمچی نەچێژ
|
مل عەلەم، شیرین قەلەم، ئاهوو شکەم، مەیموون قەدەم
|
سم خڕ و کلک ئێستر و، مەنزل بڕ و، عارەق نەڕیژ
|
زەرق و زەڕڕاقی وەکوو خاکستەر، ئەمما بێغوبار
|
بەرق و بەڕڕاقی وەکوو پیرۆزە، لاکین بێ کڕێژ
|
سم وەکوو یەشم و لە پەشم و تووکی پێدا سەرنگوون
|
چاو وەکوو بیجادە یا دوو شەو چراغی شوعلە ڕێژ
|
گوێ درێژێ بار و کورتان بەرز و، پاڵانی بەزێن
|
چوست و وریاتر لە گوێ کورتانی پاڵانی و گێژ
|
قانیعی بابی ڕەزا و ڕازی بە پووش و دڕک و داڵ
|
سالیکی سەبر و تەحەممول، بوردەبار و هیچ نەوێژ
|
عاقڵێ بوو ناوی کەر بوو، قاتیعی ڕێگەی سەفەر
|
خۆش سلووکتر بوو لە سەد وێڵداشی هەرزە و گێژ و وێژ
|
صائم الدهری بەڕۆژ، ئەمما بەڕۆژووی بێنییەت
|
قائم اللیلی سلووک، ئەمما سلووکی بێنوێژ!...
|
چەندە پێم خۆش بوو، زوبانی حاڵی دەیوت نالیا
|
هەردوو حەیوانین، ئەتۆ گوێ کورت و ئەمنیش گوێ درێژ
|